27/09/2020
DidiMn Logo
Top

شانۆ وەك مەزارێك

لە لایەن دیدی من 6 مانگ پێش ئێستا

دیدی من

شەهید نەدیم

وەرگێڕانی: ڕزگار حەمەڕەشید

شانازییەکی گەورەیە بۆ من، پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بنووسم. زیاتر هەستێکی خۆبەکەمبینانەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا بیرکردنەوەیەکی دڵهەژێنە کە شانۆی پاکستانی و خودی پاکستان، لە لایەن ئەنیستیوتی نێودەوڵەتیی شانۆوە، کە کاریگەرترین و نمایندەترینی جەستەی شانۆی جیهانییە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ددانی پێدا نراوە. ئەم شانازییە ڕێزلێنانیشە بۆ ئایکۆنی شانۆ و دامەزرێنەری شانۆی ئاجۆکا و هاوژینم، مەدیحە گەوهەر، کە دوو ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد. گرووپی ئاجۆکا لە ڕێگەیەکی دوور و سەختەوە، ڕێك لە شەقامەوە بۆ شانۆ هات. بەڵام دڵنیام، ئەمە چیرۆکی زۆر گرووپی شانۆیی ترە. سەوڵلێدان هەرگیز بێگرێ و ئاسان نییە، هەمیشە ململانێیە.

من لە وڵاتێکەوە هاتووم کە زۆرینەی موسڵمانن و چەندین دیکتاتۆری میلیتاریی بە خۆیەوە بینیوە. هێرشە ترسناکەکانی مەزهەبییە توندڕەوەکان و سێ جەنگ لەگەڵ هیندستانی هاوسێیشماندا، لەگەڵ ئەوانەی کە مێژوو و کەلەپووری هاوبەشی هەزاران ساڵەمان بە یەکەوە هەیە. ئەمڕۆیش ئێمە هێشتا لەو ترسەدا دەژیین، کە جەنگی یەکلاکەرەوە لەگەڵ برا دوانەییە هاوسێکەماندا هەڵبگیرسێت، تەنانەت جەنگی ئەتۆمییش، چونکە هەردوو وڵاتەکە خاوەنی چەکی ئەتۆمین.

هەندێ جار ئێمە بە گاڵتەوە دەڵێین ”کاتە خراپەکان کاتی باشن بۆ شانۆ”. ئەو بەرەنگارییانە کەم نین کە دەبێت ڕوویان لێ بکرێت، یان ئەو ناکۆکییانەی کە دەبێت ئاشکرا بکرێن، یاخود ئەم هەلومەرجەی ئێستا، کە دەبێت ژێرەوژوور بکرێت. خۆم و گرووپە شانۆییەکەم، ئاجۆکا، وا بۆ ٣٦ ساڵ دەچێت بەسەر ئەو گوریسە توندوتۆڵەدا هەنگاو دەنێین. بە ڕاستی گوریسێکی توندوتۆڵ بوو: بتوانیت هاوسەنگی لە نێوان دروستکردنی کاتی خۆش و فێرخوازیدا ڕابگریت، لە نێوان گەڕان و فێربوون لە ڕابردووەوە و ئامادەکاری بۆ داهاتوو، لە نێوان دەربڕینی داهێنەرانەی ئازاد و سەرکێشیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا، لە نێوان تەنگژەی کۆمەڵایەتی و گەشەی دارایی شانۆدا، لە نێوان هەوڵی دەستڕاگەیشتن بە جەماوەر و بوون بە ئەزموونکاردا. لەوانەیە کەسێك بڵێت شانۆکار دەبێت جامباز بێت، جادووگەر بێت.

