18/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی کیشلۆڤسکی: یاداشتەکانی فریشتەیەک

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سینەفیلیا ئاند بیۆند
لە ئینگلیزییەوە: ژیر دانا
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

”کیشلۆڤسکی لەسەر کیشلۆڤسکی” کتێبێکە تێیدا کیشلۆڤسکی لە بارەی ژیانی خۆیەوە دەدوێت، باس لە قۆناغی منداڵی خۆی دەکات کە چۆن بە هۆی دەسەڵاتی هیتلەر و ستالینەوە ناجێگیر بووە، باس لەو هەوڵانەی دەکات کە بۆ چوونە خوێندنگەی فیلمی لۆدز داونی. هەروەها باس لەوە دەکات پۆڵەندا و داهاتووی پۆڵەندا چ گرینگییەکیان بۆ ئەو هەبووە. کتێبەکە لە لایەن دانوسیا ستۆکەوە ئامادەکراوە و ساڵی ١٩٩٣ بڵاو کراوەتەوە. ئەمەی خوارەوە کورتەیەکە لە کتێبەکە:

من هەرگیز حەزم لە وشەی ”سەرکەوتن” نەبووە و بەردوامیش خۆمم لێ پاراستووە. هەر ناشزانم کە ئەو وشەیە واتای چییە. بۆ من، سەرکەوتن لەوانەیە گەیشتن بەو شتە بێت کە دەتەوێت پێی بگەیت. ئەوە سەرکەوتنە. ئەوەیشی کە من حەزدەکەم پێی بگەم، هەرگیز بەدەست نایەت. هەر بۆیەش بەو جۆرە سەیری شتەکان ناکەم، کە بە سەرکەوتنم بگەینن. بێگومان توانیومە ناوبانگێک پەیدا بکەم لە ئاستێکی دیاریکراو یاخود فراوانیشدا، کە هەموو دەرهێنەرێک حەزی پێ دەکات. بەڵام من هێشتا تەماحم زۆرە و دڵنیاشم هەرکارێک بکەم، تەماح دەبێتە هاندەرێکی سەرەکیم. هیچ گومانم لەوە نییە. بەڵام ئەوە هیچ پەیوەندی بە سەرکەوتنەوە نییە، بگرە زۆر دووریشە لێوەی.

لە لایەکەوە، تەماحم ڕەویوەتەوە. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەو ناسراویەی کە بەدەستم هیناوە، تەنها بەشێکی ویست و تەماحەکانمی تێر کردووە و هێشتا نەگەیشتووم بەوەی کە دەمەوێت و باوەڕیش ناکەم تەماح هەرگیز بە تەواوەتی بڕەوێتەوە. مرۆڤ چەندێک زیاتر بەتەماحبێت، ئەوەندە زیاتر کۆتاییهێنان بە تەماحەکەی مەحاڵ دەبێت. ناوبانگ و ناسراویش لە چەند ڕوویەکی سنووردارەوە یارمەتیت دەدەن و سوودیان بۆ کارە ڕۆژانەییە زۆر سادەکان دەبێت. بێگومان دۆزینەوەی پارە بە هۆی ناوبانگەوە زۆر ئاسانترە لەوەی کە بە بێ ناوبانگ شەڕی بۆ بکەیت. ئەم قسەیە بۆ ئاکتەرەکان یان هەر شتێکی تر کە تۆ بتەوێت، ڕاستە. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە بۆ من، ئەوەیە کە کارەکان وا باشترە ئاسان بن، یان هەمیشە کاری قورستر ئەنجامی باشتری دەبێت؟ نازانم وا باشە ئازار بچێژیت لە ئەنجامدانی کارێکدا یان نەیچێژیت. بە ڕای من هەندێک جار ئازارچەشتن باشترە. هەموو کەس دەبێت بە ڕێگای قورسدا بڕوات. ئێمە بەو ڕێگا قورسانە دروست دەبین. سروشتی مرۆڤ بەو جۆرە دەخوازێت. ئەو کاتەی کە ژیانێکی ئاسانت دەبێت، هیچ هۆکارێکت نابێت تا بیر لە کەسانی دیکە بکەیتەوە. پێم وایە کە بۆ ئەوەی گرینگی بە کەسانی دیکە و تەنانەت خۆیشت بدەیت، پێویستە ئازار بچێژیت و تێ بگەیت لەوەی کە ئازار چییە. چونکە کە تێنەگەیشتیت، ئەوکات ناتوانیت لە ژیانێکی ئاسان و بێئازار تێ بگەیت و بەرز بینرخێنیت.

