22/03/2024
DidiMn Logo
Top

شێوازە باوەکانی دڵتەنگی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
شاڵاو حەبیبە

یەک: جاری دووەمە خەریکی گوڵەکان ئاو دەدەیت، بەڵام ئەوان بەم هەموو میهرەبانییەی تۆ دەژاکێن. لە هەندێک دیمەنیشدا، ئاوپرژێنەکەت بە دەستەوەیە و چاوت لەسەر گوڵەکەیە، لە دیمەنەکەدا دیارە کە ئینجانەکە کەیلی ئاو بووە، بەڵام تۆ لەوێ نەماویت. بێگومان گوڵەکە نازانێت تۆ دڵتەنگیت؛ مەگەر لە دنیای ئەنیمەیشندا. ڕەنگە لە پڕ بێتە زەینت، کە ئەمە دووەم جارە ئاویان دەدەیت، ڕەنگیشە هەرگیز ئەمە نەزانیت، کە ڕۆژانێک بە دڵتەنگی بەردەوام گوڵەکانت ئاو دەدا و هەرگیز نەزانیت فڵان ساڵ ئەم هەموو گوڵە بۆ لە پڕ ژاکان. کەواتە ئێستا دەیزانیت، کە دڵتەنگی؛ گوڵ دەژاکێنێت.

دوو: لە کافێیەک دانیشتوویت و چایەکەت سارد بووەتەوە. زۆر جاری دیکە، ڕەنگە لەبەر زۆربڵێییت، کە قسەت بۆ هاوڕێیەکانت کردووە، ئەمە ڕووی دابێت. ئێستا لەبەر ئەوە ڕوو دەدات، کە تەنیایت و کافێیەکەیش باییی ئەوەندە دڵکەرەوە نییە، کە تۆ بتوانیت بە دڵخۆشییەوە چایەکەت بخۆیتەوە. هەندێک جار وا هەست دەکەیت کافێیەکانیش هێند دڵتەنگکەرن، کە چەند چرکەیەکیان بۆ تۆ تێدایە نییە بتوانیت چایەکەت بخۆیتەوە. هەست دەکەیت کافێیەکان سەر بە تابلۆکانی ئێدوارد هۆپەرن؛ فراوان و کەممرۆڤ. کاتێک دێیتەوە سەر خۆت، کە لانیکەم قوومێک لە چایەکە بدەیت، درەنگ بووە، لە لایەکیشەوە دەڵێیت باشتر، لەوە دەترسیت ئەو قوومە زیاتر دڵتەنگت بکات. کە دەڕۆیت، چایەکەت هەر لەوێیە، بێگومان گارسۆنەکە نازانێت، ئەمە هەموو ڕووداوە، بەم هەموو تەنگژەیە، لەم شوێنە ڕووی داوە.

سێ: لەگەڵ ئەو کەسانەدا قسە دەکەیت کە هەر نایانناسیت. بگرە خەریکی هێندێک لە نهێنیی ژیانی خۆتیان بۆ باس دەکەیت. خۆیشت نازانیت ئەمە بۆ دەکەیت، بەڵام دەیکەیت. ڕۆژێک کە باش بوویتەوە، ئەوکات تەریق دەبیتەوە، کە چۆن قسەت بۆ کەسانێک کردووە، کە ئەسڵەن یەکتان نەناسیوە. دەترسیت بیانبینیتەوە و ئەو شەوانەت بیر بخەنەوە، کە تۆ چەندێک زۆر لێکدالێکدا قسەت بۆ دەکردن و دڵیشت هەر ئارام نەدەبووەوە. هەموو مرۆڤەکانی شەوانی دڵتەنگی، لە سەردەمی تردا، دەبنەوە بۆی دڵتەنگیت. ئینسان ناتوانێت لە هەر هەموو کەسێک ڕابکات، ئاخری ڕۆژێک بە داوەکەوە دەبێت. داوی دڵتەنگی.

