26/04/2024
DidiMn Logo
Top

گۆرانی وەک بکوژ

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

گۆران ڕەسووڵ

 

گۆرانییە خەمگینەکان ئامڕازێک بوون کە مرۆڤ بۆ هەڵکردن لەگەڵ ئازار و بۆ لاواندنەوەی برین یان بۆ هەر هەستێک کە نائومێدی پاڵنەری بێت، گوێی لێ گرتوون. گۆرانی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر لایەنی دەروونیی مرۆڤ هەیە، بە جۆرێک کە گۆرانی وەک كحول، وەک حەشیش هێزی جەستە و خەیاڵی مرۆڤ دەگۆڕێت، دەبێت باوەڕ بەوە بهێنین کە گۆرانییش وەک هەموو ئەو ئامڕازانەی کە مرۆڤ بۆ خۆکوشتنی بەکاری دەهێنێت، ببێتە بکوژ. سەدان چیرۆکی ڕاستەقینە تۆمار کراون کە ئاماژە بە خۆکوژیی مرۆڤ بەدەم گۆرانییەوە دەدەن. یەکشەممەی خەمبار ئەو گۆرانییەیە کە سەدان کەس بە هۆیەوە لە بارودۆخی جیاوازدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، گۆرانیی یەکشەممەی خەمبار کە بە گۆرانیی خۆکوژیی هەنگاری ناسراوە، تێکستەکەی لە لایەن شاعیری هەنگاریی لاسزلۆ جاڤۆر László Jávor نووسراوە، کە بۆ خۆشەویستەکەی نووسیوە و کاتێک کە خۆشەویستەکەی خۆی دەکوژێت و لە دوای خۆیدا یاداشتێک جێ دەهێڵێت و تەنها لێی نووسراوە یەکشەممەی خەمبار. ئەم تێکستە لە ساڵی 1933 لە لایەن پیانۆژەن و ئاوازدانەری هەنگاری ڕێزسۆ سێرێس Rezso Seress کراوەتە گۆرانی. خودی ئەم هونەرمەندەش لەساڵی 1968 لە بوداپێست لە پەنجەرەی باڵەخانەیەکەوە خۆی فڕێ دایە خوارەوە، کەچی لەم هەوڵە خۆکوژییە شکستی هێنا، بەڵام دواتر لە نەخۆشخانە بە وایەر خۆی خنکاند. لە دوا ساتەکانیشدا ئەم چەند وشەیەی دەربارەی گۆرانییەکە جێ هێشت: ”وەک پیاوێکی تاوانبار لەناو جەرگەی ئەم سەرکەوتنە کوشندەیەدا وەستام. ئەم ناوبانگە کوشندەییە ئازارم دەدا. گریام بۆ هەموو نائومێدییەکانی دڵم لەناو ئەم گۆرانییەدا، پێدەچێت ئەوانی تر بە هەمان هەستی من ئازارەکانی خۆیان لەناو ئەم گۆرانییەدا دۆزیبێتەوە“.

هەر لە ساڵانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی گۆرانییەکە، بە لایەنی کەمەوە هەژدە حاڵەتی مردن لە هەنگاریا تۆمار کران، کە بە شێوەی جۆراوجۆر پەیوەندییان بە گۆرانیی یەکشەممەی خەمبارەوە هەبووە، پێڵاوفرۆشێکی هەنگاری بە ناوی جۆزێف کێلە لە دوای خۆکوشتنی یاداشتێکی جێ هێشتبوو کە چەند دێڕێک لە تێکستی گۆرانییەکەی لەسەر نووسرابوو، چەند جەستەیەک لەناو ڕووباری دانوبدا دۆزرانەوە کە پەڕەی موزیکی ئەم گۆرانییەیان لەناو دەستیاندا هەڵگرتبوو، دوو کەس تەقەیان لە خۆیان کرد و خۆیان کوشت لەو کاتەی کە گرووپێک ئەم گۆرانییەیان دەگوتەوە و چەندانی تریش هەر لەوێ لە هەوڵی خۆکوژییاندا شکستیان هێنا، دوا بە دوای ئەوە بۆ ماوەیەک ئەم گۆرانییە لە هەنگاریا قەدەغە کرا.

نەک هەر تەنها لە هەنگاریا، بەڵکو لە ساڵانی کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابردوو ڕۆژنامەکانی تایم و نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتی چەندان هەوڵ و ڕووداوی خۆکوژییان بڵاو کردەوە کە گۆرانیی یەکشەممەی خەمبار هۆکاریان بوو، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە چیرۆکگەلێک هەن کە ڕووداوی خۆکوژیی خەڵکانێک دەگێڕنەوە کە ئەم گۆرانییە پاڵنەر و هۆکاریان بووە، یەکێک لەوانە چیرۆکی ژنێک لە لەندەنە کە دوای گوێگرتنی بە بەردەوامی لەم گۆرانییە، زیاد لە پێویست دەرمان دەخوات و دەمرێت. یەکێکی تر چیرۆکی کچێکی هەرزەکارە لە ڤیەننا کە خۆی خنکاندووە و لەناو دەستیدا پەڕەی موزیک و لیریکی ئەم گۆرانییە جێ ماوە.

