13/10/2024
DidiMn Logo
Top

شانۆنامه‌ی سێ خوشک و دوا قۆناغه‌کانی شانۆی چێخه‌ف، بەشی چوارەم و کۆتایی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

دانا ڕەئوف

چیبووتیکین: براکه‌م، من به‌یانی ده‌ڕۆم و ڕه‌نگه‌ ئیتر هه‌رگیز جارێکی تر یه‌کتری نه‌بینینه‌وه، به‌ڵام ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی منت ل ه‌بیر بێ: شه‌بقه‌که‌ت بکه‌ره‌ سه‌رت و گۆچانه‌که‌ت بگره‌ به‌ ده‌ستته‌وه‌ و ماڵ به‌جێ بێڵه‌ و بڕۆ … بێ ئاوڕدانه‌وه‌ بڕۆ، هه‌تا دوورتریش بڕۆی باشتره‌.

شانۆنامه‌ی سێ خوشک، پەردەی چوارەم

هه‌ر چیبووتیکین په‌رده‌ له‌ سه‌ر ئه‌و نهێنییه‌ هه‌ڵده‌ماڵێت که‌ هه‌موو ده‌یزانن، به‌ڵام که‌س ناوێرێت، یان نایه‌وێت ڕاسته‌وخۆ باسی بکات، ئه‌ویش په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌تاشایه‌ به‌ پڕۆتۆپۆپۆڤه‌وه‌.

چیبووتیکین له‌ کاتێکدا ئه‌م نهێنییه‌ ئاشکرا ده‌کات که‌ کاتژمێره دێرینه‌که‌ی دایکی سێ خوشکه‌که ده‌شکێنێت، شکاندنی ئه‌م کاتژمێره‌ش له‌گه‌ڵ ئاشکراکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نه‌تاشا و پرۆتۆپۆپۆڤ سمبوڵی شکاندنی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی، مرۆڤایه‌تی و داوێنپیسییه‌.

چیبووتیکین: ڕه‌نگه‌ هیی دایکت بووبێت. ئینجا با هیی دایکت بووبێت، ڕه‌نگیشه‌ من نه‌مشکاندبێت، به‌ڵکو وا هاتبێته‌ به‌رچاو که‌ من شکاندوومه. وا بزانم هه‌موومان هه‌ر وا تێده‌گه‌ین که‌ ئێمه‌ هه‌ین و که‌چی له‌ ڕاستیشدا نین. من هیچ نازانم، که‌س هیچ نازانێت (لای ده‌رگەکه‌وه‌) بۆچی سه‌یرم ده‌که‌ن؟ نه‌تاشا له‌گه‌ڵ پڕۆتۆپۆپۆڤدا ڕاده‌بوێرێ، که‌چی ئێوه‌ نایانبینن، ئێوه‌ ئێستا لێره‌ دانیشتوون و هیج نابینن. نه‌تاشا له‌گه‌ڵ پرۆتۆپۆپۆڤدا ڕاده‌بوێرێ.

14046105_10153818600872338_2169449666538164567_n

شانۆنامه‌ی سێ خوشک، پەردەی سێیەم

چیبووتیکینی پیره‌پزیشک په‌یوه‌ندییه‌کی دێرین و توندوتۆڵی به‌ بنه‌ماڵه‌ی پڕۆزۆرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌رسێ خوشکه‌که‌ و ئه‌ندرێیی به‌ به‌رچاوی ئه‌وه‌وه‌ گه‌وره‌بوون. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می مۆسکۆ. چیبووتیکین به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستیی به‌ دایکی سێ خوشکه‌که‌وه‌ هه‌بووه‌ و ئێستا به‌ بیره‌وه‌ریی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دڵخۆش ده‌بیت و هه‌ر به‌و بیره‌وه‌رییانه‌ ده‌ژی.

