دیدی من – ئارام محەمەد
ڕۆمانی “به‌ره‌و ڕێگه‌ی دره‌وشانه‌وە” کارێکی جیاواز و سەرنجکێش بوو بۆ من، هۆکارەکەیش پەیوەندی بە باگراوندی نووسەرەوە هەیە، کە بە شێوەیەکی ورد و شارەزایانە، لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا، بابەتێکی گرنگ و تەکنیکێکی سەرنجڕاکێشی بۆ تێکستەکە هەڵبژاردووە. نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه، کارێکی کردووە کە خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه، بكه‌وێته ڕامان و بیركردنه‌وه، هەست بە جۆرێک مەستی بکات و بكه‌وێته سۆراغی چه‌ند پرسیارێك، له هه‌مووی گرنگتر، ئه‌وه‌یه له پاڵ ترسناكیی تراژیدیای مه‌رگ، هیوا و جوانییه‌ك هه‌یه، كه مه‌رگ به‌س ونبوونی جه‌سته‌یه.
له‌م تێكسته‌دا گێڕانه‌وه له ئاستێكی جێگیردا نییه، له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی ڕووداوه‌كان گێڕانه‌وەیش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، یان ده‌كرێت بڵێن، له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕووداوێكدا ئاستی گێرانه‌وه، ستایلی گێرانه‌وه ده‌گۆڕێت. گێڕانەوە لە هه‌ندێک شوێن خاو ده‌بێته‌وه و له هه‌ندێک شوێن خێرا، كاره‌كه وه‌ك ئه‌وه‌یه گۆڕانكاری و ڕووداوه‌كان له‌گه‌ڵ خێرا لێدانی دڵ په‌یوه‌ست كرابن.
زمان له ڕۆمانه‌كه‌دا یه‌ك فۆڕمی نییه. له‌و به‌شانه‌ی، كه خوێنه‌ر ده‌چێته كه‌شی تایبه‌تی ڕۆح و بیركردنه‌وه، ئاهه‌نگی ئاشتبوونه‌وه و تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ سروشت تا ئاستی توانه‌وه، تا ئاستی بزربوون، ڕووبەڕووی زمانێکی ڕوون و سادە، بەڵام قووڵ لە مانا دەبینەوە.
له‌گه‌ڵ ڕۆشنایی و دواتر ده‌ركه‌وتنی گورزێك ڕووناكی و پاشان گۆڕانی بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی، گێڕانەوەیەکی پەخشانی جوان، خوێنه‌ر تێكه‌ڵی ئه‌و دره‌وشانه‌وه ڕۆحییه ده‌كات، كه نووسه‌ر له ڕێگه‌ی هه‌ڵاتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ سرووشت و ئاشبوونەوە لەگەڵ جیهانی ڕۆح به‌رجه‌سته‌ی كردووه.
لە پاڵ ئەم زمانەدا مامەڵە لەگەڵ فۆڕمێکی دیکەی زمان و گێڕانەوە دەکەین، کە لە ژیانێکی تەنگ و تاریک و پڕ کێشەدا بەکار هێنراوە.
زمانیش هاوشێوه‌ی گێڕانه‌وه، له‌گه‌ڵ لێدانی دڵ په‌یوه‌ست كراوه. له‌و به‌شانه‌ی چیڕۆكێكی واقیعی ده‌خوێنینەوە، ژیانی ئێستامانه، له‌و به‌شانه‌ی به‌ره‌و ڕێگه‌ی دره‌وشانه‌وه ده‌ڕۆین، هه‌ست به فڕین ده‌كه‌ین، خه‌یاڵ باڵ ده‌گرێت و ڕۆح ده‌كه‌وێته سه‌ما، (شامان) له‌و ئاهه‌نگه‌دا وه‌ك نێوه‌ندگیر و ڕێنیشانده‌ر، ڕۆح له شوێنێكی داخراو و پڕ به‌ربه‌ست ئازاد ده‌كات، ئیتر مرۆڤ چیتر به دیار دیواره‌كانه‌وه دانانیشێت و له‌گه‌ڵ ئازادییه‌كی ئه‌زمووننه‌كراو و ناوازه‌دا مه‌ست ده‌بێت.
ئایدیای پشت تێكسته‌كه، بابه‌تێكی گرنگ و فره‌جه‌مسه‌ره، به تایبه‌ت له‌م دۆخه‌ی ئێستای مرۆڤایه‌تی، كه پرسیار كه‌وتووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیتر ئەوەیە دنیا، ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ چییه و چۆن به‌ر ئه‌و واقیعه ده‌كه‌وێت. چۆن مرۆڤ به شه‌رابی سرووشت مه‌ستی ژیان بكڕێت و دواتر دزە بکاتە مەملەکەتی ڕۆح، ئایا ئه‌و شه‌ڕه‌ی مرۆڤ و سرووشت، تا كه‌ی درێژه ده‌كێشێت و لە ڕۆح دووری دەخاتەوە؟ ئایا مرۆڤ به دیوه ڕۆحییه‌كه‌یەوه، هەنگاو دەنێت و ده‌توانێت لەگەڵ سرووشت بێته‌وه یه‌ك؟ ئه‌و یه‌كبوونه تا چه‌ند له ئێسته‌دا مرۆڤ ده‌رباز ده‌كات، له‌م قه‌یرانه‌ی كه ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤایه‌تی زیاتر له هه‌ڵدێر نزیك ده‌كاته‌وه؟
بیرۆكه‌ی كاره‌كه له‌سه‌ر دوو چیڕۆك و دوو ئاست به‌ره‌و پێشه‌وه ڕۆیشتووه، دواتر هه‌ردوو چیڕۆكه‌كه ده‌بنه‌وه به‌یه‌ك، له‌و یه‌كبوونه، دره‌وشانه‌وه ده‌بێته سیمبولێك، كه نووسه‌ر ویستوویه‌تی مژده‌ی ئاشتبوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ سرووشت و ئاوڕدانەوە لە ڕۆحێکی پەڕاگەندە به ئه‌رێنی بخاته ڕوو… تێگه‌یشتن و نێوه‌ندگیری له نێوان مه‌رگ و ژیان، یه‌كبوون و دیداری ڕۆحه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی یارییه‌كانی جه‌سته، به پاڵپشتی سرووشت کارێکی ناوازەیە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.