24/03/2024
DidiMn Logo
Top

كاتژمێری به‌غدا، ڕۆمانێک لە نێوان عەشق و جەنگدا

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

كاتژمێری به‌غدا، لە ئاڵۆزیی ڕووداوەکانەوە بۆ سادەیی زمان

بژار حەکیم

شەهد ئه‌لڕاوی کێیە؟
نووسه‌ر و ڕۆماننووسی عێراقی شه‌هه‌د ئەڵڕاوی لە یەکی شوباتی 1986 له‌ به‌غدا له‌دایك بووه‌، خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی ڕاوه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای ئه‌نباره‌ .قۆناخی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی له‌ به‌غدا ته‌واو كردووە و ساڵی 2003 چووەتە سووریا. ده‌رچووی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی به‌شی كارگێڕیی كاره‌كانه‌ له‌ زانكۆی دیمه‌شق. ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌ كارگێڕیی توانا مرۆییه‌كان. ئێستا له‌ ئیمارات نیشته‌جێیه. ‌ ڕۆمانی كاتژمێری به‌غدای له ‌ساڵی 2016 نووسیوه‌، وه‌شانخانه‌ی دارالحكمە له‌ له‌نده‌ن، سێیه‌م چاپی ڕۆمانه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ کە زیاتر له‌ بیستوپێنجهه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشرا و ڕۆمانه‌كەش بۆ زمانی ئینگلیزی وه‌رگێڕدرا.

