23/04/2018
DidiMn Logo
Top

ژیاننامەی نیگارکێشی گوڵەبەڕۆژەکان، ڤینسێنت ڤان کۆخ

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

پۆرتره‌یتی ڤان كۆخ | كاری زێنگ ڤانژی

پۆرتره‌یتی ڤان كۆخ | كاری زێنگ ڤانژی

دیدی منمەکتەبە عامە

ئیسلام عیسمەت
لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 

ڤینسێنت ڤان کۆخ نیگارکێشێکی هۆڵەندییە، کە ژیانی بە چەندان ململانێی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا تێپەڕ بووە، کە هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر ژیان و هونەرەکەی هەبووە. ڤان کۆخ لە 30/3/1853 لە هۆڵەندا لە دایک بووە، باوکی قەشە بووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژیانی دروست کردووە و وای کردووە پەروەردەیەکی ئایینی و نموونەیی هەبێت، کە دواتر ئەم پەروەردەیە لەسەر ژیانی واقیعیی ڤان کۆخ ڕەنگی دایەوە.

سەرەتای کارکردنی ڤان کۆخ لەگەڵ مامیدا بوو، لە دامەزراوەیەکی بازرگانیی هونەری. ماوەیەك لە لقی لاهایی ئەو دامەزراوەیە مایەوە، پاشان چووە لقی لەندەنی ئەو ڕێکخراوە. لە لەندەدن خانمێکیبە ناوی ئۆرسۆلا لۆیەر ناسیی، کە پێی سەرسام بوو و خۆشەویستیی خۆی بۆ دەربڕی، بەڵام خانمە ئینگلیزەکە ڤان کۆخی ڕەت کردەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ڤان کۆخ هەبوو. ئەم ڕووداوە وای لە ڤان کۆخ کرد کە بە توندی پەنا بباتە بەر ئایین و ببێتە کەسێکی ئایینی. پاش ئەم ڕووداوە ڤان کۆخ گواسترایەوە بۆ لقی پاریسی دامەزراوەکە و دوای ماوەیەک دەستی لە ڕێکخراوەکە هەڵگرت و پەیوەندیی کرد بە خوێندنگەیەکی ئایینی و ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ ئایین و لێکۆڵینەوە لە ئینجیل. پاشان داوای کرد ببێتە پیاوێکی ئایینی و لێپرسراوێتیی دامەزراوەیەکی ئایینیی پێ سپێردرا. دواتر بە هۆی هەڵسوکەوتە نامۆکانیەوە، ئەندامانی کڵێسا بڕیاریان دا ڤان کۆخ دوور بخەنەوە، ئەمەش شکستێکی تری بوو.

دوای ئەم ڕووداوە، ڤان کۆخ ساڵیکی پڕ لە نەهامەتی و باری دارایی خراپی بەسەر برد، پاشان پەیوەندیی کرد بە خوێندنگەیەکی خوێندنی هونەر کە تیۆی برای یارمەتیی دارایی دەدا. لەو ماوەیەدا ڤان کۆخ کچێکی بە ناوی کی ناسیی، کە کەوتە داوی خۆشەویستییەوە، بەڵام دیسان ئەم خاتوونەش ڤان کۆخی ڕەت کردەوە، ئەمەش گەورەترین نسکۆی ژیانی بوو، کە خراپترین کاریگەریی لەسەر ژیانی هەبوو.

لە ژیانی هونەرییدا، ڤان کۆخ گرنگییەکی زۆری بە جووتیارەکان دەدا و زۆرینەی کارەکانی باسی ژیان و وردەکارییەکانی ژیانیان بووە. بە هۆی مردنی باوکیەوە، ماوەیەك لە چالاکییەکانی وەستا، پاشان دەستی بە کارەکانی کردەوە و دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، توانیی یەکەم کاری مەزنی خۆی بە ناوی پەتاتەخۆرەکان بکێشێت، کە بە یەکێك لە کارە ناوازەکانی دنیای هونەر دادەنرێت. ڤان کۆخ بۆ کێشانی ئەم نیگارە هەموو مانگی نیسانی ساڵی 1885ی تەرخان کرد. ئەم نیگارەی دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو. دوای ئەمە کەمێك ژیانی ئارام بووەوە و باری دەروونیی باشتر بوو، بەڵام دیسان دوای چەند مانگێك ڤان کۆخ تووشی دوودڵی و دڵەڕاوکێیەکی خراپ بوو بە هۆی دەستهەڵگرتنی لە ئەکادیمیای هونەر بە هۆی توندیی مامۆستاکانیەوە.

ساڵی 1887 لە پاریس قۆناغێکی نوێ بوو لە ژیانی ڤان کۆخ وەك هونەرمەندێك، بەڵام دیسان ساڵیکی شکستهێن بوو بۆی لە ڕووی سۆزداری و جەستەییەوە، ڤان کۆخ بڕیاری‌ دا لەگەڵ تیۆی برای بگەڕێتەوە تاکو ژیانی کەمێك باشتر ببێت و خۆی تەرخان بکات بۆ هونەرەکەی. ئەم کارەی کرد و لەگەڵ تیۆ پاریسی جێ هێشت، بەڵام ژیانی لەگەڵ براکەیدا دوودڵییەکانی ڤان کۆخی زیاد کرد و گرژی کەوتە نێوانیانەوە، کە بە درێژایی تەمەنی ئەم گرژییە بوونی هەبوو، بەڵام تیۆ هەمیشە بە لەبەرچاوگرتنی باری دەروونیی ڤان کۆخ، یارمەتیی دەدا و هەمیشە یەکەم کەس بووە کە ڤان پەنای بۆ بردووە. لە زستانی ئەو ساڵەدا بە هۆی کەشوهەوای خراپەوە، بێتاقەتی و تووڕەیی ڤان کۆخ زیاتر بوون.

