23/04/2024
DidiMn Logo
Top

سێ شیعری ڤیسواڤا سیمبۆرسكا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د تاهیر

ڤیێتنام

خانم ، ناوت چییە؟
“نازانم”
چەند ساڵیت؟ خەڵکی کوێیت؟  “نازانم”
بۆچی ئەم چاڵەت هەڵکەندووە؟ “نازانم”
ماوەی چەندە خۆت حەشارداوە؟ “نازانم”
بۆچی گازت لە پەنجەم گرت؟ “نازانم”
نەتدەزانی کە ئێمە ئازارت نادەین؟ “نازانم”
لایەنگری کام لایت؟ “نازانم”
کاتی جەنگە، دەبێت هەڵبژێریت. “نازانم”
گوندەکەت هێشتا بەپێوە ماوە؟ “نازانم”
ئەمانە منداڵی تۆن؟”بەڵێ”

لەدوای هەرجەنگێک
کەسێک دەبێت که‌لله‌‌و پارچەکان کۆبکاتەوە
ڕێکخستن و سیستەم خۆ بە خۆ دروستنابێت
کەسێک دەبێت ئاوارەکان لە شەقەمەکان دوربخاتەوە
هەتا ئەو ماشێنانەی پڕن لەلاشە، بتوانن تێپەڕن!

“یه‌كه‌م خۆشه‌ویستی”

هەمووان دەڵێن

یەکەم خۆشەویستی باشترینە
ئەفسانەیی و خەیاڵییە
بەڵام بۆ من بەوجۆرە نەبوو!
لە نێوان ئێمەدا هەستێکی شاراوە هەبوو، ڕەنگە نەشبووبێت
پریشکێک ڕۆشنبوو و کوژایەوە.
تەنانەت، دەستەکانیشم نەلەرزین!
لەکاتی ڕیزکردنی تێبینیە بچووکەکان
یان کردنەوەی قردێلەی نامەکان!
تاکە دیدارمان
دوای ئەو هەموو ساڵە
گفتووگۆیەکی سارد لە تەنیشت مێزێک و دوو کورسییەوە بوو.

ڤیسواڤا سیمبۆرسكا شاعیر و وه‌رگێڕ و وتارنووسی پۆڵه‌ندییه‌وه‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ساڵی ١٩٩٦ه‌ و ساڵی ١٩٢٣ له‌ شاری كۆرنیك له‌دایكبووه‌.

هاوبەشی بکە

Poetry, polish poetry, Wisława Szymborska,