23/04/2024
DidiMn Logo
Top

وەرە ئەی دەیناسۆڕ

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

حەسەن بەلاسم
لە عەرەبییەوە: تاھیر عەبدولواحید

دەستە لینجەکانت واڵاکە، دەست بدە لە نێوچاوانم
پلەی گەرمی ماندوێتیم بپێوە ئەی مەرگ
وەک دەیناسۆڕێکی تەممەڵ لە کۆتایی ڕاڕەوەکە دامەنیشە
باوێشک مەدە، من ئەتبینم، وەرە، وەرە و بمخرۆشێنە…
گەردنم بگەزە، لێمگەڕێ جێدەستم لەسەر پێستە ساردەکەت جێ بھێڵم
بزانن ئەو کاتەی کە دەمرم، بۆ ھەتاھەتایی بە دڵتەنگی دەمێنمەوە و
بیرتان ئەکەم
بیری ھەمووتان ئەکەم، ھۆ خشۆکەکان، مراوییەکان، ئەسپێکان
ئێوە ھەمووتان دەڵێم بەبێ لێدەرکردن، ئەی کارگەرانی ئاورگە
ئەی ڕەشەباکە وەرەو بمشکێکنە، چیتر من ووشکهەڵاتووم…
شێ لە نێو ئێسکمدا ھەڵکۆڵینی خۆی تەواو کرد، وەرە پێشەوە بوومەلەرزەکە
دە پێمبڵێ ئەی مەرگ، بە کامە فێڵ دێیتە نێو دڵم و لێدانەکەی لێ دائەماڵی
پێتان ئەڵێم من ھەرگیز لێتان خۆش نابم،
جنێو بە ھەموو ئەو ڕۆژانەتان دەدەم کە بەبێ من تیایدا دەژین…
ئەوە منم بە دەنگی بەرز نەفرەت لەوانە دەکەم کە لەوێن، گوێتان لێمە؟
خۆشەویستی، تۆ نانێکی سووتاوی نزیک لە بیرێکی وشک
ئەی وشە بێماناکان، ببەرە نانی مەرگ و ئەو بیرە
وەرە، وەرە ئینسان، لە ئامێزم بگرە بەرلەوەی بەرامەتم لێ حەرام بکەن
ئاە! تۆ زۆر بۆگەنی ئینسان، بەڵام من شێوەی بەستەگوڵی نەخۆشەکان بۆنت دەکەم
زمانت بخە نێو دەمم دەیناسۆڕ، تامی لیکەکەت چۆنە ئەی باوکی شکۆمەند!
گوێ ڕادێرن بۆ وەسێتەکەم تا کۆتایی، مەگرین تا دوا وشەی خۆم دەڵێم
لێگەڕێن با دەنگم بۆخۆی ھەموو ھەوا قانگ بدات، لێیگەڕێن تا بۆ دواجار بە خۆیدا ھەڵبدات.
ئەی پاساری تۆ گەنمی جەستەی من بەرە لەبری کرم
داوای بەخشینتان لێ دەکەم، بمبەخشن لە ھەر تفێک کە بەسەر خواردنەکەتاندا وتبێتم
داوای بەخشین دەکەم لەوەی کە مردم و نەمتوانی لەگەڵ خۆم بتانبەم
وەرە ئەی خۆر، وەک دایکێکی دڵڕەق لێم بدە
ھەمووتان وەرن و با قامچی لە نێو دەستەکانتان بێت
وەرن تا لە یادەوەریما بتانھێڵمەوە، ئەی سەگە دڕەکان
وەرە دایە لەسەر سەرم بگریی، بە تەنها تۆی کە وەک خودا دەگرییت
وەرن برا سادییەکانم
ئێوەیش وەرن خوشکە جادووگەرەکانم
لە نزیک پێخەفەکەم کەڕەنای گەورە بژەنن
لە تەپڵی تەنەکە بدەن…
کلکت بجووڵێنە دەیناسۆڕی پەڕپووت
وەرە پێشەوە و بە شێوەی ھیندییەکی سوور سەما بکە
وەرە و ئێسکی ئەو کەروێشکە بکرۆژە کە لە ژێر گونما ھەڵدەلەرزێت
نەباری ئەی ئاسمان کە دەیناسۆڕکە دێتە ژوورێ
لە ژوورەکەمدا جێگەیەک بۆ خۆر جێ بھێڵە
ھەموو شتەکانم بۆ خۆتان بەرن، من ھیچم نییە جگە لە ڕەشنووسی حیکایەت و گۆرانییەک
لۆمەی مردووەکانی گۆڕستان ئەکەم.
لەسەر ھەموو ئەو وێنە فۆتۆگرافییانەی کە بە دیوارەکانەوە بە جێیان ھێشت
بە خۆشەویستەکەمم وت وەرە و با یاری بکەین
وەرە با ئەو ئەھریمەنە بە پەنجەیەک لە جەستەت دەرکەم
مەخوێنەرەوە، کەزیەت شانە مەکە، بەرچایی ئامادە مەکە،
تەماشای تەلەڤیزیۆن مەکە، ھەروەھا پێم وت لە باخچەی گوڵەکاندا میز بکە
بە ھاوڕێکەیشمم وت: بە خۆشییت
بۆ شەیتانەکانیش قەسیدەم نووسی
لە نێو ماڵی دز و بکوژەکانا بووم بە شاگرد
بە مناڵەکانیش مەتەڵێکم وت:
لە خوێن دەخواتەوە و بە دوکەڵ نابینا دەبێت
ھاواریان دەکرد مێشوولەیە
باپیرەیشم دەیوت، مرۆڤ بەرچاوتەنگی کوێری دەکات
ئەی دەیناسۆڕەکە من ھەر ئەوەندەم پێکرا
وەرە ئەی چرپاکە
وەرە ئەی ئاگردان
وەرە ئەی چەرچەف
وەرە ئەی باوکی شکۆمەند
***
دەڵێن ئەو کاتەی کە نیچە مرد، لە ئاسماندا گورگێک دەرکەوت، لە خۆشییاندا دەیلووراند. دەیشڵین ھەموو شەوێک مردووەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە سەرلەنوێ بگەڕێنەوە، بەڵام لە چاوەڕوانیی تەواوبوونی ژمارەکەدان…

هاوبەشی بکە

Hsen Balasm, Poetry,