14/12/2017
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: هەموو شتێک لەپێناو گێڕانەوەدا

لە لایەن دیدی من 3 هەفتە پێش ئێستا

به‌رگی ڕۆمانی كوژرانی كابرای كتێفرۆش

به‌رگی ڕۆمانی كوژرانی كابرای كتێفرۆش

دیدى منخوێنەر و کتێب

کتێب: کوژرانى کابراى کتێبفرۆش
نووسەر: سەعد محەمەد
خوێنەر: بەڵێن عوسمان

پاش ڕووخانى دیکتاتۆرییەت لە عێراقدا، ڕەوتى نووسینى ژانرە ئەدەبییەکان (لە ناویشیاندا ڕۆمان) لەسەر هەردوو ئاستەکەى گێڕانەوە: فۆڕم و ناوەڕۆک، گۆڕانکاریى گەورە و نوێى بە خۆیەوە بینی. ڕووداوە سیاسى، سەربازى و کۆمەڵایەتییەکانى دواى ساڵى ٢٠٠٣، هەروەک چۆن ڕۆڵیان هەبوو لەسەر واقیع و ژیانى کۆمەڵگەى عێراقى، ئاواش کاریگەرییان دانا تا نووسەرانى ئەم قۆناغە خۆیان لە قەتیسمانەوە لە ناو مێژوودا دەرباز بکەن؛ وێڕاى بەدەستهێنانى ئازادى فکریى زیاتر، دەستکراوەیى لە نووسیندا و ئاسانکاری لە چاپ و بڵاوکردنەوەى بەرهەمەکانیان (بەراورد بە قۆناغى پێش ڕووخانى دیکتاتۆرییەت)، هاوکات نووسەران بوونە خودان بیرکردنەوە و هەڵگرى دیدگایەکى تر بەرانبەر بە عێراقى نوێ، هەر ئەمەش بوو بە بنەما بۆ میتۆد و بابەتى ناو ڕۆمانەکانیان.

لە پێشووتردا، نووسەرانى وەک جەبرا ئیبراهیم، عەبدولڕەحمان ڕوبەیعى، فوئاد تکرلى و تا دوایی، ئاڵۆزییە سیاسییەکان، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، کودەتاى سەربازى و جەنگى عێراق – ئێرانیان کردبوو بە بابەتى ناوەندى ڕۆمانەکانیان. گێڕانەوە لاى ڕۆماننووسانى عێراقى لە سەدەى ڕابردوودا، پتر پەیوەست بووە بە مێژووەوە، هەندێک جاریش پشتى بە میسۆلۆژیا بەستووە و بە دەورى چیرۆکى ڕووتدا سووڕاوەتەوە. ئەم شێوازە لە نووسین، نووسەرانى دوور خستووەتەوە لە تازەگەرى و داهێنانکارى لە پیشە ئەدەبییەکەیاندا. بەڵام ڕووخانى دیکتاتۆرییەت و هاتنى ئەمەریکا بۆ عێراق، پاشتریش تێکچوونى دۆخى ئاسایشى وڵات و کردەوە تێرۆرستییەکان، بوونە خاڵى وەرچەرخان و هەنگاوێکى مەزن بۆ ڕۆماننووسان کە چیدى کۆنسێپتى سواو و تۆزلێنیشتوو نەبنە هۆکارى بەرهەمهێنانى ڕۆمانى شکڵى، لەجیاتیى ئەوە لێکترازانى کۆمەڵایەتیى ناوخۆى عێراق، دابەشبوونە مەزهەبى و تائیفییەکان، کوشتن لەسەر ناسنامە، کێشەکانى مرۆڤى ئەم سەردەمە و زۆر بابەتى هەنووکەیى تر بوونە ژانى لەدایکبوونى قۆناغێکى تازەى ئەدەبى کە مەوداکانى فراوانتر بوون بۆ داهێنان.

هەر لە بەرایی سەدەى نوێوە، چەندان ڕۆماننووس دەرکەوتن کە پەرەیان دا بە تەکنیک و بابەتى ڕۆمانەکانیان لەسەر ئەو هێڵەى گێڕانەوە کە لە پاڵ چێژ و سەرسامیدا، بیرۆکەش گرنگیی پێ دراوە. ئەم گۆڕانکاریکردنە لە نووسینى ڕۆمان، چەندە ڕادیکاڵانەیە، ئەوەندەش پڕە لە نوێکارى؛ نەوەیەک لە ڕۆماننووس کە بە ڕووى دنیادا کراوەتر و بوێرترن. یەکێک لەو ڕۆماننووسە عێراقییانە سەعد محەمەدە، کە وەک داهێنەرێک لە بوارى گێڕانەوە و هونەرى ڕۆماننووسین ناسراوە. تاکە بەرهەمى ئەم نووسەرە کە وەرگێڕدراوە بۆ زمانى کوردى، ڕۆمانى کوژرانى کابراى کتێبفرۆشە.