باسی ئەوەتان بۆ ناکەم کە لە چ کاتێکی ژیانمدا، زۆرترین ئازارم چەشتووە. باسی ئەوە بۆ هیچ کەسێک ناکەم. ئەوەی کە ئازاربەخشترینە، شاردراوەترینیشە. بۆیە باسی ناکەم و تەنانەت دانیشی پێدا نانێم. بەڵام هێشتایش هەر هەیە و لە هەندێک شوێندا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت. تۆیش دەتوانیت ئەو کاریگەرییە ببینیت، ئەگەر بتەوێت.

هەمیشە هەست بەوە دەکەم کە لە ڕاکردندام، بەڵام ئەوە بێزارم ناکات. هەندێک جار لە پیناو ڕزگاربووندا، پێویستە ڕا بکەیت. پێم وا بێت من زۆر دڕەنگ کەوتم لەوەی کە لە دۆخی پۆڵەندا ڕا بکەم. پێشتر بە جۆرێک ڕام کردبوو، بەڵام لە ١٩٨٠دا دووبارە کەوتبوومەوە ناویەوە و دەبوو ڕا بکەمەوە. بۆیە جارێکی تر بە هەمان ئازاردا ڕۆیشتمەوە. دەبوو زۆر پێشتر ڕام بکردایە، بەڵام گەمژەبووم.

ئەگەر بە گشتی قسە بکەین، ڕاکردن لە خۆم یان ئەوەی کە گوایە منم، هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەکردووم. تەنانەت گۆشەگیریش کێشە نەبووە لە لام. چونکە منیش وەکو هەموو کەسێکی تر، خۆم بە ڕاست دەزانم و ئەوانی تر بە هەڵە. ئیتر هۆکاری ئەوان هەرچییەک بێت، من هێشتا خۆم بە ڕاستتر دەزانم لەوان. تاکە هەڵەی من ئەوە بووە کە زۆر لە ناو ئەو بارودۆخ و خەڵکەدا مامەوە و دڕەنگ ڕام کرد لێیان. بەڵام هەر دەبوو بەو جۆرە بێت.

هۆکارم زۆرە بۆ ئەوەی کە حەز بە ئەمەریکا نەکەم. پێش هەموو شتێک، ئەمەریکا وڵاتێکی زۆر گەورەیە. خەڵکی زۆر لێیە. هەموان خەریکی ڕاکردنن و هەمیشە فەوزا و ژاوەژاوێکی زۆری تیایە. ئینجا هەموانیش وا خۆیان دەردەخەن کە دڵخۆشن. بەڵام من هیچ بڕوایان پێ ناکەم. بە ڕای من ئەوانیش بە هەمان شێوەی ئێمە غەمبارن. جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئێمە جارجار باسی غەمبارییەکانمان دەکەین، بەڵام ئەوان هەمیشە دەڵێن کە هەموو شتێک باشە. ژیان خۆشە. ئەوە زۆر بێزارم دەکات. ئەگەر یەکێک بیەوێت کارێک لە شوێنێکی جیاواز بکات، تەنها پێویستی بە نیو ساڵ دەبێت، تا لە شوێنەکە بمێنێتەوە و کارەکەی بکات. من ئەگەر ساڵێکی تەواویشم هەبێت، بەڵام لە ناو کۆمەڵێک خەڵکدا بم کە هەموو شتێکیان بە لاوە باشە، ناتوانم کارەکە بکەم.

