26/07/2024
DidiMn Logo
Top

ڤان کوخ بۆ تیۆ، نامەی چواره‌م

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ده‌ستنووسی نامه‌یه‌كی ڤان كۆخ

دیدی منمەکتەبە عامه‌
ئیسلام عیسمەت
لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 

ڤان کۆخ لەگەڵ تیۆی برای لە ساڵی 1886دا کۆمەڵێک نامەی زۆریان ئاڵوگۆڕ کرد، کە داوای لە تیۆ کرد پەیوەندیی پێوە بکات و بێت بۆ پاریس. تیۆ باش دەیزانی کە باری دەروونیی براکەی چۆنە، هەر بۆیە ڕازی بوو کە بچێتە پاریس.

ڤان کۆخ زیاتر لە 700 نامەی لەگەڵ تیۆ ئاڵوگۆڕ کردووە، کە پەیوەندییەکی باش و بەهێز لە نێوانیاندا هەبووە. ڤان کۆخ لە نامەکانیدا باسی بارودۆخی خۆی و باری دەروونی و ژیانی خۆی و چالاکییەکانی بۆ تیۆی برای کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری 1890/7/27، ڤینسێنت ڤان کۆخ دەمانچەیەکی لەگەڵ خۆی برد و چووە ناو یەکێك لە کێڵگەکانی نزیك پاریس، لەوێ فیشەکێکی بە سەر دڵی خۆیەوە نا. بەڵام لەوێدا نەمرد؛ هێنرایەوە بۆ ماڵەوە و تیۆ ئاگادار کرایەوە. ئەو ماوەیەی کۆتایی ژیانی، هەمووی لەگەڵ تیۆی برایدا بەسەر برد. تیۆ دوای مردنی ڤان ئاماژەی بەوە کرد کە براکەی دەیویست خۆی بکوژێت و ئەو دێڕەی ڤان کۆخی دەگوتەوە، کە لە سەرەمەرگدا پێی گوتبوو: ”خەم شتێکی نەمرە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت.“

تیۆ، دوای شەش مانگ لە مردنی ڤان کۆخ کۆچی دوایی کرد و لە ئۆتراخت بەخاک سپێردرا، بەڵام لەساڵی 1914 خێزانەکەی داوای کرد کە ڕووفاتی تیۆ بهێندرێتەوە و لە پاڵ ڤان کۆخ بە خاك بسپێردرێت.

لێرەدا هەندێك لەو نامانە دەخەینە ڕوو کە ڤان کۆخ بۆ تیۆی برای ناردووە و لە ڕێیانەوە دەکرێت درك بە بەشێك لە ژیانە پڕ نهێنییەکەی ڤان کۆخ بکەین، وەك یەکێك لە دیارترین هونەرمەندەکانی دنیای هونەر…

نامه‌ی چواره‌م
پاریس، 17ی سێپتێمبەری 1975

تیۆی ئازیز،

من دڵنیام هەستکردن بە جوانیی سروشت لە دیدی هونەرەوە زۆر جیاوازە لە هەستکردن بە جوانیی سروشت لە ڕووی ئایینەوە، هەرچەندە من بڕوای تەواوم هەیە کە ئەم دوو جۆرە تێڕوانینە پەیوەندیی پتەو لە نێوانیاندا هەیە. هەریەکەمان هەست بە سروشت دەکەین، بەڵام هەریەکەمان بە ئەندازەیەك. لێ زۆر کەمن ئەوانەی ئەو ڕاستییە دەزانن کە ”خودا هیچ نییە جگە لە ڕۆحی ئەو کەسانەی کە بە ڕاستی دەیپەرستن و ئەوانەی دەیپەرستن دەبێت وەك ڕوح و وەك حەقیقەت بیپەرستن“… دایکوباوکی ئێمە لەم کەمە کەسەن و پێم وابێت مامە ڤینسنتیش هەر وایە.

تیۆ، با ئێمە داوا بکەین ڕۆڵمان لە ژیاندا وەك هەژارێك بێت، وەك خزمەتکارێکی خودا بین… ئێمە هێشتا لە خوداوە دوورین، هەموو بوونمان نا، بەڵام با هەوڵی خۆمان بدەین تا لە خودا نزیك بین… داوا بکە ئێمە چاوەکانمان لەسەر کردارە باشەکان بێت تا جەستەمان پر لە ڕووناکیی خودا بێت.

دەربارەی هونەریش هەمان بۆچوونم هەیە، نابێت هەموو بوونی خۆمانی پێ بدەین. دەربارەی کارەکەشت، هەموو هەوڵی خۆت بخە گەڕ تا کارەکەی خۆتت خۆش بوێت. ئاگاداری ژەمەخواردنەکانت بە. شەوت شاد، من دەبێت بڕۆم پێڵاوەکانم بۆیاخ بکەم تا سبەی لە پێیان بکەم.

سڵاوم بۆ ڕۆز و بۆ هەموو ئەوانەی هەواڵی من دەپرسن.

براکەت،
ڤینسنت

هاوبەشی بکە

nama, Van Gogh,