20/04/2024
DidiMn Logo
Top

شەجەریان وەک ئایکۆنی ڕادیکاڵی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سیا مه‌مەند

شەجەریان ڕادیکاڵترین و کاریگەرترین گۆرانیبێژە لە مێژووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ئەو یەکەم جار لە ڕێگەی ئەو شێوازی دەربڕین و هەڵبژاردنی گۆرانییەوەی کە دەستی پێ کرد، هەتا دانیشتنی لەسەر شانۆ، کاتێک شەجەریان دەستی کرد بە گۆرانیچڕین، هونەری گۆرانیی ئێران دوو جۆر بوو، جۆرێکی ئەو شێوازە سونەتیی و باوەی کە پێی دەگوترێت گۆرانیی ڕەسەنی ئێرانی، جۆرەکەی تریان شێوازی پۆپ و نوێ، کە سەرەتای دەرکەوتنی بوو لە نێو کۆمەڵگەی ئێراندا.

شەجەریان کە دەستی پێ کرد لە نێوان ئەو دوو ڕەوتەدا هاتە بوون، شیعرەکانی لەگەڵ ئەوەی کلاسیک بوون، ئامێرەکانی لەگەڵ ئەوەی ئامێری تایبەتی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی بوون بەڵام بوونە پانتاییەکی نوێ لە شێواز و کارپێکردن لە گۆرانی ئێراندا، هەر بۆیە شەجەریان یەکێک لەو دەنگانەیە کە کاریگەری لەسەر شۆڕشی ئیسلامی ئێران دادەنێت و دەبێتە مانیشێتی گەنجانی ئێران، کاتێکیش شەجەریان هەست دەکات لە لایەن گروپە دینییەکانەوە بۆ مەرامی خۆیان بەکاری دێنن، هەر زوو دژیان دەوەستێتەوە و ڕێگە نادا بەکاری بێنن و بە ئایدۆلۆژیا بکرێت ئەمەش بە لابردنی گۆرانی ”ئێران وڵاتی ئومێد” لە نێو ڕاگەیاندنەکانی ئەو کاتەدا.

قۆناغی دووەمی سەردەمی ڕادیکاڵی شەجەریان لە گۆڕینی جلوبەرگەکانیدایە لەسەر شانۆ، ئەو دەستبەرداری چاکەت و پانتۆڵ و ڕیبات دەبێت و جلی تایبەت و شێوازی کلاسیکی دەپۆشێت.

ئەو بە تەواوی لە میوزیک و شیعر و جلوبەرگدا سەربەخۆی بەدەست دێنێت و دەبێتە ناوێکی گەورە و کاریگەر لە ئێراندا، بە جۆرێک هەر خۆی دەبێتە مەترسیی لەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم و ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی نادەن، چونکە ئەو وەک خۆی دەڵێت دەنگی خەڵکە و بۆ خەڵکە، بەڵکو زیاتریش دەڵێت لە چاوپێکەوتنێکیدا ”من هیچ شیعرێکم بۆ گۆرانییەکانم هەڵنەبژاردووە ئەگەر گوزارشتی لەو سەردەمە نەکردبێت تێیدا گوتوومە، هەر بۆیە لە ساڵێکدا شیعرێکی حافزم گوتووە بەڵام شیعرێکی تری پاش چەند ساڵێکی تر گوتوومە”

گۆرانیی شەجەریان بە تەواوی گۆرانییەکە هاوتای سەردەمەکەی و گوزارشتە لەو ڕۆژانەی تێیدا ژیاوە، بە تایبەت لە ڕووی سیاسییەوە، شەجەریان دەڵێت من هەرگیز تێکەڵ بە کاری سیاسیی نەبووم بەڵام هەموو ئەو گۆرانیانەی گوتوومە دەتوانرێت وەک بەرهەمی سیاسی تەماشا بکرێن، چونکە بۆ هونەرمەند چەندە گرنگە سیاسی و ئایدۆلۆژی بێت هێندەش گرنگە کە هونەرەکەی سیاسی بێت و بەرەنگاریی دامودەستگا داپڵۆسێنەرەکان ببێتەوە.

ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هونەری شەجەریان هونەرێکی تەسەوفی خودی نییە، بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو هونەرێکی ڕادیکاڵی نوێیە لە بەرگی ڕەسەنایەتیدا، ئەوەی زۆر باش لە گۆرانی و پەیامی ئەم هونەرمەندە تێگەیشتبوو بە تەنها دەسەڵاتی ئێرانە کە بە دەیان سیدی و گۆرانی و کۆنسێرتی ئەم گۆرانیبێژەیان سانسۆر کردووە و ڕێگەی بڵاوکردنەوەیان پێ نەداوە.

ئەگەر سەیری مێژووی گۆرانیی ئێرانیش بکەین شەجەریان تەنها هونەرمەندە کە لە ڕێگەی گۆرانییەوە توانیویەتی مەترسیی جیدی بۆ دەسەڵات دروست بکات و بە لێدوانێک یاخود ئامادەبوونی هەزاران کەس بێنێتە سەر شەقام ئەمەش لە ڕۆژگاری ڕاپەڕینی سەوزدا بینیمان کە چۆن بۆ یەکەم جار وەک چالاکوانێکی سیاسی لە کەناڵە جیهانییەکانەوە دەرکەوت و دەسەڵاتی  هێنایە لەرزە، گۆرانیبێژ هەن لەبەر ئەوەی لە گۆرانییەکانیدا بانگەشەی بۆ موعتادی و ئەفیون و زۆر شتی ناتەدروست کردووە لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕووبەڕووی سزا بوونەتەوە، گۆرانیبێژ هەن بە زۆر وایان کردووە کە دەسەڵات بیانگرێت و دواتر ئەو گۆرانیبێژانە وەک دەستکەوت بۆ خۆیانی بەکار بێنن، بەڵام تا ئێستا هیچ هونەرمەندێک نەبووە بە وێنەی شەجەریان خەڵک کۆبکاتەوە و بتوانێت شەقام بجوڵێنێت.

هاوبەشی بکە

Music, Shajarian,