24/07/2019
DidiMn Logo
Top

ئایدیالیزم و خەیاڵ

لە لایەن دیدی من 5 مانگ پێش ئێستا

دیدی من گاردیان
فیلیپ فرێنچ

وەرگێڕانی: بژار ئاوات

چیرۆکە ڕوون و سەرنجڕاکێشەکەی کێن لۆک دەربارەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، یەکێکە لە جوانترین فیلمەکانی نەوەدەکان.

شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا نیشانەیەکی دیاری ناو مێژووی سۆسیالیزمە، هەر لەبەر ئەوە بوو کە پێویست بوو فیلمی  خاک و ئازادی[1]ی کێن لۆک لە کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کرێکاراندا نمایش بکرێت. باشترین سەرۆکوەزیرانی ئەم پارتە کلێمێنت ئاتلی[2] کە کابینەی حوکوومەتەکەی ئەو لە ساڵی 1945دا ئاڕاستەی وڵاتەکەی گۆڕیی، لە سەردانێکیدا بۆ ئیسپانیا لە 1938 شانازیی بەوەوە کرد کە بینیی تیپە بەڕیتانییەکەی یەکەمین گرووپی کۆمۆنکارە ئینتەرناسیۆناڵەکان ناو نرابوو گرووپی مەیجەر ئاتلی. دەربارەی ئەزموونەکانی خۆی لە ئیسپانیا، جۆرج ئۆروێل[3] دەنووسێت: “وەک ئەوەی تێگەشتبم، هەر دێڕێک لەو بەرهەمە جیدییانەی لە ساڵی 1936ەوە نووسیوومن، چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە خزمەتی سۆسیال-دیموکرات و دژ بە تۆتالیتارەکان نووسیوومن”.

فیلمەکەی لۆک، لە نووسینی جیم ئاڵن[4]ە، کە هاوبەشێکی هەمیشەیی لۆکە. ئەم فیلمە فیلمێکی سۆزداری و ئەزموونێکی ژیرانەیە و یەکێکە لە فیلمە جوانەکانی نەوەدەکان. چیرۆکی فیلمەکە لە ساڵی 1994ەوە و لەگەڵ مردنی دەیڤد کارن کە پیرەپیاوێکی بەساڵاچووی کرێکاری دانیشتووی لیڤەرپووڵە، دەست پێ دەکات؛ پیرەپیاوەکە بە تەنیا  لە باڵەخانەیەکدا  دەژیی کە دروشمی بەرەی نیشتیمانی و دژە بەرەی نیشتیمانی بە دیواری ڕاڕەوەکەیەوە نووسراوە. کچەزاکەی، کیم، کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە، سندووقی یادەوەرییەکانی باپیری هەڵدەداتەوە، سندووقێک کە بە وێنە و نامەکانی ناوی و ئەو چنگە خۆڵەی ئیسپانیاش کە بە ملبەندێکی سوور پێچراوە و لەناو یادگارییەکاندایە، کیم دەگەڕێتەوە سەردەمی کرێکاری و شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا.

بە گەڕانەوە بۆ یادگارییەکان، وا دەردەکەوێت کە دەیڤدی بێکار ئەندامێکی نموونەیی حیزبی کۆمۆنیستە و بە مەبەستی هاوسۆزی بۆ حیزبەکەی، بۆ جەنگ دەچێتە ئیسپانیا. هەروەک ئۆروێڵ، ئەمیش لە ڕیزی گرووپێکی مارکسی لە بەرشلۆنە خزمەت دەکات. بە هۆی ئەو ئارەزووە سروشتییەی کە بۆ خستنەڕووی حەقیقەت هەیەتی، کێن لۆک وامان لێ دەکات هەست بکەین هاوشانی دەیڤد ڕێ دەکەین: ئێمەش وەک ئەو بەشداریی شەڕەکان دەکەین، ئێمەش لەگەڵ میلیشیاکان ڕاهێنان دەکەین، لەگەڵ ئەو خۆبەخشانەی کە هاوشانی یەکتر لە دژی فاشیزم دەجەنگن هاوڕێیەتی دەبەستین.

هەروەک فیلمی زەنگەکان بۆ کێ لێدەدرێن[5]ی هێمینگوەی، خاک و ئازادی تیشک دەخاتە سەر بەشێکی بچووکی شەڕی ناوخۆ، پاڵەوانەکەشی کە پەیوەندییەکی سۆزداریی لەگەڵ شۆخێکی شۆڕشگێڕی ئیسپانیدا هەیە بە ناوی ڕۆزانا پاستۆر، بەڵام بە پێچەوانەی کارەکتەری ڕۆبەرتی فیلمەکەی هێمینگوەی، دەیڤد پاڵەوانێکی قۆزی هۆڵیوودی نییە کە خەیاڵە نەبەزەکەی بە زیندوویی دەمێنێتەوە، تێک ناشکێنرێت؛ بە پێچەوانەوە، میلیشیا دیموکراتییەکەی دەیڤد بە هۆی هەڵمەتی ستالینیستەکانەوە هەرزوو تێک دەشکێت.

شێوازی وێنەگرتنی فیلمەکە، خزمەتێکی زۆر بە نەخشە بنەڕەتییەکەی فیلمەکە دەکات: یەکەم، هەموو شتێک لە چاوی دەیڤدەوە پیشان دەدرێت، ئاڵن و لۆک پێویست ناکات زۆر ئاماژە بە  ناوەڕۆکە ئاڵۆزەکەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا بدەن. دووەم، لەگەڵ گوزەرکردنی کیم بە ناو نامەکانی باپیرەیدا، فیلمەکە لە ڕووداوێکەوە بۆ ڕووداوێکی تر دەگوازرێتەوە.

لە هەمووی گرنگتر، ئەو تەکنیکە فلاشباکەیە کە پەیوەندییەک لە نێوان باپیر و کچەزاکەیدا دروست دەکات و هەردوولا پێکەوە گرێ دەدات. لە ساڵی 1937ەدا لە ئیسپانیا، دەیڤد بە هۆی ڕووداوێکەوە لە کەسێکی ساویلکەوە دەبێتە کەسێکی پێگەشتوو. دێتە سەر ئەو بڕوایەی کە خاکیبوون لە بنچینە و جەوهەری چینی کرێکاردایە و مافی خۆیانە بە تاک و کۆمەڵ چارەنووسی خۆیان بەڕێوە ببەن. لە ساڵی 1994ەدا لە لیڤەرپوڵ، کیم وانەیەکی ڕوون و سۆزداری لە پەیام و میراتییەکانی باپیریەوە فێر دەبێت، لە کۆتا دیمەنی هەستبزوێن و هەژێنەری فیلمەکەدا، کیم هۆنراوەیەکی ویلیەم مۆریس[6] لە سەر مەزاری باپیری دەخوێنێتەوە و چنگێک خاکی ئیسپانیا دەڕژێنێتە سەر تابووتەکەی باپیری و سڵاوێکی سەربازی بە ملبەندە سورەکەیەوە دەکات.

[1] Land and freedom.

[2] Clement Attlee

[3] George Orwell

[4] Jim Allen

[5] For whom the bell tolls.

[6] William Morris

Cinema, Wtari Cinema,