19/03/2024
DidiMn Logo
Top

هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخ: بانکسی کێیە؟

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی: گه‌لان جه‌بار



بانکسی کێییە و یەکەم دەرکەوتنی کەی بوو؟ ئێمە ئه‌مه‌ بە تەواوی نازانین. ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ هونەرمەندێکی گرافیتی بەریتانی نەناسراوە و ناسنامەی خۆی دەرنەخستووە، به‌ڵام به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌ ڕه‌خنه‌گرانه‌كانی ناوبانگێكی به‌رچاوی په‌یداكردووه‌.


هەرچەندە بانكسی زۆربەی کارە هونەریەکانی لە شوێنیه‌ گشتییه‌كاندا به‌ نه‌ناسراوی و نهێنی دەکات، بەڵام دواتر لە سۆشیاڵ مێدیا ئاشکرای دەکات کە کارە هونەریەکە ئەو دروستیکردووە. وە زۆربەی کارە هونەرییەکانی بە ستایلێکی تایبەت دەکات، کە خەڵکی دەتوانن بە ئاسانی بزانن کاری بانکسیە و بیناسنه‌وه‌. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر کەس هەوڵیان داوە کە بزانن ئەو کێیە، بەڵام هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە.


بۆ یەکەم جار له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا یه‌كه‌م كاری هونەری بانکسی لەشاری بریستۆڵ بینراوە کە بە سپڕا وێنەی لەسەر دیوارەکان و شەمەندەفەرەکان کێشاوە. له‌وكاته‌دا هونەری سەرشەقام و گرافیتی بە تاوان لەقەڵەم دەدران، بۆیەش لەسەرەتادا هونەرمەندەکە خۆی بە نەناسراوی هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی تووشی گرفتی ئه‌منی نه‌بێت. دواتر و  لە سه‌ره‌تای ٢٠٠٠ه‌كانه‌وه‌ کارە هونەرییەکانی لە تەواوی بەریتانیاو بەشێکی زۆری جیهان دەرکەوتن.

بانكسی په‌یڕه‌وی چ جۆره‌ ستایلێك ده‌كات؟

بانکسی بۆ دروستکردنی کارە هونەرییەکانی ستێنسیلی بەکارهێناوە، ڕه‌نگه‌ لەبەر ئەوە بووبێ کە ستێنسیل ڕێگەیەکی خێراترە بۆ وێنەکێشان. بانکسی بە بلێک لێ ڕاتی هونەرمەندی گرافیتی فەڕەنسی، کاریگەربووە. بلێک لێ ڕات بە باوکی ستێنسیل گرافیتی دادەنرێت، هەندێک کاتیش خەڵکی کارە هونەرییەکانی بانکسی و بلێک لێک جیاناکەنەوە. بانکسی تەنها هونەری سەرشەقام ناکات، بەڵکو وێنە و تابلۆش دەکێشێ. له‌م دواییانه‌دا پارکێک له‌ کاری هونەری خۆی دروستکرد بەناوی دیسماڵاند.

بانکسی دەیەوێت لەڕێگەی کارە هونەرییەکانییه‌وه‌ چی بڵێت؟


کارە هونەرییەکانی بانکسی بەوە ناسراون کە پەیامی سیاسی هه‌ڵده‌گرن. ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕێی كاره‌كانییه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌و سیستمه‌ بكات كه‌ خه‌ڵك ده‌كات به‌ كۆیله‌ و دواكه‌وتووی فیگه‌ره‌ دیاره‌كانی ناو سیاسه‌ت. لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا، لەڕێگەی وێنەیەکی ڕه‌خنه‌یی کە لەسەر دیوارێک کێشا بووی، پرسی بێلانەیی و ئاواره‌بوونی نیشاندا. وێنەکە دوو ئاسک نیشاندەدات کە گالیسکەیەک ڕادەکێشن.


کارێکی دیکەی هونەری لەساڵی ٢٠١٨دا بوو لە پۆرت تاڵبۆت كه‌ کوڕێکی نیشاندەدا کە کڵۆی بەفری باریو دەگرێت، بەڵام له‌ ڕاستیدا کڵۆ بەفر نەبوون به‌ڵكو خۆڵەمێشی بڵاوەبووی ناو ئاگردانێک بوون. كه‌ ئەم وێنەیەش گرفتی پیسبوونی ژینگەی دەگەیاند.

یەکێک لە کارە هونەرییە هه‌ره‌ بەناوبانگەکانی بانکسی كاری “بەدوای خەونەکانت بکەوە”یه‌ كه‌ ساڵی ٢٠١٠ له‌ ئه‌مریكا كێشاویه‌تی.


“بەدوای خەونەکانت بکەوە” وتەیەکی بەناوبانگە کە بە خەڵکی دەڵێ بەدوای خەونەکانییانەوە بن. به‌ڵام له‌ کارە هونەرییەکەی بانکسیدا وشەی “هەڵوەشێنرایەوە” لەسەر وتەکە كێشراوه‌. كاره‌كه‌ پیاوێکی چینی هه‌ژاره‌، وادیارە بەدەست قەیرانێكی ئابووری سه‌خته‌وه‌ دەناڵێنێ و ناڕازییه‌.

