23/07/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی ٨ ڕاوم

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ژیاننامەی خشت || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

دیدی من ـ لاژە تەها

هونەری هاوچەرخ لە ٨ ڕاوم، نوێترین پیشانگەی گرووپی کۆنسێپت ئاڕت و چەند هونەرمەندێکە لە سلێمانی، کە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکەن. لە دوای ئەوەی ساڵی پار پڕۆژەی جەستەی بینراو و نەبینراویان کرد لە ژێرزەمینی ئەمنەسوورەکە. ئەم پڕۆژەیەش بە هەمان شێوە لە لایەن ئاڤان سدیقەوە کاری ڕێکخستنی بۆ کراوە و هونەرمەند گارا بابەتێکی لەسەر نووسیوە، بە بەشداریی هونەرمەندان: ئاڤان سدیق، ئەیوب ڕەوف، گەیلان ئیسماعیل، موحەممەد ئیسماعیل، شەمێران فەتاح، زاموا داراغا، زانا ڕەسوڵ، هەڵۆ لانۆ. ١١/١١ یەکەم ڕۆژی پیشانگەکە بوو و ٢٥/١١ کۆتا ڕۆژ دەبێت.

پیشانگەکە پێک هاتووە لە ئیشی ٨ هونەرمەند، ٨ کاری هونەریی جیاواز، لەژێر ناونیشانی ”٨ ڕاوم“دا، ڕێکخەری پیشانگەکە (ئاڤان سدیق) دەربارەی کۆبوونەوەی ئەم ٨ کارە لە پیشانگەیەکدا، دەربارەی ناو و بابەتەکانی بۆ دیدی من گوتی: ”ئێمە (ئەم هونەرمەندانە) سەرقاڵین بە جۆرێک لە کارکردنەوە لەگەڵ مەتریاڵی تازەدا، لە دەرەوەی تابلۆ، لەگەڵ ئۆبجێکتی هونەریدا، مامەڵە لەگەڵ ڕاومدا دەکەین. ڕاوم بە مانای ژوور نا، بە مانای فەزا دێت، بەڵام ئەم وشەیەش دەقاودەق ڕاست نییە، مامەڵە لەگەڵ سپەیسدا دەکەین، یەکەم جار ویستمان ئیش لەسەر تێمایەکی دیاریکراو بکەین وەک جەنگ، دواتر بە قسەکردن لەگەڵ هونەرمەندەکاندا، بۆم دەرکەوت کە ئیشەکانیان جیاوازە و پێشم باش نییە بە هۆی ناونیشانێکەوە توانای هونەرمەندەکە لە کار بخەم، بۆ نموونە هەڵۆ لانۆ، شەمێران یاخود زاموا… هەر یەکێک لەوانە ببینین بابەتێکی دیاریکراوی خۆی هەیە، پێویست نییە لەژێر ناونیشانێکدا کۆی بکەیتەوە و ناچاری بکەیت بۆ کارکردن لە چوارچێوەی ناونیشانێکدا. دوای گفتوگۆکردنی زۆر بینیمان هەندێک لە کارەکان لە ڕووی بابەتەوە تا ڕادەیەک بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، ئەگەر هێڵەکانی ژوورەکەی من بێت، یان زاموا بێت، یان لای هەڵۆ بێت وەکو بابەت؛ بابەتی شوێن و شوێنەواری ئینسان و ڕێگە و هەندێک شتی تر بوونی هەیە، بەڵام لە کارە ڤیدیۆییەکاندا ئەو ئیشانە تا ڕادەیەک جیاوازن. بیرمان لەوە کردەوە ناوی بنێین ٨ سپەیس، ئەمەش هەر لە خۆیەوە نەهاتووە و ناوێکی شاعیری نییە، ئەوەیە کە ئێمە ئیشی لەسەر دەکەین، ئیش لە هەموو کایەکانی هونەردا دەکەین کە جۆرێکی تر بێت، تەنها ئەوە نییە ماتریاڵێک بهێنین و جیاواز لە هۆڵیکدا دایبنێین. لەبەر ئەوەی من لام وایە ئەو ناونیشانانەی لە پیشانگەکانی هونەری شێوەکاریدا بە کار دەهێنرێت ناوێکی زۆر شاعیرانەیە، پەیوەندیی بە ناوەڕۆکەوە نییە. بۆ ئەوەی کارەکەی ئێمە پەیوەندییەکی ڕاستگۆیانەی بە ناوەڕۆکەوە هەبێت، مامەڵەکردنی هەر هەموومان لەگەڵ سپەیس بەشێکی گرنگە، تەنانەت لە لای هەڵۆ لانۆ، کە خۆی فۆتۆگرافەرە و ئیشەکانی جیاوازە لەوانەی ئێمە کە ئۆبجێکتین، ئەویش هەوڵی داوە ئیشەکانی وەکو ئۆبجێکتێک پیشان بدات، کە لە کۆتاییدا ئەو تۆپە دێتەوە سەر ئەرزەکە، بابەتییانە سەیری فۆتۆکەی دەکەیت، فۆتۆیەک نییە بە دیوارەوە و تەواو، یاخود یەک بابەتی دیاریکراو، بەڵکو وەک پانۆرامایەک لە ژوورەکەدا بە کاری هێناوە، لەپێناوی ئەوەی بابەتییانە بابەتەکەی خۆی پیشان بدات“.

