دیدی من
فیلم: خەونبینەکان (The Dreamers, 2003)
دەرهێنەر: بێرناردۆ بێرتۆلۆجی
بینەر: محەمەد حاجی
مرۆڤ نە ژیرە، نە گەمژە. بەر لە هەر شتێک، مرۆڤ ئازادە.”
ئەمە یەکێک لە دروشمەکانی بزووتنەوەی ئایاری خوێندکارانی فەڕەنسا (1968). ڕاستە مرۆڤ بە ئازادی دێتە بوون، بەڵام کاتێک سیستەمێک بەرگێکی زۆرەملێی پێ دەپۆشێ و سنووری ئازادییەکانی بچووک دەکاتەوە، ئەوا دەبێت ئەو مرۆڤە خەونبینە سڵ لە ڕووتبوونی خۆی نەکاتەوە، تا دەتوانێ ئەو پۆشاکەی بۆی دوراوە، تووڕی بدات، گەرنا تا مردن لەو سنوورە بەرتەسکەدا قەتیس دەخوا.
لە ڕێی فیلمی ”خەونبینەکانەوە”، بینەر دەتوانێ ئاوڕێک لە سەردەمی ڕاپەڕینی ئایاری فەڕەنسا بداتەوە و بە دنیابینیی ئەوکاتی خوێندکاران ئاشنا ببێت، لەگەڵ ئەمەیشدا دەرھێنەر لە ڕێی سێ کارەکتەرەی سەرەکیی فیلمەکەوە، دێت بەراوردکارییەکمان لە نێوان دنیابینیی تاکی ڕۆژئاوایی و تاکی ئەمەریکیدا دەکات. تیۆ و ئیزابێل، کە خوشک و بران، لەژێر کاریگەریی ”سینەماتیک فرانسیس” داخەونی شۆڕش و یاخیبوون لە دەروونیاندا چەکەرە دەکات. ماتیۆ، کە ھاووڵاتییەکی ئەمەریکییە و بە مەبەستی خوێندن چووەتە فەڕەنسا، لە حەزی زۆریەوە بۆ سینەما، ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو خوشک و برایەدا پەیدا دەکات.
سەرباری خاڵی ھاوبەشی زۆر لە نێوانیاندا، بەڵام دنیابینیی ھەر یەک لەو سێ کارەکتەرە لەسەر پرسی شۆڕش و یاخیبوونیان، هەندێک جار دژ بە یەک دەوستنەوە. تیۆ بڕوای وایە مرۆڤ نابێت لەژێر پاڵەپەستۆی فەرمان و ڕێساکانی سیستەمێکدا بڕواتە جەنگێکەوە کە دواجار جگە لە کاولکاری و توندوتیژی، شتێکی تر دوای خۆی جێ ناھێڵێت، بەڵام ماتیۆ کە ھاووڵاتییەکی ئەمەریکییە، دەڵێت: ”ھەندێک حاڵەت ھەن مرۆڤ ناچار دەکات کە ملکەچی فەرمانەکانی دەوڵەت ببێ، چونکە ھیچ بژاردەیەکی باشتری لە بەردەستدا نییە، ئەگەرنا دەوڵەت بە بیانووی سەرپێچیی فەرمان ئەو کەسە بە سزای زیندانی مەحکوم دەکات.” تیۆ بە تووڕەییەوە وەڵامی دەداتەوە: ”من پێم باشترە تاهەتایە بخرێمە زیندانەوە، لەوەی بڕۆم بۆ جەنگ.” بەڵام کاتێک شۆڕش بە ئاقارێکی تردا دەڕوات و توندوتیژیی تێدا سەر هەڵدەدات، ماتیۆ تکا لەو خوشک و برایە دەکات پەشیمان ببنەوە و بەشداریی شۆڕشێک نەکەن کە توندوتیژیی لێ بکەوێتەوە، بەڵام خوشک و براکە گوێ بە ئامۆژگارییەکانی ھاوڕێ ئەمەریکییەکەیان نادەن. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت دنیابینیی تاکی ئەمەریکی لەگەڵ شۆڕشێک نییە توندوتیژیی لێ بکەوێتەوە، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی ڕاستکردنەوەی خواروخێچی سیستەمێکش بێ، چونکە دواجار توندوتیژی ھەر توندوتیژییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا ئامادەیە بچێتە جەنگێکی پڕ لە ئاشوبەوە، تەنها لەبەر ئەوەی خۆی لە سزایەک بدزێتەوە کە دەسەڵات بەسەریدا دەچەسپێنێ، گەر ھاتو سەرپێچیی فەرمانەکانی بکات، بەڵام لای تاکی فەڕەنسی ئەوە خواروخێچیی دەسەڵاتە وا دەکات جەنگ ھەڵبگیرسێت و کاولکاری بخوڵقێنێت، ھەر بۆیە دەبێ بەوپەڕی تواناتەوە بەرپەرچی بدەیتەوە؛ ئەگەرچی ئەو پەرچەکردارە جارجار بەرەو توندوتیژی پەل بهاوێژێ.