ئەم گۆرانییە بە هۆی ناوەڕۆکەکەیەوە لە ئەڵمانیای نازییەکان قەدەغە کرابوو، بەڵام هێزی خەمگینیی گۆرانییەکە ئەفسەرێکی سوپای تایبەتیی هیتلەری ناچار کرد کە لە کامپی پلازۆو داوا لە پیاوێک بکات کە کەمانچەژەنێکی کارامە بوو بۆ ئەوەی لە ئێوارەدا ئەم موزیکەی بۆ بژەنێت، لەم ئێوارەیەدا بە بەردەوامی ئەفسەرەکە ئەم موزیکەی بە کەمانچەژەنەکە دووبارە دەکاتەوە تا دەگاتە ئەوەی کە بەرەو باڵکۆنی باڵەخانەکە دەچێت و لەوێش گوللـەیەک بە سەریەوە دەنێت. ئەم گۆرانییە لە مێژووی موزیکدا زیاتر لە هەر گۆرانییەکی تر وەک هۆکارێک بۆ خۆکوژی ناسراوە، ئەمەش زیاتر پەیوەندیی بە زەمەنی بڵاوبوونەوەی ئەم گۆرانییە هەیە، بەتایبەت کە مرۆڤی ئەو سەردەمە بە دەست وێرانکارییە دەروونییەکانی هەردوو یەکەم و دووەم جەنگی جیهانییەوە دەیناڵاند. ئەم گۆرانییە بۆ ماوەی 66 ساڵ لە بی بی سی قەدەغە کرا هەتاکو ساڵی 2002. یەکشەممەی خەمبار هەر لە ساڵی 1936ەوە بە زمانی ئینگلیزی بۆ چەندین جار لە لایەن هونەرمەندی جیاوازەوە تۆمار کرا کە تێکستەکەی لە لایەن سام ئێم. لویس بە دەستکارییەوە نووسرابووەوە، بەڵام دیارترین ڤێرژنی ئینگلیزیی گۆرانییەکە کە بە دونیادا بڵاو بووەتەوە لە ساڵی 1941 لە لایەن بیللیێ هۆڵیدەییە. لە گۆرانییەکەی بیللیێهۆڵیدەی چەمکی مردن و تارمایی زیاتر قووڵ کراونەتەوە. ئەگەرچی بەردەوام تێکستی ئەم گۆرانییە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و گۆرانیبێژە نەتەوە جیاوازەکان لە کاتی گوتنەوەیدا شتی تریان بۆ زیاد کردووە، بەڵام هەمیشە تێکست و گۆرانییە ئۆرجیناڵەکە مەزنیی خۆی هێشتووەتەوە. ئەمەی خوارەوە تێکستی گۆرانییە هەنگارییەکەیە کە لە ئینگلیزییەوە وەرمگێڕاوەتە سەر کوردی:

 

یەکشەممەی خەمبار

 

لە یەکشەممەیەکی خەمباردا

لەگەڵ سەدان گوڵی سپی،

ئازیزم چاوەڕ‌ێی تۆ بووم، لەگەڵ نوێژکەرێکی کڵێسا

سپێدەی یەکشەممە، شوێن خەونەکانم کەوتووم.

 

گالیسکەی خەمباری من بەبێ تۆ گەڕایەوە،

لەو کاتەوە یەکشەممەکانم بۆ هەمیشە خەمگین بوون

فرمێسکەکان تاکە خواردنەوەی منن و ئازاریش نان.

 

یەکشەممەی خەمبار

 

دوایین یەکشەممەیە ئازیزم، تکایە وەرە

قەشە، تابوت، چوارچێوەی دارتەرم و کفنیش لێرە دەبن

گوڵەکان چاوەڕێی تۆ دەبن، گوڵەکان لەگەڵ تابوتێک،

لەژێر دارە گوڵدارەکانەوە

ئەمە دەبێتە دوایین گەشتی من.

 

چاوەکانم کراوە دەبن،

بۆیە دەتوانم بۆ دوایین جار بتبینم،

لە چاوەکانم مەترسە

کە لەناو مەرگیشمدا بۆت دەپاڕێنەوە.

 

دوایین یەکشەممە،

یەکشەممەی خەمبار!

 

هاوبەشی بکە

Goran Rasul, wtari music,