21/03/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: وانەیەک بۆ فیلمسازە گەنجەکان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سینەفیلیا ئاند بیۆند Cinephilia and Beyond
لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

لە ھاوینی ساڵی ١٩٩٤دا دەرھێنەری بەناوبانگی پۆڵەندی (کریستۆڤ کیشلۆڤسکی) لە ئەمستردام، وۆرکشۆپێکی بۆ دەرھێنەرە گەنجەکان ئەنجام دا، خاڵی سەرەکیی وۆرکشۆپەکە ئاڕاستەکردنی ئەکتەرەکان بوو. بۆ ماوەی دوو ھەفتە چەند گروپێکی جیاواز، کاریان لەسەر دیمەنێك لە فیلمی (دیمەنەکانی ھاوسەرگیری)ی گەورە دەرھێنەری سویدی (ئینگمار بێرگمان) دەکرد.  

کۆبوونەوەکانی دوو وانە بە ئامادەبوونی ھەریەکە لە دەرھێنەران (لیف ماگنوسۆن) و (فڕانسیسکۆ ڕانێری مارتینۆتی) بەڕێوە چوو، دانیشتنەکە بۆ دۆکیۆمێنتارییەك وێنە گیرا، ھەروەھا پێش کۆبوونەوەکە چاوپێکەوتنێك لەگەڵ کیشلۆڤسکی ئەنجام درا بۆ هەمان فیلمی دۆکیۆمێنتاری، ناونیشانی وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە: شەش ئەکتەر لە گەڕان بە دوای دەرهێنەرێکدا ”Six actor in Seach of a director” هەریەک لە ئەکتەرەکان بریتی بوون لە (ڕینۆت بوسیمەیکەر، پامێلا ناك، شاون لاوتۆن، ماتیاس مات، دولسی سمارت، نیلیك زیتمان)

ئەو وۆرکشۆپە کۆتا وانەوتنەوەی کیشلۆڤسکی بوو، ئەمەی خوارەوە دەقی  چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ کیشلۆڤسکیدا لە ماوەی وۆركشۆپەکەدا و لە بارەی وانەکانەوە:

ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گشتی سیناریۆ بۆ بەرھەمھێنەرانی ڕۆژئاوای ئەوروپا دەنووسم، ھەر بەو جۆرەی لە پۆلەندا دەمنووسی، لە هەمان کاتدا گونجاو بوو بۆ چاودێرانی سانسۆر و بۆ ئەو کەسانەیش کە سیناریۆ دەنووسن. بە دڵنیاییەوە ھەموو کەس ڕاست دەکەن کاتێك دەڵێن سانسۆرکردن شتێکی خراپە، بەڵام دەتوانیت سوودیشی لێ ببینیت. کاتێک سەیری سینەمای ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا؛ سینەمای ھەنگاری و ڕووسی و چیکی و پۆڵەندی دەکەیت، دەبینیت بوونی سانسۆرەکان ناچاری کردوون بەوەی بۆ ئەو ئەگەرانە بگەڕێن کە پیشتر بیریان لێ نەکردووەتەوە.

پەیوەندیبەستن لەگەڵ بینەران لە سەرو ئاستی سانسۆرەوە، بووەتە هۆی دروستبوونی چەند ئەگەرێک کە ھاوکارانمان لە ڕۆژئاوا ھەرگیز بیریان لێ نەکردووەتەوە. بە پێچەوانەی ئەوانەی بیری لێ دەکەنەوە سانسۆرکردن تەنها لە بینایەکدا یاخود بە دەستی یەک گروپی نووسەرانەوە نەبوو، بەڵکو لە هەموو شوێنێکدا و لە هەموو ڕوویەکەوە وجودی هەبوو. هەر لە ئۆفیسی سانسۆرکردن، وەزارەتی ڕۆشنبیری، تەلەفزیۆنەکان و فیلمەوە بیگرە هەتا ئەو کەسانەی بڕیاریان لەسەر دەقەکە دەدا. هەروەها لەسەر مێزی نووسینەکانمان و لە کاتی تۆمارکردنی فیلمەکانیشدا هەر بوونی هەبوو.

ھەموان دەیان زانی کە چی ڕێگەپێدراوە و چی ڕێگەپێدراو نییە، هەوڵیان دەدا هاوسەنگیی لەسەر لێوارەکانی موسەکە ڕابگرن نەکا بکەون بەو لایەدا کە سانسۆرەکە ڕێگرییان لێ بکات، برینداریان بکات یانیش دیمەنەکەیان لێ بسڕێتەوە. لە لایەکی تریشەوە تاکو خۆیان نەدەن بەدەستەوە بەرامبەر سانسۆرەکان، تەسلیمی ئەو بێماناییە نەبن کە ھیچ کەسێك تێی نەگات و نەیەوێت گوێی لێ بگرێت. ئەم سیستمە بە ئامانجێکی دیاریکراوەوە بونیاد نراوە، ئەو کەسانەی پارەی دەوڵەتیان بەدەست بوو دەیان توانی کۆنتڕۆڵی هەرچییەک بکەن کە خەڵکی دەیان کرد، بۆیە دەرهێنەر ناچار دەبوو بۆ هەر قۆناغێکی پڕۆسەی نووسینی سیناریۆکەی ڕێککەوتننامەیەک واژۆ بکات.