یه‌كه‌م ژووری پێشانگه‌كه‌ || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

شوێنی پیشانگەکە خانوویەکە لە گەڕەکی عەقاری، کە لە ڕابردوودا جێگەی ژیانی خێزانێک بووە و لە لایەن هونەرمەندەکان خۆیانەوە ئامادە کراوە و چاک کراوەتەوە و کراوە بە شوێنێک شایەن بە کاری هونەری بێت، ئاڤان سەبارەت بەم باسە و کاری ڕێکخستنی گوتی: ”لەبەر ئەوەی یەکێک لە پایەکانی هونەری هاوچەرخ کارکردنی شوێن، مەتریاڵ و تێکەڵبوونێتی بە بینەرەوە، وەک تابلۆ نییە کە ئۆبجێکتێکی سەربەستە، دەتوانێت لە هەر دیوارێکی سپی و پاکدا هەڵبواسرێت، هەر یەکێک لە کارەکان پێویستی بە سپەیسێکی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ نموونە ئیشەکەی من، پەنجەرەی ژوورەکەمان گرتووە چونکە ناکرێت سێبەری ئەم پەتانە بڕواتە سەر دیوارەکە. لەبەر ئەوەی لەناو شارەکەی ئێمەدا شوێنێک نییە بۆ هونەری هاوچەرخ و سیستمی هونەرییەکەمان و ئەو یاسا و ڕێسایانەی بۆ هونەر هەیە هیی زەمانی حوکمەتی بەعسە، خۆی تازە نەکردووەتەوە و لەگەڵ ئەودا هونەر و هونەرمەندان شتی تازەیان پێیە و ناکرێت ئێمە لەو شوێنانەدا نماییش بکەین کە پێشتر نماییشی تێدا کراوە، چونکە ئەو هۆڵانەی کە هەمانە دوو-سێ هۆڵە، ئەگەر پێویست بکات ناویان بێنین و بڵێین هەموویان تا ڕادەیەکی کەم گونجاون، لە ڕووی ڕووناکی و پێکهاتەی ژوورەکانەوە، تا ڕادەیەک بۆ کاری تابلۆ گونجاوترە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بە کەڵکی ئەوە نایەت ئەم کارە تازانە تێیدا نمایش بکرێن، بۆ نموونە لێرە سێ کاری ڤیدیۆ هەیە پێویستیان بە تاریکی هەیە، ئێمە هاتووینەتە دەرەوەی دامودەزگاکان و بەشێکین لەوەی ڕەفزی ئەوە دەکەین کە هەیە، بەڵام لە بەرانبەردا دانەنیشتووین بە بۆڵەبۆڵ و تەنها ڕەخنەمان هەبێت و لە هەوادا نەقدی سیستمێک بکەین کە ئێکسپایەرە و پێویستی بە خۆنوێکردنەوەیە، بە قەدەر ئەوەی ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان بەرهەمهێن بین. وایە شوێنێک نییە، بەس لەسەر هەوڵ و وزەی خۆمان ئەو شوێنانە دروست دەکەین کە پێویستە دروست بکرێت. ئێمە دەگەڕێین، ئەم شوێنەشمان لە کاک کەریم، خاوەنی خانووەکە وەرگرتووە و وامان کردووە سپەیسێک دروست بکەین لەگەڵ کارە هونەرییەکاندا بێتەوە، بۆ ئەمەش ئێمە جوهدێکی زۆر زۆر سەرف دەکەین. ئیشەکەی من خۆی لە پێنج-شەش ڕۆژدا تەواو بوو، بەڵام بیستویەک ڕۆژمان ویستووە تا ئەم ژوورە بکەین بە ژوورێک کە شیاوی ئەوە بێت کارە هونەرییەکەی تێدا دابنرێت، لەڕاستیدا ئەمە ئیشی دامودازگاکانە. شتێک کە پێشانگە پێویستی پێیەتی کاری ڕیکخستنە، لە وڵاتانی دەرەوە کە هونەری شێوەکاری لە ئەورووپا مێژوویەکی زۆر دوورودرێژتری هەیە وەک لەم ناوچەیەی ئێمەدا،  لەوێ ئەو کەسەی کاری ڕێکخستن دەکات بۆ پیشانگەیەک، بودجە و شوێنی لەبەر دەستدایە، بە هۆی چەند کەناڵیکی ڕاگەیاندنی ئۆنڵاینەوە تایبەت بە گەلەرییەکە ڕیکلام بۆ خۆی دەکات. کە بۆ ئەم بەروارە پێویستمان بە کاری ئەم ژمارەیە لە هونەرمەند هەیە، کە بێن بەشداری بکەن لە پیشانگەیەک لەژێر تێمایەکی دیاریکراو، بەم جۆرە ئەو هونەرمەندانەی کاریان هەیە بۆ ئەو بابەتە، یاخود گونجاوە، کارەکانیان پێشکەش دەکەن و لیژنە هەڵیدەبژێرێت و پیشانگەکە دەڕوات، بەڵام ئێمە لێرە هیچ لەم شتانەمان نییە، کاری ڕێکخستنی هەردوو پیشانگەکەی ئەمساڵ و پاریش من گرتوومەتە ئەستۆ“.

