26/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: وێستگە گرنگەکانی ژیانی دەرهێنەر

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سێنسس ئۆف سینەما (Senses of Cinema)
لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

دەرهێنەری مەزنی پۆڵەندی کریستۆڤ کیشلۆڤسکی، لە ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٤١دا لە وارسۆی پۆڵەندا لەدایک بووە. لە بواری دروستکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتاری، فیلمی درێژ و هەروەها فیلمی زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا پێشەنگی سەردەمەکەی خۆی بووە، کارەکانی بریتی بوون لە گەشتکردن بە نێو بابەتە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی سەردەمی هاوچەرخی خۆی. کیشلۆڤسکی لە وارسۆ تەکنیکی شانۆی خوێندوە و ساڵی ١٩٦٨ خوێندنی شانۆ و کۆلێژی فیلمی لە شاری ”لۆدز”ی پۆڵەندا تەواو کردووە.

فیلمسازێک کە هاوشێوەیی و پارادۆکس داگیریان کردووە، کارەکانی کیشلۆڤسکی بە ھێواشی و ساڵ دوای ساڵ لە تیشکخستنە سەر واقعی سیاسییەوە بۆ سەر بابەتگەلی کۆمەڵایەتی و پڕ تەمومژ، وەردەچەرخێ. ئەگەر لە نزیکترەوە ورد ببینەوە دەبینین لەگەڵ گۆڕینی شێوازی کارکردنیشیدا، هێشتا هەردوو شێوازی کارەکانی تیشک دەخەنە سەر ململانێکانی تاک بۆ خۆگونجاندن لە نێوان ژیانی ڕۆژانە و ئەفسانە کەلتوورییەکانی وەک پروپاگەندەی کۆمۆنیستەکان، پەندەکانی ئینجیل، یاخود دروشمەکانی شۆڕشی فەڕەنسی.

ئەگەر کارەکتەرانی نێو فیلمەکانی بە شێوەیەکی دەگمەن ئاگاییان لە بارەی ئایدۆلۆژیای کارەکانەوە هەبوایە، ئەوا بینەرانی ئاگاییەکی زۆر باشییان هەبوو. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لێهاتوویی کیشلۆڤسکی لە فیلمسازی و بەرنامەڕێژی کارەکانیدا. کیشلۆڤسکی وەک چیرۆکگێڕەرەوەیەکی سەرکەوتوو، لە ڕێی وردەکاری نێو دۆکیۆمێنتارییەکانییەوە، ژیانی ئاڵۆز و پڕ وڕێنەی پاڵەوانێکی وێنا دەکرد، ئەویش وەک پۆرترەیتێکی ژیان کە لە دەوری تێکوپێکنانی ڕەشبینانە و هاوسۆزی لەگەڵ خاڵی لاوازی مرۆڤدا دەسوڕێنەوە.

پاش جەنگی جیھانی دووەم بە ھۆی بەرەنگاریی بەردەوامی باوکی لەگەڵ نەخۆشی سیلدا؛ خانەوادەی کیشلۆڤسکی بە چەندین شار و شارۆچکەدا لە جێگۆڕکێدا بوون، تا دەگەنە شوێنێک نەخۆشخانەی نەخۆشییەکانی سینگی لێیە لە ناوچە کۆمۆنیستەکانی پۆڵەندا، چونکە پارەیەکی کەمیان بۆ پاشەکەوتکردن هەبوو. دایك و باوکی کیشلۆڤسکی ئەو و خوشکەکەی دەنێرن بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی تایبەت بە نەخۆشی سینگ، لەبەر ئەوە نا کە کیشلۆڤسکیش بە دەست لاوازی سییەکانییەوە دەیناڵاند، بەڵکو لەبەر ئەوەی بتوانن سوود لە ژووری نووستنی بێبەرامبەر و خۆراک وەربگرن. لەو ماوەیەدا کیشلۆڤسکی کاتێکی زۆری بە خوێندنەوەی کتێب و فێربوونی وانە لە بارەی ژیانەوە بەسەر بردووە.  

کیشلۆڤسکی خوێندکارێکی لاسار بوو، دەیویست وەک خەڵوزەوان دەست بە کارکردن بکات، چونکە یەکێک لە هاوڕێکانی خەڵوزەوان بوو، بۆیە باوکی ڕازی کرد بەوەی لە کۆلێژی ناوخۆیی ئاگرکوژاندنەوەدا ناونووسی بکات. بە پێی تێپەڕبوونی کات کیشلۆڤسکی دەستبەرداری بیرۆکەی بوون بە خەڵوزەوان دەبێت.

باوکی کیشلۆڤسکی لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە کۆچی دوایی دەکات. یەکێک لە مامە دوورەکانی لە وارسۆ بەڕێوبەری کۆلێژی تەکنیکی شانۆ بووە، هەر بۆیە کیشلۆڤسکیش دەچێت و خۆی ناونووس دەکات. پاش ماوەیەک و لە حەزی زۆرییەوە بۆ شانۆ، بڕیار دەدات ببێتە دەرهێنەر، بەڵام بۆ وەرگیرانی لە پرۆگرامی دەرهێنەریدا، دەبوو لە چەند بوارێکی دیکەدا خوێندن تەواو بکات. بەو پێیەی کە دەرهێنەری فیلم لە دەرهێنەری شانۆوە نزیکە ئەو بەشە هەڵدەبژێرێت، بەڵام دوو ساڵی یەك بە دوای یەك لە ڕیزی تاقیکردنەوەکانی ”خوێندنگەی فیلمی لۆدز” شکست دێنێت و ناتوانێت بچێتە ئەو خوێندنگەیە. 