چیبووتیکین: نه‌شمیله‌ نازداره‌کانم، ئێوه‌ به‌نرخترین و خۆشه‌ویستترین که‌سن له‌م جیهانه‌دا. (بۆ ئیرینا) نه‌شمیله‌که‌م، کۆرپه‌که‌م، من له‌ ڕۆژی له‌دایکبوونته‌وه‌ ئه‌تناسم. جاران به‌ باوه‌ش ده‌مگێڕای و دایکی خوالێخۆشبووتم خۆش ئه‌ویست.

شانۆنامه‌ی سێ خوشک، پەردەی یەکەم

چیبووتیکین به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ په‌رده‌ی دووه‌میشدا به‌ ئه‌ندرێی ده‌ڵێت:

چیبووتیکین: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانم وه‌ک هه‌وره‌ بروسکه‌ تیژ و خێرا به‌سه‌رچوو، فریا نه‌که‌وتم ژن بهێنم، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ژنم نه‌هێناوه‌ چونکه‌ دایکتم زۆر خۆش ده‌ویست، هه‌رچه‌نده‌ ژنی مێردداریش بوو.

شانۆنامه‌ی سێ خوشک، پەردەی دووەم

ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش چه‌ندین جاری تر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و چیبووتیکین هه‌ر فرسه‌تێکی بۆ هه‌ڵ بکه‌وێت باسی خۆشه‌ویستیی خۆی بۆ دایکی سێ خوشکه‌که‌ ده‌کات، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌ست ناکه‌وێت که‌ ئایا دایکی سێ خوشکه‌که‌ش چیبووتیکینی خۆشویستووه‌ یان خۆشه‌ویستییه‌که‌ ته‌نها له‌ لایه‌ن چیبووتیکینه‌وه‌ بووه‌.

ئۆلگا کچی ژیانی ڕۆژانه‌یه‌، به‌رده‌وام کار ده‌کات و ژیانی گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت. ئیرینا له‌ سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌دا وه‌ک باڵنده‌یه‌کی سپی ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، خه‌ونه‌کانی نایه‌نه‌ دی و له‌ کۆتاییی شانۆنامه‌که‌دا وه‌‌ک باڵنده‌یه‌کی باڵشکاو ئاماده‌یه‌ سه‌رله‌نوێ ژیانی خۆی ده‌ست پێ بکاته‌وه‌. ماشا له‌ سه‌ره‌تادا جلوبه‌رگه‌کانی ڕه‌شه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان سمبوڵێکه‌ و ماشای باڵنده‌ی ده‌ریامان بیر ده‌خاته‌وه‌. ماشا له‌ شانۆنامه‌ی باڵنده‌ی ده‌ریادا جلوبه‌رگه‌کانی ڕه‌شه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ک خۆی ده‌ڵێت له‌ پرسه‌ی ژیانی خۆیدایه‌، به‌ڵام ماشا له‌ شانۆنامه‌ی سێ خوشکدا له‌ پرسه‌ی ژیانی خۆیدا نییه‌، به‌ڵکو زیاتر که‌سایه‌تییه‌کی سه‌رکه‌ش، یاخی و سه‌ربه‌سته‌. ماشا تاکه‌ که‌سێکه‌ که‌ ده‌وێرێت و به‌ ئاشکرا دژی دابونه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌جوڵێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ ژنی کوڵیگینه‌، به‌ڵام عاشقی ڤێرشینین ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌کی کراوه‌ی دڵداری له‌گه‌ڵدا دروست ده‌کات و گوێ به‌ قسه‌ی خه‌ڵکی و ئابڕووچوون نادات. به‌ڵام ڤێرشینین له‌گه‌‌ڵ سوپاکه‌‌یان له‌و ناوه‌، یان له‌و شاره‌ بچووکه‌ ده‌گوێزنه‌وه‌ و خه‌ون و هیواکانی ماشاش نایه‌نه‌ دی و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ژیانه‌ ئاساییه‌که‌ی پێشووی و پۆشینی جلوبه‌رگه‌ ڕه‌شه‌کانی.

