22/07/2019
DidiMn Logo
Top

سامسا سێڵفی دەگرێت

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

بە بۆنەی سەدساڵی چاپبوونی مەسخـی کافکاوە

گۆران ڕەسووڵ

گرێگۆر سامسا بەیانییەک لە خەو هەڵدەستێ و مۆبایلەکەی بە لۆگۆی سێوێکی قەپاڵلێدراوەوە، کە وەک هەمیشە شەو و ڕۆژ لەسەر جێگە و لە دەرەوە لەگەڵیەتی، دەگرێ بەدەستەوە و بە دەموچاوێکی خەواڵووەوە سێڵفییەک دەگرێ، لە ڕێگەیەوە بەیانی باش لە جیهان دەکا، کە نەک سپێدە بگرە خۆیشی تێیدا باش نییە. ئەمە یەکێکە لە ئاکتەکانی ژیانی مرۆڤی سەردەمی ئێستە، بەڵام ئەگەر بە دیدی فرانز کافکا (١٨٨٣ – ١٩٢٤) گوزارشتێکی نوێ بدەینە ئەم دیمەنە؛ سامسا بەیانییەک لە خەو هەڵدەستێ و دەبینێ نیوەی زیاتری جەستەی بووە بە دوگمە و وایەر، بەجۆرێک کە بووە بە مۆبایلێکی زەبەلاحی شکاو. کافکا ڕێک سەد ساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی سیودوو ساڵیدا و لە ئۆکتۆبەری ١٩٠٥ لە ڕێگەی نۆڤێللای (مەسخ)ـەوە کارەکتەری سامسای پێناساندین. سامسا بەر لەسەد ساڵ کە بەیانییەک لە خەو ڕادەبێ دەبینێ بووە بە قالۆنچەیەکی زەبەلاح، بەڵام هەر ئەم سامسایە ئێستە کە بەیانیان لەخەوهەڵدەستێ نیوەی جەستە و تەواوی ژیانی بووە بە دوگمە و سیستەمی ئەلیکترۆنی. ئەو مرۆڤەی کە لە دەسەڵاتی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تێدەگا، کاتێك کە کارەکتەری سامسا دەخوێنێتەوە هەست بەو ترسە دەکا کە کافکا بەر لە سەد ساڵ لە گۆڕانێکی بەد لە سروشتی مرۆڤدا هەیبووە. گۆڕانێک کە سەرئەنجام کۆیلەبوون بەدەست شتە دروستکراوەکانی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر سەردەمانێک ئینسان کۆیلەی ئینسان بووبێ بە ئێستاشەوە مرۆڤگەلێک کە کۆیلەی ئایینەکانن، لەمە بەدوا و لە زەمەنی جیهانی دیجیتاڵیدا مرۆڤ کۆیلەی ئایکۆنە بچووکە دروستکراوەکانی دەستی خۆیەتی.

ئەمە هێزی لەبننەهاتووی تێکستی ئەدەبییە، کاتێک کرۆکی بابەتێک دوای یەک سەدە لەسەر تێپەڕبوونی، بە فۆڕمی تازەوە خۆی دەگێڕێتەوە. کافکا لە ڕێگەی ئەم گۆڕانەی کە جەستەی سامسا دەشێوێنێ، سەدان پرسیار دەربارەی گۆڕان لە فۆڕم و پێکهاتە و زەمەنی جیاواز دەهێنێتە پێشەوە. ئەم چەشنی گۆڕانە بە فیگەرێکی نێگەتیڤانە تەنیا لە جەستە و دەنگ و ڕەوشتی مرۆڤدا کورت نابێتەوە، بەڵکو گومان لە گۆڕان و گواستنەوە و تێکەڵبوونی هەموو ئەو ئۆبجێکتانە دروست دەکا کە دەوری مرۆڤیان تەنیوە و بەردەوام لە ڕێگەی زانستەوە بە پێکهاتە و شێوەی تازەوە خۆیان دەکەن بە بەشێک لە بوونی مرۆڤ. بۆ نموونە بۆ مرۆڤی سەردەمی دیجیتاڵی کە مێژووی گۆڕانکارییەکانی گیانلەبەران و سروشت و هەموو ئەو شتانەی هاوبەشیی پێکهاتنی ئەم گەردوونەن تەنیا لە نووسراوی کتێبەکاندا قەتیس نابن، بەڵکو وێنە و ڤیدیۆکان بە ئەندێشەی ڕوونترەوە مێژووی هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی بەر لە ئەو ڕوویانداوە دەبینێ و شرۆڤەیان دەکا. گۆڕانکاریی شوێن، ڕەنگە ببێتە ئەزموونی گۆڕانێکی بەد بۆ ڕوانینی مرۆڤێک کە لە شارێکی بچکۆلەدا دەژی و لە ماوەیەکی کەمدا درێژیی باڵەخانەکان، ژێرزەمینی ترام و شەمەندەفەرەکان، بازاڕە زەبەلاحەکان فۆڕمی بەرکەوتنی بە شەقام و دیوارەکان بگۆڕێ. گۆڕانێک کە کاریگەریی نێگەتیڤانەی لەگەڵ هەستی بەستنەوەی شوناسی کەسێتیی خۆی و شوناسی شار یان شوێن بەشێوەیەکی گشتی بگۆڕێ.

