20/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڤان کوخ بۆ تیۆ، نامەی سێیەم

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ده‌ستنووسی نامه‌یه‌كی ڤان كۆخ

دیدی منمەکتەبە عامه‌
ئیسلام عیسمەت
لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 

ڤان کۆخ لەگەڵ تیۆی برای لە ساڵی 1886دا کۆمەڵێک نامەی زۆریان ئاڵوگۆڕ کرد، کە داوای لە تیۆ کرد پەیوەندیی پێوە بکات و بێت بۆ پاریس. تیۆ باش دەیزانی کە باری دەروونیی براکەی چۆنە، هەر بۆیە ڕازی بوو کە بچێتە پاریس.

ڤان کۆخ زیاتر لە 700 نامەی لەگەڵ تیۆ ئاڵوگۆڕ کردووە، کە پەیوەندییەکی باش و بەهێز لە نێوانیاندا هەبووە. ڤان کۆخ لە نامەکانیدا باسی بارودۆخی خۆی و باری دەروونی و ژیانی خۆی و چالاکییەکانی بۆ تیۆی برای کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری 1890/7/27، ڤینسێنت ڤان کۆخ دەمانچەیەکی لەگەڵ خۆی برد و چووە ناو یەکێك لە کێڵگەکانی نزیك پاریس، لەوێ فیشەکێکی بە سەر دڵی خۆیەوە نا. بەڵام لەوێدا نەمرد؛ هێنرایەوە بۆ ماڵەوە و تیۆ ئاگادار کرایەوە. ئەو ماوەیەی کۆتایی ژیانی، هەمووی لەگەڵ تیۆی برایدا بەسەر برد. تیۆ دوای مردنی ڤان ئاماژەی بەوە کرد کە براکەی دەیویست خۆی بکوژێت و ئەو دێڕەی ڤان کۆخی دەگوتەوە، کە لە سەرەمەرگدا پێی گوتبوو: ”خەم شتێکی نەمرە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت.“

تیۆ، دوای شەش مانگ لە مردنی ڤان کۆخ کۆچی دوایی کرد و لە ئۆتراخت بەخاک سپێردرا، بەڵام لەساڵی 1914 خێزانەکەی داوای کرد کە ڕووفاتی تیۆ بهێندرێتەوە و لە پاڵ ڤان کۆخ بە خاك بسپێردرێت.

لێرەدا هەندێك لەو نامانە دەخەینە ڕوو کە ڤان کۆخ بۆ تیۆی برای ناردووە و لە ڕێیانەوە دەکرێت درك بە بەشێك لە ژیانە پڕ نهێنییەکەی ڤان کۆخ بکەین، وەك یەکێك لە دیارترین هونەرمەندەکانی دنیای هونەر…

نامه‌ی سێیه‌م
پاریس، 24ی یولیۆی 1875

پێش چەند ڕۆژێک یەکێك لە تابلۆکانی دی تینیستمان پێ گەیشت. تابلۆکە دیمەنی لەندەنە لە ڕۆژێکی باراناویدا، پردی وێست مینیستەر و ئەو ماڵانەی نزیک پەرلەمان لە خۆ دەگرێت. ئەم تابلۆیە منی گەڕاندەوە بۆ ڕۆژانی زوو؛ من وا ڕاهاتووم هەموو بەیانیان ‌و ئێوارانێك پیاسە بەسەر پردی وێست مینیستەردا بکەم. تەنها من دەزانم ئەو دیمەنە چەندە جوانە – دیمەنی خۆرئاوابوون لە پشت ماڵەکانی نزیك پەرلەمانەوە – هەروەها دیمەنی لەندەن لە بەیانیانێکی زووی زستاندا، کاتێك بەفر پرووش پرووش دێتە خوار و تەم ئەو ناوە دادەپۆشێت…

کاتێک تەماشای وێنەکەم کرد، ئەوکات زانیم کە من چەندە لەندەنم خۆش دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ من وا باش بوو کە ئەوێ جێ بهێڵم. ئەمە وەڵامی پرسیارەکەتە.

دوێنی سندووقێکم نارد بۆ لاهای، لەو سندووقەدا ئەو شتە دەدۆزیتەوە کە بەڵێنم پێ دابوویت.

بە زووترین کات بۆم بنووسە. لەگەڵ هەواڵپرسینی گەرم…

برات،
ڤینسنت

هاوبەشی بکە

nama, Van Gogh,