کە ئەمەریکییەکان لێم دەپرسن ”چۆنیت؟” منیش دەڵێم کە ”خراپ نیم” یەکسەر وا دەزانن کە کەسێکی نزیکم مردووە. بەڵام لەوانەیە من تەنها بە هۆی گەشتێکی حەوت سەعاتییەوە ماندوو بووبێتم و باش نەبووبێتم. بەڵام لای ئەوان وشەی ”خراپ نیم” نابێت بەکار بهێنرێت. دەبێت هەمیشە باش یان زۆر باش بیت. بەڵام گەشبینانەترین شت کە من بتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بڵێم ”هێشتا دەژیم” دەتوانین ئەمە بە یەکەم هۆکار دابنێین، بۆ نەگونجاندنی من لەگەڵ ئەمەریکییەکان. هۆکاری دووەم ئەوەیە کە ئەوان ناهێڵن دەرهێنەر بچێتە ژووری مۆنتاژەوە. بە تایبەت لە ستۆدیۆ گەورەکاندا، ئیشی دەرهێنەر تەنها دەرهێنانە و بەس. نەک شتی تر. لەوێ نووسین ئیشی کەسێکە، مۆنتاژ کەسێک و دەرهێنانیش کەسێکی تر. خۆ لەوانەیە ڕۆژێک من نووسینی کەسێکی تر بکەم بە چیرۆکی فیلمێکم. لەوانەشە زۆر لەوانەی پێشووی خۆم جوانتر دەربچێت. ئەوە ئاسایی دەبێت. بەڵام من هەرگیز دەست لە مۆنتاژکردنی فیلمەکانم هەڵناگرم. ئەمەیش هۆکارێکی تر. شتێکی تریش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان ناهێڵن من بە ئازادی جگەرە بکێشم. بۆیە هەرگیز من بۆ ئەمەریکا نابم.

من لە ئەمەریکا دەترسم. هەر کاتێک کە دەچمە نیویۆرک، وا هەست دەکەم کە لە ناو ئەشکەوتێک گیرم خواردووە و بەردەوام دەمەوێت خۆم لەو هەستە ڕزگار بکەم. بۆ شوێنەکانی تریشی بە هەمان شێوەم. لەوانەیە ئەو قەرەباڵغیەی کە لە نیویۆرک هەیە، هەرگیز لە کالیفۆڕنیا نەبێت. بەڵام هێشتا ئەوێش پڕیەتی لە ئۆتۆمبێل. دایمە ئەو بیرە بە مێشکمدا دێت، کە لەوانەیە ئەمەریکییەکان هەرگیز نەکەونە ماڵەوە و هەموو لە دەرەوە بن پێکەوە. یان وا بیر دەکەمەوە کە لەوانەیە ئۆتۆمبێلەکان خۆیان شۆفێری خۆیان بن. بۆ شوێنە بچووکەکانیش هەر وام. بۆیە بەردەوام لێیان ڕا دەکەم و دەچمەوە ناو هۆتێلەکەم، تا بخەوم و کاتەکەم لێ بڕوات. بێگومان خەویش ئاسان نابێت بۆم، بەڵام هەر ئەوەندەی بتوانم بخەوم و دەرفەت هەبێت، ئەوا دەخەوم.

بەسەرهاتێکی سەرکێشییانە و بێمانام هەیە لەوێ. جارێکیان بەپەلە دەمویست بگەمە شوێنی نمایشکردنی فیلمی ”ناکۆتا” کە قەرار بوو لە فێستیڤاڵی نیویۆرک نمایش بکرێت. پێم وا بێت لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٥ بوو. زۆر بەپەلە بووم و بارانیش دەباری. خۆم کرد بە ناو تاکسییەکدا. شۆفێرەکە بە ناو سەنتراڵپارکدا بردمی. پارکێک کە زۆر لە هایدپارکی لەندەن گەورەتر و ئاڵۆزترە و هەموو ڕێگاکانی بەناو یەکدا چوون. لە ناو پارکەکەدا خۆی کێشا بە پاسکیلسوارێکدا. کاتیش دەمەو ئێوارە بوو، خەریک بوو بەرەو تاریکبوون دەچوو. ئیتر شۆفێرەکە خۆی پیا کێشا. پاسکیلسوارەکە کەوتە خوارەوە و شۆفێرەکەیش بەسەر پاسکیلەکەیدا ڕۆیشت. ئەوەندە بەپەلە بوو، بەسەر پاسکیلەکەدا ڕۆیشت! شەقامەکانی ناو پارکەکە زۆر باریکن و هەموویشی یەکسایدن. لە یەک کاتدا دوو ئۆتۆمبێل ناتوانن بە هەمان شەقامدا بڕۆن، مەگەر ئۆتۆمبێلی فەڕەنسیی بچووک بن، نەک ئەو ئەمەریکییە گەورانە. کە بەسەر پاسکیلەکەدا ڕۆیشت، یەکسەر دابەزی و چوو یارمەتی پاسکیلسوارەکە بدات. منیش دابەزیم، چونکە پاسکیلسوارەکە قاچی بریندار بووبوو، خوێنیشی لێ دەهات. لەم کاتەدا ئۆتۆمبێلەکانی دواوە هەموو دەستیان کرد بە هۆڕنلێدان. لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی زۆر بە دوای یەکدا ڕیز بوون و هۆڕنیان لێ دەدا و گوێیان هیچ بە ئێمە نەدەدا کە تووشی ڕووداوێک بووبووین.