قۆناغی یەکەم پێی دەگوترا ناوەڕۆک لە لاپەڕە و نیوێک پێک هاتبوو کە بیرۆکەی گشتی فیلمەکەی لەخۆ دەگرت بە بێ وردەکاری کاراکتەر و کردارەکان. زیاتر بیرۆکەی گشتی فیلمەکە بوو. قۆناغی دووەم مامەڵەکردنە، کە دە یاخود بیست لاپەڕەیە بە پێی خواستی نووسەرەکە، لە بارەی چەند وردەکارییەکی دیاریکراو کەم تا زۆر دەربارەی نواندن و کاراکتەر و ستاف، تاکو بیرۆکەیەکت لە بارەی تێچووی فیلمەکەوە هەبێت. قۆناغی دواتریش بریتییە لە دەقی نووسراو و لە کۆتاییشدا چەند دیمەنێکی تۆمارکراو گرتەی یەك و دوو و تا ٣٧٩، کە دەکاتە دەستپێکی فیلمەکە تاکو کۆتایی.

ئەم قۆناغانە لە لایەکەوە بۆ بەرچاوڕوونی ئەو کەسانە بوو کە بڕیاریان لەسەر تێچووی فیلمەکە و ناوەڕۆکەکەی دەدا، لە لایەکی تریشەوە دەرفەتێک بوو بۆ نووسەران تا بژێویان دابین بکات، چونکە هەر قۆناغێک بڕێک پارەی دیاریکراو وەردەگیرا بۆ ڕزگاربوونیان، چونکە بۆ ھەر قۆناغێكی ناوەڕۆک، مامەڵە و سیناریۆی تۆمارکراو بڕێك پارە وەردەگیرا.

بێگومان دەتوانین بڵێین سانسۆرکردن شتێکی خراپە، بەڵام بۆ من سوودێکی تێدا بوو، شتێکی زۆر سادە و باش بوو لە ھەر قۆناغێکدا بە درێژایی پڕۆسەی کارکردن لەسەر فیلمێك، دەمتوانی شتێکی تەواو بنیات بنێم، کێشە نییە کورتخایەن یاخود درێژخایەنیش بێت، بۆیە لە سایەی ئەو داخوازیانەدا، من خەریک بووم کارێکی کامڵم بونیاد دەنا. ئەمەش زەمینەیەکی بەهێز بوو لە ڕێیەوە دەمتوانی بەرەو قۆناغی داهاتوو هەنگاو بنێم.

ڕێك وەک ئەوەی لەم سیمینارەدا دەیکەین، بونیادنانی دیمەنێکی تەواو و پاشان سەیر دەکەین بزانین واتای چی دەگەیەنێت. کاتێك چوومە دەرەوەی وڵات بەردەوامیم بەم ڕێگە پۆڵەندییەی کارکردنم دا، ئەویش داڕشتنەوەی ئەو ناوەڕۆکەیە کە لە بەردەستتدایە لە هەر کاتێکدا بێت. ئەگەر گۆداردیش دەڵێت بونیادنانی کارێک یەکسەر بە دەستپێک و ناوەڕاست و کۆتاییەک دەبێت، ئەوا من پێم وایە قسەی بێمانا دەکات، پێویستە سەرەتا دەستپێك بێت و پاشان نێوەند و لە دواییشدا کۆتاییەکەی.

من ئێستاش ھەنگاو بە ھەنگاو کار دەکەم، سەرەڕای ئەوەی چیتر بۆ ئەم ھەنگاوانە ھیچ پارەیەك وەرناگرم، بەڵام گلەیی ناکەم، لە ڕۆژئاوا زیاتر لەو پارەیە بەدەست دێنم کە لە پۆڵەندا بەدەستم دەهێنا، ئەمەش لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی تەواو نوێ دەقەکانم دەنووسم. سەرەتا ناوەڕۆکێک ھەیە، ئەوەی کە پێی دەگوترێت بیرۆکەی فیلمەکە، یاخود ئەوەی تەواوی فیلمەکە لە بارەی چیەوەیە، پاشان سێ بۆ چوار شێوازی نواندنم دەنووسی، لە نزیکەی سی لاپەڕەدا، ئەوە دەگوترێت کە دەقاودەق لە فیلمەکەدا چی ڕوو دەدات.

دواتریش سێ بۆ پێنج جۆر دەقی سیناریۆم دەنووسی، کە ئەمەش بۆ ئەو کەسانە بوو کە کار لەسەر فیلمەکە دەکەن، تا بزانن چی دەکەن، وەک ڕۆڵی ڕێکخەری بەرھەم، دەنگساز، پاڵپشت و بێگومان ئەکتەرەکان و وێنەگر و ئاوازدانەریش، تاکو ھەموان بزانن ڕۆڵیان چییە. خوێندنەوەی دەقەکە پێویستە وا بکات فیلمەکەمان پیشان بدات. دەبێت هەموان بتوانن وێنای ئەوە بکەن لەسەر شاشە چی ڕوو دەدات و پیشان دەدرێت.