لە پاکستان دابڕانێکی ئاشکرا لە نێوان پیرۆز و پۆخەڵدا هەیە. بۆ پۆخەڵەکە هیچ جێگایەك بۆ پرسی ئایینی بوونی نییە، بۆ پیرۆزەکەیش هیچ ئەگەرێك بۆ دیبەیتی کراوە یان ئایدیای نوێ، بوونی نییە. لە ڕاستیدا دەزگای پارێزگار، هونەر و فەرهەنگ لە دەرەوەی سنووری ”یارییە ئایینییەکان” دادەنێت. بەوپێیە، گۆڕەپانی گەمە بۆ هونەرەکانی پێرفۆرمانس، وەکو پێشبڕکێی تێپەڕاندنی بەربەستی لێ هاتووە. سەرەتا دەبێت متمانەکانیان وەك موسڵمانێکی باش و هاووڵاتیی گوێڕایەڵ بسەلمێنن، هەروەها دەبێت هەوڵ بدەن ئەوە جێگیر بکەن کە سەما و مۆسیقا و شانۆ لە ئیسلامدا ”ڕێگەپێدراوە”. ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانە وردبینەکان ڕاڕا بوون لەوەی هونەرەکانی پێرفۆرمانس لە ئامێز بگرن، هەرچەندە ڕەگەزەکانی سەما و مۆسیقا و گۆرانی، لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەیاندا تێکەڵ بووە. ئیتر ئەو کاتە ئێمە خلیسکاینە ناو فەرهەنگێکی لاوەکییەوە، کە توانای ئەوەی هەبوو ئایینی و دنیایی بە یەکەوە بخاتە سەر هەمان تەختەی شانۆ.

“کاتە خراپەکان، کاتی باشن بۆ شانۆ”

لە هەشتاکاندا، ئەو کاتەی دەسەڵاتی پاکستان بە دەست سوپاوە بوو، ئاجۆکا لە لایەن گرووپێك هونەرمەندی گەنجەوە سەرپێ خرا. ئەو گەنجانە لە ڕێگەی شانۆیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی جەربەزە و ناڕازییەوە، بەرەوڕووی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بوونەوە. ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە تووڕەیی و ئازار و هەستەکانیان، لە لایەن کەسێکی سۆفییەوە گوزارشتی لێ کراوە، کە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر ژیاوە. ئەویش شاعیرە سۆفییە مەزنەکە، بولڵا شا بوو. ئاجۆکا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە دەتوانێت گوتاری سیاسیی هەژێنەر لە ڕێگەی شیعرەکانی ئەوەوە دروست بکات، ڕووبەڕووی دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەکان و دەزگا مەزهەبییە دەمارگیرەکان ببێتەوە. دەسەڵاتەکان دەتوانن قەدەغەمان بکەن، یان دوورمان بخەنەوە، بەڵام ناتوانن ئەوە بەرامبەر شاعیرێکی سۆفیی ناسراوی وەك بولڵا شا بکەن. ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ژیانی بولڵا شا وەك شیعرەکانی ڕادیکاڵ و دراماتیك بووە، ئەمەیش لە سەردەمی ژیانی خۆیدا فەتوا و دوورخستنەوەی بۆ پێش هێناوە. ئیتر من ”بولڵا”م نووسی، شانۆنامەیەك دەربارەی ژیان و خەباتی بولڵا شا. بولڵا، وەك ئەوەی بە خۆشەویستییەوە لە لایەن جەماوەری باشووری ئاسیاوە ئاماژەی بۆ کراوە، سەر بە شاعیرە سۆفییە پەنجابییە سوننەتییەکان بوو، کە لە ڕێگەی شیعر و پراکتیکەکانیانەوە، چاونەترسانە ڕووبەڕووی دەسەڵاتە ئیمپڕاتۆرییەکان و ئایینزادە دیماگۆجییەکان دەبوونەوە. بە زمانی خەڵک و دەربارەی ئامانجەکانی جەماوەر شتیان دەنووسی. لە مۆسیقا و سەمادا، ڕێچکەی دەستەبەرکردنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لە نێوان مرۆڤ و خودادا دۆزییەوە و نێوەندکارە ئایینییە قۆڵبڕەکانیشیان بە نەفرەت کرد. ئەوان دژی جیاوازیی جێندەر و چین وەستانەوە و بە سەرسووڕمانەوە لەم هەسارەیە، وەك دیاردەیەکی دەسەڵاتێکی باڵا، ورد دەبوونەوە. ئەنجوومەنی هونەریی لاهۆر سکریپتەکەی ئێمەی بە پاساوی ئەوەی ئەوە شانۆنامە نییە، بەڵکو تا ڕادەیەك بایۆگرافییە، ڕەت کردەوە. بەڵام کاتێك شانۆییەکە لە هۆڵێکی تر نمایش کرا (ئینیستیوتی گۆتە)، بینەرەکان بینییان و تێیگەیشتن و خۆشحاڵ بوون بەو سیمبۆلیزمەی لە ژیان و شیعرەکانی شاعیری جەماوەردا هەیە. ئەوان دەیانتوانی بە تەواوی ژیان و سەردەمەکەی بولڵا بناسن و هاوشێوەیی لەگەڵ ژیان و سەردەمەکەی خۆیاندا ببینن.

