عه‌لی عوسمان یاقووب
هیچ شانۆنامه‌نووسێکی ئینگلیزی له دوای یۆنێڵ کاوهرد١(١٨٩٩−١٩٧٧٣) له سه‌رده‌می خۆیدا ئه‌وه‌نده‌ی “هارۆڵد پینته‌ر” نه‌بۆته جێگه‌ی سه‌رنج. ته‌نانه‌ت به پێی گۆڤاری”The New Yorker” یۆنێڵ کاوهردیش له نامه‌یه‌کیدا بۆ هارۆڵد پینته‌ر، که له ساڵی ١٩٦٥ هه‌ر له دوای بینینی شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” بۆی نووسیبوو، پینته‌ر به شانۆنامه‌نووسێکی جیاواز داده‌نێت:
“به‌رهه‌م و شێوازی نووسینی تۆ سه‌رسامی کردووم. تۆ به هه‌موو دڵێکه‌وه ئه‌و رێسایانه ده‌شکێنیت، که من بڕوام پێیان هه‌یه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت، که شانۆنامه‌ی، بۆ نیو چرکه‌ش بێت، نه‌بێته مایه‌ی بێزاری. ئه‌مه‌یش ره‌گه‌زێکی گرنگه. من هه‌ڵبژارده‌ی وشه‌کانتم زۆر به‌دڵه، هه‌روه‌ها سووربوونت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ شتێ روون نه‌که‌یته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و داواکاریه به‌جێیه‌ی بێسڵکردن خه‌یاڵی بینه‌ری پێ خه‌ریک ده‌که‌یت. من باش ده‌زانم له‌به‌رچی هه‌ندێک ده‌به‌نگ رقیان لێیه. به‌ڵام من له به‌ره‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانم” ٢
هه‌روه‌ها “جۆن لار” ٣ سه‌باره‌ت به‌م شانۆنامه‌یه ده‌نووسێت:
“شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ” ژیانی منی گۆڕی. پێش ئه‌م شانۆنامه‌یه، وامدهزانێ وشه‌کان وه‌کوو بۆڕی وان، واتایان به‌ناودا ده‌ڕوات. دوای بینینی شانۆنامه‌که، تێگه‌یشتم، که وشه‌کان چه‌کن، چه‌کی به‌رگریکردن. پێشتر وامده‌زانی شانۆ هه‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌یه، که به‌زار ده‌گوترێت. دواتر له هێزی هونه‌ری بێده‌نگی گه‌یشتم. تێگه‌یشتم، که هه‌ڵکه‌وته‌ی کورسیه‌ک، ماوه‌ی وچانێک، هه‌ڵبژاردنی هێمایه‌ک، زۆر شت راده‌گه‌یه‌نن. من له ساڵی ١٩٦٧ به‌ڕاستی نه‌مزانیبوو چیم بینیوه. هه‌ر ئه‌وه‌م زانی، که به‌یه‌کبه‌ستنه‌وه‌ی توندوتیژی به‌و شتانه‌ی، که شاراوه‌ن، به‌و شێوه سه‌رنجڕاکێشه، شتێکی تازه‌ی ده‌رباره‌ی ژیان و زمان و هه‌روه‌ها سرووشتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک له درامادا فێر کردم. شانۆنامه‌ی ‘گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ’ هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌ک، هیچ تیۆرێک، هیچ راستیه‌ک، هیچ دڵنیاکردنه‌وه‌یه‌ک و هیچ هێڵێکی راست و بێوه‌ستانی تیا نییه”٤
رووداوه‌کانی شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”، وه‌کوو زۆربه‌ی ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌کانی هارۆڵد پینته‌ر، له‌چوارچێوه‌ی ماڵێک رووده‌ده‌ن. دیاره شانۆنامه‌کانی وه‌کوو “ئاهه‌نگی جه‌ژنی له‌دایکبوون” و “سه‌راییدار” و “ژووره‌که” و ژێرزه‌مین” و “خوێندنگای شه‌وان” و . . تاد، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ژوورێک یا خانوویه‌ک رووده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه له شانۆنامه‌کانی تر جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه، که مه‌ترسیه‌که هه‌ر له‌ناوه‌وه‌یه و ئه‌و که‌سه‌ی ئازاری پێ ده‌گا، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ماڵه‌وه دێ، به‌ڵام رۆژێ له رۆژان، وه‌کوو ئه‌ندامێکی ئه‌م خێزانه، له چوارچێوه‌ی ئه‌م ماڵه‌دا ژیاوه. ئێستاش مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ژنه‌که‌ی له‌ده‌ست بدا. جێگه‌ی