 

پەیامی پیشانگەکە

سەبارەت بە پەیامی پێشانگەکە، ئاڤان گوتی: ”کۆمەڵگەی ئێمە فێری ئەوە بووە کە هەموومان بە یەک زمان قسە بکەین، ڕەنگە کە بێینە ناو ئەم جۆرە ئیشانەوە وا هەست بکەین دابڕانێکی زۆر توند لە بەینی ئەم ئیشانە و دەرەوەی ئەم شوێنانە هەیە، بەڵام وا نییە. لای من بە شێوەیەکە کە ئێمە هەر یەکێکمان لە هەموو ئیختیساسەکانی ئەندازیاری، کۆمەڵایەتی، سیاسەت، کەرتی ئابووری، شێوەکاری، تەندروستی و پەروەردە… ئەو کێشە گەورەیەی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە ئەوەیە کە هەموو کایەکان بە یەک زمان دەدوێن، لە یەک شوێنەوە، ئیشەکانی ئێمە هەر یەکەی نەقدێکە لە شوێنێکەوە بە زمانی خۆمان، بە فۆڕمی خۆمان، ئەگەر سەرنج بدەیت لە کابرایەکی زۆر سادەی ناو بازاڕەوە تا ئەندامپەرلەمانێک بە یەک جۆر باسی کێشەکان دەکەن، کە دەڵێم یەک جۆر، مەبەستم لە یەک جۆر دەربڕینە، بەبێ ئەوەی ئێمە بیرمان لەوە کردبێتەوە کە پێویستمان بە فرەڕەهەندییە لە بیرکردنەوەدا، پێویستمان بە فرەزمانییە و پێویستمان بە فرەشێوەییە بۆ پیشاندان، بە بڕوای من ئەگەر تۆزێک ورد سەیری ئیشەکان بکەین، چونکە لە کۆتاییدا ئێمە تاکین، هەر یەک لە ئێمە تاکێکە و لە ناو کۆمەڵگەیەکدا دەژیی، هەروەها کەس ئەوەی تیا نییە توانیبێتی بە تەواوەتی ژینگەکە لە خۆی داببڕێت و پچڕانێکی وای دروست کردبێت کە کاریگەریی دەرەوەی لەسەر نەبێت، پرسیارەکە ئەوەیە: باشە ئێمە لە ناو ئەم کۆمەڵگەیە دەژین، بەڵام بە چ زاوییەیەک، بە چ شێوەیەک، بە چ زمانێک، بە چ ڕەنگێک، بە چ ئادائێک و کردارێک بیروڕای خۆمان لەبارەیەوە دەردەبڕین؟ چونکە لە دواجاردا هونەرمەند پەیامبەر نییە، ڕەنگە سیاسییەکان کۆمەڵێک خەڵک بهێننە سەر جادە و پێشڕەوییان بکەن، بەڵام قەت هونەر ڕێگە بە خۆی نادات کە من چۆن بیرم کردەوە دەبێت بەرانبەرەکەم وا بیر بکاتەوە و دوام بکەون، بەقەدەر ئەوەی هەوڵی بینین دەدات لە گۆشەی جیاوازەوە“.

