19/03/2024
DidiMn Logo
Top

دووەمین ڕۆمانی زافۆن بە کوردی بڵاو دەکرێتەوە

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

کارلۆس ڕویز زافۆن (1964- 2020) - بەرگی چاپی کوردیی یاریی فریشتەکە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم (2020)

دیدی من

رۆژی شەممە (29\8\2020) لە مەراسیمێکدا لە سلێمانی دووەمین کتێبی نووسەری ناوداری کەتەلۆنی کارلۆس ڕویز زافۆن بە زمانی کوردی بڵاو دەبێتەوە. یاریی فریشتەکە، کە دووەمین کتێبی چوارینەی گەنجینەی کتێبە لەبیرکراوەکانی زافۆنە، لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ هیوا قادر لە سویدییەوە کراوە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی دەکاتەوە، کە پێشتریش ڕۆمانی سێبەری با، کتێبی یەکەمی چوارینەکەی لە سویدییەوە کردبوو بە کوردی و لە لایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.

وەرگێڕی کتێبەکە، هیوا قادر دەربارەی کتێبی یاریی فریشتەکە بە دیدی منی وت: ”یاریی فریشتەکە پڕە لە ڕووداوی یەک بە دوای یەک کە مەگەر هەر زافۆن بتوانێت بەو چەشنە پێکەوە گرێیان بدات و خوێنەر تووشی ڕاچڵەکین و ڕووداوی ناگەهان بکات. ئەم ڕۆمانەش وەک سێبەری با، «گەنجینەی کتێبە لەبیرکراوەکان» دەبێتە ئەو مانگەی کە هەموو ڕووداوەکان بەدەوریدا دەسوڕێنەوە.”

دەربارەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە و وەرگێڕانی ئەدەبیاتی زافۆن بە گشتی، هیوا قادر وتی: ”بۆ من وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ زمانی کوردی پڕ بوو لە چێژ و لە هەمان کاتیشدا سەختی. وەرگێڕانەکەی یەک ساڵ و یەک هەفتەی خایاند، بەڵام بینینی ئەو پەرۆشییەی خوێنەرانی کورد بۆ سێبەری با، وای کرد هەموو ئەو ماندووبوونانەی کە بە دەست ئەم وەرگێڕانەوە چەشتبووم، لەبیرم بچێتەوە. قورسیی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وەسفە کورت و چڕانەی زمانەکەی، لەگەڵ ئەو شیعیرییەتەی لەناو گێڕانەوەی چیرۆکەکاندا هەیە، کە دەبێت زۆر بە وردی حساب بۆ ئیقاعی مۆسیقیی دێڕ و گوزارشتە شیعرییەکان بکەیت.”

هەروەها وتیشی بە هۆی سەرقاڵبوونی بە نووسینی بەرهەمی خۆی و ئەو کاتە کەمەی بەدەستیەوەیەتی، لە ئێستادا هیچ پلانێکی نییە بۆ وەرگێڕانی دوو بەشەکەی تری چوارینەکە.

بەرگی ڕۆمانی یاریی فریشتەکە
بەرگی چاپی کوردیی ڕۆمانی یاریی فریشتەکە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

کتێبەکانی چوارینەکەی زافۆن پێک دێن لە ڕۆمانەکانی سێبەری با (2001)، یاریی فریشتەکە (2008)، زیندانیی ئاسمان (2011) و وێڵگەی ڕۆحەکان (2016). به‌شه‌کانی ئه‌م چوارینەیە ده‌کرێت به‌ جیا بخوێندرێنەوە‌ و ده‌شکرێت به‌ دوای یه‌کتردا به‌ پێی به‌رواری بڵاوکردنه‌وه‌کانیان بخوێندرێنه‌وه‌؛ وه‌ک پێچاوپێچییه‌ک یان تۆڕه‌ڕێیه‌ک وان، خوێنه‌ر له‌ کوێوه‌ ده‌ست پێ بکات به‌ هه‌مان شوێن ده‌گا‌ته‌وه‌.

کارلۆس ڕویز زافۆن کارلۆس رویس زافۆن له‌ ساڵی ١٩٦٦ له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ له‌دایک بووە و خاوەنی نۆ ڕۆمانە. هەروەها خاوەنی چەند پارچەموزیکێکی نایابە. زافۆن دوو مانگ پێش ئێستا، لە تەمەنی 55 ساڵیدا لە لۆس ئەنجلۆس لە ماڵەکەی خۆیدا بە نەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆن کۆچی دوایی کرد.

مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبی یاریی فریشتەکان ڕۆژی شەممە کاتژمێر 5ی ئێوارە لە سلێمانی لە کافێ کتێبی غەزەلنووس بەڕێوە دەچێت.

هاوبەشی بکە

Hiwa Qadir, Zafon,