ئاماژه پێکردنه، که مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ژن له زۆر له شانۆنامه‌کانی پینته‌ر دووباره ده‌بێته‌وه. له شانۆنامه‌ی “ژووره‌که” پێستڕهشه نابینانهکه هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ئاشکرایه بۆ “بێرت”، که “رۆز” له ده‌ست بدا. “ستانلی” له شانۆنامه‌ی “ئاهه‌نگی جه‌ژنی له‌دایکبوون” و “والی” له شانۆنامه‌ی “شه‌وێک له‌ده‌ره‌وه” هه‌رده‌م له‌به‌رده‌م ئه‌م مه‌ترسیه دان. له لایه‌کی تر، خه‌ڵکی ناو ماڵه‌که له شانۆنامه‌ی”گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”، به به‌راورد له‌گه‌ڵ شانۆنامه‌کانی تر، توند‌وتیژتر و دڕنده‌تر ده‌رده‌که‌ون: قه‌سابێکی پێشوو، مرۆڤێکی قهحپهچی، کرێکارێک، که کاری رووخاندنی خانووبه‌ره‌یه و ده‌یه‌وێ ببێته بۆکسبازێکی لێهاتوو.
“گه‌رانه‌وه بۆ ماڵ” شانۆنامه‌یه‌کی دوو په‌رده‌ییه، هارۆڵد پینته‌ر له ساڵی ١٩٦٤ نوسیویه‌تی. شوێنی رووداوه‌کانی ئه‌م شانۆنامه‌یه، وه‌کوو گوتمان، ماڵێکه له باکووری له‌نده‌ن. له‌سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که، “تێدی”، که پرۆفیسۆری فه‌لسه‌یه، له‌گه‌ڵ “رووسا”ی ژنی له ئه‌مریکاوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ له‌نده‌ن. “تێدی” ده‌یه‌وێ “رووسا”ی ژنی به ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی بناسێنێت، که بریتین له “ماکس”: باوکیه‌تی و قه‌سابێکی خانه‌نشینه. “سام”، مامیه‌تی و شۆفێره. هه‌روه‌ها براکانی: “لێنی” و “جۆی”. “لێنی” مرۆڤێکی قهحپهچیه و “جۆی”، کاری رووخاندنی خانووه و دوای ته‌واوبوونی کاری رۆژانه‌شی، له هۆڵێکی وه‌رزش خه‌ریکی بۆکسێنه، که خولیایه‌تی. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌ی “تێدی” و “رووسا” کاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێ ده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و سۆز و گه‌رموگوڕییه‌ی تیا نییه، که مرۆڤ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له ناونیشانی شانۆنامه‌که هه‌ستی پێ ده‌کا. بۆیه، ده‌شێ ناونیشانه‌که ئاماژه‌ی تری هه‌بێ، که دواتر باسی لێوه ده‌که‌ین. دیاره بنه‌ماڵه‌ی “تێدی” بنه‌ماڵه‌یه‌کی کرێکارن. “تێدی” به‌ر له‌وه‌ی بچێت بۆ ئه‌مریکا، هه‌ر له‌م شوێنه گه‌وره بووه و له‌گه‌ڵ “رووسا” ژیانی هاوسه‌رێتیان پێکهێناوه، بێئه‌وه‌ی باوک و براکانی به‌مه بزانن. دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له ئه‌مریکا، ئه‌و ماوه‌یه‌ی، که له له‌نده‌ن ده‌مێننه‌وه، له شانۆنامه‌که‌دا له ناو که‌شوهه‌وایه‌کی خێزانیه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت، که تا راده‌یه‌کی زۆر بارگاویه به به‌دڕه‌فتاری له رووی سێکسیه‌وه، تیادا، “رووسا” به شێوه‌یه‌کی ئارهزوووورووژێنی به تین و له ژێر دۆخی هه‌ڵچوونێکی سێکسیانهدا، ره‌فتار له‌گه‌ڵ براکانی “تێدی” ده‌کات. ئه‌مه‌ش وا له پیاوه‌کانی ئه‌م خێزانه ده‌کات، که ژنی تیا نییه، له گه‌مه‌یه‌کی “ئۆدهیپانه”دا هه‌ر به پلار قسه له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ن. دیالۆگه‌کان، ره‌فتاره‌کانی “رووسا” و تا راده‌یه‌کیش ساردیی و سستیی “تێدی” ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، که “رووسا” له هاوسهرێتیهکهی شاد و به‌خته‌وه‌ر نییه. بۆیه، بڕیار ده‌دا هه‌ر له له‌نده‌ن بمینێته‌وه و له‌گه‌ڵ “تێدی” هاوسه‌ری نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌مریکا.
بنه‌مای به‌هێزی ئه‌م شانۆنامه‌یه مه‌سه‌له‌ی سۆزداریه، به‌ڵام ئه‌م سۆزداریه تووشی وه‌رچه‌رخان و نووشووستی دێت، کاتێك ئه‌ندامانی خێزانه‌که، که هه‌موویان پیاون، داوا له “رووسا” ده‌که‌ن وه‌کوو ژنێکی جه‌سته‌فرۆش بمێنێته‌وه چ بۆ ئه‌ندامانی خێزانه‌که و چ له‌سه‌ر ئاستی خه‌ڵک، به‌گشتی. “رۆناڵدکنۆڵز”٥ پێیوایه، که پینته‌ر له‌رێگه‌ی دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی کێشه‌ئامێزی ناو خێزانێکی بچووک، وه‌کوو یه‌که‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکهاتوو له دایک و باوک و مناڵه‌کانیان، رووبه‌ڕووی بیرۆکه‌ی خێزانی گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه، که بێجگه له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، باپیر و داپیر و مام و برازا و . . . تاد، ده‌گرێته‌وه. دواجاریش، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌که کۆمه‌ڵی رۆژئاوایی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌گرێته‌خۆ. نووسه‌ر دیوه نموونه‌یی و ئایدیاڵه‌که‌ی ئه‌م یه‌که کۆمه‌ڵایه‌تیه، که بریتین له خۆشه‌ویستی، خه‌مخۆری، سۆز و به‌زه‌یی، به‌رپرسیارێتی، هێمنی و رێزگرتن، هه‌روه‌ها دڵسۆزی و له‌خۆبوورده‌یی ده‌خاته به‌ر لێکۆڵینه‌وه و پرسیارلێکردن تا بینه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که دیوه راسته‌قینه‌که زۆر له‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ کرد، که‌متره. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، نووسه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ململانێکان، وه‌ک ئه‌وه‌ی درێژکراوه‌ی دۆخێکی پێشتر بن، زه‌ق ده‌کاته‌وه. ئه‌مه‌یش له دیالۆگی نێوان هه‌ردوو پیاوه باڵاده‌سته‌که‌ی ناو خێزانه‌که، واته “ماکس”ی باوک و” لێنی”، کوڕه مامناوهندیهکهی، ده‌رده‌که‌وێ:
ماکس
چیت له مه‌قه‌سته‌که کرد؟
“وچانێکی کورت”
گوتم به دوای مهقهستهکهدا ده‌گه‌ڕێم. چیت لێکرد؟
“وچانێکی کورت”
گوێت له منه؟ ده‌مه‌وێ شتێک له‌م رۆژنامه‌یه ببڕم.لێنی
ئاخر من، وا رۆژنامه‌که ده‌خوێنمه‌وه.ماکس
ئه‌و رۆژنامه‌یه نا. من ئه‌و رۆژنامه‌یه‌م هه‌ر نه‌خوێندۆته‌وه. باسی رۆژنامه‌ی یه‌کشه‌ممه‌ی رابووردوو ده‌که‌م. ئێستا له مه‌تبه‌خه‌که سه‌یرم کرد.