ئەم ڕێگەیە لە ھەموو جیھاندا ڕێگەیەکی باوە، دەقەکان لە ھەموو شوێنێك دەنووسرێن، بەڵام بەڕاستی من ھەوڵم داوە لە ھەموو ھەنگاوێکدا وێنەی تەواوی کارەکەم لەبەرچاو بێت. ھەروەھا لە کاتی مۆنتاژکردنیشدا، کە ھێندەی سیناریۆی فیلمەکە گرنگە، هەوڵ دەدەم تەواو واقعی بم لە بارەی وێنای گشتی فیلمەکەوە. ھەرگیز سەیری پارچەکان ناکەم، بەلامەوە باشترە سەیری یەکەم مۆنتاژی تەواوکراوی نموونە بکەم، تەنانەت ئەگەر زۆر خراپیش بێت، وەک هەمیشە. پاسان دەتوانم بەرەو قۆناغی دووەم هەنگاو بنێم.

وەک خۆم پێم وایە مۆنتاژکردن ”ئامادەکردنی فیلم بۆ نیشاندان” دوو ئامانجی هەیە، یەکەم، لێرەوە فیلمەکە دێتە بوون. بەلای منەوە هەرچی پێش ئەوە کراوە تەنها کۆکردنەوە و پێکەوەنانی ئامڕازەکانە. ئەوە یەك لایەنی قۆناغی مۆنتاژە. دووەم، تەنها لە ماوەی قۆناغی مۆنتاژدا نەک پێشتر، تا ڕادەیەکی دیاریکراو چێژ لە هەستی ئازادی وەردەگرم. ھەستێك کە لە کاتی نووسینی سیناریۆ و بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا نیمە. بێگومان ھیچ ئازادییەك لە پڕۆسەی وێنەگرتنی فیلمەکەدا بوونی نییە، لە ماوەی بەرهەمهێنان و وێنەگرتندا ھەزاران سنوردارکردن ھەیە، ئەکتەرەکان لە میزاجی خۆیاندان، وێنەگرەکە هەنێک جار ھەست بە باشی و هەنێک جاریش خراپی دەکات، هەریەکە ئەرک و ڕۆڵی خۆی لە یاد دەکات. کەشوھەوا بەو جۆرە نییە کە من دەمەوێت، باراناوییە و منیش ڕۆژێکی پرشنگدارم دەوێت. ھەزاران بارودۆخ ھەیە کە هەوڵەکانی من بۆ هەماهەنگی و ڕازیبوون بە دۆخەکە ئەستەم دەکات، بارودۆخێک کە من وەکو بەشێك لە کارەکە و بەشێك لە ژیانم قبوڵم کردوون، چونکە ناچارین تەواوی ژیانمان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.

بەو جۆرەش خراپ نییە بەڵام ئەو ھەستەت لێ دوور دەخاتەوە ھەست بە ئازادی بکەیت، تەنھا لە کاتی مۆنتاژدا ئەم ھەستە دەگەڕێتەوە و منیش ئەوەم بە دڵە، ئەو ئەنجامەم بە دڵە کە لەم ئازادییەوە بەرھەم دێت. مەبەستم ئەوەیە، کاتێك سەرقاڵی دەستکاریکردنم درك بەوە دەکەم کە زۆر بە زوویی بۆت دەگونجێت دەستکاری بکەیت لە دەرەوەی ھەمان بابەت، کە بە تەواویی لە فیلمە جیاوازەکانەوە کۆ کراونەتەوە.

زۆر جار شێوازی جیاواز دروست دەکەم، زۆرتر و زۆرتر، پاشان چەندین شێوازی دەق ھەن، ھەمیشە لانی کەم پێنج بۆ دە دانە. یەکەم بەش تەنھا پێکەوەنانی ھەموو ئامرازەکانە بە بێ چەپڵە و دووبارە گرتنەوەی دیمەنەکان، ھەرچەندە دەکرێت ئەوانەشی لەگەڵدا بن، پێویستە تەواوی ڕووداوەکان ببینیت، پێویستە ئەوە ببینیت کە لە سەرەتا تاوەکو کۆتایی چی ڕوو دەدات، من گرنگی بە بڕین و ئاراستەکان نادەم تەنانەت ئەو کاتانەش کە بەو ڕێگایە دەکرێت دەستکاری شتەکان بکرێت، حەز دەکەم لە کاتی وێنەگرتندا ئەوە بکەم. ھەر بۆیە کاتێك تەواو دەبین، ئەم بەشە ئامادە دەبێت و دەتوانیت بە گشتیی ڕووداوەکان ببینیت.

بۆچی لە کاتی وێنەگرتندا کاری مۆنتاژ دەکەم و بە درێژایی ڕۆژانی یەكشەممە و شەوان کاری لەسەر دەکەم؟ بۆ ئەوەی شتێکی جێگیر بەرھەم بێت بە درێژایی وێنەگرتنەکە، ئەگەر بینیم لە دیمەنێکدا شتێك سەرکەوتوو نییە ئەوا شتێکی ھەڵە لە وێنەگرتن یاخود نواندنەکەدا ھەیە، تاکو دەرفەتێك ھەبێت دووبارە ئەو دیمەنە وێنە بگیرێتەوە. ھەوڵ دەدەم ھەرچەندی بکرێت بە زوویی نموونەی یەکەم دروست بکەم، پاشان ئەوە دەبینم کە چەند شتی گەمژانەمان لە سیناریۆکەدا نووسیووە، چەند شتی ناپێویست و چەندین ھەڵەی دەقی نووسراو لە دیمەنەکاندا، ھەڵەی کاراکتەر و دیالۆگەکان و …ھتد.