باڵنده‌ی ئاسنین، كاری گه‌یلان عه‌بدوڵا || فۆتۆ لاژه‌ ته‌ها

یەکەم کاری نمایشکراو لە باخی ماڵەکەوەیە، کە کاری گەیلان عەبدولڵایە بە ناوی باڵندەی ئاسنینەوە، لە شێوەی ئەو تەیارانەی منداڵان لە کاغەز دروستیان دەکەن، بەرزییەکەی دوو مەترە و پێشەکەی لە قوڕی باخەکە چەقیەوە، گەیلان لە ناساندنێکدا بۆ کارەکەی خۆی دەڵێت: ”ئەم کارەم پەیوەندییەکی بەستراوەی نێوان سەردەمی منداڵیی خۆم و منداڵانی هەڵاتوو و ئاوارەی ئەمڕۆن. بیرۆکەیەکی تاڵ لەگەڵ فڕۆکەدا بەیەکەوەمان گرێ دەدات، یەکەمین قوربانیی دەستی منداڵ، ئەو فڕۆکەیەی کە هەموان لە منداڵیدا خۆشمان دەویست، سەرەتا وەک ئارەزوویەک و چێژێکی منداڵی دروست دەبێت بۆ فڕین، بەڵام کە بەر واقیع دەکەوێت و جەنگ و ماڵوێرانی بەرپا دەبێت، ئەم چێژە دەگۆڕێت بۆ ترس و مەرگ، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکان چ کاولکارییەک و کوشتارێک بەرهەم دەهێنن، ئەو خەونە سادەیە بۆ فڕین دەبێت بە کارەسات، بە تایبەتی بۆ منداڵان. بیرۆکەی کارەکە لێدانە لە شکۆی فڕۆکە و شکاندنی ئەو ترسەیە“.

هه‌ڵۆ لانۆ || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

بە چەند قادرمەیەکدا دەچیتە سەرەوە و یەکەم ژووری ماڵەکە، دووەم کاری پیشانگەکە کارەکەی هەڵۆ لانۆیە. ئەم ئیشانە ئیشی چەند ساڵێکە، شوێنەکان لۆکەیشنی جیاوازن، یەک شوێن نییە بە تایبەت، باسی ئەوە دەکەم مرۆڤ چەند بچووکە لەو ڕووبەرە گەورانەدا، بەڵام هەمیشە تێکدەرێکی بەردەوامە بۆ سروشت، هەموو شتەکان تێک دەدات بۆ ئەوەی کە خۆی دەیەوێت و جارێکی تریش بونیادی دەنێتەوە بۆ ئەوەی دەیەوێت، ئەمە چەند جارێک دووبارە دەبێتەوە، تێکدان و دروستکردن، تێکدان و دروستکردن… تۆ ئەم خانووە تێک دەدەیت کە بیرەوەریی تۆیە، یادەوەریی تۆیە لەم جێگەیەدا، ئەمە هەر تێکدانی جێگەکە نییە، بەڵکو یادەوەرییەکانیش لەناو دەچن و سەرمایەکەشت لەناو دەچێت. لە دنیای نیولیبڕاڵدا مرۆڤەکان هەمیشە تەنهان، ئەگەر سەیری فۆتۆکان بکەیت بێتاقەتن و غەریبن، ئەم خەتانەش هەمووی دیارە کە جێدەستی مرۆڤە، ئەو مەتریاڵەش کە بە کارم هێناوە، ئەوەش جۆرێکی ترە لە بەستنەوەی و پیشاندانی ئیشەکان بە شێوازێکی تر و بەردەوامیشی هەیە، ئەو تۆپە کە لەوێدا دامناوە و بەردەوامی هەیە، واتە ئیشەکە تەواو نەبووە، ماتریاڵەکە وەرەقەیەکە لە کارگەی جگەرە هێناومە، کە کاتی خۆی جگەرەی پێ دەپێچرا، ئەویش هەر کارگەی بینیوە و بەر دەستی کرێکار کەوتووە و ئیشیان لەگەڵیدا کردووە. خاڵێکی تر ئەوەیە ئەمانە هەمووی ئیش دەکەن، من ئیشەکەم پیشان نەداوە، بەڵام ئەمان هەر ئیش دەکەن و سەرقاڵی ئیشکردنن و نازانین ئیشەکە چییە، سێبەرەکانیش کە لە هەموو فۆتۆکاندا لەگەل کەسەکاندا ئامادەیی هەیە دوو شتی پێکەوە بەستراون.