لەو ماوەیەدا بەردەوام خۆی برسی دەکرد و وا خۆی نیشان دەدا کە بارودۆخی دەروونی ناجێگیرە، بۆ ئەوەی خۆی لە خزمەتی سەربازی دوور بخاتەوە. کیشلۆڤسکی بە کۆمەڵێك کاری جۆراوجۆر پاڵپشتی دارایی خانەوادەکەی کردووە، لە کاروبارەکانی نووسینگەوە تا ئامادەکردنی جلوبەرگی شانۆیی کە لەوێوە کۆمەڵێك ئەکتەر دەناسێت کە دواتر کاری بۆ دەکەن.

پاش سێیەم ھەوڵی ساڵانەی؛ لە کۆتاییدا کیشلۆڤسکی لە خوێندنگەی فیلمی لۆدز وەردەگیرێت ”لۆدز” یەکێك بوو لەو شارۆچکە کەمانەی پۆڵەندا لە ماوەی جەنگدا بە دوور بوو لە بۆمبارانکردن. خوێندنگەکە ساڵی ١٩٤٨ بۆ پروپاگەندەی ستالینی بونیاد نرابوو، بەڵام گەشەی سەند و ناوبانگێکی لیبڕاڵانەی وەرگرت لە ڕێی نمایشکردنی سینەمای جیهانی و کۆرسی تیۆرییەکانی فیلم، هەروەها بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکیۆمێنتاری و ئەفسانەیی لە خۆ دەگرت. خوێندنگەکە توانای پیشەیی فیلمسازانی وەکو ”ئەندریێ مونك، ئەندریێ واجدە، ڕۆمان پۆڵانسکی، کریزستۆف زانوسی و یێرزی سکۆلیمۆوسکی”ـی سەرپێ خست.

خوێندنی پرۆگرامەکانی خوێندنگەی ”لۆدز” یەکەم بەرکەوتنی جیدیی کیشلۆڤسکی بوو لەگەڵ سینەمادا، کیشلۆڤسکی لە گێڕانەوەی جاراندا دەڵێت ”هەندێک فیلم لە یادەوەریمدا ماونەتەوە، لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەر ئەوە نەبێت کە جوانن. هەمیشە وتومە کە نامەوێت یاریدەدەری دەرهێنانی هیچ کەسێک بم، بەڵام ئەگەر کێن لۆچ داوام لێ بکات ئەوا بە خواستی خۆم قاوەشی بۆ دروست دەکەم.”

پاش ماوەیەک کیشلۆڤسکی دەستبەرداری شانۆ بوو، خوێندنگەی لۆدز بۆ ئەو بووە سەرچاوەی پیشەی سینەمای کیشلۆڤسکی. پاش نووسینی نامەی دەرچوونەکەی بە ناونیشانی ”واقیع و فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکان” کە تێیدا ڕوونی کردووەتەوە واقیع بەراورد بە خەیاڵ نامۆتر و درامیترە، ساڵی ١٩٦٨ لە گەرمەی گرژی سیاسی و بەرەنگاری خوێندکاریدا، خوێندنی لە خوێندنگەی لۆدز تەواو کرد.

ئەو ئەندامانەی لە نێو پارتی سیاسیی ئەو کاتە لە کێبڕکێدا بوون، ئایدۆلۆژیای خۆیان بەسەر چالاکییە کەلتووری و ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکاندا دەسەپاند، لەو ماوەیەدا چەندین جولەکە لە پۆڵەندا دەرکران و تەنانەت هەندێکیان خوێندکارانی خوێندنگەی لۆدز بوون. کیشلۆڤسکی لەو بارەیەوە گوتویەتی ”لە ژیانمدا دوو جار دەستم داوەتە سیاسەت، ھەروەھا هەر دوو جارەکە زۆر بە خراپی لێی ھاتمە دەرەوە، یەکەمیان ساڵی ١٩٦٨ بوو کاتێک بەشداری ناڕەزایەتیی خوێندکارانی خوێندنگەی لۆدزم کرد. زۆر گرنگ نییە تەنها بەردم هاویشت و لە دەستی هێزە میلیشیاکان هەڵاتم.”  