1172

کاره‌کته‌ره‌کانی شانۆنامه‌ی سی خوشک به‌رده‌وام خه‌ون به‌ کارکردن و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ ده‌بینن، کارێک که‌ مانایه‌ک به‌ ژیان ببه‌خشێت و هیوایه‌ک به‌ خۆشه‌ویستییه‌که‌وه‌ که‌ ژیانیان ئاسووده‌ و به‌ختیار بکات. هه‌ندێک جار ئه‌م دوو خه‌ونه‌ پێکدا ده‌چن و ده‌بنه‌ یه‌ک، به‌ هیوای گوزه‌رانێکی خۆش، هاوبه‌ش و خه‌ونێک به‌ کۆمه‌ڵگەیه‌که‌وه‌ که‌ مرۆڤ بتوانێت خودی خۆی له‌ واقیعدا بدۆزێته‌وه‌.

له‌هه‌ر چوار په‌رده‌که‌ی شانۆنامه‌ی سێ خوشکدا کاره‌کته‌ره‌کان به‌رده‌وام باسی کارکردن و گرنگیی کارکردن ده‌که‌ن، بۆ نموونه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای په‌رده‌ی یه‌که‌مدا ئیرینا باسی ئاسوده‌یی له‌ کارکردندا ده‌کات:

ئیرینا: که‌ ئه‌م به‌یانییه‌ خه‌به‌رم بووه‌وه‌ و هه‌ستام و ده‌موچاوم شت، له‌پڕ وام هه‌ست کرد که‌ هه‌موو شتێکی ئه‌م جیهانه‌م له‌ لا ڕووناکه‌ و ده‌زانم ئه‌بێ چۆن بژیم. ئیڤان ڕۆمانیچی خۆشه‌ویست، من هه‌موو شتێک ده‌زانم، مرۆڤ هه‌رچییه‌ک بێ پێویسته‌ کار بکا و به‌ ئاره‌قی ناوچه‌وانی خۆی بژی، ئاوات و مانای ژیان له‌مه‌دایه‌. چه‌ند خۆشه‌ کرێکار بی و له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتندا له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌رد بشکێنی، یان شوان بی، یان مامۆستا بی منداڵان فێری خوێندن بکه‌ی، یان شه‌مه‌نده‌فه‌ر لێبخوڕی. ئای خوایه‌! با مرۆڤیش نه‌بی، با گامێش بی یان ئه‌سپێکی ئاسایی بی هه‌ر به‌و مه‌رجه‌ی ئیش بکه‌ی و ژنێک نه‌بی کاتژمێر دوازده‌ی نیوه‌ڕۆ له‌ خه‌و هه‌ستی و له ‌ناو جێگاکه‌دا قاوه‌ بخۆیته‌وه‌ و دوای دوو کاتژمێر خه‌ریکی خۆگۆڕین بی، ئای ئه‌مه‌ شتێکی چه‌ند سامناکه‌! وه‌ک جۆن هه‌ندێ جار مرۆڤ له‌ گه‌رمادا حه‌ز ده‌کا بخواته‌وه‌ منیش ئاوا حه‌ز ده‌که‌م ئیش بکه‌م. ئیڤان رۆمانیچ، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا به‌یانیان زوو له‌ خه‌و هه‌ڵنه‌ستم و ئیش نه‌که‌م هاوڕێیه‌تیم مه‌که‌.

MTE5NTU2MzE2MTgxNjYxMTk1

شانۆنامه‌ی سێ خوشک، پەردەی یەکەم

په‌رده‌ی سێیه‌می شانۆنامه‌که‌ داده‌نرێت به‌ خاڵی یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌کان: له‌م په‌رده‌یه‌دا ئه‌ندرێی دان به‌وه‌دا ده‌نێت که‌ چه‌ند پاره‌ی دۆڕاندووه‌ و تا چه‌ند که‌وتووەته‌ ژێر باری قه‌رزه‌وه‌. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا ماشا باسی عه‌شقی خۆی و ڤێرشینین بۆ خوشکه‌کانی ده‌کات و هه‌ر له‌م به‌شه‌شدا ئۆلگا ئامۆژگاریی ئیرینا ده‌کات تا شوو به‌ توزینباخ بکات.

