01/05/2024
DidiMn Logo
Top

خەڵاتی نووسیار بۆ ساڵی دووەم

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ڕاگەیەندراوی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢١

دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی

ساڵی دووەم

بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە پەیام و هەواڵی ڕاگەیاندنی براوەکانی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢١ ڕادەگەێنین.

لە دوای کۆتایی خولی یەکەمی ئەم خەڵاتە و بۆ ساڵی دووەم و دوای کۆکردنەوەی تێبینی و سەرنجی ڕاوێشکارانمان هەڵمەتی کۆکردنەوەی بەرهەمی بەشداربووانمان کۆکردەوە و دوابەدوای ئەوەش تیمێکی نوێی دادوەرانمان درووستکرد. وەک چاوەڕوانکراو بوو بەرهەمێکی زۆرتر و باشتر گەیشتە دەستمان و دوای پاڵاوتن سەرجەم بەرهەمەکانی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان ناوی نووسەر و سیڤییەکانیان دەرهێنران و لەبری ئەوە کۆدی تایبەتی خۆیان وەرگرت و نیردران بۆ لیژنەی دادوەران.

لە سەرەتای ڕاگەیاندنی خەڵاتی نووسیار لە خولی دووەم دا، تا دوا ڕۆژی وەرگرتنی بەرهەمەکان لە بواری شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، بەرهەمێکی  زۆرمان پێگەیشت. ژمارەیەک لەم بەرهەمانە مەرجە سەرەتاییەکانیان تێدا نەبوو، بۆیە وەک شۆرتلیست تەنیا ئەو بەرهەمانە درانە دەست لیژنە، کە ڕەچاوی مەرجەکانی خەڵاتی نووسیاریان کردبوو.

 لە دوای دەستنیشانکردنی دادوەرەکان بۆ هەرسێ بوارەکان، لیژنەکە هەڵستا بە کاری خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان، کە هەر دادوەرێک بە شێوازی خۆی بەرهەمەکانی هەڵسەنگاند.

 بەرهەمەکانی هەرسێ بوار بەبێ ناو  نێردراون بۆ ئەندامانی لیژنە، هەتا هیچ کاریگەری و سەرنجێک نەچێتە سەر ناوی نووسەرەکان، بەڵکو تەنیا تێکستەکە خۆی بسەلمێنێت. بەمەیش باشترین دەق و ناوازەترین بەرهەم ببێتە هەڵبژاردە و  بڕیاری کۆتایی دادوەرەکان.

بەخێربێن بۆ خەرمانەی نووسیار!

 براوەکانی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢١

ئێستا یەکەمین کتێبتان چاپ و بڵاودەکرێتەوە و دەبنە بینەری یەکەم بەرهەمی چاپکراوی خۆتان. دەبێت دڵتان خۆشبێت بەوەی بەرهەمەکەتان لە لایەن لیژنەی دادوەرانەوە متمانەی وەرگرتووە و جێگەی سەرنج و ڕامانیان بووە.

 بناغەی یەکەم بەرهەمتان دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و گەورە، لە هەمان کات، ئەرکێکی قورس و پڕ بەرپرسیاریەتیشتان دەکەوێتە سەر، کە هەم بەردەوام بن و هەم کاری باشتر و جیاوازتر پێشکەش بکەن.

 ڕاگەیاندنی ئەو جۆرە خەڵاتە بۆ ساڵی دووەم ئەزموونی نووسیار پتەوتر و گەشبینانە تر دەڕوانێت بۆ بەرهەمی یەکەم نووسراوی کتێبی براوەکان. لەو ڕوویەوە ئامانجی نووسیار بە دەرخستنی بەرهەمی نووسەری گەنج و ناوە نوێکان دەردەخات. نووسین رێگاییەکی دوور و درێژە و پێویستی بە بەردەوامی و داهێنان هەیە.

بۆ ئەوانەی هەڵەنەبژێردران، ئەمە مانای ئەوە نییە بەرهەمەکانتان خراپ بن یان لە ئاستێکی نزمدابن؛ بەڵکوو لە ئاست پێوەری دادوەرەکان و مەرجی خەڵاتەکە نەدەگونجان و هەمیشە هەوڵدانی بەردەوام دەبێتە کاری پیشەیی نووسینتان. بە هیوای ئەوەی ئەزموونێکی باش بێت بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆژەی نووسینتان.

دەستەی ڕاپەڕاندنی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم ٢٠٢١

ناوی براوەکان

خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢١

دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی

سروشت نەوزاد/ براوەی شیعر بۆ کۆمەڵە شیعری (کێڵگەی بەتاڵ)

کامۆ ئاراز/ براوەی چیرۆک بۆ کۆمەلە چیرۆکی (لایۆرۆنا)

ڕەوا زەیدان/ براوەی ڕۆمان بۆ ڕۆمانی (مەرگی نادیار)

ناوی لیژنەی هەڵسەنگاندن:

خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢١

فەرهاد شاکەلی و سەباح ڕەنجدەر / شیعر

بەیان سەلمان و میران ئەبراهام / چیرۆک و ڕۆمان

سیڤیی براوەکان

سروشت نەوزاد: لە دایکبووى ساڵی ١٩٩١ نیشتەجێی شارۆچکەی سەید سادق. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری زانستی ئابوری. لە زۆربەی ماڵپەڕە ئەدەبی کولتورییەکان بەرهەمەکانی بڵاوکردۆتەوە.

کامۆ ئاراز: لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٦ نیشتەجێی شاری نیس لە فەڕەنسا. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی ئینگلیزی. بۆ مایەوەیەک وەک وەرگێڕ لە ڕاپۆرتەکانی کەناڵی بی بی سی کاری کردووە. ئەندامێکی کارایە لە ناوەندی هزر.

ڕەوا زەیدان: لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٦ لە شاری سلێمانی. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری زانست و پەروەردە. چەندین چالاکی هەبووە لە بواری ئەدەب و پەروەردە.

سپۆنسەرەکان:

  • سپۆنسەری میدیایی: ماڵەپەڕی کەلتووری دیدی من.
  • گەلەری ئاهوو، مەهاباد جەمال – درووستکردنی پارچە سیرامیکی هونەری بۆ براوەکان.
  • دوکانی کۆسماتیکا COSMETICA Shop – Suly لە ڕەند گەلەری.
  • کۆمپانیای بڵاڤ پەیک بۆ دابەشکردنی کتێب و ڕۆژنامە.
  • سکێچ و ئیلوسترەیشنی وێنەی براوەکان: شکۆ عەلی عەسکەری.
هاوبەشی بکە

DidiMn, Didimnnews,