21/10/2018
DidiMn Logo
Top

نووسین ماسكی مه‌رگی بیرۆكه‌كه‌ی خۆیه‌تی

لە لایەن دیدی من 10 مانگ پێش ئێستا

چەند ئامۆژگارییەکی زەمەننەناسیی واڵتەر بینیامین دەربارەی نووسین

دیدی من
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

 

ڕەخنەگری ئەدەبیی ئەڵمانی، فەیلەسوف و وتارنووس واڵتەر بینیامین، لە پاژی پۆست بەبێ پسووڵەی حیسابی کتێبی شەقامی یەک ئاڕاستەدا، سیازدە تێزی بنەڕەتی، هەروەک تێزگەلێکی بەهای پاراستنی دەفتەری یادداشت (ڤێرجینیا وۆڵف)، ماوەی هەڵهاتنی بیرۆکەکان (تی ئێس ئیلیۆت)، ڕۆڵی دیسپلین (هێنری میللەر) و قۆناغە جیاوازەکانی نووسین (ماڵکۆڵم کاولی)، لەمەڕ تەکنیکی نووسەر دەخاتە ڕوو:

1. هەرکێ نیازی دەستدانە کارێکی گەورەی هەبێت، پێویستە لەگەڵ خودی خۆی خۆگر و میهرەبان بێت، کاتێکی تەواو تەرخان بکات و ڕێ بەوە نەدات کە هیچ شتێک ببێتە پێشداوەری بۆ شتی پاش خۆی.

2. بەوپەڕی دڵنیاییەوە، قسە لەبارەی ئەو شتەوە بکە کە نووسیوتە، بەڵام هیچی لێ مەخوێنەرەوە هەتا کاتێک نووسینەکەت بەردەوامە و تەواو نەبووە. هەموو چەشنە قایلبوونێک کە لەم ڕێگەیە وەدەست دێ ڕیتمەکەت هێواشتر دەکاتەوە.

3. لە هەلومەرجەکانی نووسیندا ڕێ لەوە بگرە دۆخت ناوەنجی بێت یاخود ئەوەندە ئاسایی بێت بەشی ئەوە نەکات متمانەت بە خۆت هەبێت. نیمچەحەساوە، بۆ باکگراوندی کۆمەڵە دەنگێکی نزم و ناخۆش، شتێکی شەرمهێنە. لە لایەکی دیکەوە، هەندێک دەنگی دیکەی باکگراوند هەن کە بە نیازی مەشق لە پێرفۆرمێکی موزیکیدا لێ دەدرێن هێندەی درکی بێدەنگیی شەو گرنگن. ئەگەر ئەوەی دواییان گوێی ناوەوە تیژ بکاتەوە، ئەوەی پێشوویان وەک سەنگی مەحەکە بۆ ستایل و مانای پارچە نووسینێکی تەواو مەزن و ناشتنی سەختترین ئەو دەنگانەی کۆنترۆڵ ناکرێن.

4. واز بێنە لە ماتریاڵە هەڕەمەکییەکانی نووسین. وابەستەبوون بە کاغەز و قەڵەم و حیبر سوودبەخشە. نەک بۆ خۆشگوزەرانی، بەڵام زەنگینی لەم هۆ و ئامرازانەدا بێ سێ و دوو پێویستییە و زیاد لە حەد گرنگە.

5. مەهێڵە هیچ بیرێک بە شاراوەیی و نەزانراوی تێپەڕێت، هەروەتر دایمە لە دەفتەری یادداشتەکەتدا وەک چۆن بەرپرسان لیستی ناوی بێگانەکان تۆمار دەکەن، تۆش ئاوا شتەکان تۆمار بکە.

6. وا بکە قەڵەمەکەت خەیاڵ نەیباتەوە و خۆدوورگر بێ لە ئیلهام، کە دواتر بە هێزی موگناتیسەوە شتەکان و کەسەکان کێش دەکات. چەندێک بە وریاییەوە نووسینی بیرۆکەیەک دوا بخەیت ئەوەندە گەشەی پێ دەدەیت. قسەکردن بیر دەبەزێنێت، لێ نووسین فەرمانی بەسەردا دەدا.

7. هەرگیز دەست لە نووسین هەڵمەگرە لەبەر ئەوەی کە لە بیرۆکەکان ماندوو بوویتە. تەنها لە کاتی ژەمەکانی نانخواردن یان دیدارێک یانیش لە کاتی تەواوبوونی نووسینەکەت دەست لە نووسینەکە هەڵبگرە.