کە گەیشتمە نزیک لینکنسەنتەر، پێنج خولەکی مابوو تا مەڕاسیمەکە دەست پێ بکات. پێنج یان شەش دۆلار بوو، دام بە شۆفێری تەکسییەکە. ئیتر کە پارەکەم پی دا یەکسەر ڕام کرد. لە بەرامبەرمدا تاکسییەکی تر دەهات و منی بینی. وا دیاربووم کە لە تاکسییە وەستاوەکە ڕا دەکەم، ئەوەی خۆم پێی هاتبووم. من دەمویست بە زووترین کات بگەمە ناو لینکنسەنتەر، چونکە بارانەکە جلەکانمی هەمووی تەڕ دەکرد. ئیتر تاکسییەکەی بەرامبەرم، وای دەزانی کە لە تاکسییە وەستاوەکە ڕا دەکەم، لەبەر ئەوەی کە پارەم لێ دزیبێت یان کوشتبێتم. هاواری بۆ خەڵک دەکرد کە نەهیڵن ڕا بکەم. منیش هەتا دەهات خێراتر ڕام دەکرد. تا وای لێ هات ڕاکردنەکەم بەرەو لینکنسەنتەر نەما، بەڵکو تەنها بۆ ئەوە ڕام دەکرد کە ئەو خەڵکەی بە دوامەوەن نەتوانن بمگرن. ئیتر ویستم بە قەراغی شەقامەکەدا باز بدەم و لەوێوە بچمە ناو لینکنسەنتەرەوە. بەڵام کە سەیرم کرد ئەودیوەوە هەمووی شۆفێری تاکسییە. کە بینییان لە شۆفێرێکی تاکسی ڕا دەکەم، ئەوانیش بە ناو سەنتراڵپارکدا دوام کەوتن و داری بەیسبۆڵیشیان هەڵگرتبوو، تا بەوە لێم بدەن. ئەها ئەو دارە ئەستوور و گەورانەی کە بە یەک لێدان، کەلـلەی سەر دەتەقێنێت. ئەوەی باش بوو کە دارەکانی ئەوێ زۆر چڕوپڕ بوون، ئیتر ونیان کردم و نەیاندۆزیمەوە. دوایی کە گەیشتمە لینکنسەنتەر، هەموو جلەکەم قوڕ بوو، دە خولەکیش دوا کەوتبووم. منیش هەموو چیرۆکەکەم بۆ باس کردن. ڕاستییەکەی ئەوە یەکێک نییە لە هۆکارەکانی نەگونجانی من لەگەڵ ئەمەریکا، تەنها بەسەرهاتێکی سەیر بوو.

ئەوە نموونەیەک بوو لە کۆمیدیا. ئەم ڕووداوانە هیچ کۆمیدی نین، کە بەسەر خۆتدا ڕوو دەدەن. بەڵام کاتێک لە دەرەوەی ڕووداوەکە سەیری دەکەیت، زۆریش کۆمیدی دەبێت. من هەرگیز کۆمیدیام دروست نەکردووە، لەو جۆرە کۆمیدیایەی کە ئەکتەرانی وەک ”دی فەنس” هەیانە. بەڵام بابەتی کۆمیدی و گاڵتەئامێزم لە ناو فیلمەکانمدا بەکار هێناوە.