ھەوڵ دەدەم ھەرچەندی بکرێت ئەم ھەڵانە لا ببەم، ھەمیشە یەکەم بەش سێ کاتژمێر یاخود زیاتر دەخایەنێت، ھەر بۆیە بە درێژایی فیلمەکە دوو یاخود سێ جار ئەم ھەڵانە لا دەبەم و فیلمەکە کاتژمێرێك و بیست خولەك دەخایەنێت. ئەمە وا دەکات فیلمەکە کورت بێت، ئەوە لە یاد دەکەم کە چی شتێك پێویستە، ئەوەی کە گرنگە بۆم لە دەستی دەدەم، ھەر بۆیە دەگەڕێمەوە سەر بەشە بنچینەییەکە و ھەوڵ دەدەم بەشی سێیەم دروست بکەم، ئەوەیان نزیك دەبێتەوە لەوەی کە دەمەوێت دروستی بکەم، پاشان لەم بارەیەوە ھەست بە باشی دەکەم.

لە دڵەوە ھەموو بابەتەکان دەزانم، باشترین گوتراو یاخود وێنەگرتنی ھەر بەشێك، ھەموو ئەو شتانە دەزانم و دەتوانم دەست بکەم بە مامەڵەکردن لەگەڵیان، دەتوانم ھەوڵ بدەم لە کۆتاییەوە سەرەتا دروست بکەم و بە پێچەوانەشەوە، تاکو بزانم کامیان باشتر سەر دەگرێت، من ھەمیشە وا دەکەم. لە بەرھەمی پیشەگەرێکدا، با بڵێن لە ژیانی پیشەگەرێکدا، کارکردن لەگەڵ ئەکتەرێکدا جۆرێکە لە ھاوبەشیکردن، من حەز دەکەم بەو جۆرە ناوی لێ بنێم.

ئەم پەیوەندییە لە نێوان دەرھێنەر و ئەکتەردا زۆر درێژە دەخایەنێت، ئەستەمە لەم سیمینارەدا نیشان بدرێت کە زۆر کورتە، ھیچ کەسێك کاتی پێویستی نییە و بێگومان لە ژیانی ڕاستەقینەشدا دەرھێنەریش کاتی نییە، ئەمە پڕۆسەیەکە چەندین مانگ دەخایەنێت، بۆیە تەنھا دەتوانین لەگەڵ ھەموو قۆناغە جیاوازەکانی پڕۆسەکەدا بڕۆین.

شتێکی پێویستە کە بزانرێت ئایا سیناریۆ بۆ ئەکتەرێکی تایبەتی نووسراوە یاخود نا، جیاوازی ھەیە ئەگەر ڕووخساری ئەکتەرەکە ئاشنا بێت بۆم، کەسایەتی و تواناکانی ئاشنا بن بۆم، یاخود نەزانم ئایا کێ ئەو ڕۆڵە بەرجەستە دەکات، ئەو جیاوازییە شتێکی پێویستە.

ئەگەر بۆ کەسێکی تایبەت بنووسم پێویستە زووتر دەست بە کارکردن بکەم، درێژتر لەو ماوەیەی کە سیناریۆکە دێتە بوون، بەر لە شێوازی نواندن و یاخود تەنانەت پێش ئەو بیرۆکەیەی دەست بکەم بەوەی پەیوەندی بەو کەسەوە بکەم تاکو قسەی لەگەڵ بکەم و بزانم ئەگەر کاتی ھەبێت و حەز بکات کار لەگەڵ مندا بکات، لە بارەی بیرۆکەکانمەوە بۆچوونی چی دەبێت ئەگەر خۆم پێشتر شتێك بزانم، بە دڵنیاییەوە نووسین ئاسانتر دەبێت کاتێك بزانم بۆ کێ دەنووسم، ھەروەھا شارەزای توانا و کاردانەوەکانی دەبم، زانینی ئەوە نووسین ئاسانتر دەکات.

ئەوە نیوەی کاتەکەی پێ دەچێت، لە بارودۆخەکانی تردا ھیچ شتێك نازانم، بە بێ ڕووخسارێك شت دەنووسم، کەسایەتییەك لە خۆ دەگرێت چونکە کاراکتەرەکە خاوەنی کاراکتەرێکە، بەڵام ھیچ کەسایەتییەکی تایبەت پشت نابەستێت بە کەسایەتی ئەکتەرەکە، ھەموو شتێك جیاوازە.