چوار: دەچیتە باوەشی کەسێک، یان تەنانەت کەسانێکی ترەوە، پەنا بۆ باوەشەکان دەبەیت، چونکە پێت وایە بەمە دڵتەنگییەکەت نامێنێت. ئاسایییە لەو باوەشانەدا دەست بکەیت بە گریان، نەک لەبەر ئەوەی میهرەبانن؛ چونکە باوەشی تۆ نیین. بەم جۆرە لە باوەشێکەوە تا ماوەیەک دەچیت بۆ باوەشێکی تر، بەبێ ئەوەی دڵت ببێتەوە بەو دڵەی جاران. دڵەکەی جاران چیتر بوونی نییە. ئاسایییە چ ژن بیت چ پیاو، بەم جۆرە هەنگاو بنێیت بەرەو ئەوەی ببیت بە سۆزانی. ڕەنگە ئنجا قەرەباڵغ ببیت، پێت وا بێت ئیتر دەرفەتت بۆ دڵتەنگی نابێت، کەچی دەبیتە سۆزانییەکی دڵتەنگ.

پێنج: قبووڵی دەکەیت داوای هیچ کەسێک بۆ چوون بۆ سینەما ڕەت نەکەیتەوە، بەڵام فیلمەکان دڵتەنگییەکەتت بیر دەخەنەوە. دەزانیت کە دەرهێنەرەکانیش زەمانێک بە دەست ئەم دڵتەنگییەی تۆوە ناڵاندوویانە. ڕەنگە بیرۆکەکان لە ساتێکی ئاوا دڵتەنگیدا گەڵاڵە بووبن. هەرچەند تۆ ئێستا تۆقیوت لە هەرچی بیرۆکە و فیلم و کتێبەکانە. تۆقیویت لە هەر شتێکت پەنجە لە دڵتەنگییەکەت بدات. هەموو شتێکت دەکەیت بۆ ئەوەی دوور بکەویتەوە، بەڵام دەبینیت هەر وا دێت نزیکتر دەبیتەوە.

شەش: ئاخر جار کە دڵخۆش بوویت، کتێبەکەتت هەر وا لەسەر ئەو لاپەڕەیە بەجێ هێشتووە؛ کارەکتەرەکە هەر وا دۆش داماوە کە چی بکات. دەرگەکە هەر وا بە کراوەیی چاوەڕێی هاتنەژوورەوەی کەسێکە. پەنجەرەکە هەر وا ڕوو لە مانگ… ئیتر ناوێریت بگەڕێیتەوە بۆ ئەو جیهانە. لە لاپەڕەی دواتر دەترسیت، کە زیاتر دڵت بشکێت. دەزانیت ئەم هەموو کتێبە جوانە هەن لە جیهاندا و تۆ لە گشتیان دەترسیت. بێگومان گشتیان لێرەولەوێ دەیانەوێت پەنجە بخەنە سەر دڵتەنگییەکانی تۆ، تۆیش لەم ڕووبەڕووبوونەوانە دەترسیت، چونکە بە قووڵی هەست دەکەیت تەنیایت. تەنیایت و هەموو چرکەیەک ئەگەری هەیە ڕووداوێکی دڵتەنگانەتر ڕوو بدات. تۆیش هەوڵی لەبیرکردن و ئارامبوونەوە دەدەیت، دەزانیت کتێبەکان ناهێڵن ئارام بیت. کتێبەکان بە داوێکی خەیاڵی بە هەموو دڵتەنگییەکانی تۆوە گرێ دراون. مرۆڤیش ناتوانێت هەموو گرێیەکانی خۆی بکاتەوە.

شاڵاو حەبیبە
ئیلوسترەیشنی سابات عەباس

حەوت: بە دارستانەکاندا پیاسە دەکەیت، مەلە دەکەیت، جارجار هێدفۆن لە گوێ دەکەیت و دەچیت بۆ وەرزش، پایسکل لێ دەخوڕیت، بەردێک هەڵدەگریت و دەیگریتە شوێنێک شتێک، شەقێک لە شتێک هەڵدەدەیت لەسەر زەوی، دادەنیشیت و لە شتێکی هیچ ڕادەمێنیت، بە دیار ئاسکێکەوە دەوەستیت کە خەریکە تەماشات دەکات، یان منداڵێک لەو نزیکانە کە بە دوای دایکیدا دەگریت، لە پڕ بیرت دەکەوێتەوە کە درەنگە و دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە، ماڵیش تۆ زەندەقت لێی چووە. لە ژوورەکەت دەترسیت کە وەک قاوغەشقارتەیەک بچووکە. هەست دەکەیت هەمووی لەو ژوورە ڕووی دا. بۆیە قەت حەز ناکەیت بگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە. بەم جۆرە لە سەرگەردانی دەترسیت. لە دڵتەنگیی ماڵەوە دەترسیت. لە بێکەسی دەترسیت. لە شوێن دەترسیت، چونکە شوێن باشتر لە هەموو شتێک دڵتەنگت دەکات.