کیشلۆڤسکی لە ساڵەکانی دوایی خوێندنیدا لەگەڵ ماریسیا ھاوسەرگیری کرد. بە درێژایی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان لە پۆڵەندا؛ فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکان کاریگەریی فراوانیان بەسەر ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە و هاوڵاتییان هەبوو، لە دژی ئەو پروپاگەندانەی لە ناو پارتەکاندا بڵاو دەبوونەوە. ھەرچەندە چاودێرانی سانسۆرکردن هەوڵێکی زۆریان دا تا کۆنتڕۆڵی میدیاکان بکەن، بەڵام فیلمسازان و بینەران تۆڕێکی پەیوەندیی سەربەخۆیان پێک هێنا و لەو کاتەدا دۆکیۆمێنتاری ناوبانگی پەیدا کرد، بوو بە ئامرازی ڕەخنەگرتنی کۆمەڵایەتی، کیشلۆڤسکی خۆی دەڵێت ”لەو کاتەدا زەرورەتێکی پێناسەکردنی جیهان هەبوو کە بۆ ئێمە پڕ جۆشوخرۆش بوو. چەونکە دنیای کۆمۆنیستی جیهانی بەو شێوەیە پێناسە دەکرد کە دەبوو وا بێت نەک بەو جۆرەی کە لە واقیعدا هەبوو.”

پاش ماوەیەک لە دروستکردنی ڕیکلامی بازرگانیی بۆ ڕێکخراوێک لە ”وارسۆ” کیشلۆڤسکی ساڵی١٩٧٠ فیلمی ”من سەرباز بووم”ی بۆ ستۆدیۆیCzolowka  بەرھەم ھێنا، کە تایبەت بوو بە بەرهەمهێنانی دۆکیۆمێنتاری لە بارەی سوپاوە. کیشلۆڤسکی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو سەربازانەدا ساز کرد کە لە ماوەی جەنگدا توانای بینینیان لەدەست دابوو، داوای لێ کردن باسی خەونەکانیان بکەن.

ساڵی ١٩٧٠ بە ھۆی گرانی و قەیرانی مووچەوە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان سەری هەڵدا، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی. کیشلۆڤسکی فیلمی ”کرێکاران؛ ھیچ لە بارەی ئێمەوە بە بێ ئێمە ١٩٧١” بە سیاسیترین فیلمی خۆی دادەنێت، چونکە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ کرێکارانی جیهان لە بارەی هیوا و ئاواتەکانیانەوە. هەروەها  لە ڕێی پیشاندانی دۆخی هەنووکەی دەوڵەتەوە و ناڕەزاییە بەرفراوانەکانەوە، چینی دەسەڵاتدارانی شکاندەوە. بەڵام سانسۆرەکان داوایان دەکرد چەند بەشێکی فیلمەکە ببڕدرێت هەر بۆیە کیشلۆڤسکی فیلمەکەی بڵاو نەکردەوە.

کیشلۆڤسکی لە ماوەی ژیانیدا دەستبەرداری چەند قۆناغێکی پیشەیی بووە، وەک دەستبەرداربوونی کۆلێژی ئاگرکوژاندنەوە لە سەرەتاکانی تەمەنیدا، پاشان دەستبەرداربوونی شانۆ، دواتر دەستبەرداری دروستکردنی دۆکیۆمێنتاری و لە کۆتاییشدا بەرهەمهێنانی فیلم بووە. بەڵام هەنگاونانی کیشلۆڤسکی لە دروستکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتارییەوە، بۆ بوون بە فیلمسازی فیلمی درێژ، دەستبەجێ نەبوو، پێشتر لە ساڵی ١٩٧٣دا یەکەم فیلمی سەرکەوتووی دراماتیکی خۆی بە ناوی پیادەڕەوی وێستگە  (Pedestrain Subway) بەرھەم ھێنا کە فیلمێکی سینەمایی ٣٠ خولەکی تەلەفزیۆنی بوو لە بارەی بەیەکگەیشتنەوەیەکی درەنگە شەوی ڕۆمانتیک.

دوای ئەوەی کیشلۆڤسکی فیلمی (سێ ڕەنگەکە؛ سوور)ی تەواو کرد، ئیتر هیلاک بووبوو لە هەمان کاتدا فیلمی شینی مۆنتاژ دەکرد، فیلمی سپی ڕیکۆرد دەکرد و سیناریۆی فیلمی سووری دەنووسی. دوای تەواوکردنی فیلمەکە بێزاری خۆی لە سینەما وەک ناوەندێک بۆ خستنەڕووی ژیانی ناوەوەی مرۆڤ و دەروونی مرۆڤ دەربڕی و دەیگوت ”ئەدەبیات دەتوانێت ئەمە بکات، بەڵام سینەما ناتوانێت.”  لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا خانەنشینبوونی خۆی لە بەرهەمهێنانی فیلم ڕاگەیاند. بەڵام ھێشتاش بەردەوام بوو لە وانەوتنەوە و دەستی کردبوو بە نووسینی سێینەیەکی دیکە. کیشلۆڤسکی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، پاش تێپەڕبوونی بە نەشتەرگەرییەکدا لە نەخۆشخانەیەکی وارسۆ لە ١٣ی ئازاری ١٩٩٦دا کۆچی دوایی کرد، مردنی کیشلۆڤسکی ڕووداوێکی لەناکاو و تراژیدی بوو لە هەمان کاتدا نهێنیئامێز و پڕ گومان بوو کە کریستۆڤ خۆی بەدڵنیاییەوە حەزی پێ دەکرد.  

هاوبەشی بکە

cibema, krystof kishlovsky,