15/11/2024
DidiMn Logo
Top

تۆماس ئه‌ديسۆن و يه‌كه‌م كامێراى وێنه‌ى جووڵاو

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە ئینگلیزییەوە: توانا باران

ڕاسته‌ تۆماس ئه‌ديسۆن ده‌ستپێشخه‌ریى هه‌بووه‌ له‌ زۆربه‌ى ئه‌و داهێنانانه‌ى ئه‌وڕۆ سوودى لێ وه‌رده‌گيرێت، به‌ڵام هاوكات ناكرێ وه‌كو فريادڕه‌سێك ته‌ماشا بكرێ، چونكه‌ له‌ كۆتايیدا ئه‌ديسۆن مرۆڤ بووه‌ و مرۆڤيش هه‌ميشه‌ هه‌ڵه‌ ده‌كات.

هه‌ڵه‌يه‌كى مێژووييه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ديسۆن به‌ داهێنه‌رى كاره‌با ببينرێ، چونكه‌ كاره‌با پێش ئه‌ديسۆنیش هه‌ر هه‌بووه‌ و كه‌سانێكى تر توێژينه‌وه‌يان له‌باره‌وه‌ كردووه‌ و داهێنەری بوون‌، وه‌كو ئەمانە: بينيامين فرانكلين، شه‌شه‌مين سه‌رۆكى ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەريكا، كه‌ كۆمەڵێك توێژينه‌وه‌ى گرنگى ئه‌نجام داوه‌ له‌ سه‌ده‌ى هەژدەدا سه‌باره‌ت به‌ كاره‌با. ئه‌ليساندرۆ ڤۆڵتا كه‌ له‌ ساڵى ١٨٠٠دا يه‌كه‌م باتریى كاره‌بايى داهێنا بە ناوی باتریى ڤۆڵتى. مايكڵ فاڕاداى، يه‌كه‌م ماشێنى كاره‌بايى داهێنا له‌ ساڵى ١٨٢١دا و… هتد.

ستۆديۆى وێنه‌ى جووڵاوى ئه‌ديسۆن

تاكه‌ داهێنانێك كه‌ به‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ى ئه‌ديسۆن دروست كرابێ و شايه‌نى باسكردن بێ، ئامێری‌ فۆنۆگراف و گڵۆپى كاره‌باييه‌، ئه‌ويش به‌ ڕێكه‌وت به‌ ناوى ئه‌و كرا. هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌و سه‌رده‌مەدا‌ نزيكه‌ى هه‌زار توێژينه‌وه‌ له‌ژێر تاقيكردنه‌وه‌دا بوون سه‌باره‌ت به‌ گڵۆپى كاره‌بايى، به‌ڵام ئه‌ديسۆن تاكه‌ كه‌س بوو كه‌ په‌ڕه‌ى توێژينه‌وه‌كه‌ى ئاماده‌ بوو بۆ جێبه‌جێكردن، به‌و چه‌شنه‌یش داهێنانه‌كه‌ به‌ ناوى كرا و توانیى سامانێكى زۆرى پێ په‌يدا بكات، له‌ ئه‌نجامدا كۆمپانياى به‌رهه‌مهێنانى تايبه‌ت به‌ خۆى داده‌مه‌زرێنێ و هه‌ر له‌وێ كۆمه‌ڵێك داهێنه‌ر و ئه‌ندازيار له‌ژێر فه‌رمانیدا كار ده‌كه‌ن، وه‌كو هێنرى فۆرد، نيكۆڵا تێسلا، ئيدوين ئێس پۆرته‌ر و ويڵيه‌م ديكسن.

ئه‌ديسۆن داوا له‌ ديكسن ده‌كات خاسيه‌تى وێنه‌ى جووڵاو بۆ سه‌ر ئامێرى فۆنۆگراف دابنێ، به‌ڵام سه‌ر ناگرێت و له‌ ئه‌نجامدا وليه‌م ديكسن هه‌ردوو ئامێرى كينتۆگراف و كينتۆسكوپ دروست ده‌كات.

يه‌كێك له‌ تاقيگه‌كانى كارگه‌ى ئه‌ديسۆن

ديكسن يه‌كه‌م كامێراى وێنه‌ى جووڵاوى داهێنا به‌ ناوى كينتۆگراف و له‌ پاڵيشيدا پڕۆجێكته‌رێكى تايبه‌تى بۆ نمايشى وێنه‌كان دروست كرد به‌ ناوى كينتۆسكوپ، ئه‌ديسۆن هيچ ده‌ستێكى له‌و كاره‌‌ نه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر داهێنانێك له‌ كارگه‌كانى كۆمپانياكه‌ى ئه‌و بكرايه،‌ ئه‌و داهێنانه‌ى به‌ ناوى خۆى ده‌كرد.

 كامێراى كينتۆگراف به‌ شێوه‌يه‌ك بوو كه‌ زۆر قورس و گه‌وره‌ بووه‌ و نه‌توانراوه‌ هه‌ڵبگيرێت، بۆيه‌ هه‌موو كاره‌كانى له‌ نێو ستۆديۆ بووه‌.

ئامێرى كينتۆسكوپش به‌ شێوازێك بوو كه‌ يه‌ك كه‌س ده‌يتوانى ته‌ماشاى بكات و ده‌بوايه‌ سه‌ره‌ى بۆ بگيرايه‌، هه‌ر جاره‌و كه‌سێك ده‌هات و چاوى ده‌خسته‌ سه‌ر هاوێنه‌يه‌كى‌ بچووك و ته‌ماشاى فيلمه‌ شازدە چركه‌يیه‌كه‌ى ده‌كرد، وه‌لێ چونكه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌و فيلمانه‌ى له‌ ستۆديۆكانى ئه‌ديسۆن به‌رهه‌م ده‌هات، شازدە چركه‌ى تێپه‌ڕ نه‌ده‌كرد و يه‌ك پارچه‌ ديمه‌ن بوو بێ مۆنتاژ و بێ ده‌نگ.

ئامێرى كينتۆسكوپ

وليه‌م ديكسن ده‌رهێنان و وێنه‌گرتن و سه‌رپه‌رشتيارى بۆ سه‌دان فيلم‌ كرد، كه‌ له‌ ستۆديۆكانى ئه‌ديسۆن به‌رهه‌م ده‌هاتن له‌ نێوان ساڵانى ١٨٩٣ بۆ ١٨٩٥.

ئه‌و فيلمانه‌ى به‌ كينتۆگراف به‌رهه‌م هاتوون، فيلمى نمايشى بوون، زياتر سووديان له‌ نمايشى شانۆ و سه‌ما و ئه‌كڕۆباتيك وه‌رده‌گرت و هه‌موو ڕووداو و ئه‌كته‌كان له‌ به‌رده‌م كامێرادا بوون و كامێرا نه‌ده‌جووڵايه‌وه‌.

هاوبەشی بکە

Cinema, Edison,