چەندین فیلم هەبوون، کە ویستوومە دروستیان بکەم و نەمتوانیوە. بەڵام دروستنەکردنیان بە هەڵەی خۆم نازانم و هۆکاری تر زۆر بوون. چەندین بیرۆکە و سیناریۆ و دۆکیۆمێنتاری هەبوون کە ویستوومە کاریان تێدا بکەم و نەمکردوون. بەڵام بۆ فیلمی درێژ بە هەمان شێوە نییە. ئەوەی ویستبێتم دروستم کردووە جگە لە یەک دانە نەبێت. واتە من لەو دەرهێنەرانە نیم، کە دنیایەک سیناریۆیان هەیە و نەیانتوانیوە بیکەن بە فیلم. بەڵکو ئەوەی هەمبووبێت کردوومە. تەنها ئەو دانەیەم نەکردووە، ئەویش پانزە ساڵ پێش ئێستا نووسیومە.

جارێکیان ویستم فیلمێک لەگەڵ ”ژاکس کازمارسکی” دروست بکەم. ئەو گۆرانیبێژێکی بەتوانا بوو. پێشتر لە فیلمی ”قەدەری کوێر” ڕۆڵێکی بچووکم پێ دابوو. ئێستا لە میونخ کار دەکات. ئەوکات وا بیرم دەکردەوە، کە ئەو کەسێکە پێویستە فیلمێکی بە تایبەتی بۆ بنووسرێت. توانا و وزەیەکی زۆری هەبوو. نواندنی ئەو پڕ بوو لە ڕاستگۆیی و وریایی. ئەو کاتەی کە دەمویست فیلمێکی تایبەتی بۆ دروست بکەم، وڵاتی جێهێشت و هەرگیز نەگەڕایەوە. ئێستا پیاوێکی پیرە و ئەو ”ژاکس”ە نییە کە من پێشتر دەمناسی.

یەکێک لەو دۆکیۆمێنتارییانەی کە دەمویست دروستی بکەم و ئەگەر ئێستا دروستم کردبا، سوودێکی زۆری بۆم دەبوو، کۆمەڵێک چاوپێکەوتنی درێژ بوو لەگەڵ ئەو سیاسییانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی کۆمۆنیستیدا هەبوو. دەمویست پڕۆژەکە بدەم بە دەزگای ”دەبلیو ئێف دی” کە کاری دروستکردنی دۆکیۆمێنتاری دەکرد و سەر بە دەوڵەت بوو. کارەکە بە جۆرێک بوو، کە ماوەی بیست بۆ سی کاژێر گفتوگۆم لەگەڵ سیاسییەکانی وەک ”گوموتکا، سیرانکیڤیکز، مۆزار’ دەکرد. ئەو دەزگایە دواتر دەستیان کرد بە دروستکردنی لەم جۆرە کارانە و بۆ ماوەیەکی زۆریش بەردەوام بوون. بەڵام ئەوکات لەگەڵ من نەگەیشتنە ڕێککەوتن. وابزانم ئەمە لە ناوڕاستی حەفتاکاندا بوو، دوای ئەوەی کە ”کرێکاری ژمارە ٧١”م دروست کرد. پێم وا بوو کە پێویستە فیلمێکیش لەسەر سیاسییەکان دروست بکرێت و قسەیان لەگەڵ بکرێت. هیچ شتێکی تر نا، تەنها قسە و بەس. تەنانەت پێشنیاری ئەوەیشم کرد، کە فیلمەک دروست بکەین و بە بێ ئەوەی پیشانی هیچ کەسێکی بدەین، لە ئەرشیڤدا هەڵی بگرین. چونکە پێم وا بوو کە ئەو سیاسییانە بە هۆی فیلمێکی لەم جۆرەوە دەکرێت هەندێک ڕاستی بدرکێنن، ئەگەر هەڵە نەبووبێتم.

