27/03/2024
DidiMn Logo
Top

ڤان کوخ بۆ تیۆ، نامەی پێنجه‌م

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منمەکتەبە عامه‌
ئیسلام عیسمەت
لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 

ڤان کۆخ لەگەڵ تیۆی برای لە ساڵی 1886دا کۆمەڵێک نامەی زۆریان ئاڵوگۆڕ کرد، کە داوای لە تیۆ کرد پەیوەندیی پێوە بکات و بێت بۆ پاریس. تیۆ باش دەیزانی کە باری دەروونیی براکەی چۆنە، هەر بۆیە ڕازی بوو کە بچێتە پاریس.

ڤان کۆخ زیاتر لە 700 نامەی لەگەڵ تیۆ ئاڵوگۆڕ کردووە، کە پەیوەندییەکی باش و بەهێز لە نێوانیاندا هەبووە. ڤان کۆخ لە نامەکانیدا باسی بارودۆخی خۆی و باری دەروونی و ژیانی خۆی و چالاکییەکانی بۆ تیۆی برای کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری 1890/7/27، ڤینسێنت ڤان کۆخ دەمانچەیەکی لەگەڵ خۆی برد و چووە ناو یەکێك لە کێڵگەکانی نزیك پاریس، لەوێ فیشەکێکی بە سەر دڵی خۆیەوە نا. بەڵام لەوێدا نەمرد؛ هێنرایەوە بۆ ماڵەوە و تیۆ ئاگادار کرایەوە. ئەو ماوەیەی کۆتایی ژیانی، هەمووی لەگەڵ تیۆی برایدا بەسەر برد. تیۆ دوای مردنی ڤان ئاماژەی بەوە کرد کە براکەی دەیویست خۆی بکوژێت و ئەو دێڕەی ڤان کۆخی دەگوتەوە، کە لە سەرەمەرگدا پێی گوتبوو: ”خەم شتێکی نەمرە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت.“

تیۆ، دوای شەش مانگ لە مردنی ڤان کۆخ کۆچی دوایی کرد و لە ئۆتراخت بەخاک سپێردرا، بەڵام لەساڵی 1914 خێزانەکەی داوای کرد کە ڕووفاتی تیۆ بهێندرێتەوە و لە پاڵ ڤان کۆخ بە خاك بسپێردرێت.

لێرەدا هەندێك لەو نامانە دەخەینە ڕوو کە ڤان کۆخ بۆ تیۆی برای ناردووە و لە ڕێیانەوە دەکرێت درك بە بەشێك لە ژیانە پڕ نهێنییەکەی ڤان کۆخ بکەین، وەك یەکێك لە دیارترین هونەرمەندەکانی دنیای هونەر…

کات‌ و شوێن نادیارە

تیۆی ئازیز،

ڕێگاکان تا بێت دژوارتر دەبن، دەبێت ئاگاداری خۆمان بین. تۆ باش دەزانیت ئەوانی تر (لێرەدا ڤان کوخ مەبەستی لە هونەرمەندەکانی تری هاوزەمەنی خۆیەتی) گەیشتن بەوەی ئێمە دەمانویست پێی بگەین، کەواتە با ئێمەش ئەو ڕێگە ئاسانە بگرینە بەر، نزا بکە با کارەکانی ڕۆژانەمان بە باشی بکەین، خودا یاریدەمانە و ویستی باشەی ئەو لەگەڵ ئێمەیە.

من سەرجەم کتێبەکانم لە ناو دەبەم، بە کتێبەکانی میشێلیشەوە، هیوام وایە تۆش هەمان شت بکەیت. چەندە بیری کریسمس دەکەم‌! بەڵام با ئارام بگرین، بەم نزیکانە دێت.

نامەم بۆ بنووسە دەربارەی کارەکانت.

برات،
ڤینسنت

هاوبەشی بکە

nama, Van Gogh,