05/12/2019
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بیكێت: خوێندنەوەیەکی پۆستمۆدێرنیزمانە بۆ شانۆنامەی به‌ده‌م چاوەڕوانیی گۆدۆوه‌

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منلیترەری ئارتیکڵس
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

شانۆنامەی به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌ی ساموێل بیکێت، شانۆنامەیەکی ئەبسێردە و دەچێتە خانەی هەردوو ڕێبازی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزمەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی بڵاوبوونەوەی و چەند تایبەتمەندییەکی وەک خودگەرایی، پەرشوبڵاوی، دژیەکی، قەیرانی بوون، قەیرانی کەسایەتی و زۆری دیکەش، دەتوانین ببینین کە شانۆنامەکە زیاتر بەلای پۆستمۆدێرنیزمدا دەڕوات، وەک لە مۆدێرنیزم. هەروەها ئەم شانۆنامەیە لە شانۆی ئەبسێردیزمدا، شانۆنامەیەکی سەرەکییە، کە دەرئەنجامی شانۆی پۆستمۆدێرنیزمە و لە فەلسەفەی ئێکزستێنشالیزمەوە سەرچاوەی گرتووە و بیروڕای ئەوەیە کە ”لە بنەڕەتی بوونماندا، هیچ هەیە“.

لە شانۆنامەکەدا، دوو کارەکتەر، ڤلادیمێر و ئیستراگۆن، لە شاڕێی لادێیەک، لە پەنا درەختێکدا، چاوەڕێی گۆدۆ دەکەن، کە هەرگیز نایەت. لە ڕێگەی دۆخێکی بەتاڵ و چاوەڕوانییەکی بێماناوە، شانۆنامەکە بەتاڵیی دەروونی مرۆڤی مۆدێرن پیشان دەدات، کە لەدوای دوو جەنگی جیهانیی بزواوە، مرۆڤی مۆدێرن دەکەوێتە داوی چاوەڕوانییەوە. چاوەڕوانییەک، کە هیچ چارەسەرێکی نییە، جگە لە بەردەوامبوون لە چاوەڕوانی.

بۆ بەردەوامیدان بە بابەتەکە، دەبێت هەندێک زانیاریی باکگراوندی لەسەر سەرەتای نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، لە دونیای سیاسی، ئەدەبی، فەلسەفی و ئایینی بزانین. سەرەتای سەدەی بیستەم شایەتی دوو جەنگی جیهانی بووە و تێیدا لە ئەدەبدا دوو ڕێبازی ئەدەبیی ناسراو سەریان هەڵدا، کە مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم بوون و هەموو ئەم ڕووداوانە ڕێگەیان بۆ دابونەریتێکی شانۆیی درامیی ئەبسێرد خۆش کرد؛ وەک لە پێشتردا باسمان کرد، کە دەرئەنجامی پۆستمۆدێرنیزمە و لەڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئەو زەمەنەیە. شانۆی ئەبسێرد باس لە سروشت و ئاوازێکی ڕووەو ژیان دەکات، کە تیایدا بوونی مرۆڤ دووڕیانی چالاکییەکی بێئامانج، بێمانا و ناپێویستە، ئەوپەڕی نکۆڵیکردنە لە نرخە کۆنەکان، هیچ پلانگێڕییەک، ڕوونکردنەوەیەک و ڕیزبەندییەکی لۆژیکی و لوتکەیەکی نییە. ساموێل بیکێت تێگەیشتنێکی پووچگەرایی، هیچێتی و بێمانایی ژیانی لە شانۆنامەی به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌ ناساندووە.

 

هەندێک تایبەتمەندێتیی پۆستمۆدیرنیزم دەخەینە ڕوو، کە لە شیکردنەوەی شانۆنامەکەدا یارمەتیدەر دەبن:

پۆستمۆدێرنیزم زاراوەیەکە، پێشنیاری کاردانەوەیەک یان وەڵامدانەوەیەک بۆ مۆدێرنیزم لە دواییەکانی سەدەی بیستەم دەکات. پۆستمۆدێرنیزم تایبەتمەندیی پێچەوانەی بەرانبەر سوننەتگەرایی و هەقیقەت هەیە، باوەڕی بەو گریمانەیە هەیە، کە دەڵێت ”نائەقڵانیییەت ڕاستییە و ڕاستی نائەقڵانییە“.

بە پێچەوانەی مۆدێرنیزمەوە، پۆستمۆدێرنیزم لەجیاتیی ئەوەی بەسەر ناتەواوییەکەیدا بگری، شانازیی پێوە دەکات. گرنگی نادات بەو بنچینە سفرییەی لە پێکهێنانیدا هەیە، لە کاتێکدا سوننەتگەرایی گرنگیی پێ دەدات.  یاسای پێشوەختدانراو و بنەمای درێژدەمیی نییە و ڕووداو، چالاکی، بیرۆکە و ڕەوشت بۆ ماوەیەکی درێژ تیایدا بوونیان نییە. بە پێچەوانەی سوننەتگەراییەوە، هەموو ئەم پرسانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. پۆستمۆدێرنیزم دەڵێت کە لە گەردووندا هەقیقەتی ڕەها بوونی نییە و تایبەتمەندیی کارە ئەدەبییەکان تیایدا زۆر فراوانە. لەم کارە ئەدەبییانەدا، یاسای ئەدەبیاتی کلاسیک ناخوات. هیچ یەکڕیزییەکی کات، شوێن و کار بوونی نییە و بە پێچەوانەی ئەدەبیاتی کلاسیکەوە، هیچ قارەمانێک بوونی نییە. کارەکتەرانی ئەدەبیاتەکەی، کەسانی ئاسایین، بابەتی کارەکان سەبارەت بە ژیانی ناوەکین، بیرکردنەوە و کێشەی کەسە ئاساییەکانن. کۆتاییەکانی، دەکرێت بە چەندین جۆری جیاواز ڕوون کرابێتەوە، ڕەنگە دەرئەنجامەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگۆڕێت. لە لایەکی دیکەوە، لە ئەدەبیاتی کلاسیکدا کۆتاییەکی داخراو هەیە، تەنها یەک وانە بۆ هەموان هەیە. بۆ نموونە، لە دەقی پادشا ئیدیپوسی سۆفۆکلیس، کۆتاییەکی داخراو و یەک وانەی بۆ هەموان تێدایە: ”گوێڕایەڵیی چارەنووس بکە.“

لەگەڵ ئەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوەدا، ئاسانتر دەتوانین شیکردنەوە بۆ شانۆنامەی به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌ بکەین؛به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم نووسراوە. هەمدەم پێش پۆستمۆدێرنیزم. بۆیە لە نێوان شانۆنامەکە و پۆستمۆدێرنیزمدا، لێکچوون هەن.

لە سەرەتادا، شانۆنامەکە شانازی بە ناتەواویی لە هەموو ڕەهەندەکاندا دەکات؛ زمان، پلۆت، کارەکتەر، دۆخ و ناوەڕۆک لە فۆڕمێکی ناتەواودا پێشکەش کراون، وەک ئەوەی شانۆنامەکە نموونەیەکی زاڵی ناتەواوی بێت. جیاوازیی نێوان شانۆنامەی زەویی خاشاک و به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌ ئەوەیە، ئەویان داخ بۆ شکۆی کەوتووی ڕابردوو دەخوات، بەڵام ئەمیان هەرگیز داخ بۆ ڕابردوو ناخوات.

کلیلێکی تری تایبەتمەندیی پۆستمۆدێرنیزم، ئەو دیدەی هەیە کە هەرچییەک نائەقڵانی بێت ڕاستییە و ئەوەی ڕاستی بێت، نائەقڵانییە. شانۆنامەکە بە تایبەتمەندێتییە سەیرەکەی، ئەوپەڕی ئەقڵانییەت بۆ نائەقڵانییەت دەگۆڕێت و ئەوپەڕی ناهەقیقەت بۆ هەقیقەت دەگۆڕێت.