نوێگەری و کاردانەوە:
ڕۆمانی كاتژمێری به‌غدای خانمە ڕۆماننووسی عێراقی شه‌هه‌د ئه‌لڕاوی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به ‌خۆیه‌وه‌ بینی، ڕۆمانەکە بووە جێی باسوخواسی زۆرێک لە ئەدیبان و لە نێوەندی ئەدەبیدا زوو بووە جێی بایەخ، به ‌ڕادده‌یه‌ك کە پێشتر له‌ نێوه‌ندی ڕۆشنگه‌ریی عێراقیدا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بۆ هیچ ڕۆمانێک نه‌بووه، ئەم دەنگدانەوەیەش لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو نێوەڕۆکی ڕۆمانەکە هەم لە هەڵبژاردنی بابەت و دروستکردنی ڕووداوەکاندا بە تەکنیکێکی نوێی گێڕانەوە سەرنجی ئەدیبان و خوێنەرانی ڕاکێشا، هه‌روه‌ها بۆ زمانی ئینگلیزی وه‌رگێڕدرا و خرایه‌ نێو لیستی بەربژێران بۆ وەرگرتنی خه‌ڵاتی پۆكه‌ری عه‌ره‌بی بۆ ساڵی 2018.‌ ڕۆمانی كاتژمێری به‌غداخوێنه‌رانی بۆ سه‌ر دوو بۆچوون دابه‌ش كرد، به‌شێكیان زۆر دڵخۆش بوون و به ‌سه‌رنجڕاكێش بینییان؛ به‌شی دووه‌میش ڕه‌خنه‌یان له‌ فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی گرت بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌ویژدان و بێلایه‌ن بكرێت، ده‌بێت خوێنه‌رانی ئه‌م ڕۆمانه‌، بابه‌تییانه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن له‌ شێوازی زمان، ستایلی نووسین و گونجانی ڕسته‌سازی. زۆرن ئه‌و ڕۆماننووسانه‌ كه‌ ڕووداوه‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كانی خوێنه‌رانیه‌تی، بۆیه‌ نامۆ نییه‌ له‌م جۆره‌ ده‌ستیده‌ستییه‌ و گونجاندنی ڕسته‌سازیی نوێ هه‌ڵبچن و ببنە نەیاری فۆڕمێکی نوێی گێڕانەوە لە ڕۆمانێکی نووسەرێکی گەنجی عێراقیدا، هەڵبەت هەموو فۆڕم و تەکنیکێکی نوێی گێڕانەوە لە ڕۆماندا و لادان لە شێوازە تەقلید و کلاسیکییەکاندا سەرەتا بە دڵی هەموو خوێنەر و نووسەران نابێت. لەم نووسینەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە ڕۆمانی كاتژمێری به‌غدا لەسەر چی کاری کردووە و ڕووداو و کارەکتەرەکان چۆن دابەش کراون، بۆچی نووسەرەکەی خۆی لە نووسینی شێوازی تەقلیدی ڕۆمان پاراست، هێڵە سەرەکییەکانی نێو ڕۆمانەکە چین و شێوازی گێڕانەوە چۆنن؟
شه‌هه‌د ئەڵڕاوی لە ڕۆمانی كاتژمێری به‌غدا سەرەتا بە هەڵبژاردنی شێوەزاری خەڵکی عێراق بەگشتی، خۆی لە نووسەران و ڕۆمانی دیکە جیا کردووەتەوە، بە شێوەیەکی دیکە نووسەر هەوڵی داوە زمانێکی بێگرێ و گۆڵ و سانا بخاتە بەر دیدەی خوێنەرانی عێراقی، هەڵبژاردنی ئەم زمانە سادەیەش وای کردووە پەیام و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە زووتر بگەنە خوێنەران و بە ئاسانی ببێتە باسوخواس، هەموان بە یەکسانی لە ڕووی زمانەوە باشتر لە ڕۆمانەکە تێبگەن و خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، شه‌هه‌د ئەڵڕاوی ڕۆمانه‌كه‌ی به ‌زمانێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نووسیوه‌ و ڕسته‌سازی و چه‌مكی زۆر ساده‌ی زمانی ئاسایی نووسیوه‌ته‌وه‌، بە دیوێکی دیکەشدا نووسەر ستایلی نووسینی تایبەت بە خۆی دەستنیشان کردووە کە ئەمە بۆ هەر نووسەرێکی دیکەش گرنگ و پێویستە، کە دەبێت خۆی لە نووسەرانی پێش خۆی، تەنانەت هاوجیلەکانیشی جیا بکاتەوە.
بەشی دووەمی ئەو کەسانەی کە ڕەخنەیان لە ڕۆمانەکە گرتووە، قسەیان لەبارەی شێواز و تەکنیکی ڕۆمان نییە و هەر لێشینازانن، بەڵکو ڕەخنەیان لە دەستنیشانکردن و گێڕانەوەی خەڵکی گەڕەکێک هەیە لە نێو ڕۆمانەکەدا، نووسەر پەردە لەسەر ژیانی خێزانەکانی گەڕەکێک هەڵدەماڵێت و بە تەکنیکی گێڕانەوە باسی نهێنییەکانی ژیانی خەڵکی گەڕەکەکە دەکات، ئەوەش لە لایەن ئەو کەسانە ڕەت کرایەوە کە خێڵەكین و بەپێی دابونەریتە کۆمەڵایتییەکان هەڵسوکەوت دەکەن، ڕۆمانەکە دوو هێڵی سەرەکی و پەیوەستبەیەکی هەیە، ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە ئاڵۆزن، بەڵام ئەم ئاڵۆزییە ڕاستەوخۆ بە زمانێکی سادە گرێ دراوە، ئەم سادەییە لە زمان و تەکنیکی گێڕانەوە وایان کردووە ئاڵۆزی و زۆریی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر بە هۆی سادەیی گێڕانەوەوە، کۆسپ و تەگەرە نەخاتە بەردەم بیرکردنەوەی خوێنەر بۆ زووتێگەیشتن لە ڕووداوەکان.

