19/04/2024
DidiMn Logo
Top

خەیاڵ وێران دەبێت

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

فۆتۆ: بڕیاڕ محه‌مه‌د

خەیاڵ وێران دەبێت
شاڵاو حەبیبە
2018

ئەو هەموو ڕووداوە ڕوویان دا و
تۆ
چاوەکانت داخستبوو

شەوم بینی گەمارۆی دابوویت، بەڵام تۆ تاریک نەبوویت. شیعرم بردە نێو جەنگەڵە چڕەکانەوە، تۆ بەڵام ون نەبوویت. نەمویست لەگەڵ ئەستێرەکاندا قسە بکەم، ڕێبەرم چونکە چاوەکانی تۆ بوو، نەمدەتوانی لەوە زیاتر خۆم بدزمەوە، شیعر چونکە ئاشکرای کردبووم. تۆیش بەڵێنت پێ دابووم پیاسەم لەگەڵدا بکەیت، کێشەت تەنیا درەختبوونەکەت بوو.

ئێستا دانیشتوویت و بیر دەکەیتەوە؟ لە شەو؟ لە دارستان؟ لە ئەستێرە و درەخت و لە جەنگ؟ لەوەی کە تەرمەکەم هێنرایەوە بەر دەرکەی ماڵەکەت؟ من لە نامەکاندا بۆ تۆم نووسیبوو: “شەهید دڵخۆشە کاتێک لە بەردەم ماڵەکەتدا تەرمەکەی دادەگرن” ئێستا بەڵام نیگەرانم.

ئایا دەبوو تکا بکەم کە نەمنێرن بۆ جەنگ؟ دەست بکەم بە گریان و بڵێم شاعیرەکان بەرگەی ئەم جەنگە ناگرن؟ بڵێم هاوڕێی من پەیڤەکانن و نامۆن بە جەستەم گوللەکان؟ بەڵام من ڕۆیشتم و ئەگەر بۆ هەموو پەنجەرەیەک سەرم هەڵدەبڕی، لەبەر ئەوە بوو کە ترسابووم، نەختێکیش سەرلێشێواو، ڕاستییەکەی چونکە دەبوو تکا بکەم و بگریم، کە نەمنێرن بۆ جەنگ.

درۆم دەکرد کاتێک دەمگوت گوڵەکانم هێشتا بیرم ماون. کاتێک دەپێکرێیت، دنیا تاریک دەبێت، تۆ چاوەڕێی ئەستێرەکانیت، ئەستێرەکان بەڵام فریات ناکەون. کاتێک برینداریت، گوڵ نائومێدت دەکات. کاتێک شەهید دەبیت، ڕەنگە بیری ماڵەوە بکەیت، زیاتر لەو کاتانەی کە زیندوو بوویت. نەک لەبەر ئەوەی گوڵێک خافڵی کردبێتم، نەک چونکە باڵندەیەک لە کڵاوخودێکدا هێلانەی دروست کردبێت و سەرنجی بردبێتم، بەڵکوو چونکە هەمیشە کاتێک دوو سەرباز لە دوو سەنگەری جیاوازدا بەرامبەر یەک دەبنەوە، یەکیان بڕیار دەدات ئەوی تر بنێرێتەوە بۆ ماڵ. من درەنگ بڕیارم دا و زووتر گەڕامەوە.

بە جەهەننەم ئەوەی چی لە تەرمەکەم دەکرێت خۆشەویستم. بە جەهەننەم مەتارەی بەتاڵی ئاوەکەم، کاتێک خوێن لە گەرووم دەهات و سروودەکان دەیانگوت لەم خوێنە گوڵ دەڕوێت. بە جەهەننەم بۆنی گۆشتی سووتاوی جەستەم کە جاڕسی کردبووم و تاقەتم لەم شەهیدبوونە چووبوو. بە جەهەننەم ئەو درەختەی ڕۆژگارێک پێم وا بووبوو تۆیت، بۆ شەهید ڕاستییەکەی هەموو شتێک تەواو دەبێت

کەچی
شیعر
پێی وایە
دەست پی دەکات

ئەم شارە وێران دەبێت، چونکە خەیاڵ وێران دەبێت. ئەم ڕووبارە وێران دەبێت، ئاو چونکە وێران دەبێت. دارستانمان لێ ون دەبێت، درەخت چونکە وێران دەبێت. خۆشەویستی وێران دەبێت، شیعر چونکە ون دەبێت. ئەم بایە وێران دەبێت، زێدەکەم چونکە ون دەبێت. شەقامەکان وێران دەبن، کافتریاکان وێران دەبن، ڕێگەکان وێران دەبن، پیاسەکان چونکە ون دەبن، ڕێبوارەکان چونکە وێران دەبن.

من بە تەنیا دەمێنمەوە، چاوەکانتم چونکە لێ ون دەبن.
من بێ هەوا دەمێنمەوە، پیاسەکانتم چونکە لێ دوور دەکەونەوە.

گوڵ فریامان ناکەوێت
خۆشەویستی فریومان دەدات
شیعر دەمانبات بۆ دۆزەخ

من لە جەهەننەم ناترسم، ئەوان چونکە وێران دەبن. لە خۆشەویستی من ناترسم، جاری یەکەم نییە فریو دەخۆم. من چاولەڕێی هیچ گوڵێک نیم، چونکە جوانی نغرۆ دەبێت. چاوەکانت بەڵام نازانم بۆ کوێم دەبەن، بۆ ئەو شوێنەی تر ڕەنگە، شوێنەکان کەچی وێران دەبن، لە تەپوتۆزدا ون دەبین، شیعریش کاتێک دەماندۆزێتەوە، ئێمە پیر بووین. مرۆڤەکان وێران دەبن، یەکتری چونکە ون دەکەن، مۆسیقا چونکە وێران دەبێت، نامەوێت چونکە هیچ ببیستم، چونکە دەترسم

چاوەکانت نازانم بۆ کوێم دەبەن

چاوەکانت وێران دەبن، هونەر چونکە ون دەبێت. خوداکانت وێران دەبن، چونکە ئیمان وێران دەبێت. مرۆڤەکان تەنیاتر دەبن، یەکتر ئیدی نادۆزنەوە، ئەدرەسەکان چونکە وێران دەبن. ڕابردوو گڕ دەگرێت، ئاگر چونکە وێران دەبێت. ئێستا ون دەبێت، کات چونکە وێران دەبێت. چاوەکانت بەڵام نازانم بۆ کوێم دەبەن

داهاتوو وێران دەبێت
چاوەکانت چونکە
ون دەبن

شەو دەست پێ ناکات تۆ ئەگەر چاوەکانت بکەیتەوە. دارستان ونم ناکات، ئەگەر تۆ بڕیار بدەیت قسە بکەیت. هانم بدە بوێرم تەماشای چاوەکانت بکەم، دەزانم ئەوانەی بێدەنگن، شتێک دەبینن کە من نایبینم. فێرم بکە: کاتێک سەفەر دەکەم، لێرەیش بم، وەک درەخت/ چۆن بتوانم شیعرێک بنووسم تاریک کە ببینێت/ بەر لە دەریا ئاوم ناسیبێت، قووڵ بم و کەنارەکان بمناسنەوە/ بزانم، ئەوەی گوڵ دەیکات ڕەنگە ڕاست نەبێت/ بتوانم واتایەکی تر بۆ واتا بخولقێنم

هاوبەشی بکە

DidiMnPoetry, Shalaw Habiba,