24/04/2024
DidiMn Logo
Top

سکاڵای یاسایی لەسەر ستافی شانۆیی “وەرن ببین بە سەگ” تۆمار کرا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

ڕۆژانی ٢٢-٢٣/٢/٢٠٢٠، لە شارۆچکەی کەلار ”وەرزی شانۆ لە گەرمیان” بەڕێوە چوو، کە چەند کارێکی شانۆیی تێدا نمایش کران و یەکێکیان شانۆیی ”وەرن ببین بە سەگ” بوو، کە بەرهەمی گرووپی هونەریی ئەستێرەکان و لە نووسینی قوبادی جەلیزادە و ئامادەکردنی شکۆ عومەر و دەرهێنانی عومەر عەبدولڵا بوو، هەر یەک لە شاناز عەلی عەزیز و محەمەد عەلییش وەکو ئەکتەر تێیدا بەشدار بوون.

دوابەدوای نمایشکردنی ئەم بەرهەمە، کە لە فۆرمی شانۆی سەر شەقامدا پیشانی بینەران درا، بە هۆی ئەوەی بەشێک لە دەقەکە ڕەخنەگرتن بوو لە پیاوانی ئایینی، گفتوگۆی جیاوازی دروست کرد. جیا لەوەی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی گەرمیان هەوڵی سڕکردنی کارەکانی گرووپەکەی دا بۆ ماوەی ساڵێک، هاوکات یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان – لقی گەرمیان، بە نووسراوێکی فەرمی بۆ داواکاری گشتیی گەرمیان، کە کۆپییەکی دەست دیدی من کەوتووە، بە بیانووی ”سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان”، سکاڵای یاسایی لەسەر تەواوی ستافی شانۆیی وەرن ببین بە سەگ لە بەرواری ٢٦/٢/٢٠٢٠دا تۆمار کرد.

دەربارەی ئەم بابەتە، ئامادەکاری دەقی شانۆیی ”وەرن ببین بە سەگ”، شکۆ عومەر، بۆ دیدی من گوتی: ”بە شانازییەوە لەسەر ئەنجامدانی کاری شانۆ لە بەردەم دادگادا ئامادە دەبم، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین ئێمەین سەربازانی بەگژداچوونەوەی دیاردە قێزەونەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ھونەرە باڵاکەمانەوە، کە شانۆیە و دواجاریش لەبەر ڕەوایەتیی کەیسەکەمان دڵنیاین کە سەرکەوتوانە دەیبەینەوە.”

شایەنی باسە هێشتا کاردانەوەکان بەردەوامن و ڕای گشتیی بەسەر دوو بەرەی هاوپشت و دژدا دابەش بووە و ڕۆژانە کەسایەتییە جیاوازەکان و خەڵکانی مەدەنی لەسەر ئەم بابەتە ڕای جیاوازی خۆیان دەخەنە ڕوو.

وێنەیەک لە نووسراوێکی فەرمی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان – لقی گەرمیان، بۆ داواکاری گشتیی گەرمیان
هاوبەشی بکە

Art, Freedom of Art, Theatre,