21/03/2024
DidiMn Logo
Top

ڤان کۆخ بۆ تیۆ، نامەی دووەم

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ده‌ستنووسی نامه‌یه‌كی ڤان كۆخ

دیدی من – مەکتەبە عامه‌
ئیسلام عیسمەت
لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 

ڤان کۆخ لەگەڵ تیۆی برای لە ساڵی 1886دا کۆمەڵێک نامەی زۆریان ئاڵوگۆڕ کرد، کە داوای لە تیۆ کرد پەیوەندیی پێوە بکات و بێت بۆ پاریس. تیۆ باش دەیزانی کە باری دەروونیی براکەی چۆنە، هەر بۆیە ڕازی بوو کە بچێتە پاریس.

ڤان کۆخ زیاتر لە 700 نامەی لەگەڵ تیۆ ئاڵوگۆڕ کردووە، کە پەیوەندییەکی باش و بەهێز لە نێوانیاندا هەبووە. ڤان کۆخ لە نامەکانیدا باسی بارودۆخی خۆی و باری دەروونی و ژیانی خۆی و چالاکییەکانی بۆ تیۆی برای کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری 1890/7/27، ڤینسێنت ڤان کۆخ دەمانچەیەکی لەگەڵ خۆی برد و چووە ناو یەکێك لە کێڵگەکانی نزیك پاریس، لەوێ فیشەکێکی بە سەر دڵی خۆیەوە نا. بەڵام لەوێدا نەمرد؛ هێنرایەوە بۆ ماڵەوە و تیۆ ئاگادار کرایەوە. ئەو ماوەیەی کۆتایی ژیانی، هەمووی لەگەڵ تیۆی برایدا بەسەر برد. تیۆ دوای مردنی ڤان ئاماژەی بەوە کرد کە براکەی دەیویست خۆی بکوژێت و ئەو دێڕەی ڤان کۆخی دەگوتەوە، کە لە سەرەمەرگدا پێی گوتبوو: ”خەم شتێکی نەمرە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت.“

تیۆ، دوای شەش مانگ لە مردنی ڤان کۆخ کۆچی دوایی کرد و لە ئۆتراخت بەخاک سپێردرا، بەڵام لەساڵی 1914 خێزانەکەی داوای کرد کە ڕووفاتی تیۆ بهێندرێتەوە و لە پاڵ ڤان کۆخ بە خاك بسپێردرێت.

لێرەدا هەندێك لەو نامانە دەخەینە ڕوو کە ڤان کۆخ بۆ تیۆی برای ناردووە و لە ڕێیانەوە دەکرێت درك بە بەشێك لە ژیانە پڕ نهێنییەکەی ڤان کۆخ بکەین، وەك یەکێك لە دیارترین هونەرمەندەکانی دنیای هونەر…

نامه‌ی دووه‌م
لەندەن، 1874/7/31

تیۆی ئازیز،

جێگەی دڵخۆشیم بوو کە کتێبەکەی  میتلیشیتت خوێندووەتەوە و بە باشی لێی تێدەگەیت؛ ئەم جۆرە کتێبانە فێرمان دەکەن کە خۆشەویستی وزەیەکی زیاترمان دەداتێ وەك لەوەی خەڵکی دەیزانن. ئەم کتێبە سەرچاوەی ئیلهامی من بوو. جوانترین بەشی ئەم کتێبە لای من، ئەمە بوو: ”هیچ ژنێک پیر نییە.“ ئەمەش مانای وایە ژن پیر نابێت، مەگەر ئەو کاتەی نەتوانێت کەسی خۆش بووێت.

ژنان بە تەواوەتی لە پیاوان جیاوازن، ئێمە هێشتا ئەوانمان نەناسیوە، بەڵکو تەنها ڕووی دەرەوەیان دەناسین. وەك گوتم، من دڵنیام لەوە.

ئـ حاڵی زۆر باشە، ئێمە ڕۆژانە پیاسە دەکەین . ئێرە شوێنێکی زۆر دڵگیرە، بە بڕوای من گەر مرۆڤ دوو چاوی کراوە و کەمێك هیوای هەبێت، ئەوا هەموو شوێنێك بۆ ئەو جوان و سەرنجڕاکێشە.

لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەگوازینەوە بۆ شوێنێکی گەورەتر. هیوام وایە ئێوە هەموو باش بن. من و ئـ زۆر باشین، تاکە شت کە نیگەرانم دەکات ئەوەیە ناتوانم ئیشێک بۆ ئـ بدۆزمەوە، لەبەر بچووکیی تەمەنەکەی. بە هەرحاڵ، لە هەموو بارێکدا ئێرە بۆ دەستکەوتنی کار لە هۆڵەندا باشترە.

 

براکەت،
ڤینسنت

هاوبەشی بکە

nama, Van Gogh,