8. پارچە ونبووەکەی نووسینەکەت لەو شتانەی کە نووسیوتن بە ڕێکوپێکی کۆپی بکە. ژیری و گومانکردن لە پرۆسێسەکەدا وەئاگا دێن.

9.  [هیچ ڕۆژێک بەبێ دێڕێک] – هەرچەندە هەندێ جاریش هیچ ‌حەفتەیەک باشترێکیشە.

10. وا دابنێ هیچ ئیشێک کامڵ و تەواو نییە لە سەروو ئەوەی تۆ ئێوارەیەک لە دوورەوە دانیشتوویت و چاەڕوانی هەڵهاتنی تیشکی ڕۆژت کردووە.

12. دەرەنجام و کۆتایی کارەکەت بەو شتە ئاشنایانە کۆتایی پێ مەهێنە کە خوێندووتن و لەبارەیانەوە کۆڵیوتەتەوە. لەوێ هیچ چەشنە پێویستییەک بۆ هاندان نادۆزیتەوە.

13. قۆناغەکانی کۆمپۆزشن: بیرۆکە، ستایل، نووسین. بەهای کۆپیی لەبار ئەوەیە کە تۆ لە بەرهەمهێنانیدا هونەری بەرهەمهێنانی جوانی حەپس دەکەیت. بیرۆکە ئیلهام دەکوژێت، ستایل دەستوقاچی بیرۆکە دەبەستێتەوە، نووسین دەستکەوت و سەرکەوتن بە ستایل دەبەخشێت.

14. نووسین ماسکی مەرگی بیرۆکەکەی خۆیەتی.

 

واڵتەر بینیامین لە 15ی جولای 1892 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە دایک بوو. ئەو بە پیاوی نامەکان و نووسەرێکی ئێستەتیکی و گرنگترین ڕەخنەگری ئەدەبیی ئەڵمانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم دادەنرێ لە ئێستادا. لە خێزانێکی جوولەکەدا لە دایک بوو، لە بەرلین فەلسەفەی خوێند و هەر لەوێش لە دوای ساڵی 1920ەوە وەک ڕەخنەگری ئەدەبی و وەرگێڕ دەستی بە کارەکانی کرد. پاشا ئەوەی لە ساڵی 1933ەوە دەسەڵاتی نازییەکان لە ئەڵمانیا سەر هەڵدەدات، بینیامین ئەڵمانیا بەرەو پاریس بەجێ دێڵێت و لەوێ تا ساڵی 1940 دەگیرسێتەوە و دەست بە نووسینی ڕیڤیو و یادداشتە ئەدەبییەکان و وتار دەکات. وتارەکانی بینیامین ڕەنگدانەوە فەلسەفییەکانی بوو لە ئەدەبدا و بە ستایلێکی چڕوپڕ و بەدیقەت دەینووسین و ئەبڵەقبوونێکی شیعرییانەش بوو. لە کۆتاییدا و لە تەمەنی 48 ساڵیدا (26ی دیسێمبەری 1940) کۆچی دوایی کرد.

واڵتەر بینیامین لە 15ی جولای 1892 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە دایک بوو. ئەو بە پیاوی نامەکان و نووسەرێکی ئێستەتیکی و گرنگترین ڕەخنەگری ئەدەبیی ئەڵمانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم دادەنرێ لە ئێستادا. لە خێزانێکی جوولەکەدا لە دایک بوو، لە بەرلین فەلسەفەی خوێند و هەر لەوێش لە دوای ساڵی 1920ەوە وەک ڕەخنەگری ئەدەبی و وەرگێڕ دەستی بە کارەکانی کرد. پاش ئەوەی لە ساڵی 1933ەوە دەسەڵاتی نازییەکان لە ئەڵمانیا سەر هەڵدەدات، بینیامین ئەڵمانیا بەرەو پاریس بەجێ دێڵێت و لەوێ تا ساڵی 1940 دەگیرسێتەوە و دەست بە نووسینی ڕیڤیو و یادداشتە ئەدەبییەکان و وتار دەکات. وتارەکانی بینیامین ڕەنگدانەوە فەلسەفییەکانی بوو لە ئەدەبدا و بە ستایلێکی چڕوپڕ و بەدیقەت دەینووسین و ئەبڵەقبوونێکی شیعرییانەش بوو. لە کۆتاییدا و لە تەمەنی 48 ساڵیدا (26ی دیسێمبەری 1940) کۆچی دوایی کرد.

Literature, On Writing, Walter Benjamin, Writer,