زۆر دۆکیۆمێنتاری تریش هەبوون کە نەمتوانیوە دروستیان بکەم، بەڵام لە فیلمی ”ئەماتۆر”دا کەسایەتییە سەرەکیەکە دروستیان دەکات. لەو فیلمەدا ”فیلیپ” دۆکیۆمێنتاری لەسەر چەندین شتی وەک قەراخ ڕێگا و پیاوێکی کورتەباڵا دروست دەکات. ئەو شتانەی کە خۆم ویستوومە بیان کەم بە دۆکیۆمێنتاری و نەمکردوون.

چەندین ئیش هەیە کە نەدەبوو بمکردنایە بەڵام کردوومن، هەم لە دۆکیۆمێنتاری و هەم لە فیلمی فیچەریشەوە. ئێستا کە بیریان لێ دەکەمەوە، نازانم کە بۆچی ئەو فیلمانەم دروست کردووە. بۆ نموونە فیلمی ”نیشانەکە” لەوانەیە بەس لەبەر ئەوەی فیلمێک دروست بکەم، ئەو فیلمەم دروست کردبێت. ئەوە گەورەترین گوناحە، کە دەرهێنەرێک ئەنجامی بدات. ئەوەی کە فیلمێک دروست بکات، تەنها لەبەر دروستکردنی فیلمێک. دەبێت فیلم لەبەر هۆکاری تر دروست بکرێت. لەبەر ئەوەی بتەوێت شتێک بڵێیت، چیرۆکێک بگێڕیتەوە، چارەنووسی کەسێک پیشان بدەیت، نەک تەنها لەبەر دروستکردنی فیلمێک. ئەوە گەورەترین هەڵەی من بووە. ئەوەی کە هۆکاری دروستکردنی چەند فیلمێکم، هیچ بیر نەماوە. لەوانەیە ئەو کاتەی کە دروستم کردوون، هۆکارێکم لە مێشکدا بووبێت. بەڵام بێگومان درۆم لەگەڵ خۆمدا کردووە. ئێستا ڕوونە لە لام کە تەنها لە پێناو دروستکردنی فیلمدا دروستم کردوون. یەکێکی تر لەو کارانە ”ڕۆژێکی کورتی کارکردن”ە ئێستا ناتوانم هۆکارێک بدۆزمەوە کە ئەو فیلمەم بۆی دروست کردبێت. ئەوە و چەندین دۆکیومێنتاری تریش بە هەمان شێوە.

یەکێکی تر لە هەڵەکانم کە زۆر دڕەنگ هەستم پێی کرد، ئەوە بوو کە زوو لە سیاسەت دوور نەکەوتمەوە. دەبوو ئەوەندە دوور بکەوتمایەتەوە، کە هیچ نیشانەیەکی سیاسی، بە هیچ جۆرێک لە فیلمەکاندا نەبینرێت. وە بیریشمان نەچێت گەورەترین هەڵەی ژیانم دەکرێت ئەوە بووبێت، کە چووم بۆ قوتابخانەی فیلمسازی و کاتێکی زۆرم تیایدا کوشتووە.

لە ئێستادا، پیشەسازی فیلم لە تەواوی جیهاندا کەوتووەتە قەیرانەوە. بێگومان گرنگە کە ژن و مێردێک دوای بیستوپێنج ساڵ هاوسەرگیری، یادی پێکەوەبوونیان بکەنەوە. بەڵام هیچ مانایەکی نابێت، ئەگەر خۆشەویستی لە نێوانیاندا نەمابێت، یان هەموو ڕۆژێک پێش خەوتن ماچی یەک نەکەن. بەڕاستی کارەساتە ئەگەر ئەم ژن و پیاوە هێشتا بەردەوامبن بە بێ ئەوەی پەیوەندییەکەی جارانیان پێکەوە مابێت. دۆخی ئێستای پیشەسازی فیلم، ڕێک بەو جۆرەیە. خەڵکی وەک جاران فیلمیان خۆش ناوێت و فیلمیش وەک جاران خەڵکی خۆش ناوێت.