لە ساتێکی دیاریکراودا لە ماوەی نووسین یاخود پاش تەواوبوونی نووسینەکە، دەست دەکەم بە بیرکردنەوە لەوەی ئایا کێ ڕۆڵەکە بەرجەستە دەکات، لە ھەردوو بارودۆخەکەدا بەشداران (ستاف) یەکێکە لە سێ گرنگترین ساتەکانی پڕۆسەی دروستکردنی فیلمێك، ھەریەکە لە سیناریۆ و بەشداران و دەستکاریکردن بە سێ گرنگترین ساتەوەختی دروستکردنی فیلم دەزانم. ھەموو شتەکانی تریش پێویستن و پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو ئەنجامیان بدەیت، بەڵام ئەنجام و کوالێتی فیلمەکە پشت دەبەستێت بەو سێ شتە جیاکەرەوەیە. ئەو سیانە بنچینەن و ئەو ئاڕاستەیە دیاری دەکەن کە کاری تێدا دەکەیت، بەشداران گرنگترینی ناویانە. بەشداران یەکێکە لە خواستەکانی من، دۆزینەوەی ئەکتەرێك کە کاتی ھەبێت، بە ویستی خۆی بەشداریی بکات، ھەروەھا توانای زۆر و لێھاتوویی ھەبێت کە بتوانم پشتی پێ ببەستم و ھاوکارم بێت، بۆ نموونە، دەتوانم داوای لێ بکەم ڕەوتی ئەو دیمەنە بگۆڕێت کە پشت بە لایەنە جیاوازەکانی دەروونی دەبەستێت بۆ نواندنەکەی لەو دیمەنەدا.

سێیەم و گرنگترین شت کە لە تواناکانی ئەکتەرەکە گرنگترە، کەسایەتی ئەکتەرەکەیە، ئامادەبوونیەتی لەسەر شاشە، ھەندێك کەس جۆرە ئامادەییەکیان ھەیە لەسەر شاشە، ئەوانی تر نیانە، ئاسانە درك بەوە بکەیت، جارێکیان تاقیکردنەوەیەکی وێنەگرتنم بۆ کۆمەڵێك کەس ئەنجام دا، پازدە، پەنجا، شەست کەس لە وێنەگرتنەکەدا ھەبوون، بە ھۆکارێك یاخود زیاتر سەرنجی بینەران کەوتە سەر یەك کەسی دیاریکراو، نازانم بۆچی بەڵام ئەوە ڕاستە. دواتر دەرکەوت ئەم کەسە خاوەنی کەسایەتییەکە، مەبەستم ئەو کەسایەتییەی کە لەسەر شاشە بوونی ھەیە، ئێمە دەمانەوێت بیناسین، کاردانەوەی ببینین، گوێمان لێی بێت کاتێك قسە دەکات، ئەو کەسە کەسایەتییەکی ھەیە.

دووەم دیمەن لە کەسایەتییەکی لەو جۆرەدا ئەوەیە کە بینەران دەیانەوێت لەگەڵ کەسێکی لەو جۆرەدا بن، ئەزموونی ئەوە بکەن کە ئەو کەسە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ھەمیشە بینەران بۆ ئەو کەسە دڵسۆز دەبن، نایانەوێت شتێکی خراپ بەسەریدا ڕوو بدات. ئەگەر شتێکی خراپیش ڕووی دا دەبێت ئەکتەرەکە لەو بارودۆخە ڕزگاری ببێت؛ بینەران گرنگی بەو ئەکتەرە دەدەن، ئەوە دووەم بەشی کەسایەتییە. لە کۆتاییشدا ھێشتا شتێکی تری گرنگ لە کەسایەتییدا دەبینم، ئەویش بریتییە لە لێکچوونی کەسایەتیی ھەر یەکە لە ئەکتەر و کاراکتەر، توانای تێگەیشتنی لە کاراکتەرەکە نا، چونکە ئەوەیان ئاسانە، بەڵکو لێکچوونی بارودۆخی بەرامبەر ژیان و فەلسەفە. ئەگەر فیلمەکە دەربارەی ئایین بێت، پەیوەندی ئەکتەرەکە لەگەڵ خودادا، ئەگەریش ھیچ قسەکردنێك نەبێت لە بارەی خوداوە ھەڵوێستی ئەکتەرەکە دەربارەی ئەوەی گرنگترین شت لە ژیاندا چییە، ھەڵوێستی دەربارەی منداڵ، دایك و باوك، وڵاتەکەی و ئەو شوێنەی کە لێی دەژی، ھەروەھا دەربارەی ئەو کەسانەی کە لە دەوروبەرین، دەربارەی دڵسۆزی و ڕقەکانی، ھەموو شتێك بۆ من زۆر گرنگە.