12373254_996175820445495_6657362494156610459_n

من کە دوای سەد ساڵ ئاشنا بە ژیانی تاریک و پڕ شکستی کافکا دەبم و دواتر کارەکتەری یەکێک لە کتێبەکانی هێزی ئەو گۆڕانە “بەد”ـەم نیشان دەدا کە چۆن مرۆڤ دەپووکێنێتەوە، تێدەگەم کە ئەم گۆڕانە تەنیا لە فۆڕمی جەستە و دەنگدا کورت نابێتەوە. ترسی ئەم بەدگۆڕانە لەلای کافکا بەستراوەتەوە بە گومانی کافکا لە مانای بوون، پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لە پێگەی خێزانییەوە (پەیوەندی کافکا بە باوکی) بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ ژن. کە ئەمە نمایشی هەموو ئەو ڕاڕاییانە دەکا کە کافکا لە هێزێکی ناسروشتییەوە گیرۆدەی بووە کە ئەویش “بوون”ـە، کە کافکا بە تێکەڵکردنی دوو کارەکتەر لە دوو فۆڕم و پێکهاتەی جیاوازدا (مرۆڤ و قالۆنچە) دەیەوێ مانایەکی تر ببەخشێتە بوون، بەڵام ئاڕۆنییانە بوون دەخاتە بەردەم پرسیارێکی گەورەترەوە و تێکەڵی گومانێکی ئاڵۆزتری دەکا، کە ئەویش بەدگۆڕانە. ئەم فیگەری گۆڕانە لە ئەندێشەی کافکادا ئەوەندەی لایەنێکی نێگەتیڤانەی هەیە نیو هێندە فۆڕمی پۆزەتیڤانە وەرناگرێ، بەو مانایەی مرۆڤ بەبەردەوامی دەکەوێتە ناو گومان و پرسیاری گۆڕانکارییە خێراکان. کە خودی ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە بە شێوە و واتای جیاواز تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ وەک کردەیەکی ناجێگیر و نەوەستاو دادەڕێژنەوە. سامسا دەرگا لەسەر خۆی دادەخا، بەڵام مرۆڤی ئەلیکترۆنی هەزار و یەک دەرگەی بەسەر ڕوودا کراوەتەوە و پارادۆکسانە لە هەر دەرگایەکەوە برێک لە خود و شوناسی لێ زەوت دەکرێت و لە ئەنجامدا ئەو دەرگایانەی سەرچاوەی ڕێگەی تێگەیشتن و بەستنەوەی لەگەڵ مانای بووندا دروست دەکەن، دووبارە دەبنەوە بە دەرگەی بەربەست و داخراو.
مرۆڤی ئێستە وەک سامسا بێ ئەوەی ئاگاداربێ بەشێک لە ژیانی بە پڕۆسەیەکی نێگەتیڤانەی گۆڕان دەگوازرێتەوە بۆ ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێکی بۆ گەمە دیجیتاڵییەکان و بەشێکی تریشی بۆ هەواڵی بە پەلەی گۆڕانکارییە خێراکانی گەردوون، کە هەموو ئەمانە بە فۆرمی جیاواز بەدگۆڕان لە پێکهاتەی شوناس و بوونی مرۆڤدا دروست دەکەن. سامسای کافکا لە نائاگاییدا دەست و قاچی قالۆنچە دەبن بە بەشێک لە جەستەی، سامسای دوای سەد ساڵ یان ڕاستر “ئێمە” لە ئاگاییەکی تارماییداردا بەشێک لە جەست و ئەندێشەی دەبن بە دیجیتاڵی.

*ئەم نووسینە له‌ ژماره‌ ٤٨٤ی ڕه‌خنه‌ی چاودێر بڵاوبووەتەوە.

Goran Rasul, Gregor Samsa, Kafka,