بەڵام دەبێت ئەوەیش بڵێین، کە دەرفەتێکی وامان نەداوە بە خەڵک. تەنها ئەمەریکییەکان گرینگی زۆر بە بینەرەکانیان دەدەن. بێگومان ئەوانیش لەبەر گیرفانیان ئەو کارە دەکەن. بۆیە گرینگیدانەکەی ئەوان جیاوازە لەوەی کە من باسی دەکەم. ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم، گرینگیدانە بە لایەنە ڕۆحییەکەی بینەر. لەوانەیە وشەیەکی بەهیزم بەکار هێنابێت، بەڵام مەبەستەکەم ڕێک ئەوەیە و جیاوازە لە گرینگیدانی ئەمەریکییەکە کە بینەر تەنها بە ئامڕازی بەرزکردنەوەی بۆکسئۆفیسەکانیان تێ گەیشتوون. ئەوان گرینگی زۆر بە بۆکسئۆفیس دەدەن، هەر بۆیەش دەتوانن بودجەی زەبەلاحیان دەست بکەوێت و دواتر فیلمی باشی لێوە دروست بکەن. ئەوەتا زۆربەی فیلمە باشەکانی دنیا، لە ئەمەریکا دروست دەکرێن. تەنانەت بە ڕێژەیەکی کەمیش، هەندێکیان گرینگی دەدەن بە لایەنە ڕۆحییەکەی بینەر. من پێم وایە کە دەبێت ئێمە گرینگیدانمان بۆ بینەر زۆر لەوەیش بەرەو پێشتر ببەین. ئێستا بە جۆرێکین کە ژیانی ڕۆژانە و سادەی خەڵکمان، هیچ بەلاوە گیرنگ نییە. بۆیە خەڵکیش هەستیان بەم گرینگینەدانە کردووە و لێمان دوور کەوتوونەتەوە. لەوانەیە ڕۆژێک بێت خەڵک پێویستیان بەم جۆرە گرینگیدانە نەبێت. بەڵام لە ئێستادا، ئەو گرینگیدانە گرینگە و منیش وەک دەرهێنەرێک، خۆم بە تاوانبار دەزانم کە پشتگوێم خستووە.

باوەڕ ناکەم تا ئێستا سەیری هیچ فیلمێکی خۆمم کردبێت. بیرمە جارێکیان، لە هۆڵەندا چووم بۆ یەکێک لە نمایشی فیلمەکانی خۆم. تەنها چەند خولەکێکی کەم لەوێ بووم و دوایی ڕۆیشتم. چونکە بۆ سەیرکردنی فیلمەکە نەچووبووم. بەڵکو چووبووم تا بزانم تەمەنی فیلمەکە داکەوتووە، دەرکەوت کە داکەوتووە و ئیتر منیش ڕۆیشتم.

لە ناو هەموو جۆرە بینەرەکاندا، من ئەوانەم زیاتر بە دڵە کە دەڵێن فیلمەکانت ڕێک لەسەر ئێمەیە. یان مانایەکی تایبەتیان هەبووە بۆیان، دواتر شتێک تیایاندا گۆڕدراوە بە هۆی ئەو فیلمانەوە. جارێکیان لە شەقامێکی بەرلیندا ژنێکم بینی کە یەکسەر منی ناسییەوە. ئەو کاتە ”کورتەفیلمێک دەربارەی عەشق” نمایش دەکرا. کە ژنەکە منی بینی یەکسەر دەستی کرد بە گریان. تەمەنی لە پەنجاکاندا بوو. هات بۆ لام و سوپاسی کردم. دیار بوو ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کچەکەیدا نێوانیان تێک چووبوو، قسەیان پێکەوە نەدەکرد، هەرچەندە لە یەک شوقەیش دەژیان پێکەوە. کچەکەی تەمەنی نۆزدە ساڵ بوو ئەو کاتە. ژنەکە وتی کە وا بۆ شەش ساڵ دەچێت، کچەکەی قسەی لەگەڵ نەکردووە، جگە لە قسە سادە و دووبارەکانی وەک ”کلیلەکە لە کوێیە؟” ”کەرەمان نەماوە” ‘ئەو کاتە دێمەوە ماڵەوە” ڕۆژێک پێش ئەوەی ژنەکە من ببینێت، لەگەڵ کچەکەیدا سەیری فیلمەکەی منیان کردبوو. کە تەواو بووبوو کچەکە ماچی دایکی کردبوو. بە ئەگەری زۆرەوە دوای یەک-دوو ڕۆژ شەڕەکەیان دەستی پێ کردووەتەوە و فیلمەکەیان بیر نەماوە. بەڵام هەر ئەوەندەی کە بۆ پێنج خولەک، هەستێکی جیاوازیان بۆ دروست بووە، یان ژنەکە بۆ ماوەیەکی کەم دڵخۆش بووە، بۆ من بەسە. فیلمێک ئەگەر تەنها بۆ ئەو پێنج خولەکەیش دروست بکرێت، دەبێت دروست بکرێت. لەوانەیە کچەکە لە دیمەنێکی ”کورتەفیلمێک دەربارەی عەشق” دڵی باش بووبێت بەرامبەر بە دایکی، بڕیاری ماچکردنی دایکی دابێت. ئەم ڕووداوە لە کاتی بینینی فیلمەکەی مندا ڕووی داوە. کەواتە ئەوان وا بیر دەکەنەوە کە فیلمەکە هۆکار بووە. ئەو ماچە، یان ئەو ژنە، شایەنی ئەوەن کە فیلمیان بۆ دروست بکەیت.

