16/04/2024
DidiMn Logo
Top

گرنگی تەلارسازی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سکوڵ ئۆف لایف
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: ڕۆژگار عومەر

هەندێک لە بیناکان، بە شێوەیەکی نامۆ، بەڵام یەکجار گرنگ، لەگەڵمان دەدوێن. هەندێک لە بیناکان، شەقامەکان و تەنانەت هەموو شارەکە، ژاوەژاوێکی گەورەیان دروست کردووە، هەندێکیان شانازیی سەربازی، هەندێکی کەش چرپە چرپێکی هێمن و شکۆدارییان هەیە.

لە ڕاستیدا ئەو ڕا و بۆچوونە مۆدێرنەی کە زاڵە، زۆر بەلایەوە گرنگ نییە کە بیناکان دەربارەی چی لەگەڵمان دەدوێن. لەوەیە بە جۆرێک لە هەستیاری بزانین لەوەی ڕووکاری بیناکان کاریگەرییان هەیە لەسەر دۆخی ناوەوەی ئێمە. لە کاتێکدا ڕوونە بارودۆخە سایکۆلۆژییەکانمان گۆڕانکاری بەسەردا دێت بە پێی ڕەنگ، شێوە، لەگەڵ ڕووپۆشی دیوارەکان.

دۆخی ناوەوەمان بە شێوەیەکی گەورە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی تەلارسازییەوە و لەوانەیە بە جۆرێک بێت وەک چۆن بە کردەیەکی خراپ ئازار دەچێژین، دەشێت بە بینینی تەلارسازییەکی ناشرین هەمان ئازار بچێژین. دەشێت گیانمان ون ببێت لە تۆرەکانی شەقامی شارەکاندا، کە بەبێ گرنگی پێدان و بەهرەیەک دیزاین کراون.

لە کۆمەڵگە مۆدێرنە بازرگانییەکاندا، بیناکان لە ڕووی چەمکی دارایی و تێچوو، گەڕانەوە بۆ سەرمایەداری، بە گەورەیی دەبینرێن. سیاسییەکان سنوور بۆ گەشەپێدەران دادەنێن. هەندێک ڕێسا هەن سەبارەت بە بەرزی بیناکان و کارامەیی ژینگەیی بیناکان. بەڵام هیچ ڕێسایەک دیاری نەکراوە تەنانەت لە سیستەمی سیاسیی و ئابووریشدا سەبارەت بە قێزەونی بیناکان و ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر ئێمە دروستی دەکەن. ئەمەش نامۆ نییە. چەندین مەترسیی گشتی بۆ هەموان دەشێت هێشتا ڕەچاو نەکرێن؛ چەندین دەیەی ویستووە کە پیسبوونی ڕووبارەکان بە هۆی پیشەسازییەوە بە مەترسییەک بۆ هەموان ڕەچاو کراوە. 

ئەگەر باشتر لە کاریگەریی تەلارسازیی ناشرین تێگەشتباین لەسەر ژیانمان، ئەو هێزەی کە گیانمان بریندار دەکات و یارمەتی خراپتربوونمان دەدات، ئەوە بە دڵنیاییەوە یاسامان لە دژی دادەنا. بەڵام هێشتا هیچ سیاسییەک دەرنەکەوتووە کە لاف و گەزافی باشترکردن و پێشکەوتنی تەلارسازیی ناوچەکە بدات.

لە یوتۆپیادا، تەلارسازی وەک لقێکی تەندرووستی هۆش دەبیرنێت، وەک ڕۆڵێکی گرنگ لە ئاسوودەکردنی گشتیدا. دیزاینی خراپ لە کۆتاییدا- وەک تاوانێک دادەنرێت بۆ سەر تەندرووستی و هۆشی هەموان.  

هاوبەشی بکە

architecture, ART/ARCHITECTURE,