19/03/2024
DidiMn Logo
Top

تاوێک لەگەڵ ماملێ

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

 سازدانی: ھێلا شلومبێرگێر
لە ئەڵمانییەوە جەعفەر حوسێنپوور

بەشێک لە دیمانەی ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی هێلا شلومبێرگێر لەگەڵ محەمەدی ماملێ کەساڵی ١٩٨٠ ئەنجامدراوە. لە نمونەیەکدا کە بەردەستی دیدی من کەوتووە جەعفەر حوسێنپوور لە ئەڵمانییەوە وەرگێڕانی بۆ چاوپێکەوتنەکە کردووە. دیدی من چاوپێکەوتنەکە وەک خۆی و بەبێ دەستکاری دادەنێتەوە.

ماملێ چوارمەشقی، قیت و مەغروور لە بەرامبەرم دانیشتووە، ئەمنیش خەریکم پەیتا پەیتا ھەموو چەشنە دانیشنێکی سەر عەرزی بەتاقیدەکەمەوە. ڕیشووە ڕەشەکانی پێچە بۆرە گوڵدارەکەی لەلاوە بەرەو ڕوخساری ڕادەژێن. چاوەکانی لە پشت چاویلکە ناحەزەکەیەوە دەدرەوشێنەوە، ھەتا بڵێی ئینسانێکی بەڕێز و حورمەتە.

ھێلا شلومبێرگێر: کێ فێرە گۆرانی گوتنی کردی؟
ماملێ: بابم. ھەر بەگشتی تایفەی ئێمە تایفەی گۆرانیبژانە. بابم زۆربەی ئەو گۆرانییانەی کە ئەمنیش دەیانڵێم بۆخۆی دایناون و ئاھەنگی خستوونە سەر. نەیتوانیوە سازێک لێبدا، بۆ ئەو مەبەستە سازژەنی خۆی ھەبووە، ئەو لە ھەموو گۆرانییەکی زیاتر حەزی لە گۆرانی ئایینی و دڵداری ھەبووە.

 ھێلا شلومبێرگێر: نێوەڕۆکی گۆرانییە دڵدارییەکان چ بووە؟
ماملێ: نیزیکەی تەواوی گۆرانییە دڵدارییەکانمان لەسەر کچێکی جوان و جحێل ساغ بووەتەوە کە کوڕە جحێڵەکە نایگاتێ.

هێلا شلومبێرگێر: خەڵکی مەھابادێی محەممەد؟
ماملێ: بەڵێ ئەمن پەنجا و چوار ساڵ پێش لە گەڕەکی ھەرمەنییانی مەھابادێ لە دایک بووم. ئەودەم زۆر ماڵی ھەرمەنی لێرە بوون، ئێستا تاق و لۆق نەبێ نەماون. بابم نەخوێندەوار بوو و لە نێو بازاڕێ دوکانێکی چکۆلەی خووری فرۆشتنی ھەبوو. ئێمە شەش کووڕ و کچێک بووین. زۆر کەممان دراو ھەبوو. ئەگەر برینجمان بۆ ساز کرابا جێژنەمان بوو.

ھێلا شومبێرگێر: چۆن جوانیی کچە کوردەکان بە گۆرانی باس دەکرێ؟
ماملێ: تەواوی ئازای لەشی، بێجگە لە عەورەتی، بە وێنەیەک دەشووبھێنرێ و بە گۆرانی پێی ھەڵدەگوترێ. چاوەکان ئەستێرەن، لێوەکان سندووقی چکۆلەی زێڕینزاری گەورە لێرە پەسەند نییە، ددانەکان مروارین، ڕەنگی گەردەن بە بەفری تازە کەوتووی کوێستانان دەشوبھێنن، پرچەکان بە شەوانی زستان، ڕەش و درێژ، کوڵمەکان بە سوورەگوڵی کێوی، سینگ بە باغێکی جوان، کە حەز دەکەین لیمۆی لێبکەینەوە. لە بەندێک دا بۆ وێنە دەگوترێ: مەمکوژە تۆ گەردنی خۆت ڕوو لە زولفان دەرخەوە\ئەی ستارەی سوبحدەم ئەوشۆکە زووتر دەرکەوە. ژنان لە گۆرانییەکانمدا وەک (جنسی ناسک) دیاریدەکرێن.