جێی بەزەییە کە لە ماوەی ئەم سیمینارەدا ناتوانین بەم ھەموو شتەدا تێپەڕین، تەنانەت ناتوانین وا لە خۆمان بکەین ئاگامان لەم جۆرە بیرکردنەوەیە بێت، چونکە تەنانەت ئەگەر بیردۆزییانە بیر لەمە بکەینەوە، ئەوا لە کاتی کارکردن تێیدا گەنجەکانمان ناتوانن کارێکی لەو جۆرە بکەن. ئەم سیمینارە دەربارەی ئەوەیە کە چۆن کار لەگەڵ ئەکتەردا بکەین؟ دەتوانین ھەرچەند بمانەوێت لەم بارەیەوە فێر ببین، بەو جۆرەی کە ئامادەین فێر ببین. کەواتە دەتوانین کەمێك فێر بین لە بارەی بارودۆخی گشتیمان لە نێوان دەرھێنەر و ئەکتەردا، بە پێچەوانەشەوە. دەربارەی پەیوەندیی ھاوبەشی نێوانیان، کە ئایا چۆنە؟ کەی سەرکەوتوو دەبێت؟ کەی تێبینیی تێکچوونی پەیوەندییەکەیان دەکەین؟ کەمیی پەیوەندی یاخود شتێك کە دەبێتە ھۆی کێشە؟ ھەموو ئەو کەسانەی باش سەرنج دەدەن دەتوانن تێبینی ئەمە بکەن، دەکرێت کەسێك لە ھەڵە و ناتەواوییەکانی کەسێکەوە فێر ببێت، لە ڕێبازی ھەڵەی ئەکتەرێکەوە، لە ڕێگەیەکی نەگونجاوی ڕابەریکردنییەوە، نەتوانینی ئامادەکردنی ئەکتەرەکە بە ھاندانێکی باشەوە بۆ نواندنێك بەو جۆرەی کە ئێمە دەمانەوێت.

سێیەم، پێم وا بێت ئەوە ڕوون بوو، ھەڵەیەك ھەیە. نەخێر، شتێکی ڕاست نییە بەمە بڵێین ھەڵە، ئەمە بە ھۆی کەم تەمەنیی دەرھێنەرەکانەوەیە، ئارەزووی بڕواکردن بەوەی کە تێدەگەیت ئەگەر ئەو شتە بڵێیت کە دەتەوێت بیڵێیت. ئەمە ڕاست نییە، پێم وا بێت لە ھەمان کاتدا ھەموو کەس دەزانێت جیاوازییەك ھەیە لە نێوان ئەو شتەی کەسێك دەیڵێت، لەگەڵ ئەو شتەی کە کەسێك دەیبیستێت. زۆر جار بۆشاییەکی گەورە لە نێوانیاندا ھەیە کە پێویستە چارەسەر بکرێت، پێم وا نییە بە درێژایی ئەم سیمینارە ئەمەمان کردبێت، بەڵام سەرکەوتوو بووین لە نیشاندانی ئەم بۆشاییە و پێویستیی گەڕان بۆ شتێك وەکو پردێك بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کێشەیەدا کە بۆ ھەموو دەرھێنەرەکان لە تەواوی جیھاندا ناسراوە.

تێکستێکی (بێرگمان)م ھەڵبژارد بە ھۆی ھەندێك ھۆکاری سادەی کردەیی، تێکستەکە کۆمەڵێك دیمەنی زۆر لەخۆ دەگرێت بە ئاڵۆزییەکی زۆرەوە لە نێوان کاراکتەرەکاندا، دیمەنی درامی و دیمەنی پێکەنیناویی لەخۆ دەگرێت، دیمەنی گۆرانی و دیمەنی خۆشەویستی لەخۆ دەگرێت، دەربارەی ڕق و ئەوەیە کە ژیان ھیچ واتایەکی نییە، دەربارەی ئەو کەسانەیە کە ناتوانن ڕووبەرووی یەکتری ببنەوە و ھێشتاش ھەندێک جار وا دەکەن. ھەر بۆیە ھەموو دەرھێنەرێك کە ھاتووە گوێ لەم سیمینارە بگرێت دەرفەتیان ھەبووە شتێکی کەسیی و واتادار ھەڵبژێرن بۆی، شتێکی ھێندە ڕاست کە بە (بێرگمان) قایل ببێت. تێکستەکە زۆر دەوڵەمەندە بە ھەست و سۆز و بارودۆخی ئاڵۆز، چونکە دەکرێت دیمەنەکان لە ھەموو شوێنێك بن، پاشان ھۆکارێکی کردارەکیی ھەیە.

زۆربەی دیمەنەکان، نزیکەی ٪٩٥ی دیمەنەکان لە نێوان دوو کەس دان، ھەر بۆیە پێویستمان بە دوو ئەکتەرە، لەم بارودۆخەدا دەتوانین بە ئاسانی داوا لە ئامادەکارەکان بکەین کە سێ جووت ئامادە بکەن، ئەمەش واتای ئەوەیە دەکرێت نۆ کەس بۆ بەژداریکردن کۆ ببنەوە. نۆ کەس، چونکە ھەموو خانمە ئەکتەرەکان دەتوانن لەگەڵ ئەکتەرە پیاوەکاندا ڕۆڵ بگێڕن. بۆیە ئەگەر ڕەچاوی ھەموو ئەو شتانە بکەین کە ھەمانە بۆ قایلبوون بەوەی ئەمڕۆ تێکستەکە بە ڕوونی کورت خایەنە، زۆر جار لە ھەندێك بەشدا نەگونجاوی تێدا دەبینرێت، ھەندێك جار زۆر ڕوونتریشە.