نێوەڕۆکی ڕۆمان:
شەهد ئەلڕاوی لە ڕۆمانەکەیدا باس له‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كانی عێراق ده‌كات، چینی مامناوه‌ند ڕۆڵه‌ی ده‌وڵه‌تن، چینی هه‌ژار ڕۆڵه‌ی نیشتمانن، له‌ به‌شێكی ڕۆمانه‌كه‌دا باس له‌ خۆشه‌ویستیی عێراقییه‌كان ده‌كات. سه‌رباری هه‌لومه‌رج و خراپیی جه‌نگ و گه‌مارۆی ئابووریی سه‌پێنراو به‌سه‌ر گه‌لی عێراقیدا، به‌ڵام خۆشه‌ویستیی كچ و كوڕان به‌رده‌وام بووه، ڕاوی باس له‌ چیرۆكی خۆشه‌ویستیی كچێكی كورد ده‌كات به ‌ناوی جوانا كه‌ كوڕێكی قۆزی خۆش ده‌وێت به ‌ناوی ماندۆ، ماندۆ کەسایەتییەکی ڕاستەقینە نییه‌، به‌ڵام له‌ خه‌یاڵی خۆیدا وێنای کردووە‌ كه‌ ڕۆژێك كوڕێكی به‌م شێوه‌یەی‌ خۆش بوێت، ڕۆژێك جوانا شێرەبەفرینەیەک بۆ ماندۆ دروست ده‌كات و ده‌چێته‌ ماڵه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك شت بهێنێت و به شێرەبەفرینەکەوە هه‌ڵیبواسێت، به‌ڵام كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ تیشكی ڕۆژ شێرەبەفرینەی ماندۆی تاواندووه‌ته‌وه، جوانا ده‌چێته‌ لووتكه‌ی چیا و هاوار ده‌كات “ئه‌ی ڕۆژ بۆچی خۆشه‌ویسته‌كه‌مت تاوانده‌وه‌؟” ڕۆژ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت “من ماندۆم نه‌تاوانده‌وه‌، بەڵکو ماندۆ له‌ عیشقی تۆدا توایه‌وه‌ و بووه‌وە بە ڕووبار”. شەهد ئەلڕاوی له‌ تۆماركردنی به‌سه‌رهاته‌كانی ڕۆمانه‌كه‌یدا سوودی له‌ بیرۆكه‌ی ڕۆمانی سه‌د ساڵ ته‌نیایی ماركیز بینیوه، زیاتر لە بیست لاپەڕەی ڕۆمانەکەی بۆ خێزانەکانی گەڕەکەکەی تەرخان کردووە، ئەو هەوڵی داوە کە ژیانی خێزانەکانی گەڕەکەکەی لەیاد نەکرێن، دیوە شاراوەکانی ژیانی خەڵکەکەی باس کردوون، لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆک و سەربوردەی ژیانی خێزانەکان لە گەڕەکەکەیاندا، نهێنییە شاراوەکانی ئاشکرا کردوون و سەرکێشییەکانیان دەگێڕێتەوە. ڕاوی چیرۆكی ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی تراژیدیایی كۆتاییان پێ ده‌هێنێت، چونكه‌ پێی وایه‌ هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ك به ‌هاوسه‌رگیری كۆتایی نایه‌ت، بۆیه‌ به ‌شێوازێكی زۆر جوان دۆخی عاشقه‌كان ئاڵۆز ده‌كات، یه‌كێكیان داده‌بڕێت، ئه‌ویدی خیانه‌ت ده‌كات، یه‌كێكیان به ‌ده‌ست خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كوژرێت، یه‌كێكی دیكه‌یان ده‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆن و كه‌سێكی توندڕه‌و و له‌ جیهانی ئه‌وینداری دوور ده‌كه‌وێته‌وه… بەگشتی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە ئاڵۆزن، بەڵام سادەیی زمان و تەکنیکی گێڕانەوە تێگەیشتنی خوێنەری بۆ ڕووداوەکان ئاسان کردووە، دەکرێت بڵێین ڕۆمانەکە بەستنەوەی خۆشەویستییە بە جەنگ، دروستکردنی پەیوەندیی نێوان ئایین و مەزهەبەکانە لە عێراق، گێڕانەوەی ژیانی شاراوەی عێراقییەکانە لەنێو بازنەی سیاسەت، ئایین، ئابووری و ئەوینداریدا.