کتێبخانەی پورە ئایشێ، بە تامی بەکری بەقاڵ، ناونیشانی کارێکی هونەرمەند زانا ڕەسوڵە لە ژووری دووەم، بە گێڕانەوەیەکی دەنگی، باس لە ڕابردوو و یادەوەریی خۆی دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ منداڵیی خۆی لەگەڵ تامکرد و میوەکاندا، هەندێک لەو میوانەش لە ژوورەکەدا دەکەونە بەر چاوت، دەتوانیت دەستیان لێ بدەیت، بۆن و تامیان بکەیت، قاپی بەتاڵ و چەقۆش بۆ ئەم مەبەستە هەیە، هەروەها جێگە بۆ دانیشتن، هونەرمەند لەباسکردنی ئیشەکەی خۆیدا بۆ دیدی من گوتی: ”کارەکەی من خۆی لە ئیشێکی نیسایۆنا دەبینێتەوە لەگەڵ دەنگدا، دەنگەکە یادەوەریی منە لەگەڵ تامکردندا، بە موتربەکردنی یادەوەریی تام لەگەڵ کۆمەڵگەدا، بەشە کۆمەڵایەتییەکەی، سیاسەت دواتر ئابووری هێناوەتە ناو یادەوەریی خۆم و ئەوانەی پێی کاریگەر بووم و تا ئێستا لە یادەوەریی مندا ماوەتەوە، کردوومە بە گێڕانەوەیەک. ئۆبجێکتەکەم پێک هاتووە لە ٨ سندوقی ئێم فۆڕی ئەمریکی، کە لە ٢٠٠٣ەوە هاتووەتە عێراق، هەر سندوقێکی ئێم فۆڕ چوار-پێنج سیلاحی ئێم فۆڕی تێدایە، لە بەشی خوارەوەی ئەم ئۆبجێکتە سەری سندوقەکانم پیشان داوە کە زانیاریی لەسەرە سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەم سیلاحە، زانیاریی ئاسایی وەکو چۆن کە سەلاجەیەکیش دێت بۆ ئەم وڵاتە و زانیاریی بەکارهێنانی لەسەرە، هەمان شتە. هەروەها ٧ سندوقی هاوەنی حەفتاوپێنج ملیمیم بە کار هێناوە بۆ شوێنی دانیشتن، ٣ گۆشەم هێناوە لە ماڵی خۆمان بۆ دانیشتن لەسەریان کە یادەوەریی زۆرم لەگەڵیاندا هەبووە. هەموو مەتریاڵەکان لە لای من بۆ ئەوەیە بینەر بخەمە بەر پرسیارکردن لە خۆی، چوونەوە ناو خۆی، ڕستەیەک هەیە کە لە ئیشەکەدا دووبارەی دەکەمەوە: گاز لە میوەیەک بگرە و چاو دابخە و بەشە تاریکەکەی ناوەوەی خۆت ببینە. دەمەوێت کارەکتەری کوردی لە ڕێگەی ئەم ئیشەوە جارێکی  تر بچێتەوە ناو خۆی، هەروەها دونیابینینیی خۆی ئاڕاستە بکاتەوە بۆ ناوەوەی خۆی، نەک بۆ دەرەوە.  بینەر کە دێتە ئێرە، هەموو هەستەوەرەکانی لە ناو ئیشەکەی مندا بە کار دەهێنێت، بەرکەوتن، دەستلێدان، بیستن، تامکردن، بینین لەگەڵ بۆنکردن، هەموو هەستەوەرەکانی مرۆڤم لە ئیشەکەدا جێ کردووەتەوە“.

کتێبخانەی پورە ئایشێ، بە تامی بەکری بەقاڵ، کاری زانا ڕەسوڵ || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

لەسەر لایەک لە دیواری ژوورەکە بە قەڵەمی دار لە سەقفەکەوە هێڵێکی ڕاست کراوە و لە کۆتاییدا وێنەی بەلەمێکی هەڵگەڕاوەی کاغەزین هەیە، سەبارەت بەم کارەیان و پەیوەندیی لەگەل کارەکەی تردا گوتی: ”کە یادەوەری دەگێڕمەوە، کۆمەڵێک موفرەدەش هەیە لەگەڵ خۆمدا دەیهێنمەوە، بۆ نموونە موفرەدەی منداڵی، کۆمەڵگەی کوردی ئێستا لە حاڵێکدایە کە هەر هەمووی دەیەوێت سەفەر بکات، بەس نازانێت چۆن، دەیەوێت ڕزگاری بێت لە خاکەکەی، قاچی بەم ئەرزەوە نانووسێت، وەک ئەوەی کە ئۆبجێکتەکەم هەڵواسیوە، ئەو بەلەمانە لە ئیشێکی تریشمدا هەیە، بە ناوی یادەوەریی بنمیچی ژوورەکەم، هەموو سەقفی ژوورەکەی خۆمم کردووە بە کاغەزی بەلەم، هەڵمواسیوە، لێرەشدا بە ڕەسم کردوومە، جگە لەوەی ئێمە بەو تراژیدیایەدا دەڕۆین کە ئەو ڕێگەیە دەبڕین بە بەلەمێکی چووپ، بەڵام خەیاڵی من لەسەر ئەوەیە ئەم بەلەمە بەردەوام هەڵگەڕاوەیە، یانی تۆ سەفەرێک دەکەیت بەردەوام ئەو سەفەرە هەڵگەڕاوەیە تا دەچیتە شوێنەکەی تر، یەک دنیا خەو و خەیاڵت هەیە، بەڵام کە دەگەیتە ئەو جێگەیە و جێگیر دەبیت، خەیاڵەکان سفر دەبێتەوە، لەوێ ژیانێکی واقیعی دەست پێ دەکات کە هیچی پەیوەندی بەو خەیاڵەوە نییە کە یەکەم جارە لە سەفەرەکەیدا دەستی پێی کردووە، بۆیە بۆ من بەردەوام بەلەمەکە هەڵگەڕاوەتەوە، سەرنشینەکانی بەردەوام بە ڕێگەیەکدا دەڕۆن کە نازانن ئەوسەری کوێیە و چییە، من قەت خەونی سەفەرم نەبووە، بە ڕێکەوت سەفەرێکم کردووە و تێیدا ژیاوم. بەلەم زۆر تەعریفی هەیە لە ناو ئەدەبدا، بەڵام لە شێوەکاریدا بۆ من ئەوەیە کە تۆ هەموو شتەکان هەڵدەگەڕێنیتەوە، چونکە ئەو کاتەی دەچیتە ناو بەلەمەکەوە ئەگەری ئەوە هەیە یەک شەپۆل هەموو شتەکان قڵپ بکاتەوە.