لەم ڕۆمانەدا سەعد محەمەد لە ڕێى دروستکردنى کەسایەتییەکى نادیارەوە بە ناوى مەحموود مەرزوق، ئێستاى عێراق (واتا عێراقى پاش ڕووخانى دیکتاتۆرییەت) دەخاتە قاڵبى ڕۆمانەوە. هەڵبەت نووسەر بێ ئەوەى بە وەزیفەیەکى ئەدەبیی بزانێت، بەشدار بووە لە نووسینەوەى مێژوو لە ڕێى گێڕانەوەى چیرۆکى ژیانى پاڵەوانى ڕۆمانەکەوە، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو بەریەککەوتنەى ئەدەب و مێژوو کە مەرج نییە مێژوو بە تەنها بە ویستى مێژوونووسان و سیاسییەکان بنووسرێتەوە؛ ڕێگایەکى دى بۆ نووسینەوەى مێژوو، گێڕانەوەى ئەدەبییە.

ڕووداوەکانى کوژرانى کابراى کتێبفرۆش لە عێراقەوە درێژ دەبنەوە بۆ ئەورووپا و ماوەى نزیک لە نیو سەدە دەخایەنێت، ئەو پانتاییە جوگرافییە ئاوێتە لەگەڵ زەمەنى ڕووداوەکان (کە جیایە لە زەمەنى گێڕانەوەکەى)، یارمەتیدەر بووە لە زمانى گێڕانەوە و بەکارهێنانى تەکنیکى هەمەچشن.

مەحموود مەرزوق لە خێزانێکى دەوڵەمەند لە شارى بەعقووبە لە دایک دەبێت، لە سەرەتاى گەنجێتییدا شیوعییەت (communism) وەک هزرى خۆى هەڵدەبژێرێت و لەم پێناوەشدا زیاد لە کەڕەتێک دەگیرێت. دواتر نیشتیمان جێ دەهێڵێت و بەرەو ئەورووپا هەڵدێت، ماوەیەکى درێژى ژیانى لە شارەکانى پڕاگ و پاریس بەسەر دەبات و لەوێ لەتەک بیروباوەڕە چەپەکەیدا هونەرى شێوەکارى دەکات بە پیشەى خۆى. مەرزوق لە ئەورووپا دوو جار بە ئەزموونى عیشقدا تێدەپەڕێت و تووشى شکست دەبێت تیایاندا، ئەو تاڵییە دەبێتە هۆکارى ئەوەى پووچگەرایى لە ژیانە بێهودەکەیدا خۆى ڕەنگڕێژ بکات و پاشان بگەڕێتەوە بۆ شارەکەى خۆى: بەعقووبە.

مەحموود مەرزوق لە بەعقووبە دۆخى ژیانى قورس دەبێت، وەک فرۆشیارى کتێبى دەستى دوو دەستبەکار دەبێت و کتێبفرۆشییەک دەکاتەوە. ئەو کتێبفرۆشتن وەک پڕۆژەیەکى ڕۆشنبیرى بەڕێوە دەبات نەک بازرگانى، بەڵام ئەم پیشەیە تەنانەت بۆى نابێتە سفرەیەکى بچووکیش تا تێرى بکات و بیژێنێت. لە شار و وڵاتێکدا کە مرۆڤەکان بە هۆى بیروباوەڕەوە یەکتر ڕیشەکێش دەکەن، خوێندنەوە بێبەها و کەمنرخە.

مەحموود لە ساڵى ٢٠١٠دا لە ناوبازاڕى بەعقووبە، لە کردەوەیەکى گوماناویدا لە لایەن تێرۆرستێکەوە دەکوژرێت. دواى کوژرانى، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگەکانى عێراق بە ناوى ماجید بەغدادى دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لە کوژرانى ئەم کابرا کتێبفرۆشە، ئەوەش بە مەبەستى نووسینى کتێبێک لەو بارەیەوە.

لەم ڕۆمانەدا نووسەر ئەرکى گێڕانەوەى بە ماجید بەغدادى سپاردووە. لە پێشەکیدا ڕەوتى نووسینى ڕۆمانەکە بایۆگرافییە، بەڵام پاشتر دەبێتە ڕۆمانێکى پۆلیسى، هەر ئەمەشە شێوازى گێڕانەوەکەى جیاواز کردووە. بەغدادى بۆ گێڕانەوە بە تەنها پشت نابەستێت بە ڕاستییە سادە و سەلمێنراوەکان، بەڵکو پەنجەرەیەک بە کراوەیى بۆ خوێنەر بەجێ دەهێڵێت تا بە نادڵنیایى و دڕدۆنگییەوە سەیرى ڕووداوەکان بکات.