“وچانێکی کورت”
گوێت لێیه چی ده‌ڵێم؟ من له‌گه‌ڵ تۆ قسه ده‌که‌م! کوا مه‌قه‌سته‌که؟لێنی
“له سه‌ره‌خۆ سه‌ری هه‌ڵده‌بڕێ”
تۆ بۆ ده‌مت داناخه‌ی؟ چه‌نه‌بازی ده‌به‌نگ.
ماکس و پیاوه‌کانی تر به‌رده‌وام سه‌رزه‌نشتی یه‌کتر ده‌که‌ن و رق و کینه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر به یه‌کتر هه‌ڵده‌ڕێژن. بۆ نمونه “ماکس” براکه‌ی خۆی، واته “سام” به مرۆڤێکی ژنانی وه‌سف ده‌کا، به‌و مانایه‌ی، که نێرینه‌یی تیا نییه. به‌ڵام خۆی لافی ئه‌وه لێ ده‌دا، که سێ مناڵی دروست کردووه، بێئه‌وه‌ی که‌سێ داوای لێ بکا.ماکس
تۆ چیت کردووه؟
“وچانێکی کورت”
تۆ چیت کردووه؟ تۆ گه‌نده‌و بێ که‌ڵکیت.
له‌لایه‌کی تر، مشتومڕی نێوان “ماکس” و “لێنی” ده‌رباره‌ی ئه‌سپ به‌تایبه‌تی جوانوو هه‌روه‌ها گاڵته‌کردنی “ماکس” به “سام”ی برای سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، که تاێستا نه‌یتوانیوه هاوسه‌رێک بۆ خۆی بدۆزێته‌وه، ده‌چنه خانه‌ی هه‌مان ئه‌و ململانێیه:ماکس
سه‌یره، تا ئێستا ژنت نه‌هێناوه، وانییه؟ پیاوێک به‌م هه‌موو لێهاتوویه‌ی تۆوه.
“وچانێکی کورت”
وانییه؟ پیاوێکی وه‌ک تۆ؟
سه‌رنج:
ئه‌م نووسینه، وه‌کوو پێشه‌کی، بۆ شانۆنامه‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ”، نووسراوه. شانۆنامه‌که له نووسینی هارۆلد پینته‌ره و عه‌لی عوسمان یاقووب له ئینگلیزییه‌وه وه‌ریگێڕاوه و له بڵاوکراوه‌کانی زنجیره‌ی شانۆی بیانیی ده‌زگای ئاراسه، ژماره ٤٢ی ساڵی ٢٠١٠
١. “یۆنێڵ هاوارد” شانۆنامه‌نووس و ده‌رهێنه‌ر و ئه‌کته‌ر و هه‌روه‌ها گۆرانیبێژیش بوو. زیاتر له په‌نجا شانۆنامه‌ی نووسیوه. له شه‌سته‌کان و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو به هۆی شێوازی تایبه‌تی نووسینی شانۆنامه‌کانیه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ناوبانگی ده‌رکرد.
٢. بڕوانه:
Harold Pitner and The Homecoming, The New Yorker, December, 2007 .
٣ .”جۆن لار” (١٩٤١− ) ره‌خنه‌گرێکی ئه‌مریکی به‌ناوبانگه. ئێستاش له ژیاندا ماوه و له ساڵی ١٩٩٢ه‌وه له گۆڤاری The New Yorker بهبهردهوامییهوه ره‌خنه‌ی شانۆیی ده‌رباره‌ی شانۆنامه‌نووسه به‌ناوبانگه‌کانی جیهان ده‌نووسێ. “لار” چه‌ندان رۆمان و شانۆنامه و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێ وتاری گرنگی له بواری ره‌خنه نووسیوه.
٤ . بڕوانه
Harold Pitner and The Homecoming, The New Yorker, December, 2007
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.