26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڤان کۆخ بۆ تیۆ، نامەی یەکەم

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ده‌ستنووسێكی دۆزراوه‌ی ڤان كۆخ

دیدی من – مەکتەبە عامە
ئیسلام عیسمەت
لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 

ڤان کۆخ لەگەڵ تیۆی برای لە ساڵی 1886دا کۆمەڵێک نامەی زۆریان ئاڵوگۆڕ کرد، کە داوای لە تیۆ کرد پەیوەندیی پێوە بکات و بێت بۆ پاریس. تیۆ باش دەیزانی کە باری دەروونیی براکەی چۆنە، هەر بۆیە ڕازی بوو کە بچێتە پاریس.

ڤان کۆخ زیاتر لە 700 نامەی لەگەڵ تیۆ ئاڵوگۆڕ کردووە، کە پەیوەندییەکی باش و بەهێز لە نێوانیاندا هەبووە. ڤان کۆخ لە نامەکانیدا باسی بارودۆخی خۆی و باری دەروونی و ژیانی خۆی و چالاکییەکانی بۆ تیۆی برای کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بەرواری 1890/7/27، ڤینسێنت ڤان کۆخ دەمانچەیەکی لەگەڵ خۆی برد و چووە ناو یەکێك لە کێڵگەکانی نزیك پاریس، لەوێ فیشەکێکی بە سەر دڵی خۆیەوە نا. بەڵام لەوێدا نەمرد؛ هێنرایەوە بۆ ماڵەوە و تیۆ ئاگادار کرایەوە. ئەو ماوەیەی کۆتایی ژیانی، هەمووی لەگەڵ تیۆی برایدا بەسەر برد. تیۆ دوای مردنی ڤان ئاماژەی بەوە کرد کە براکەی دەیویست خۆی بکوژێت و ئەو دێڕەی ڤان کۆخی دەگوتەوە، کە لە سەرەمەرگدا پێی گوتبوو: ”خەم شتێکی نەمرە و بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت.“

تیۆ، دوای شەش مانگ لە مردنی ڤان کۆخ کۆچی دوایی کرد و لە ئۆتراخت بەخاک سپێردرا، بەڵام لەساڵی 1914 خێزانەکەی داوای کرد کە ڕووفاتی تیۆ بهێندرێتەوە و لە پاڵ ڤان کۆخ بە خاك بسپێردرێت.

لێرەدا هەندێك لەو نامانە دەخەینە ڕوو کە ڤان کۆخ بۆ تیۆی برای ناردووە و لە ڕێیانەوە دەکرێت درك بە بەشێك لە ژیانە پڕ نهێنییەکەی ڤان کۆخ بکەین، وەك یەکێك لە دیارترین هونەرمەندەکانی دنیای هونەر…

نامە یەکەم

لاهای، 1873/1/8

تیۆی ئازیز،

زۆر دڵخۆش بووم کە بەم خێراییە وەڵامی نامەکەی منت دایەوە، ئەوەش جێی دڵخۆشیمە کە برۆکسلت پێ خۆش بووە و هەر زوو خوێندنگەیەکی ناوخۆییت دۆزیوەتەوە – خوێندنگەیەك کە لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتییت گونجاوە – نیگەران مەبە، هەرچەندە شتەکان سەرەتا کەمێك زەحمەت بن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هەموو شتەکان باش دەبن. هیچ کەس لە سەرەتادا بە ئاواتەکەی ناگات.

هیواخوازم بەم نزیکانە نامەی ئانای خوشکمم پێ بگات؛ نازانم، ئەم ماوەیە کەم نامەم بۆ دەنووسێت، داوات لێ دەکەم، تۆ دەستپێشخەر بە و بە نامەیەک سەرسامی بکە، چونکە ئەمە زۆر دڵخۆشی دەکات. دەزانم تۆ سەرت قاڵە، بەڵام ئەمە ئیشێکی خراپ نابێت. کەشوهەوا لێرە زۆر ساردە، خەڵکی سەریان کردووەتە سەر وەرزشی سەر بەفر، منیش بەپێی توانا پیاسە دەکەم و بە شەقامەکاندا دەڕۆم. لەگەڵ ئەم نامەیەدا وێنەیەكت پێ دەگات، بەڵام تکام وایە ئەگەر نامەت بۆ نیشتمان ناردەوە، باسی ئەم وێنەیە مەکە، چونکە ئەمە تایبەتە بە یادی لەدایکبوونی باوکم.

ڕێزو خۆشەویستیی خۆمت بۆ دەنێرم، سڵاوم بۆ مامم و ئامۆژنم هەیە، هەروەها سڵاوم بۆ بەڕێز سمیدت و ئێدواردۆ هەیە.

براکەت،
ڤینسنت

هاوبەشی بکە

nama, Van Gogh,