تەکنیک و گێڕانەوە:
ڕۆمانی كاتژمێری به‌غدا دەچێتە خانەی ئەدەبیاتی جەنگی، هەروەها ڕۆمانێكی نوێخوازە له‌ ڕووی مانا و پێكهاته‌كانیه‌وه، كه‌سایه‌تییه‌كانیان به ‌وردی خوێندنه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ و به‌پێی زنجیره‌یه‌ك ڕووداوی تراژیدیاییه‌وه‌ تێده‌په‌ڕن، به‌ڵام ترووسكایی هیوا له ‌نێو په‌ره‌گرافه‌كانیدا ده‌بینرێن، چونكه‌ لە ده‌قی گێڕانه‌وه‌كاندا یاداشتنامه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه‌ و له‌فەوتان ڕزگاریان ده‌كات. راوی سه‌رسامه‌ به‌ ته‌نزنووسی به‌ناوبانگی عێراقی نوری سابت كه‌ له‌ گۆشه‌كانیدا خۆی بۆ ئاستی هاووڵاتییه‌كی ئاسایی داده‌به‌زێنێت و چه‌مكی بازاڕی به‌كار ده‌هێنێت، شەهد راوی له‌ژێر كاریگه‌ریی ته‌وژمی نووسەرە نوێخواز و ستایلنووسەکاندایە و بە ئاشکرا لە ستایلی نووسینی ئەو ڕاستییە دەردەکەون، نووسەری ڕۆمانەکە سه‌ر به ڕه‌وتی ڕۆمانی نوێخوازین، كه‌ كار ده‌كه‌ن له‌ تێكشكاندنی په‌یكه‌ری گێڕانه‌وه‌ی كلاسیكی، لە نێو بازنەی نوێخوازیدا دەخولێنەوە، هەر بۆیەش ئەو کاریگەری و هەژموونەی کە لەسەر بیری شەهد راوێدا دەرکەوتن، دواجار لە بەرژەوەندیی ژیانی ئەدەبیی ڕاویدا دەکەوێتەوە. راوی خۆی له‌ گونجاندنی گێڕانه‌وه‌ی تاكه‌ڕیتمی ڕزگار كردووە و ڕێچكه‌ی تاكه‌ قاره‌مانی شكاند كه‌ ته‌نها كه‌سێك ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت. هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ خۆشه‌ویستی ده‌كات، ده‌جه‌نگێت، كۆچ ده‌كات، ده‌كه‌وێته‌ نێو تیرۆر، خۆی ده‌كوژێت و سیحر ده‌كات. ئه‌و ده‌یه‌وێت ڕۆڵه‌كان دابه‌ش بكات و له‌ هه‌ر ڕۆڵێكدا نه‌هامه‌تییه‌کانی عێراقییه‌كان بگێڕێته‌وه، بۆیە سەرکەوتوانە لە ستایلی گێڕانەوەدا بە باشی هێڵەکانی گێڕانەوەی دیاری کردوون و ژیرانە و نوێخوازانە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە بە کارەکتەرەکان دەبەستێتەوە، لەیەک کاتدا چەندین کارەکتەر لە نێو ڕووداوەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، ئەوەش وای کردووە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا لە دێڕی یەکەمەوە تاوەکو کۆتایی نەتوانێت دەستبەرداری ڕۆمانەکە بێت و خوێنەر پەلکێشی نێو هەموو ڕووداوەکان دەکات.
بە بڕوای من شەهد ئەلڕاوی وەک ڕۆماننووسێکی گەنج ڕێچکە و ستایلی نووسەرانی پێش خۆی تاقیکردووەتەوە کە نووسەرانی نوێخواز و ڕەچەشکێنن، بۆ نموونە نووسەران بورهان شاوی، عەلی بەدر، ئەحمەد سەعداوی، موحسین رملی، دالیا قەیسی و سەعد موحەممەد ڕەحیم کە لە ڕۆمانی کوژرانی کابرای کتێبفرۆش بە ستایلێکی نوێخواز و مۆدێرن دەرکەوت، بەمەش ئەم نووسەرانە ڕێچکەی ڕۆمانی عێراقییان بۆ نوێگەری گۆڕی و شێوازی گێڕانەوەیان لە ڕۆماندا بردە پێشەوە، زووتریش لە جیهانی عەرەبی دەرکەوتن و ناسراوتر بوون، هەر بۆیەش شەهد ئەلڕاوی لە دوای ئەو نووسەرانەی ناوم هێنان توانیویەتی سوود لە ئەزموون و شێوازەی ئەوان وەربگرێت، هاوکات بۆ خۆیشی بتوانێت ڕێچکەی خۆی دیاری بکات. شەهد ئەلڕاوی لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی نووسین دەڵێت: “نووسینم لە ژانرە جۆراوجۆرە ئەدەبییەکاندا تاقیکردەوە، هەرکات لە ژانرێکدا سەرکەوتوو نەدەبووم، دەچوومە کن ژانرێکی دیکە؛ ژانرێک کە ئازادیی بەیان و دەرفەتی دەربڕینە ناخەکییەکانم پێ ببەخشێت. لە شکست نەدەترسام و سڵم لە ئەزموونی فۆڕمە جیاوازەکانی ئەدەبیات نەدەکردەوە”. ئەم بۆچوونەی نووسەر ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ستایلی نووسین و تەکنیکی گێڕانەوە ئاسان نییە، بەڵام مانا و دەلەلاتی ئەوەن کە نووسەر لە تاقیکردنەوەی ژانرەکاندا، دواجار لە ڕۆمان و فۆڕمی گێڕانەوەدا خۆی دۆزیوەتەوە، ئەمەی وەک دەستپێکی خاڵی سەرکەوتن لە ڕۆماندا ئەزموون دەکات، شەهد ئەلڕاوی لەبارەی ڕووداوەکان و پێشکەوتنی ڕۆمانی عێراقی لە نێو هەڵبژاردنی ڕووداو و بابەتییانەدا بۆ ڕۆمان دەڵێت: “ئێمە جەنگی جۆراوجۆرمان تێپەڕاندوون و کەسایەتییەکانی ئێمە لە نێو ئەم جەنگانەوە خوڵقاون، هەوڵم داوە لە زمانی جەنگ هەڵبێم؛ بەڵام لە دەسەڵاتی مندا نەبوو جەنگ، هاوڕێ لەگەڵ عەشق، گۆرانییەکان و کۆچی بەکۆمەڵدا دەڕژێتە نێو قەڵەم و سەر خەتەکان، ئەمە ئەزموونێک نییە کە تەنها پەیوەست بێت بە نووسەرانی عێراقییەوە، جەنگ لە ئەزموونی ئەدەبیاتی جیهانیدا بەرچاو و ناسراوە. دۆخی جەنگ پێدەچێت بۆ ژیانێکی ئاشتیئامێز نامۆ و جیاواز بێت، بەڵام لە وڵاتەکەی مندا پێچەوانەیە. ئاشتی تەنها لە نێوان جەنگێک تا جەنگێکی دیکە بەردەستە، پێم وا نییە ڕۆمانی عێراقی و ئەدەبیاتی عێراق هەرگیز بتوانێت لە دەنگی تەقینەوەکانی جەنگ تا زەمانگەلێک ڕزگاری ببێت، بە داخەوە جەنگ بووەتە هاوڕێیەکی نەفرەتی، کە ناچارین لەگەڵیدا بژین”. بۆچوونی ڕۆماننووس لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا کە خستوومەتە ڕوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تێگەیشتن بۆ ڕۆمانی نوێی عێراقی لە ڕووی دەستنیشانکردنی بابەت ئەستەمە بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی کە نووسەران و ڕۆماننووسانی عێراقی دەتوانن تێیدا نوێخواز بن تەکنیک و گێڕانەوەی باسەکەیە بۆ خوێنەران، شەهد ئەلڕاوی نموونەی ڕۆماننووسێکی بوێر لە دەستنیشانکردنی بابەت، هەروەها نوێخوازە لە ستایلی نوێی گێڕانەوە لە ئەدەبیاتی عێراقیدا، ئەزموونی یەکەم ڕۆمان لە لای شەهد دەستپێکێکە بۆ نووسینی ڕۆمانی جوانتر و هەڵبژاردنی بابەتییانەی ڕۆمان بەم تەکنیکە کە لە یەکەم ڕۆماندا توانیی بە سەرکەوتوویی خۆی تێدا ئەزموون بکات و ببێتە خاوەن فۆڕمێکی تایبەت و سەرنجڕاکێش لە ئەدەبیاتی عێراقیدا، دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیکدا شەهد ئەڵڕاوی دەچێتە ڕیزی نووسەرە نوێخواز و بەتواناکانی عێراق کە ناویان پێشەنگە لە گۆڕینی ڕێچکەی ئەدەب بەرەو فۆڕمی نوێگەری، هەروەها بە درەوشاوەییش دەمێننەوە.

_________________
سەرچاوە:
– رواية ” ساعة بغداد ” سنة 2016 دار البابل- بغداد
– دیمانەی نووسەر لەگەڵ گۆڤاری ناشناڵ، وەرگێڕانی شاڵاو حەبیبە، ڕەخنەی چاودێر.

هاوبەشی بکە

Shahd Al-Rawi, Wtari Kteb,