لە پێشەکیدا (بێرگمان) بۆ ئەو کەسانە دەنووسێت کە تێکستەکە دەخوێننەوە یاخود فیلمەکە دەبینن، ئەو کەسانەی سەرسام دەبن ئەگەر لەم فیلمەدا بۆ نھێنییەکی گەورە بگەڕێن، بۆ مەتەڵێك یاخود ھێمایەك بگەڕێن. (بێرگمان) دەنووسێت: ئەم تێکستە ڕوون و ئاشکرایە، لە ھەندێك دیمەندا نادیار دەبێت، کە ئەمڕۆ بۆ ئێمە ئەم تێکستە لەگەڵ مێژووماندا ناگونجێت، خەڵکی خۆیانی لێ دوور دەخەنەوە، دەڵێن ”ئەوە ھی ساڵانی حەفتاکانە، ئێمە چیتر بە بارودۆخێکی لەو جۆرە قایل نابین.” ئەوە چەندین جار ڕوو دەدات، بەڵام من پێم وایە وەکو بارودۆخێکی گرنگ و پێویستە، کە لە ھەمان کاتدا ھانی دەرھێنەرەکان دەدات کاری تێدا بکەن. ئەمە ڕێگەت پێ دەدات لە بارەی تێکستەکەوە قسەت ھەبێت.

بیرۆکەی سەرەکی سیمینارەکە ئەوەیە ھەموو کەس ئازادن لەوەی چی ھەڵدەبژێرن، تەنھا لە ھەڵبژاردنی دیمەنەکاندا نا، بەڵکو ئازادن لەوەشدا کە چۆن وێنەی بگرن، لە بەکارھێنانی بابەتێك و نووسینی دایالۆگەکانتدا، گۆڕینی ڕەگەزی کاراکتەرەکان و ئاڵوگۆڕکردنی ڕۆڵەکان لە نێوان ژن و پیاودا، ھەرچیت حەز لێ بێت دەتوانیت بیکەیت.

کەواتە ئێمە ئەم ئەگەرانەیان پێ دەدەین ھەرچەندە بۆ ھەندێکیان وا دەردەکەوێت لەگەڵ کاتەکەیاندا نەگونجێت، پێم وایە ئەوەیان لەبەر ئەوەیە دەتوانن ڕۆڵەکان بگۆڕن یاخود بەشێك فەرامۆش بکەن کە وا دەردەکەوێت لە دەرەوەی کاتی خۆیان بێت، دەکرێت ئەمە توانای داھێنانیان تێدا وریا بکاتەوە.

ھەندێك ھۆکاریی کردەیی ھەیە کە وای کرد ئەم تێکستە ھەڵبژێرم، پێم وایە شتێکی تر ھەیە کە بۆ من پێویستە و بە بنچینەی دەزانم، ئەم تێکستە لە لای من خۆشەویستە، زۆر شتی گرنگ لەم سیناریۆیەدا ھەیە، لە ڕاستیدا شەش ڕۆڵگێڕان ھەیە، دەتوانم بزانم (بێرگمان) لە بارەی ژیانەوە چی دەڵێت؟ لە بارەی خۆشەویستییەوە چی دەڵێت؟ دەتوانم کەم تا زۆر بزانم ھەڵوێستی چۆنە بەرامبەر دنیا؟ بەرامبەر ژن و پیاو، ھەروەھا ئەوەی ھەموو ڕۆژێك لەم ژیانەدا چی دەکەین؟ ئەوە لە بیر دەکەین کە چی شتێك گرنگترینە، من ھەموو ئەو شتانە دەزانم و دەیانناسمەوە، ھەر بۆیە ھیچ کێشەیەکم لەگەڵ تێکستەکەیدا نەبوو، دەمزانی. ئەم دەرھێنەرە لاوانە ھەر دیمەنێك ھەڵبژێرن من ھەمیشە شتێك بۆ خۆم دەدۆزمەوە کە بە ڕێگەیەك یاخود زیاتر خۆشەویستە لە لام. بژاردەیەکی ئاسان بوو، قسەکردن دەربارەی ھەڵویستت بەرامبەر (بێرگمان)، بە درێژایی ئەم ڕۆژانە چی ھەڵوێستێکمان ھەبوو؟

با لە (لیف) بڕوانین، ھاوڕێکەمان لەو وڵاتە ساردە، سوید. ئێمە بەوە ڕاھاتووین کە سویدییەکان ھەست و سۆزی خۆیان نیشان نادەن، (لیف) ھەڵبژێردرا بۆ ئەم دیمەنە، تێیدا (یۆھان) لە فیلمەکەی (بێرگمان)دا بە ھاوژینەکەی دەڵێت کە لە پێناو ئافرەتێکی تردا بەجێی دەھێڵێت. (لیف) لەم دیمەنەدا زۆر ساردوسڕە و دەرھێنەرەکەش دەیەوێت لەناکاو ئەکتەرەکان بە شێوەیەکی زۆر ھەستیارانە نواندن بکەن، ئەو دەیەوێت ھاوار بکەن و شەڕ بکەن، چونکە بۆیان دەرکەوتووە زۆر قورسە ئەو شتە بڵێن کە دەیانەوێت بیڵێن، پێویستە ھەوڵ بدەن لە ڕێگەی نیشاندانی ھەست و سۆزیانەوە ئەمە ببەنەوە، بەم جۆرەش دیمەنەکەی سەر دەگرێت. ھاوار بەسەر یەکتریدا دەکەن، یەکتری کێش دەکەن و دەست دەکەن بە شەڕکردن.