پەیوەندیی لەگەڵ ئیشەکەی تریش ئەوەیە کە من ئیش لەسەر یادەوەری دەکەم، ئێمە بە منداڵی ئەو کاغازەمان دروست دەکرد و دەمانخستە تەشتێک ئاوەوە، خەمی ئێمە ئەوە بوو کاغەزەکە کون نەبێت بۆ ئەوەی بەلەمەکە نوقم نەبێت، خەمی ئێستای منیش ئەوەیە ئەم کەشتییەی لەسەریین – کە کوردستانە – نوقم نەبێت، هەڵنەگەڕێتەوە“.

فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

ژووری دواتر و کاری چوارەم ژیاننامەی خشتی هونەرمەند زاموا داراغایە، کە لە ٤٥٤ و نیو خشت پێک هاتووە لە شێوەی شەشپاڵو لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا لەسەر پالێتێک هەڵچنراوە کە ٥ ڕەوڕەوە لە ژێریدا هەیە، مەبەست لێی جووڵانەوە و گواستنەوەیەتی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، لە دوو ڕووەوە لە جێگەی خشتێک یان زیاتر وێنەی کۆنی یادەوەری دانراوە و لە ڕوویەکەی ترەوە ناسنامەی کەسێتی هەیە. بینەر ڕاستەوخۆ ڕا دەکێشێت بۆ ناوەڕاستی ژوورەکە. هونەرمەند لە نووسینێدا کە بەشێک بوو لە پیشانگەکە دەربارەی ئیشەکەی خۆی نووسیوییەتی: ”ئەم خشتانە پێشتر بەشێک بووە لە ماڵێک لە ماڵەکانی ئەم شارە، یان باڵەخانەیەک بووە لە باڵەخانەکانی شار کە بەشدارییان کردووە لە پێکهاتەی دروستبوونی شارستانی. مێژووی خشتەکان وەک ماتریاڵ تێکەڵاو بووە لەگەڵ مرۆڤەکاندا، هەر لە گەورەبوونی نەوەکان و خۆشی و ناخۆشی، ساردی و گەرمی، جەنگ و ئاشتی، ئاژاوە و ئاهەنگەکان، بۆن و بەرامەی خواردن و خواردنەوەیان، چۆنێتیی بیرکردنەوەیان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەوانی تردا… کاریگەریی لەسەر شێوەی خشتەکان جێ دەمێنێت. جارێکی تر ئەم خشتانە ئامادە دەکرێتەوە بۆ بەکارهێنانی وەک کەرەستەیەکی بیناسازی بۆ دروستکردنی خانوویەک یان باڵەخانەیەک کە مێژوو و ناسنامەی تازەی پێ دەبەخشرێت، مرۆڤە نوێیەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکەنەوە و ژیانێکی تازە دەست پێ دەکات. مەبەست لە هێنانە ناوەوەی خشتەکان بۆ کارێکی هونەری پیشاندانی گواستنەوەیە لە نێوان دوو مێژوو بۆ خوڵقاندنی کاتێکی تایبەت، لەو نێوەندەدا فۆڕمێک دروست دەبێت لە ناو ژوورێکدا ئەو شێوەیە دەدات کە فۆڕمەکە لە دۆخێکی گواستنەوەدایە بە هۆی ئەو ڕەوڕەوانەی لەژێر پالێتەکەوە دەبینرێن. بەرجەستەکردنی ژیاننامەی خشتەکان وەک کارێکی ڕاوم ئینستلەیشن بۆ پیشاندانی ئەو پەیوەندییە و کارلێککردن و بەرکەوتنە لە نێوان مرۆڤ و شتەکانی دەوروبەری“.