ئەو ڕۆژە لە ٢٠٠١دا جۆرێکی تری شانۆ لە دایك بوو. مۆسیقای پەرستگەی قەوال، سەمای سۆفییانەی دامەل، گوتنەوەی شیعری ئیلهامبەخش، تەنانەت گۆرانییە سرووتبەخشەکانی زیکریش، بوون بە بەشێك لە نمایشەکە. گرووپێك لە سیخەکان، کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی پەنجابییەکاندا هاتبوونە شارەکەوە و سەرێکیان لە هۆڵەکە دابوو تا نمایشەکە ببینن، لە کۆتاییدا سەر شانۆکەیان داگیر کرد، بە گریانەوە باوەشیان بە ئەکتەرەکاندا دەکرد و ماچیان دەکردن. لە دوای دابەشبوونی هیندستانەوە لە ساڵی ١٩٤٧دا، کە بووە هۆی دابەشبوونی پەنجاب بەسەر هێڵی گرووپەکاندا، ئەمە یەکەم جار بوو سیخەکان لەگەڵ موسڵمانە پەنجابییەکاندا لەسەر هەمان شانۆ کۆ ببنەوە. بولڵا شا لای ئەوانیش بە هەمان شێوەی موسڵمانە پەنجابەکان خۆشەویستە: لای سۆفییە مەزهەبگەرا باڵاکان و گرووپە دابەشبووەکانیش. دوابەدوای ئەم نمایشە لەیادنەکراوە، گەشتی بولڵا شا بۆ هیندستان، بە گەشتێکی نایاب بۆ بەشە هیندییەکەی پەنجاب دەستی پێ کرد. ”بولڵا” بە درێژایی و پانیی هیندستان نمایش کرا، تەنانەت لەو کاتانەیشدا کە تەنگژەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر چڕ دەبوونەوە. لەو شوێنانەیشدا کە بینەرەکان یەك وشەی پەنجابییشیان نەدەزانی، هەموو ساتێکی نمایشەکەیان خۆش دەویست. کاتێك دەرگاکان بە ڕووی دایەلۆگی سیاسی و دیبلۆماسیدا، یەک بە دوای یەک دادەخران، دەرگای هۆڵەکانی شانۆ و دڵی جەماوەری هیندستان تەواو بە کراوەیی مابوونەوە. لە کاتی گەشتەکانی ئاجۆکا لە ٢٠١٤دا بۆ بەشە هیندستانییەکەی پەنجاب، دوای چەندین نمایش کە لە لایەن هەزارن گوندنشینەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا، پیاوێکی پیر هات بۆ لای ئەو ئەکتەرەی ڕۆڵی سۆفییە مەزنەکەی دەگێڕا. پیاوە پیرەکە کوڕێکی گەنجی لەگەڵدا بوو. ”دۆخی ئەم کوڕەزایەم زۆر خراپە، بە یارمەتی، دەتوانیت نزایەکی بۆ بکەیت؟” ئەکتەرەکە بە سەرسووڕمانەوە وەڵامی دایەوە: ”باباجی، من بولڵا شا نیم، من تەنها ئەکتەرێکم ڕۆڵی ئەو دەبینم.” پیاوە پیرەکە دەستی کرد بە گریان و گوتی: ”تکایە، نزا بۆ کوڕەزاکەم بکە، دەزانم ئەگەر بۆی بکەیت، ئەو چاك دەبێتەوە.” ئێمە پێشنیارمان بۆ ئەکتەرەکە کرد کە ئەو ئاواتەی پیاوە پیرەکە بهێنێتە دی. ئەکتەرەکە نزایەکی بەسەر کوڕە گەنجەکەدا خوێند. پیاوە پیرەکە ئاسوودە بوو. بەرلەوەی بڕوات، ئەم وشانەی بە ئەکتەرەکە گوت: ”کوڕم، تۆ ئەکتەر نییت، ڕۆحنشینی بولڵا شایت، ئاڤاتارەکەی ئەویت.” لەناکاو کۆنسێپتێکی تەواو نوێی نواندن و شانۆ هاتە ناو ئێمە، ئەوەی کە ئەکتەر دەبێتە ڕۆحنشینی ئەو کارەکتەرەی بەرجەستەی دەکات.