زۆر کەس دوای بینینی ”کورتەفیلمێک دەربارەی کوشتن” لێیان پرسیوم کە چۆن زانیومە هەستی بکوژێک، بەو جۆرەیە کە لە فیلمەکەدا پیشانم داوە. بۆ فیلمی ”ئەماتۆر”یش، ئەو کاتە هەمان پرسیارم بە نامە بۆ دەهات و خەڵکی دەیان پرسی، کە من چۆن دەزانم هەستی عاشقێکی کامێرا چۆنە. زۆر جاریش دەیانوت کە ئەو فیلمە لەسەر ئەوان و ژیانی ئەوان دروست کراوە. ئەوە لە لایان سەیر بوو بۆیە دەیان پرسی کە من چۆن ئەو هەستانە دەزانم و ئایا ئەوان بەڕاستی دەناسم؟ بۆ فیلمەکانی تریش ئەمە هەر بەردەوام بوو. دوای ”کورتەفیلمێک دەربارەی عیشق” کوڕێک نامەی ناردبوو، وتبووی کە گوایە فیلمەکە لەسەر ژیانی ئەوە. ئەوە شتێکی زۆر خۆشە کە کارێک دەکەیت بەبێ ئەوەی بزانیت ڕێک چیت دەوێت لەو کارە. بەڵام دواتر کارەکە بە چارەنووسی کەسێکەوە دەبەسترێتەوە.

یان جارێکیان کچێک، لە دوای کۆبوونەوەیەک لە دەرەوەی پاریس، هات بۆ لام. کچێکی پانزە ساڵ بوو. وتی چەندین جار چووە بۆ سەیرکردنی ”دووانە ژیانی ڤیرۆنیک” تەنها لە پێناو ئەوەی کە وەڵامێکی دەست بکەوێت. وەڵامی ئەوەی کە ئایا شتێک هەیە بە ناوی ڕۆحەوە؟ پێشتر ئەم وەڵامەی نەدەزانی. بەڵام لە دوای ئەو فیلمەوە بڕوای بە بوونی ڕۆح بۆ دروست بوو. بەڕاستی کچەکە شایەنی ئەوەیە کە ئەو فیلمەی بۆ دروست بکرێت. شایەنی ئەوەیە ساڵێک کاری بۆ بکەیت، پارە و کات و وزەتی بۆ بکەیت بە قوربانی، خۆت ڕاڕا بکەیت و هەزاران بیرۆکە بێتە ناو میشکتەوە، تەنها لە پێناو ئەوەی کە کچێکی گەنج بڕوای بۆ دروست ببێت لەسەر بوونی ڕۆح. ئەمانە بینەری نموونەیین و باشترین بینەری منن. لەوانەیە ژمارەیان زۆر نەبێت، بەڵام هەن.

هاوبەشی بکە

Cinema, krystof kishlovsky,