ماجدى گێڕەرەوە بە شوێن هۆکارى کوژرانى مەرزوقدا دەگەڕێت، بۆ ئەمەش سەرەتا ژیاننامە دەگێڕێتەوە، پاشتریش بەڵگە و نیشانەکان دەلکێنێت بەو بەشى کۆتایی ژیانى کابراى کتێبفرۆشەوە کە تیایدا جارێکى تر لە بەعقووبە عاشق بووە. لە هەندێک بەشى کورت و کەمدا گێڕەرەوەکە دەکەوێتە باسکردنى ژیانى خۆى و دەیبەستێتەوە بە ڕەوتى گێڕانەوەکەوە. ئەوەى لەمیانى گێڕانەوەدا پشکى پترى هەیە، پشتبەستنە بە یادەوەرى و ڕۆژانەییەکانى مەحموود مەرزوق کە لە ڕەشنووسى کتێبێکدا جێی هێشتووە، ئەوە بووە بە ماددەیەکى خاو تا تەکنیکە زمانەوانییەکانى گێڕانەوەى لەسەر دروست بکرێت.

یەکێکى تر لە خاڵە جیاکەرەوەکانى ئەم ڕۆمانە بەکارهێنانى سەرچاوەى هەمەجۆر و نوێیە بۆ گێڕانەوە کە وای کردووە ئەوەى دەیخوێنینەوە چیرۆکێکى ڕووت نەبێت؛ نووسەر شێوازێکى ڕاپۆرتى بەخشیوە بە چیرۆکەکە، ڕۆژنامەنووسەکە بەڵگەنامە و وتەى هاوڕێ نزیکەکانى کابراى کتێبفرۆش کۆ دەکاتەوە و لە یەک دۆسیەدا ڕێکیان دەخات، ئەم فۆڕمە پۆلیسییە تاسەى زووتر گەیشتن بە کۆتایى چیرۆکەکە لە هەمان کاتیشدا ڕامان لە ناواخنەکەى زیاد دەکات. یادداشت و نامەکانى مەرزوق دەبنە سەرچاوەیەک کە زۆرجار وەک خۆیان دادەنرێنەوە و هەندێک کاتیش ئەو یادنووسانە تێکهەڵکیشى باسەکە دەکرێن. بەدەر لەمانەش ماجد بەغدادى کەڵک لە کارەکتەرەکانى ترى ناو ڕۆمانەکە (کە هاوڕێکانى مەحموودن)، وەردەگرێت بە گەواهیدانیان لەسەر ژیانى مەحموود و پەردەلادان لەسەر نهێنییەکانی ئەو مێژووە.

شێوازى گێڕانەوە و تێما چڕکراوەکەى ئەم ڕۆمانەى سەعد محەمەد، تا ڕادەیەک لە هەنبەر ئەو تەوژمەى ڕۆمانى دەرەکى وەستاوەتەوە کە بەشێکیان خوێنەرانى سەرپێییان دروست کردووە.

سەعد محەمەد ڕەحیم، لە ساڵى ١٩٥٧ لە دیالە لە دایک بووە. خاوەنى ١٦ کتێبە کە زۆرترینیان چیرۆک و ڕۆمانن. تا ئێستا گەلێک خەڵاتى ناوخۆیى و دەرەکیی پێ بەخشراوە کە گرنگترینیان خەڵاتى داهێنانە لە بوارى کورتەچیرۆک و ڕۆمانى عێراقى.

تازەترین کتێبى سەعد محەمەد، ڕۆمانى کوژرانى کابراى کتێبفرۆشە کە لە ساڵى ٢٠١٦دا نووسیى. ڕۆمانەکە لە لایەن خوێنەرانى و ڕەخنەگرانى عێراقى و وڵاتانى عەرەبییەوە بایەخى زۆرى پێ درا و چەندان وتار و لێکۆڵینەوەى لەبارەوە نووسرا. کوژرانى کابراى کتێبفرۆش گەیشتە لیستى کۆتایى لە خەڵاتى پۆکەرى ڕۆمانى عەرەبى بۆ ساڵى ٢٠١٧، جگە لەمەش هەر بە زوویى ژمارەى چاپەکانى گەیشتە ٤ چاپ.

ئەم ڕۆمانە، لە ساڵى ٢٠١٧دا و چەند مانگێک پاش بڵاوبوونەوەى، لە لایەن سەباح ئیسماعیلەوە بە وەرگێڕانێکى جوان کرا بە کوردى و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردەوە. سەعد محەمەد سەبارەت بە وەرگێڕانى ڕۆمانەکەى بۆ سەر زمانى کوردى دەڵێت: ”بە وەرگێڕانى ڕۆمانەکەم بۆ زمانى کوردى، هەست بە بەختەوەرى و شانازى دەکەم. من دەزانم زیاد لە پەیوەندییەک لە نێوان ئەدەبى نووسراو بە زمانى عەرەبى و ئەدەبى نووسراو بە زمانى کوردى هەیە، بە هۆى ئەو ئەزموونە ژیانییە بەیەکداچووەى نێوان میللەتان و مێژووەکەیانەوە کە چەندین خاڵى بەریەککەوتنى لە خۆ گرتووە، وەکو دەزانین ئەمە جۆرە هاوڕۆشنبیرى، بەهاى هاوشێوە و دابونەریتى هاوبەشى لە نێوانیاندا دروست کردووە.“

Balen Othman, Kujrani Kabrai Ktebfrosh, Sabah Ismail, Xwenar w Kteb,