هەشت: ئێمە گشتمان ڕۆژگارێک دڵخۆش بووین، بەڵام ئێستا ئەو ڕۆژگارە بووە بە بەشێک لە بیرەوەری. بۆیە تەنانەت بیرەوەریی ڕۆژگارە دڵخۆشەکان ئازارت دەدات. هەست دەکەیت وەک پێویست بوو چێژت لەو ڕۆژانە وەرنەگرتووە، کە تۆیش دەتتوانی لە دڵەوە پێ بکەنیت و ڕۆژێکی خۆشت هەبێت. ئەوەی ئیشی لەسەر دەکەیت، بیرنەکردنەوە، بیرنەکەوتنەوە، سەرنجنەدان، نەبینین و بەرنەکەوتنە، ئەوەی دەتەوێت بیکەیت تەنیا تێپەڕاندنی کاتەکەیە، کاتیش تۆ دەزانیت کە تێ ناپەڕێت، کات هەرگیز تێ ناپەڕێت، کەچی ئاواش لەو هەموو شەووڕۆژانە دەترسیت کە هێشتا لە پێشتن. لەو هەموو ساڵانەی داهاتوو کە دەبێت بژیت. هەست دەکەیت نەفرەتێک کەمینی بۆ داناویت.

نۆ: بێدەنگ، مات، ڕەشدایساو، هیلاک و چاوەکانت خەمبار دەردەچن، کە هیچ کەس نابینیت و بۆ هیچ کەس نادوێیت، ڕەنگە هەفتە و مانگ و ساڵ بخایەنێت، کە لە پڕ شەوێک- کە ڕەنگە ڕێک لەو شەوەیشدا شتێکی ئەوتۆ ڕووی نەدابێت- دەدەیتە پڕمەی گریان، وەک ئەوەی بتەوێت هەموو ئەو زووخاوەسکە تووڕ بدەیتە دەرەوە، بەڵام تەنیا چەند چرکەیەک دوای گریانەکە ئارام دەبیتەوە و دوایی تەماشا دەکەیت دڵتەنگییەکەت هەر لە شوێنی خۆیەتی، چونکە دڵتەنگیی تۆیە، هیی کەسێکی تر نییە، تا لە شوێنێکی تر بێت. کە دەگەڕێیتەوە ئەو لە ژوورەکەتە، کە دەڕۆیتەوە دەرەوە ئەو لەسەر شەقامەکانە، لە بازاڕە، کە دەچیت بۆ پیاسە، ئەو لە پێشتەوە دەڕوات، کە دەتەوێت لە شوێنێک دابنیشت ئەو چایە بخۆیتەوە کە پێت ناخورێتەوە، ئەو لەسەر کورسییەکەتە، لە کافێیەکەدا. کە دەگریت پێت وایە شایەنی ئەوەیت بەم گریانە هەموو دڵتەنگییەکەت رۆیشتبێت، کەچی دوای هەر گریانێک دەبێ لە یەکەمەوە دەست پێ بکەیتەوە. ئەوە پێی دەڵێن: دڵگوشران.