لە ماوەی زستانی خەمهێنەری ساڵی 1887 بۆ 1888 لە پاریس، ڤان کۆخ زیاتر دوودڵ بوو، ڕەنگە ماتەکانیش زیاتر دەستیان بەسەر وێنەکانیدا گرت، دیسان ڤان کۆخ تیۆی برای جێ هێشت وە هانی نیگارکێشی هاوڕێی، پۆوڵ گۆگانی دا کە بێت بۆ لای لە ئاڕڵ، بەڵام ئەمە پارەیەکی باشی دەویست و تیۆ چیتر لە توانایدا نەمابوو ئەم پارەیە سەرف بکات بۆ ئەوەی پۆوڵ پەیوەندی بە ڤان کۆخەوە بکات. لەو ساڵەدا ڤینسێنت (مامی ڤان کۆخ) کۆچی دوای دەکات و بڕێك سەروەرت بۆ تیۆ جێ دەهێلێت، تیۆ توانیی گۆگان بنێرێتە لای ڤان کۆخ لەپێناو دڵخۆشکردنی براکەی و بە هۆی ئەوەی کە نیگارەکانی گۆگان قازانجیان زیاتر بوو لە هیی براکەی، ماوەیەك ڤان کۆخ و گۆگان پێکەوە کاریان کرد، بەڵام دیسان پەیوەندیی ڤان کۆخ و گۆگان تێک چوو، پاش ئەوەی ئەوەی ڤان پێشنیاری پڕۆژەیەکی هونەریی بۆ گۆگان کرد، بەڵام گۆگان ئەم پێشنیارەی ڕەت کردەوە.

لە 23ی کانوونی یەکەمی ئەو ساڵەدا، ڤان کۆخ تووشی جۆرێك لە نەخۆشیی دەروونی بوو؛ بە گوێزانێکی ڕیشتاشێن گوێی چەپی خۆی بڕی. کاتێك پۆلیس بەمەی زانی، ڕاستەوخۆ ڤان کۆخ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، لەو کاتەدا گۆگان نامەیەکی ئاڕاستەی تیۆ کرد لە پاریس، بێ ئەوەی سەردانی ڤان کۆخ بکات. پاش ئەم ڕووداوە ڤان کۆخ و گۆگان یەکتریان نەبینییەوە، بەڵام چەندین جار نامەیان بۆ یەکتری نارد.

لەو ماوەیەدا بارودۆخی دەروونی و عەقڵیی ڤان کۆخ زۆر خراپ بوو، بەم هۆیەوە چەندان جار نێردرایە نەخۆشخانەی دەروونی. جارێك لەو جارانە ڤان کۆخ لە شێتخانە نیگارە ناودارەکەی – شەوی پڕئەستێرە – دوای ئەمە باری دەروونیی ڤان کۆخ کەمێك باشتر بوو و لە نەخۆشخانە هێنرایە دەرەوە، بەڵام جار جار تووشی حاڵەتی دەروونی دەبووەوە. ساڵی 1890 بارودۆخی ڤان کۆخ گەیشتە خراپترین بار، تیۆی برای وای بە باش زانی کە ڤان کۆخ بگوازێتەوە بۆ پاریس و لەوی بیخاتە ژێر چاودێریی دکتۆر پۆڵ گاشییەوە.

ڤان کۆخ گەیشتە پاریس، بەڵام دیسان لەوێش ئاسوودە نەبوو، بڕیاری دا پاریس جێ بهێڵێت و بچێتە ئۆوفێیرسۆ ئاوایز.-لە ئۆوفێرس زۆر ئاسوودە بوو، هەستی بە ئازادییەکی زۆر دەکرد، دیسان دەستی کردەوە بە نیگارکێشانی. دکتۆر گاشی و کڵێسایەک لە ئۆفرێسی کێشا؛ لەم کاتەدا ڤان کۆخ هەواڵێکی ناخۆشی پێ گەیشت، ئەویش هەواڵی نەخۆشکەوتنی تیۆی برای بوو. ڤان سەردانی تیۆی کرد و دیسان گەڕایەوە بۆ ئۆوفێرس، کە لەوێ دەستی بە نیگارکێشان کردەوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری 27/7/1890، ڤینسێنت ڤان کۆخ دەمانچەیەکی لەگەڵ خۆی برد و چووە ناو یەکێك لە کێڵگەکانی نزیك پاریس، لەوێ فیشەکێکی بە سەر دڵی خۆیەوە نا. بەڵام لەوێدا نەمرد؛ هێنرایەوە بۆ ماڵەوە و تیۆ ئاگادار کرایەوە. ئەو ماوەیەی کۆتایی ژیانی، هەمووی لەگەڵ تیۆی برایدا بەسەر برد. تیۆ دوای مردنی ڤان ئاماژەی بەوە کرد کە براکەی دەیویست خۆی بکوژێت و ئەو دێڕەی ڤان كۆخی دەگوتەوە، کە لە سەرەمەرگدا پێی گوتبوو: ”خەم شتێکی نەمرە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت.”

بەرەبەیانی 29ی هەمان مانگی ساڵی 1890، ڤان کۆخ کۆچی دوایی کرد. کڵێسای کاسۆلیکیی ئپفێرس ڕەتی کردەوە کە ڕێگە بدات ڤان کۆخ بە خاك بسپێررێت، لەبەر ئەوەی خۆی کوشتووە. بەڵام شاری مێری ڕازی بوو بە بەخاکسپاردنی ڤان کۆخ لەو شارەدا.

Biography, Van Gogh,