19/04/2024
DidiMn Logo
Top

خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم بەڕێوە چوو

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ساڤان عەبدولڕەحمان

نووسیار کە خانەیەکی سەربەخۆیە و ئامانجی گەیاندنی ڕۆشنبیری و ئیشکردنە لەسەر بەدەرخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز. ئەمڕۆ بەرواری ١/٩/٢٠٢٠ لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا خەڵاتی نووسیاری بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بۆ براوەکانی بواری ڕۆمان، چیرۆک و شیعر ئاشکرا کرد.

خولی یەکەمی خەڵاتی نووسیار بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بە ناونیشانی ”محەمەد عومەر عوسمان – ژەنەڕاڵی پایز” بوو و بە شێوازێکی سەردەمییانە بەڕێوە چوو. ئالان پەری هاوسەرپەرشتیاری خانەی نووسیار لە بارەی خەڵاتەکەوە بە دیدی منی ڕاگەیاند: “لەبەر ئەوەی لە جیهانی نووسینی ئێمەدا خەڵات نییە بۆ کتێب یان هەبێت زۆر سەرزارەکی بێ وزە بووە. ئێمە لە نووسیار هەوڵ دەدەین نەریتی خەڵاتی کتێب بهێنینە ئاستی خەڵاتی نۆبێڵ.”

هەروەها لە بارەی بەردەوامیی خەڵاتی هاوشێوەوە وتی: “خەڵاتی نووسیار خەڵاتێکی ساڵانە دەبێت و هەر ساڵە و بە ناوی فیگەرێکی کاریگەری ئەو ساڵە دەبێت.”

ئالان پەری

دەستەی ڕاپەڕاندنی خەڵاتی نووسیار ڕایان گەیاند: “وەشانی نووسیار بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە خولی یەکەمی خەڵاتی نووسیاری بۆ کتێبی یەکەم بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاند. بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک ئەم خەڵاتەمان ڕاگەیاند و جارێکیش بە هۆی پەتای کۆڕۆناوە وادەی وەرگرتنی بەرهەمەکان درێژ کرایەوە.”

لە دوای ڕاگەیاندنی پێشبڕکێی خەڵاتی نووسیارەوە ژمارەیەکی زۆری بەرهەم لە بوارەکانی شیعر، چیرۆک و ڕۆمان بۆ خانەی نووسیار نێررا کە هەموویان بەرهەمی یەکەمی بەشداربوان بوو و پێشتر هیچ بڵاوکراوەیەکیان نەبوو.

 خانەکە بە هەڵبژاردنی لێژنەیەک لە دادوەران بۆ هەر یەک لە بوارەکان کاریان لەسەر بەرهەمەکان کرد و بە چەند هۆکار و هەڵسەنگاندنێک براوەکانیان دەستیشان کرد. لیژنەی دادوەرانی خەڵاتەکە پێک هاتبوون لە ئەحمەدی مەلا دادوەری شیعر، ڕەوف بێگەرد دادوەری چیرۆک و ئارام محەمەد دادوەری ڕۆمان.

لیژنەی هەڵسەنگاندن

هەروەها براوەکانی خەڵاتی نووسیار کە ئەمڕۆ ڕاگەیەنران بریتی بوون لە نەورەس محەمەد براوەی شیعر بۆ کۆمەڵەشیعری “شقارتە” و جێگر بەختیار براوەی چیرۆک بۆ کۆمەڵەچیرۆکی “ژاوەژاو”، هەروەها کیاکسار ئەحمەد براوەی ڕۆمان بۆ ڕۆمانی “بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە”. هەر یەک لە براوەکان لە داهاتوودا دەبنە خاوەنی یەکەمین کتێبی چاپکراوی خۆیان.

براوەکانی خەڵاتی نووسیار

مەهاباد جەمال بەڕێوەبەری گەلەریی ئاهوو، کاری دیاریی پارچە سیرامیکی خەڵاتی نووسیاری دروست کردووە و پێشکەش بە براوەکان و دادوەران کراوە پارچە سیرامیکەکە لە قوڕی سلێمانی دروست کراوە و توانای مانەوەی ١٠٠ ساڵ زیاتری هەیە.

پارچە سیرامیکی خەڵاتی نووسیار

هەروەها ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من سپۆنسەری میدیایی خەڵاتی نووسیارە بۆ کتێبی یەکەم و ڕوماڵی تەواوی چالاکییەکەی کردووە.

هاوبەشی بکە

DidiMn, Nûsyar Books,