ئیرینا قاییل ده‌بێت که‌ شوو به‌ توزینباخ بکات، هه‌رچه‌نده‌ باش ده‌زانێت که‌ توزینباخی خۆش ناوێت، ته‌نانه‌ت ئه‌ویش ده‌زانێت که‌ ئیرینا ئه‌وی خۆش ناوێت. له‌ دوا دیالۆگه‌کانی په‌رده‌ی سێیه‌مدا ئیرینا به‌ ئۆلگا ده‌ڵێت:

ئیرینا: نه‌شمیله‌که‌م، نازداره‌که‌م، من ڕێزی بارۆن ده‌گرم و نرخی ده‌زانم، پیاوێکی نایابه‌. قاییلم شووی پێ بکه‌م، شووی پێ ده‌که‌م، هه‌ر به‌و مه‌رجه‌ی بچین بۆ مۆسکۆ. لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌، با بچین. له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ مۆسکۆ خۆشتر نییه‌… با بچین، ئۆلا، با بچین!

شانۆنامه‌ی سێ خوشک، پەردەی سێیەم

ئیرینا به‌وپه‌ڕی ڕاستگۆییه‌وه‌ و ڕاسته‌وخۆ به‌ توزینباخ ده‌ڵێت، به‌ڵام توزینباخ له‌ دڵه‌وه‌ عاشقی ئه‌وه‌ و به‌ هه‌موو شتێک قاییله‌، له‌ په‌رده‌ی چواره‌میشدا ئیرینا ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌خاته‌ ده‌ستی توزینباخه‌وه‌:

ئیرینا: ئه‌مه‌ به‌ ده‌ست خۆم نییه‌، من ژنێکی به‌وه‌فا و گوێ ڕایه‌ڵت ده‌بم، به‌ڵام خۆشه‌ویستی له‌ دڵمدا نییه‌، بڵێم چی؟ (ده‌گری) من هه‌رگیز له‌ ژیانمدا که‌سم خۆش نه‌ویستووه‌. من له‌ زۆر ده‌مێکه‌وه‌ به‌ ئاواتی ئه‌وه‌وه‌م یه‌کێکم خۆش بوێ، شه‌و و ڕۆژ به‌ ئاواته‌وه‌ بووم، به‌ڵام دڵم وه‌ک پیانۆیه‌کی گرانبه‌ها وایه‌ که‌ کلیله‌که‌ی ون بووبێ! (بێده‌نگییه‌ک) چاوه‌کانت شڵه‌ژاون!

توزینباخ: به‌ درێژایی شه‌و نه‌نووستم، من له‌ ژیاندا هیج شتێکی سامناکم نییه‌ بمترسێنێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌م کلیله‌ ون بووه‌ گیانم ده‌شڵه‌ژێنێ و ناهێڵێ بنووم، قسه‌یه‌ک بکه‌. ( بێده‌نگییه‌ک ) قسه‌یه‌ک بکه‌.

Three-Sisters

ئیرینا: چی؟ چی بڵێم؟ چی؟

توزینباخ: هه‌رچییه‌ک بێ.

شانۆنامه‌ی سێ خوشک، پەردەی چوارەم

له ‌ناو ئه‌و سێ خوشکه‌دا ئۆلگا هه‌میشه‌ ده‌که‌وێته‌ په‌راوێزه‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌، ئیرینا توند خۆی به‌ خه‌ونه‌کانییه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسێت و ماشاش خۆی ده‌داته‌ ده‌ست عه‌شق. ‌‌ ‌ ‌

ئەم نووسینە لە کتێبی شانۆنامەی سێ خوشک، نووسینی ئەنتوان چیخۆڤ، وەرگێڕانی جەلال تەقی، ژمارە ٢٠ لە زنجیرەی شانۆی بیانیی دەزگای ئاراس بڵاو کراوەتەوە

هاوبەشی بکە

Chekhov, Dana Raouf, Three Sisters,