دە: زیاتر فێری هونەرەکانی بزە-لەسەر-لێو-کردن و خۆ-کۆمیدی-کردن و تەنانەت خۆ-کەر-کردن دەبیت، ڕەنگە ئەمە بۆ تۆ وەڵامەکە بێت. ناتوانیت بۆ هەموو کەسێک باسی دڵتەنگییەکەت بکەیت، بەڵام هاوڕێیەکانی تۆ ئەوانەن، کە لە پشت پێکەنینەکانیشتەوە دڵە خەمبارەکەی تۆ دەبینن. ئەوان دەزانن کاتێک تەنیا دەبیتەوە، دڵت چیت پێ دەکات، چونکە ئەوانیش ڕۆژگارێکیان دنیا ئاوا بە ڕێ کردووە. هەرکەسە و بە جۆرێک دەیەوێت دڵتەنگییەکەی لە بیر بکات، یان بیشارێتەوە، هەیە بە کتێبنووسین، هەیە بە دروستکردنی فیلمێک- تەنانەت ئەگەر خراپیش بێت، هەیە ناتوانیت لێی تێ بگەیت، چونکە نایەوێت هیچ شتێک بکات. هەیە تەنانەت عاشقی دەبن/خۆشیان دەوێت، کەچی ئەو ڕادەکات، چونکە ئەمەیش وەک تەڵەیەک بۆ دڵتەنگیی خۆی دەبینێت. هەیە هەموو کارێک دەکات بەس بۆ ئەوەی دڵتەنگ نەبێت، بەڵام بێئاگایە لەوەی هیچ ڕێیەک جگە لە هەڵکردن نییە. تۆ دەبێت وەک هاوژوورێک بڕوانیتە دڵتەنگییەکەت، تەنانەت ئەگەر زۆر بەد و بێهەست و نامیهرەبان بێت. دەزانیت، ئەوەی بە گاڵتەوگەپ بە ڕێی دەکات، بەناو ئەم هەموو عەزابەدا تێ پەڕیوە. ئەوەی بە گاڵتەوگەپ بە ڕێی دەکات بە گریان دەستی پێ کردووە.

یازدە: بۆ ئەوەی لە دڵتەنگییەکەت دوور بکەویتەوە، زۆر جار ڕوو دەکەیتە مرۆڤەکان. ئینسان سەرئەنجام ناچارە پەنا بباتەوە بەر جەللادەکەی.

دوازدە: لە مۆسیقاکان هەڵدێیت، چونکە پڕن لە بیرەوەری، چونکە مۆسیقا باشتر لە مرۆڤەکان تۆ دەناسێت، چونکە مۆسیقا زووتر لە کتێب لە فیلم لە هەر شتێکی تر هەزم دەبێت و زووتر تاریکت دەکات. مۆسیقایەکی پڕخەم، کوشندەترە لە هەر شتێکی تر. نەک هەر مۆسیقا؛ بگرە وشەکان، دەنگەکان، ناوەکان، تۆنەکان، ئەگەری هەیە وێرانت بکەن، لە کاتێکدا تێگەیشتنی ئەمە قورسە و کەچی وا خەریکە لە تۆ ڕوو دەدات.

سێزدە: چونکە بەرگەی بۆنی باوەشێک ناگریت، ڕوو دەکەیتە باوەشێکی تر، دواتر دەبینیت کە بۆنی باوەشەکەی تریش ئازاردەرە، بۆیە باوەشێکی تر و باوەشێکی تر، چونکە هەر بۆنێک یادێک و شتێکت بیر دەخاتەوە، چونکە ناچاریت بۆنی هەموو باوەشەکانی جیهان بە یەک باوەش بەروارد بکەیتەوە، بەم جۆرە دڵتەنگییەکەی تۆ، باییی هەموو ئەو باوەشانەیە کە دەتدەنە دەست یەکتر. هەموو ئەو باوەشانەی پەنات بۆ بردن و لە ژیان بەئازارتر بوون. باوەشاوباوەش دەتەوێت خۆت لە یەکێک لەو باوەشانە بشاریتەوە، کە خۆی لەناو ئەو هەموو باوەشەدا شاردووەتەوە.