ژیاننامەی خشت، كاری زاموا داراغا || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

 

بەرەو ناوەوە

 کاری پێنجەم کارێکی هونەرمەند ئاڤان سدیقە، دەربارەی کارەکەی خۆی بۆ دیدی من گوتی: ”لە لای منەوە گۆشەی بینین جیاوازە. پێت ناڵێم تۆ دەبێت چی ببینیت، پێت دەڵیم فێری ئەوە ببە جیاواز ببینیت. بەبێ ئەوەی شتێکی دیاریکراوت پێ بدەم بۆ بینین، ڕێگەیەکم بۆ دروست کردوویت و لە چەقەکەیدا بە تاقی تەنیا لەبەر گڵۆپێکدا دەمێنیتەوە، کە من پێم وایە ئێمە هەموو جارێک نەقدی خۆمان ڕووە و بەرانبەر دەکەین، ئێمە هەموو جارێک دوژمنمان هەیە، هەموو جارێک فریشتەکەین و بەرانبەرەکەمان شەیتانە، ئێمە هەموو جارێک لەسەر هەقین و ئەمەش لەبەر ئەوەی ئێمە هیچ کاتێک کاتمان نەبووە لە تەنیایدا ڕووناکی بخەینە سەر خۆمان، پرسیارەکان لەجیاتی ئاڕاستەی دەرەوە بکەین، ڕووبەڕووی ناوەوەی خۆمانی بکەینەوە.

 

به‌ره‌و ناوه‌وه، كاری ئاڤان سدیق || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها‌

به‌ره‌و ناوه‌وه، كاری ئاڤان سدیق || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها‌

هونەرمەند گارا لەو نوسینەدا کە بۆ پیشانگەکەیە دەربارەی ئەم کارە دەڵێت: ”ناوەڕۆکی کارەکەی هونەرمەند ئاڤان سدیق دەربارەی بوونە، ئەو ناوی بەرەو ناوەوەی لە کارەکەی ناوە، تێیدا دەیەوێت بینەر بەرەو خۆی بەرێت، لە خودی خۆی نزیکی بکاتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر لە خۆی بگات وەکوو هەنگاوی یەکەم بۆ بوون.

هەرورها دەڵێت: ”جۆری تێکهەڵکێشان و بەستنەوەی بەنەکان بە شیشە ئاسنەکانەوە، شێوەی چەند هێڵێکی ڕاست و بەیەکداچوو بە بینەر دەگەیەنن، ئەمەیش لە لایەکەوە کاری هونەری هێڵکاریمان دەخاتەوە یاد کە یەکێکە لە بنەما و سەرەتاکانی هونەری ئاڤان سدیق خۆی، لە لایەکی دیکەشەوە هەستی پەردەیەک دەگەیەنن کە تیشک لە نێوانیەوە بێتە ناو جێگەکە“.

به‌ره‌و ناوه‌وه، كاری ئاڤان سدیق || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها‌

هونەرمەند موحەممەد ئیسماعیل بە کاری پاککردنەوەی ڕۆح بەشداریی کردووە لە پیشانگەکەدا کە کارێکی ڤیدیۆ پێرفۆرمانسە و لە بیرۆکەی فەلسەفەی تەسەوفەوە وەریگرتووە، یادکردنەوەی منداڵییەتی کاتێک بەبێ وەستان دەخولایەوە بە دەوری خۆیدا تا گێژ دەبوو و دەکەوەت، دەربارەی ئەمەش لە نووسینێکدا بۆ کارەکەی دەڵێت: ”من لێرەدا ئەو ئارەزووی منداڵییە کە لەو فترەیەتیدا هەیە و دەسوڕێتەوە، دەیبەستمەوە بە فەلسەفەی تەسەوفەوە، بە گەورەبوونی تەمەنمان خێر و شەڕ کاری خۆی دەکات لە غەریزەی مرۆڤدا، هەر بۆیە ئەم خولانەوەیە بە دەوری خۆماندا تەنها دەبێتە یادگاریی منداڵی، ئیتر کەسێک لە گەورەییدا بە دەوری خۆیدا بسوڕێت بە کردەوەیەکی نامۆ دیار دەبێت“.

پاككردنه‌وه‌ی ڕۆح، كاری موحەممەد ئیسماعیل || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

وەک خۆی ئاماژەی پێ کردووە، هونەرمەند لە کارەکانیدا لەشی خۆی زۆر بە کار دەهێنێت، لەم کارەشدا کۆمەڵێک قوماشی ڕەنگاوڕەنگ و جیاوازی لەیەکگرێدراو لەسەری خۆی دەئاڵێنێت، لەگەڵ بەستنی قوماشەکان لە سەریدا خۆیشی دەخولێتەوە تاوەکو دەموچاوی دیار نامێنێت و پەیوەندیی لەگەڵ دەورەبەریدا دەپچڕێت. لەم ڕوانگەیەوە ئاڤان سدیق دەربارەی ئەم کارەی موحەممەد ئیسماعیل بۆ دیدی من گوتی: ”من وا کارەکەی دەبینم کە جامانە بەشێکە لە کولتووری جلپۆشین و کڵاو لەسەرکردنی ئێمە، کە ئەو مەترە زۆرە لە قوماش لەسەری دەپێچێت، بارێکی گەورە دەکاتە سەر سەری خۆی تا ڕادەیەک کە ئیتر پەیوەندیی ئەو لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا دەپچڕێت و دەچێتەوە ناو جیهانەکەی خۆی. بە دوو دیودا ئیشەکە دەبینم، بە دیوێکدا لەزەتە منداڵانەییەکە دەبینێتەوە و دەچێتەوە ناو خۆی، بەدیوەکەی دیکەدا وەکو ڕەخنە دەیبینم لە کولتوور، بەڵام لە ڕێگەی فۆڕمێکی دیاریکراوەوە.“

