18/03/2024
DidiMn Logo
Top

شانۆ – ڕۆبۆت

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕەنج مستەفا

ساڵی ١٩٢٠ بە لەدایکبوونی وشەی ”ڕۆبۆت” دادەنرێت، نووسەری چیکی كارڵ کاپێک، بە نووسینی شانۆنامەی ”ڕۆبۆتە گەردوونییەکانی ڕۆسەم” (RUR)، بۆ یەکەمین جار وشەی ”ROBOTA”ی چیکیی بە کار هێناوە کە سوودی لە وشەی ”ARBEIT”ی ئەڵمانی وەرگرتووە، کە بە مانای ”کاری خزمەتکار” دێت لە زمانی چیکیدا. دواتریش چووەتە نێو زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و پاشان سەرجەم زمانەکانی تر.

لە کاتێکدا زۆرێک لە ڕەخنەگران، سەرەتاکانی دروستبوون و سەرهەڵدانی ڕۆبۆت دەگەڕێننەوە بۆ دانراوە سەرەتاییەکانی بابلییەکان و میتۆلۆژیای یۆنانی و بەشێک لە کتێبە ئایینییەکانی وەک تەورات، ئینجیل و قورئان کە لە هەرسێکیاندا ئاماژە بە دروستکردنی ئادەم کراوە و پاشان خواوەند ژیانی پێ بەخشیوە لەسەر زەوی و چاودێریی دەکات.

لە سینەمادا، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٠٠دا جۆرج مێلیێ کورتەفیلمێک دروست دەکات بە ناوی ”کۆپیلییا، بووکەشووشەی دەستکرد”. تێیدا کارەکتەرێکی دروستکراو بە کار دەهێنێت، فیلمەکە تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە. ساڵانی دواتر بڵاوبوونەوەی ڕۆبۆتەکان لە ئەدەبیات و سینەمادا پەرە دەسێنێت. ساڵی ١٩٢٧ دەرهێنەری نەمسایی فریتز لانگ فیلمی ”METROPOLIS” دروست دەکات کە ژانرەکەی سینەمای دەربڕینخوازییە و ڕۆبۆت لە فیلمەکەیدا بە کار دەهێنێت.

پێشتر ئاماژەمان بەوە کرد کە وشەکە لە شانۆوە پەڕیوەتەوە نێو کایەکانی تر و زمانەکانی ترەوە، بە هەمان شێوە لە شانۆدا بەردەوامیی هەیە و لە ئێستادا لە کاری زۆرێک لە دەرهێنەرە ناسراوەکانی جیهاندا سوودی لێ وەردەگیرێت.

ئۆریزا هیراتا، دەرهێنەر و نووسەری یابانی، لە پاش ئەو ئەو گەشتە فراوانەی کە بە پاسکیل لە ٢٦ وڵاتدا ئەنجامی دەدات، گرووپێکی شانۆیی لە تۆکیۆ دادەمەزرێنێت بە ناوی ”شانۆی هاوچەرخی گفتوگۆ”. ئێستا مامۆستایە لە زانکۆی ئۆساکا. جگە لەوەی ئەم دەرهێنەرە نوێخوازە بە کارەکانی ڕەخنەگرانی لە ئەورووپا سەرسام کردووە، لە هەمان کاتدا دەکرێت ئاماژە بەو پێشکەوتنە گەورەیە بکەین کە وڵاتێکی وەک یابان بەرهەمهێنیەتی لە بواری تەکنۆلۆژیادا کە بێگومان کاریگەریی دەبێت لەسەر شانۆ و سینەما و سەرجەم کایەکانی دیکە.

ئەگەر تەماشایەکی خێرای مێژووی شانۆ بکەین، دەبینین بەکارهێنانی ”ماریۆنێت” و ”بووکەڵە” لە شانۆییە میللییەکانەوە تا ئەو شانۆییەیانەی کە موڵکی نەتەوەییان هەیە، بەربڵاوە. بۆ نموونە لە شانۆی ترادسیۆنێلی (قەرەقۆز) تورکی ئەو نزیکایەتییە دەدۆزینەوە لە نێوان شانۆی ڕۆبۆت و شانۆی ماریۆنێت و بووکەڵەدا هەیە، لە بواری تیۆرییشدا بەشێک لە کتێبە گرنگەکەی ئێدوارد گۆردن گرێک بە ناوی ”هونەری شانۆ” تایبەتە بە قسەکردن لەسەر شانۆی ماریۆنێت و گرنگیی بەکارهێنانی بۆ بەرجەستەکردنی کارەکتەر.

ئۆریزا هیراتا لە چەند نمایشێکدا ڕۆبۆتی بە کار هێناوە، ”سێ خوشک”ی چیخۆف و ”بەدگۆڕان”ی کافکا دوو نمایشی سەرنجڕاکێش بوون و ڕەخنەگران ستایشیان کردوون و لە هەمان کاتدا بەشێکیان دژ بە جێگرتنەوەی ئەکتەرەکان بوون لە لایەن ڕۆبۆتەکانەوە. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئۆریزا هیراتا دەڵێت: ”لە ساڵی ٢٠٠٨دا بۆ یەکەمین جار ڕۆبۆتم بە شێوازێکی پێشکەوتوو بە کار هێنا، ماوەی نمایشەکە نزیکەی ٣٠ خولەک بوو، ڕۆبۆتەکانم بە پرۆگرامێکی پلان بۆ دانراو بە کار دەهێنا لە نمایشەکەدا، دواتر ‘ڕۆمیۆ و ژولێت’ی شەکسپیر یەکێک بوو لەو دەقانەی کە دەمویست کاری تێدا بکەم، بەڵام دواتر ‘سێ خوشک’ی چیخۆفم هەڵبژارد، چونکە کەمتر گۆڕانکاری لە دیمەنەکاندا دەکرێت و جگە لەوەیش لەو باوەڕەدام ئەگەر چیکۆف نمایشەکەی ببینیایە، خۆشحاڵ دەبوو.”

دیمەنێک لە ”بەدگۆڕان”ی فرانز کافکا لەسەر تەختەی شانۆ

سەرچاوە:

Arthur Cotterell et Rachel Storm, L’Encyclopédie illustrée de la Mythologie, Celiv, 2000
Pierre Cassou-Noguès, « La science-fiction dans l’histoire, l’histoire dans la science-fiction »Karyn Poupée, « Robots et mondes virtuels: les nouveaux alliés des Japonais »

هاوبەشی بکە

Ranj Mustafa, Theatre,