ئێمە پێویستمان بە پتەوکردنەوەی توانای ڕۆحانیمان هەیە، پێویستمان بەوەیە شەڕێک لە دژی بێباکی و دۆشدامان و ڕەشبینی و تەماح و بێباکی بەرامبەر ئەم هەسارەیەی لەسەری دەژیین، هەڵبگیرسێنین. شانۆ ڕۆڵێکی هەیە… ڕۆڵێکی شکۆداری لە چالاكکردن و سەرپێخستنی مرۆڤایەتیدا هەیە، تا خۆی لە خلۆربوونەوە بەرەو چاڵ هەستێنێتەوە. دەتوانێت تەختەکە، شوێنی نمایشەکە، بۆ شتێکی پیرۆز بەرز بکاتەوە.

لە ماوەی ١٨ ساڵی گەشتەکانمان لەگەڵ ”بولڵا”دا، ئێمە سەرنجی هەڵوێستەکردنی هاوشێوەمان دەدا لە لایەن بینەرێکەوە، کە بێباك دەهاتە پێشچاو؛ ئەوانەی پێرفۆرمانسەکە بۆیان تەنها چێژبینین یان ئەزموونێکی ئاوەزبزوێن نییە، بەڵکو بەیەکگەیشتنێکی ڕۆحانیی گیانبزوێنە. لە ڕاستیدا ئەو ئەکتەرەی ڕۆڵی ماستەری سۆفی بولڵا شای دەگێڕا، بە قووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئەو ئەزمونەوە، خودی خۆی بوو بە شاعیرێکی سۆفی و لەو کاتەوە دوو کۆمەڵە شیعری بڵاو کردووەتەوە. ئەو ئەکتەرانەی لەو بەرهەمەدا بەشدار بوون، ئەوەیان درکاند کە کاتێك نمایشەکە دەست پێ دەکات، وا هەست دەکەن ڕۆحی بولڵا شا لە نێویانە و تەختەکەیش وەک ئەوە وایە هەڵکشابێت بۆ ئاستێکی بەرزتر. ڕۆشنبیرێکی هیندی ئەم ناونیشانەی دابوو بە نووسینێکی خۆی دەربارەی نمایشەکەمان: ”کاتێك شانۆ دەبێتە مەزار.”