لە قاتی دووەمی خانووەکەدا، لە پاڵ ئیشەکەی موحەممەد ئیسماعیل، ئیشێکی دیکەی ڤیدیۆیی و حەوتەم ئیشی پیشانگەکە هەیە بە ناوی لە نێوان دوو ڕەشدا، هونەرمەند ئەیوب ڕەوف نەوت و داعش وەکو دوو ڕەش و خاوەن دوو پەیامی ڕەش دەناسێنێت، ئەو پێی وایە نەوت کە بە ئاڵتوونی ڕەش ناو دەبرێت، بووەتە هۆی نالەباریی ژیان بۆ دانیشتوانی خاکەکەی، پیسبوونی ژینگەکەی، برسێتی و شەڕی لێ کەوتووەتەوە، کشتوکاڵی نەهێشتووە و دانیشتوانەکەی تەمەڵ کردووە لەبری ئەوەی ببێتە هۆی خۆشگوزەرانی، هەروەها داعش بە ئاڵا و جلی ڕەشەوە بەناوی خوداوە تاوان ئەنجام دەدەن و ترس و تۆقین بڵاو دەکەنەوە، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن. لە ئیشەکەدا ڕووخساری هونەرمەند خۆی دەبینرێت کە کەسێک ڕەنگی ڕەش دەڕژێنێتە سەر دەموچاوی تا بە تەواوەتی دایدەپۆشێت و تەنها چاوەکانی بە سپێتی دەمێننەوە. لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەربارەی ئیشەکەی، ئەیوب دەڵێت: ”بەشێک لە هاووڵاتیانی عێراق لە نێوان ئەم دوو ڕەشەدان، بەڵام بەردەوام هیوایەک هەیە، دوو ڕووناکی سپی لە ناو چاوەکاندا، دیارە ئەمە نیشانەی هیوایە“.

لە نێوان دوو ڕەشدا، كاری ئه‌یوب ڕه‌وف || فۆتۆ، لاژه‌ ته‌ها

لە نێوان دوو ڕەشدا، كاری ئه‌یوب ڕه‌وف || فۆتۆ، لاژه‌ ته‌ها

بە چوون بۆ ژێرزەمینی خانووەکە لە یەکەمین هەنگاوەکانتەوە بۆنی نەوت دەکەیت، گوێت لە دەنگی دووبارەوەبووی دڵۆپە و ڕژانی شلەیەکە، بەرەو تاریکی دەڕۆیتە خوارەوە و کۆتا کاری پیشانگەکە دەبینیت، دڵۆپی نەوتی ڕەشی هونەرمەند شەمێران فەتاح. بە چەند ماتریاڵێکی جیاواز و بە کارێکی ئەنستلەیشن و پیشاندانی فیلمێک بەیەکەوە.

دڵۆپی نەوتی ڕەش، كاری شەمێران فەتاح || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

دڵۆپی نەوتی ڕەش، كاری شەمێران فەتاح || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

كارەكەی بریتییە لە حەوزێكی چوار مەتر بەمەتر و نیو كە نەوتی ڕەشی تێدایە، لەگەڵ بۆكسێكی تەختە بە بەرزی ٥٠سم، دارێك یەك مەتری پێوەیە سەرێك غێ دارەكە جامێكە و سەرەكەی تری پارچە تەختەیەكە، دڵۆپی نەوتی ڕەش دەكەوێتە ناو جامەكەوە تاكو پڕ دەبێت و دەڕژێتە حەوزە نەوتەكەوە، و ئەم پرۆسەیە بەردەوام دوبارە دەبێتەوە. گارا دەربارەی ئەم کارەی هونەرمەند شەمێران دەڵێت: ”نەوت مەتریاڵێکە مشتومڕی لەسەرە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا، بەڵام شەمێران فەتاح لەم کارەیدا یاری پێ دەکات“.

دڵۆپی نەوتی ڕەش، كاری شەمێران فەتاح || فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

هاوبەشی بکە

Art, Art Exhibition, Conceptual Art, Instalation, LazhaTaha, Peshanga, Photography,