بانکسی بەمەبەست ئەم پیاوە به‌ته‌مه‌نه‌ی بە شکڵێکی نائومێد کێشاوە، بۆ ئەوەی ئاماژە بەو ژینگە سیاسی و ئابووریە نەخوازراوە بدات كه‌ ژیانی چینی هه‌ژارانی كۆنتڕۆڵكردووه‌.


وشەی “هەڵوەشێنرایەوە”ش له‌سه‌ر گرافیتییه‌كه‌ ئەوە نیشاندەدات کە چۆن بارودۆخی ئەمریکا ڕێگەنادات خەڵکی بۆ خەونەکانیان بژین. خەونەکان هەڵوەشێنراونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش حەقیقەتێکی تاڵە.


لەڕێگەی کارە هونەرییەکەیەوە بینەرەکان دەتوانن بە ئاسانی لەمەبەست و تێڕوانینی بانکسی بۆ “خەونی ئەمریکی” بگەن و بینەر درک بەوە دەکات کە بانکسی گاڵتە بە ئەمریکا وەک “خاکی دەرفەت” دەکات.

هه‌روه‌ها له‌ ساڵی ٢٠١٨ دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ تابلۆكانی به‌ یه‌ك ملیۆن و ٤٠٠ هه‌زار دۆلار له‌ مه‌زادخانه‌ی سوزبیری له‌ شاری نیوۆیۆركی ئه‌مریكا، فرۆشرا. تابلۆكه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی دڕێندرا. هه‌ندێه‌ك كه‌س شۆك بوون به‌و كاره‌ و پێیان وابوو بانكسی خۆی چاودێریان ده‌كات و خۆی پلانی داناوه‌ كه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌كاتی فرۆشتنیدا بدڕێت وه‌ك په‌یامێك.

نرخی کارەهونەرییەکانی بانکسی چەندە؟

کارەکانی بانکسی زۆر بەنرخن و لەوانەیە تا هەزارەها پاوەندیش بچن. زۆرێک لەخەڵکی حەز بەکارەکەی دەکەن و ئامادەن پارەیەکی زۆری پێبدەن. لە مەزادێکی کاری هونەریدا لەساڵی 2008 کارێکی هونەری بانکسی بەناوی “بێ پەڵە بیهێڵەوە” بە زیاتر لە 1ملیۆن پاوەند فرۆشرا.


لەهەمان ساڵدا، کابینەیەک کەکارێکی هونەری باکنسی لەسەر لایه‌كی بوو زیاتر لە 500هەزار پاوەندی پێدرا. باکنسی زۆر جار ئەوەشی ڕوونکردووه‌تەوە کە حەزناکات کارەکەی بەپارەی زۆر بفرۆشرێت.


لەبەرئەوەی زۆرێک لەخەڵکی هونەری سەرشەقامیان بە تێکدەری شێوازی شار و بیناكان دادەنا، زۆرێک لە کارە هونەرییەکانی بانكسییان تێكده‌دایه‌و و دژی ده‌وه‌ستانه‌وه‌، ده‌چوون بۆیەیان لەسەر ده‌ڕشت و تێكیان ده‌دا.

هەندێکجاریش هونەرمەندە گرافیتیەکان کاری هونەری خۆیان لەسەر کارەکانی بانکسی دەکرد.
لەبەر ئەمانەش کاتێک کارێکی هونەری بانکسی دەردەکەوت هەمیشە بە بەرگی پلاستیکی دایده‌پۆشی بۆ پارستنی.


مشتومڕێکی گه‌وره‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ هەیە كه‌ بۆچی دەکرێت کاری بانکسی وەک ‘ هونەر ‘ بپارێزرێت لە کاتێکدا هونەرمەندانی دیکەی گرافیتی دادگایی دەکرێن و تەنانەت هەندێک جاریش لەسەر ئەنجامدانی هەمان کار، دەخرێنە زیندانەوە.

به‌شێك پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌و كارانه‌ له‌ هه‌ركوێدا دروستبكرێن نابێت بشێوێندرێن و ده‌بێت پارێزگاریان لێبكرێت، به‌شێكی دیكه‌ش پێیان وایه‌ كه‌ ده‌بێت بانكسی سزا بدرێت و چیتر كاری گرافیتی نه‌كات.

بانكسی لەڕێگەی کارە هونەرییەکانییه‌وه‌ بانکسی ڕووبەڕی ڕووبه‌ڕووی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بووه‌ته‌وه‌ و گرفته‌كانی پیشانداوه‌، بەتایبەت ئەو کێشانەی پەیوەندیان بە “ئایدیاڵەکانی” ئەمریکاوە هەیە.

بانکسی تا ئێستاش كاره‌ هونه‌رییه‌كانی به‌ نهێنی ئه‌نجامده‌دات، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كاره‌كه‌ی به‌ نایاسایی و بە تێکدەری سامانی گشتی دادەنرێت بەپێی پێناسەی کۆمەڵگاش کارە هونەریەکەی مانایه‌كی کیناوی هەیە و لە شێوەدا نایاساییە.


وە بەپێی یاسای ویلایەتی ماساچوسیتس ی ئەمریکاش، دەکرێت لەسەر هه‌ر كارێك تا دە ساڵ زیندانی بکرێت یان بڕی 3000 دۆلار پێبژاردنی پێبکرێت.

هاوبەشی بکە

Art, banksy,