هێلا شلومبێرگێر: جا ژنن کە بە پیاوان ھەڵدەڵێن یا بۆخۆیان بەخۆیان ھەڵدەڵێن؟
ماملێ: ژنیش ھەن کە شیعر و گۆرانی بەسەر پیاوان دا ھەڵدەڵێن. بەڵام لە ڕوویان ھەڵنایا بە ئاشکرا لە نێو خەڵکی دەریبڕن. لە دەور و بەری ئێرە دێھاتمان ھەن کە دیمەنی ئاوایان لێ دەبینرێ: کوڕێکی جحێڵ بە تەن بە کۆڵانی دێی دا    دێتە خوارێ، کچێکی جحێڵ، ئەویش بەتەنێ، بەرەو پیری دێ و بە گۆرانی بە کوڕێ ھەڵدەڵێ، بەو شێوەیە بە کوڕەی ڕادەگەیەنێ کە حەز لە کوڕەی دەکا. یان لە نێو مەنگوڕان، نەک ھەر پێش زەماوەند، وەکی دیش دڵداری ئازادە، بۆیە ئەوان ئاوا جوان و باڵابەرز و بەھێزن.

ھێلا شلومبێرگێر: جوانی پیاوانیش دە گۆرانی دا باس دەکرێ؟
ماملێ: نەخێر. بە غیرەتیان، چەکەکانیان، جلووبەرگیان، ھەڵدەگوترێ، بەڵام باسی جوانی و موحیبەتیان ناکرێ.

ھێلا شلومبێرگێر: گۆرانی واش ھەن کە تێیاندا بە ژنێک ھەڵبگوترێ کە جوان و ناسک نەبێ؟
ماملێ: بەڵێ بۆ وێنە گۆرانییەک لەسەر ئایشێ شێرزاد کە لە جەنگەی برسێتی و گرانییە گەورەکەی شێست و پێنج ساڵ لەمەوبەردا، کە نیوەی خەڵکی مەھابادێ تێدا چوون بۆ ھەژاران لە بازاڕێ سواڵی نانی دەکرد. بەو شێوەیە دوو مانگی زستانێ نانی دا بە ھەژاران. ھەتا بەفر چۆوە و خەڵک لە کێوان دیسان شتێکیان بۆ خواردن وەگیر کەوت.

هێلا شلومبێرگێر: ئەدی ئەودەمەی کە ئەتۆ لاو و ئاشق بووی چۆن بوو؟
ماملێ: سەردەمی ئێمە ئاوا بوو: ئێمە ھەمیشە بە دەوری ماڵە کچەی دا دەخولاینەوە. جاری وابوو شەش مانگی دەخایاند ھەتا دەمانتوانی بۆ یەکەم جار ڕووی کچە ببینین. جا ئەگەر ئەویش حەزی لە ئێمە کردبا دیارییەکی بۆ دەناردین، زۆر جاران سێوێکی سووری بۆنخۆش بوو.

ھێلا شلومبێرگێر: ئەتۆ کەنگێ یەکەم سێوی سوورت وەرگرت؟
ماملێ: لە تەمەنی بیست، بیست و یەک ساڵیدا.

(ژنی ماملێ کە لەو ماوەیەدا دەگەڵمان دانیشتووە و بە وردی گوێی ھەڵخستووە، ڕووخساری بە پێکەنین گنجی تێدەکەوێ و لا تاوێکی داوێ < وەک ئەمن دەتناسم، دەبێ ھەشت ساڵت بووبێ > ماملێش زەردەی دێتێ و دەڵێ: دوایە بۆیە ھێندەم سێو دەدرایە چونکە بە ئاشکرا گۆرانیم دەگوت. جاری واشبوو ماچێکیان دەدامێ، لە پاشان وەک شای شاییم بەخۆم بوو)

هێلا شلومبێرگێر: ئەدی ئەنگۆ چتان دەدا بە کچان؟
ماملێ: زۆرتر سابوون، عەتر یان ئاوێنەی

ھێلا شلومبێرگێر: بۆچی ئاوێنە؟
ماملێ: تیشک و ئاوێنە بۆ ئێمە نیشانەی چاکی و پاکین. بۆیە لە زەماوەندیشدا ئاوێنە لەپێش بووکێ ڕادەگیرێ. جاری وایە ماڵە بووکێ ئاردی بەسەر بووکێ دادەکەن ھەتا منداڵی زۆر بێ.

هاوبەشی بکە

Kurdish Music, Mamle, mhamad mamle, Music,