چواردە: لە بۆن ڕادەکەیت، لە دەنگ ڕادەکەیت، لە ڕەنگ ڕادەکەیت. دەزانیت کە جیهان یەجگار فراوانە، بەڵام سەرسامیت کە بچووکترین دڵخۆشیی بۆ تۆ پێ نییە. بۆیە دەگەڕێیتەوە بۆ شتەکانی منداڵی، ڕەنگە یارییەکانت هەڵبدەیتەوە، ئەگەر مابن، یان بە دیار تۆم و جێرییەوە دابنیشیتەوە، یان قەڵەم و کاخەز بێنیت و دەست بکەیت بە خەتوختووت، چونکە پێت وایە جیهانی منداڵی پاکوبێگەردە، بەڵام ڕۆژگارێک کە ئارامتر بوویتەوە، فرۆید بخوێنەوە، تێ دەگەیت کە جیهانی منداڵانیش پڕە لە بوغز و کینە و ڕق و بەربەرەکانێ و هەتا توندوتیژییش. بۆیە نائومێد مەبە کە بڵێم بۆ دڵخۆشیی تۆ هیچ ڕێیەک نەماوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە وەک یەکێک لە ڕووداوەکانی ژیانت بڕوانیتە دڵتەنگی، کە جارجار بۆ مرۆڤ پێش دێت. ئەگەر کاتی بێت نەختێک سوبعەتت لەگەڵدا بکەم، ڕەنگە مرۆڤ وا باشتر بێت تووشی ڕووداوی دڵتەنگی ببێت، نەک ڕووداوی هاتوچۆ.

پازدە: بە باران، هەوروهەڵا، کە دنیا لە پڕ تاریک دەبێت، کە ڕۆژ دەبێتەوە، کە ئێوارە دادێت، کە ئۆتۆمبیلەکان دەبینیت، کە ئۆتۆمبیلەکان نابینیت، کە شت ڕوو دەدات، کە شت ڕوو نادات، بە هەموو شتێک و هیچ شتێک دڵتەنگتر دەبیت و خەریکە بدەیتە گریان، لە کاتێکدا پێشتر هەموو ئەمانەت خۆش دەویستن و کاتێکیش لە فیلم و کتێبەکاندا دەتبینین دڵخۆش دەبوویت. بۆیە لە خۆت دەپرسیت، من بۆ وام بەسەر هات؟ ڕەنگە وەڵامەکە بزانیت، بەڵام وەڵامەکە بۆ تۆ سوودی نابێت. لە ڕۆژانی دڵتەنگیدا، جگە لەوەی دەبێت لەو شتانە ڕابکەیت، کە دڵتەنگت دەکەن، هاوکات دەبێت لەو شتانەیش ڕابکات کە ڕۆژگارێک دڵخۆشیان دەکردیت. ڕادەکەیت بەڵام نەک بەرەو شتێک.

شازدە: ڕەنگە پێشنیاری سەفەرت بۆ بکەن، بەڵام بیر لەوە دەکەیتەوە، مرۆڤ پێویست ناکات چەندین وڵات و سەرزەمین ببڕێت بۆ ئەوەی لە شوێنێکی تردا بەر ڕووداوێکی دڵتەنگانە بکەوێت، لە کاتێکدا بتوانێت هەر لە تەنیشت خۆیەوە ئەو عەزابە بچێژێت.

حەڤدە: ڕەنگە بچیت بۆ میوانی، بەڵام ئینسانی دڵتەنگ هەرگیز لە هیچ میوانییەک نییە. بە تایبەت کە دڵتەنگ بوویت، نانخواردن زۆر ئازاردەرە. هەست دەکەیت کەسێک هەیە لەو خوارەوە کە دانیشتووە و ناهێڵێت هیچ خواردنێک تێ پەڕێت/ یان هەست دەکەیت هەموو دنیا تەماشات دەکەن و پێت دەڵێن ئەگەر تۆ دڵتەنگیت ئەی چۆنە دەتوانیت هەر بۆ نموونە ئەم هەموو مریشکە بخۆیت. بە کورتی ئینسان زۆر داماو دەکرێت. تەنانەت ناچار دەبێت لە گووگڵدا بە دوای ڕێچارەکانی دڵتەنگیدا بگەڕێت. بەڵام هەموو باسەکان پووچ و بێهوودەن، تەنانەت زیاتر دڵتەنگ دەبێت، چونکە تەماشا دەکات بە دەست شتێکی زۆر پڕوپووچەوە هەراسان بووە و کەچی دەبێت هەر بە دەست ئەم شتە پڕوپووچەشەوە بمێنێتەوە.

هەژدە: وێنە دەگریت، بەڵام بۆ ئەوەی هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان سەیریان نەکەیتەوە.

نۆزدە: ڕۆژێک دڵتەنگییەکەیشت پشتت تێ دەکات. بەتاڵ وەک عوودێک کە ناڵەی دێت.

هاوبەشی بکە

Prose, Shalaw Habiba,