(فڕانسیسکۆ) ھەمان دیمەنی ھەڵبژارد، ئیتاڵیا وڵاتی ھاواری کەسەکانە، ھەروەھا دەڵێت ”دەبینم ئەم دیمەنە بە تەواویی جیاوازە” ئەم دیمەنە دیمەنێکی بێدەنگی ترسناکە، لەسەر مێزەکەیان دانیشتوون، ناجوڵێن و دەست لە یەکتری نادەن، زۆر شتێکی بەئازارە بۆ (یۆھان) کە بڵێت ”ماریان، من کەسێکی ترم خۆش دەوێت، تۆ بەجێ دەھێڵم.”

ھەمان دیمەن لە لایەن پیاوەکانەوە دروست کراوە بە مەزاجێکی جیاوازەوە، کە بە ئاشکرا دیارە پێچەوانەی ئەوەی لە دیمەنەکەدا دەیبینین بە ھەڵوێستێکی جیاوازەوە بۆ ھەمان بارودۆخ. ئەمەش نیشانی دەدات کە دەتوانیت ھەمان دێڕەکانی تێکستێك ببەیت و دەرھێنانی بۆ بکەیت، زۆر جیاوازتر لەوەی کە پشت بە ھەڵوێستی خۆت ببەستێت، ئەمە ئەو شتەیە کە لێرەدا ڕوو دەدات.

دوو نموونەی سەرنجڕاکێش ھەن، یەکێکیان زانرا، (فڕانسیسکۆ) پێشنیاری کرد دوو جار دیمەنەکە وێنە بگیرێت، بەڵام بە دوو ستافەوە، دوو جووتی ھێنا، ئەو وای دانا کە دەتوانێت دەربڕینەکانی دیمەنەکە بگۆڕێت لە ڕێگەی ھەڵبژاردنی دوو جووتەوە کە لە ڕاستیشدا ھاوسەرگیریان کردبێت پێکەوە، کە زۆر بە باشی یەکتری دەناسن، ھەر بۆیە تەنانەت دایالۆگەکانیشی گۆڕی، بەو جۆرەش دەتوانن تواناکانی خۆیان نیشان بدەن، لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا بەو ناوانەوە کە ھاوڕێ و کەسە نزیکەکانیان بانگیان دەکەن و جیاوازن لەو ناوانەی کە لە تێکستەکەی (بێرگمان)دا ھەیە.

بە لای منەوە ئەمە زۆر نەخراوەتە سەر دیمەنەکە، بەڵام یەك شتی سەرنجڕاکێش بوو، لێدان و بەرکەوتنەکان، کەسایەتییە جیاوازەکانی ئەو دوو خانمە ئەکتەرەی ڕۆڵی (ماریان)یان گێڕا، یەکێکیان (پامێلا) بوو، خانمە ئەکتەرێکی ئەڵمانی، ئەو ئافرەتێکی لاواز و نەرمونیان و زۆر ھەستیاری نیشان دا، کاتێك کە گوێی لە (یۆھان) بوو کە گووتی ”من ئافرەتێکی ترم خۆشدەوێت” ژیانی کۆتایی پێ ھات و چیتر ھیچ شتێك واتایەکی نەدەبەخشی، فرمێسك لە چاوەکانیدا بوو، تەنھا کەمێك نەرمونیانی دەرھێنەرێکی باش پێویست بوو تاکو وای لێ بکات بگریەت، گریانێکی ساختە نا، پێویست بوو ڕاستگۆیانە بگری، بەداخەوە ئێمە ئەمەمان نەبینی، بەڵام گوێی پێ مەدەن، دووەم خانمە ئەکتەر ناوی (نیلیك) بوو، ھۆڵەندی بوو، ئەو ئافرەتێکی بەھێز بوو، کاردانەوەی ئەومان بینی بۆ ھەمان دێڕ کە جیاواز بوو، سەرەڕای ئەوەی تێکستەکە ھەمان شت بوو ”ماریان، من کەسێکی ترم خۆش دەوێت، تۆ بەجێ دەھێڵم”

ئەو بە پێچەوانەی خانمە ئەکتەرەکەی تر کاردانەوەی ھەبوو، بە ھێزەوە، کە بەھێزییەکی ڕاستەقینەی پێ دا، شەڕکردن لەگەڵ ناخیدا، ئەو ھاوسەرەکەی ڕیسوا کرد، ڕقی لێی بوویەوە، پاش ھەموو ئەو شتانەی کە ھاوسەرەکەی پێی گووت خانمە ئەکتەرەکە گووتی ”نازانم چی بڵێم” بەڵام مەبەستی ئەوە بوو ”نازانم چونکە تەنھا دەمەوێت بتکوژم” ئەمە بە ئاشکرا ڕۆڵی کەسایەتی ئەکتەرەکە نیشان دەدات. لە ڕێگەی خستنەسەری کەسایەتی خودەوە بۆ کاراکتەرێك ئەکتەر دەتوانێت بە تەواویی دیمەنێك بگۆڕێت، کێشمەکێشمێك لە نێوان کەسەکە و نواندنەکەی، تەنانەت لەوانەیە ناوەڕۆکی فیلمەکەش بێت.

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,