یەکێکی تر لە ڕەگەزە گرنگەکانی ئەم فیلمە، کە بە شێوەیەکی جیاواز و تۆزێک نامۆ دەردەکەوێت، مەسەلەی ”سێکس” و ئەو پەیوەندییە دژەباوە سەیرەیە لە نێوان ئەو سێ ھاوڕێیەدا، کە جێی خۆیەتی ھەڵوێستەی لەسەر بکرێ. لەم فیلمەدا ڕەگەزی ئەوینی سێقۆڵی، بە تایبەتتر ئەو پەیوەندییەی لە نێوان خوشک و براکەدا ھەیە، تابۆیەکە ھیچ کات بە ئاسانی ھەزم ناکرێت، بەڵام مرۆڤ کە یاخی بوو، سڵ لەوە ناکاتەوە چۆنی ویست ئاوا مامەڵەی ئازادییەکانی بکات. ماتیۆ سەرباری نوقمبوونی لە چێژی ئەو پەیوەندییەدا، بەڵام نەیدەتوانی گومانەکانی بشارێتەوە، ھەر بۆیە بە ئیزابێل دەڵێت: ”ئەگەر دایکوباوکت بەو پەیوەندییە بزانن چی؟!” ئیزابێل لە وەڵامدا دەڵێ: ”خۆمان دەکوژین.” بێگومان، بە ڕاستی مەبەستی بوو ئەوەیش بکات، ھەر بۆیە پاش ئەوەی دایکوباوکی لە سەفەر دەگەڕێنەوە و ھەموو شت بە چاوی خۆیان دەبینن، لەگەڵ ئەوەیش کە لە ناخەوە گڕ دەگرن، بەڵام بە بێدەنگی جێیان دەھێڵن و چەکێکی پارەیشیان لەسەر مێزێک بۆ جێ دەھێڵن. ئیزابێل کاتێک خەبەری دەبێتەوە و چەکی پارەکە دەبینێ، تێدەگات دایکوباوکی بەو پەیوەندییەیان زانیوە، بەڵام بێ ئەوەی ھیچ بڵێن، ڕۆیشتوون، ھەر بۆیە لە ڕێی گازەوە دەیەوێ خۆی و برا و ھاوڕێکەی بخنکێنێ، بەڵام کاتێک لەسەر شەقام ھەڵای خۆپیشاندەران بەرز دەبێتەوە، ئیزابێل بە خێرایی سۆندەی گازەکە لە بەرچاو دەشارێتەوە و لەگەڵ برا و ھاوڕێکەی دەڕۆنە پاڵ خۆپیشاندەران.
لێرەدا گەر شیکردنەوەیەکی سادە بۆ ئەو پەیوەندییە بکەین، دەبێت بڵێین باوک، کە ئاماژەیەکە بۆ سیستەم و دەسەڵات، هەروەها مناڵەکانیان کە مەبەست لێی شۆڕشگێڕەکانن و پەیوەندییە دژەباوەکەیان، دەلالەتە لە داواکارییەکانیان، ئەوا دەگەین بەو ئەنجامەی ئەو نامۆییە لە پەیوەندییەکی لەو چەشنەدا، گوزارشتە لە ویست و داواکاریی شۆڕشگێڕەکان، ئەوان بۆیە یاخین چونکە ڕازی نابن بەوەی سنوور بۆ ئازادیی حەزەکانیان دابنرێ، ئەگەرچی ئەو ئازادییە لای دایکوباوکیان لادان و نامۆ و قەدەغەکراو دێتە بەرچاوان، وەک چۆن داواکاریی شۆڕشگێڕەکان لە ڕاستیدا ھەمان پێناسی ئەو پەیوەندییە نامۆیەی ھەبوو لای دەسەڵات
ھەر بۆیە یاخییەکانی ئایار لە یەکێک لە دروشمەکاندا ھاواریان دەکرد:
”با قەدەغە قەدەغە بکرێ.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.