من کەسێکی ڕۆشنبیرم و ئارەزووی من بۆ سۆفیزم زیاتر فەرهەنگییە. زۆرتر حەزم لە لایەنە هونەری و نمایشکارییەکەی شاعیرە پەنجابییە سۆفییەکانە. لەوانەیە بینەرەکانم توندڕەو و دەمارگیر نەبن، بەڵام هەڵگری باوەڕێکی ئایینیی پاراون. دۆزینەوەی چیرۆکی وەكو ئەوەی بولڵا شا، کە لە هەموو کولتوورەکاندا زۆر هەیە، دەتوانێت ببێتە پردێك لە نێوانی ئێمەی شانۆکاران و بینەرە نەناسراو، بەڵام بەجۆشوخرۆشەکاندا. بە یەکەوە دەتوانین ڕەهەندە ڕۆحانییەکانی شانۆ بدۆزینەوە و پردەکانی نێوان ڕابردوو و ئێستا بونیاد بنێین، بمانگەیەنێتە دواڕۆژێك کە ئامانجی هەموو کۆمەڵگەکانە؛ ئیماندار و بێباوەڕ، ئەکتەر و پیاوی بەساڵاچوو و کوڕەزاکانیشیان.

هۆکاری ئەوەی من چیرۆکی بولڵا شا و دۆزینەوەی ئەم جۆرە لە شانۆی سۆفیی خۆمان باس دەکەم، ئەوەیە کە ئێمە کاتێك لەسەر شانۆ نمایش دەکەین، هەندێک جار فەلسەفەی خۆمان دەربارەی شانۆ و ڕۆڵمان وەك پێشەنگی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیمان، لەگەڵ خۆماندا هەڵگرتووە و بۆ ئەنجامدانی ئەمە، ژمارەیەکی زۆری جەماوەرمان پشتگوێ خستووە. لە تێکەڵبوونماندا بە سەرکەشییەکانی ئێستاوە، خۆمان لە ئەگەرەکانی ئەزموونێکی زۆر کاریگەری ڕۆحانی بێبەش دەکەین کە شانۆ دەتوانێت دەستەبەری بکات. لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە سەرلەنوێ دەمارگیری و ڕق و توندوتیژی سەری هەڵداوەتەوە، ئاشکرایە نەتەوەکان دژی نەتەوەکان هان دەدرێن، ئیماندارەکان دژی ئیماندارەکانی تر شەڕ دەکەن و کۆمەڵگەکان دژی کۆمەڵگەکانی تر ڕقئەستوور دەکرێن… لە هەمان کاتدا، منداڵان لە بەدخۆراکی و دایکان لە کاتی منداڵبووندا، بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گونجاوەوە دەمرن، ئادیۆلۆژیا دوژمنکارییەکانیش دەگەشێنەوە. هەسارەکەمان قووڵتر و قووڵتر بە کلایماتیک و کارەساتی کلایماتیکدا ڕۆ دەچێت و کەسێك دەتوانێت گوێی لە دەنگی ناڵەی غاری ئەسپەکانی چوار سوارچاکەکەی ئەپۆکالیپس بێت. ئێمە پێویستمان بە پتەوکردنەوەی توانای ڕۆحانیمان هەیە، پێویستمان بەوەیە شەڕێك لە دژی بێباکی و دۆشدامان و ڕەشبینی و تەماح و بێباکی بەرامبەر ئەم هەسارەیەی لەسەری دەژیین، هەڵبگیرسێنین. شانۆ ڕۆڵێکی هەیە، ڕۆڵێکی شکۆداری لە چالاكکردن و سەرپێخستنی مرۆڤایەتیدا هەیە، تا خۆی لە خلۆربوونەوە بەرەو چاڵ هەستێنێتەوە. دەتوانێت تەختەکە، شوێنی نمایشەکە، بۆ شتێکی پیرۆز بەرز بکاتەوە. لە باشووری ئاسیا، ئەکتەرەکان بەرلەوەی پێ بخەنە سەر تەختەکە، بە ڕێزێکی زۆرەوە دەستی لێ دەدەن. ئەمە ترادسیۆنێکی لەمێژینەیە، هیی ئەو کاتەی ڕۆحانیەت و فەرهەنگ ئاوێزانی یەک بووبوون. کاتی ئەوە هاتووە ئەو پەیوەندییە لێکئاڵاوەی نێوان هونەرمەند و بینەران، ڕابردوو و داهاتوو، بە دەست بهێنرێتەوە. دەتوانرێت دروستکردنی شانۆ بکرێتە ڕووداوێکی پیرۆز و ئەکتەرەکانیش ببنە بەرجەستەکەری ڕوحی ئەو ڕۆڵانەی دەیگێڕن. شانۆ هونەری نواندن بۆ ئاستێکی بەرزتری ڕۆحانیەت بەرز دەکاتەوە. شانۆ توانای ئەوەی هەیە ببێتە مەزار و ئەو مەزارەیش ببێتە پانتاییەك بۆ نمایش.