ڤلادیمێر و ئیستراگۆن کەسانی پلەبەرز نین و ئاسایین؛ شانۆنامەکە بایەخ بە کێشەی کەسی دەدات، کە کێشەیەکی ناوەکییە. هیچ پلۆتێک و کارێکی تێدا نییە و هیچ لە شانۆنامەکەدا ڕوو نادات، لە پۆستمۆدێرنیزمیشدا هیچ فەرمانێک نییە و ئەمەش تایبەتمەندییەکی هاوبەشە لە نێوان هەردووکیاندا.

لە شانۆنامەکەدا، هەقیقەتی ڕەها بوونی نییە، هەموو شتەکان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. لە سوننەتگەراییدا، تەنها یەک هەقیقەت هەیە. وەک مۆدێرنیزم، پۆستمۆدێرنیزمیش بڕوای بەوە هەیە کە هەقیقەتی ڕەها بوونی نییە و هەقیقەت پەیوەندیدارە. پۆستمۆدێرنیزم سوورە لەسەر ئەوەی هەقیقەت بەپێی تێگەیشتنی مرۆڤ بۆی، ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو وەک مێشک ساز دەکرێت، کە هەوڵ دەدات لە هەقیقەتی تایبەتیی خۆی تێبگات. بۆیە هەقیقەت و درۆ، ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێت.

وەک پێشتر باسمان کرد، شانۆنامەکە بایەخ بە کێشەی کەسی دەدات و سەبارەت بە هەردوو کارەکتەرەکە، ڤلادیمێر و ئیستراگۆن، هیچمان بۆ ڕوون ناکرێتەوە. وەک تەمەنیان، پێگەیان لە کۆمەڵگەدا، کارەکەیان و زۆری تریش. لەگەڵ ئەوەشی کە ناویان هەیە، ئێمە نایانناسین، چونکە ناوی یەکتر ناڵێن. ڤلادیمێر ئیستراگۆن بە گۆگۆ و ئیستراگۆن ڤلادیمێر بە دیدی بانگ دەکات. لەدەستدانی یادەوەرییش لەگەڵ قەیرانی کەسایەتییان کاریگەریی هەیە. ئەوان ڕابردووی خۆیان بیر نایەت؛ لەدەستدانی یادەوەری و لەدەستدانی کەسایەتی. لە پەردەی دووەمدا، پۆزۆ وەک نابینا دەردەکەوێت و لەبیری نایەتەوە کە دوێنێ ئیستراگۆن و ڤلادیمێری بینیوە.

به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌، شانۆنامەیەکی شانۆی ئەبسێردیزمە، بیکێت لەسەر ئەوەی لە بنەڕەتی بوونماندا هیچ بوونی هەیە، سوورە. ڤلادیمێر و ئیستراگۆن ڕووبەڕووی قەیرانی بوون دەبنەوە، کە ژیان هیچ مانایەکی بۆیان نییە. ئەم نائومێدییە لە ڕێی دووبارەبوونەوەی ڕستەی ”هیچ نییە تا بکرێت“ دەردەبڕرێت، کە ئیستراگۆن دەیڵێت. بە نزیکەیی ولەدوای دوو جەنگی جیهانییەوە، مرۆڤی مۆدێرن ئەزموونی هەمان هەست دەکات؛ ژیان بۆیان وەک شتێکی پووچە و پڕە لە بێمانایی و بێئامانجی و هیچی.

دەتوانین بڵێین کە شانۆنامەی به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌، بۆ توێژینەوەکردن لەسەر دونیابینیی مرۆڤی پۆستمۆدێرن، گرنگە.

SamuelBeckett, Waiting for Godot, په‌ڕاوی بیكێت,