ژیاننامەی شەهید نەدیم

شەهید نەدیم، شانۆنامەنووس و شانۆکاری پاکستانی، ساڵی ١٩٤٧ لە ساپووری کشمیر لە دایک بووە. بە هۆی جەنگەوە، هەر لە منداڵییەوە لە پەنابەریدا ژیاوە. لە لاهۆر ماستەری لە سایکۆلۆجیدا تەواو کردووە و یەکەم کاری شانۆییشی هەر لە زانکۆ بووە. دوای دامەزراندنی گرووپی شانۆیی ئاجۆکا، زیاتر دەچێتە دنیای شانۆوە و زیاد لە ٥٠ شانۆنامە دەنووسێت و چەندین شانۆنامەی بێرتۆڵد برێخت بۆ نمایش ئامادە دەکات.
بە هۆی جیاوازی و نامۆیی نمایشەکانی گرووپی ئاجۆکاوە، چەندین جار لە لایەن حکومەت سەربازییە جیاجیاکانی پاکستانەوە دەستگیر کراوە و خراوەتە زیندانەوە. بە هۆی ئەمەوە ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ وەک ”زیندانیی ویژدان” ناساندوویەتی و دواتریش خۆی وەک ڕێکخەری هەڵمەتە نێودەوڵەتییەکان و کارمەندی پەیوەندییەکانی ئاسیا – پاسفیک کاری لەگەڵ کردوون.
شانۆنامەکانی نەدیم لە تەواوی پاکستان و هیندستان و بەشێکی زۆری ئەورووپا و ئەمەریکا نمایش کراون و چەندین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە شێوەی کۆبەرهەم بەرهەمەکانیان چاپ و بڵاو کردووەتەوە. هەر لەبەر ئەمە چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە و لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا هەمیشە ڕەخنەگران بە شێوازێکی جیاواز باسیان کردووە و لەسەریان نووسیوە.
گرێ کۆمەڵایەتییەکان، توندڕەویی ئایینی، جیاوازیکردن لە بەرامبەر کەمایەتییەکان، توندوتیژی دژی ژنان، ئازادیی ڕادەربڕین و بە تایبەتی دابەشبوونی باشووری ئاسیا و کولتووری هاوبەشی ناوچەکە، کرۆکی بەرهەمەکانی شەهید نەدیمن و لەبەر بوێرییەکەی لە دەستبردن بۆ ئەم بابەتە هەستیارانە، هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لێی ڕوانراوە. ئێستایش بە هەمان ئەو نەفەسەوە بەردەوامە و لە ئینیستیوتی ئاجۆکا بۆ هونەرەکانی پێرفۆرمانس و ئەنیستیوتی هونەر و کولتوور لە لاهۆر، وانەی هوونەری نووسین دەڵێتەوە و بەرێوەبەری گرووپی شانۆیی ئاجۆکایە.

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Theatre, World Theatre Day,