23/04/2019
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بیكێت: شانۆنامه‌ی گوتنی سەرپێیی ئۆهایۆ

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

 دیدی من شانۆنامه‌

ساموێل بیكێت
وه‌رگێرانی: هونه‌ر شاهۆ

 

ب = بیسەر

خ = خوێنەر

 

تا ڕادەیەك لە ڕووی ڕواڵەتەوە لەیەكدی دەچن.

ڕووناكی لەسەر مێزێك كە لە ناوەڕاستی شانۆكەدا دانراوە. بەشەكانی تری شانۆکە لە تاریكیدایە.

مێزێكی سپی و سادە بە درێژی 4ₓ 8 یاردە. دوو كورسیی دارینی سپی و سادە بەبێ دەسك.

ب لە پشت مێزەكەوە لە كۆتایی لای ڕاستی ئەوەوە، بەرەو ڕووی بینەرەكان دانیشتووە. سەری  چەماوەتەوە و لەسەر دەستی ڕاستێتی. دەموچاوی شاراوەتەوە و دەستی چەپی لەسەر مێزەكەیە، چاكەتێكی ڕەشی درێژی لەبەردایە. قژی درێژ و سپی.

خ لە پشت مێزەكەوە كەمێك بەرەو لای ڕاستی بینەرەكان دانیشتووە. سەری چەماوەتەوە و لەسەر دەستی ڕاستێتی. دەستی چەپی لەسەر مێزەكەیە. كتێبێك لەسەر مێزەكە دانراوە بەرانبەر بەو كە كۆتا لاپەڕەكانی دەكرێنەوە. چاكەتێكی درێژ و ڕەشی لەبەردایە. قژی درێژ و سپی. كڵاوێكی پانوپۆڕی ڕەنگ ڕەش لە ناوەڕاستی مێزەكەدا دانراوە.

هێدی هێدی ڕووناکی زیاد دەکات

دە چركە

ب لاپەڕەكان هەڵدەداتەوە.

دوای كەمێك وەستان.

  دەخوێنێتەوە.) بابەتێكی بچووك ماوەتەوە بۆ گوتن. لە دواهەمین _

(ب بە دەستی چەپی دەكێشێت بە مێزەكەدا). بابەتێكی بچووك ماوەتەوە بۆ گوتن. (دوای كەمێك وەستان. لێدان).

لە دواهەمین هەوڵداندا بۆ بەدەستهێنانی ئارامیی ئەو لەو شوێنەی كە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ ئەواندا بوو، شوێنەكەی دەگوازێتەوە بۆ ژوورێكی یەككەسی لە كەناری دەریایەكدا. ئەو دەیتوانی لە پەنجەرەی ژوورەكەیەوە كۆتایی ڕۆیشتنی ئاوەكە لە دوورگەی قووەوە ببینێت.

(دوای كەمێك).

ئارامییەك كە ئەو ئومێدەوار بوو دەستكەوتی ژینگە و شوێنێكی نائاشنا بێت. ژوورێكی نائاشنا، دیمەنێكی نائاشنا، دەرەوە شوێنێك بوو كە ئەو هیچ ئارەزوویەكی بۆی نەبوو. گەڕانەوە بۆ شوێنێك كە هیچ ئارەزوویەكی بۆ ئەو شوێنە نەبوو. بەم ڕێكخستنە ئومێدێكی تەواوی نەبوو كە تاوەكو ئارامییەكی زۆری دەست بكەوێت.

دوای كەمێك).

دەكرا هەر ڕۆژێك ئەو ببینیت كە بە شێوەیەكی ئارام لە دوورگەكەدا پیاسەی دەكرد. لە هەر كاتژمێرێكدا، هیچ جیاوازییەك بوونی نەبوو كە بارودۆخی كەشوهەوا چۆن بێت. ئەو بەو چاكەتە ڕەشە درێژ و كڵاوە لاتینییە([1]) كۆنەوە دەردەكەوت. زۆر كات لە كۆتایی ڕێگەكەوە دەوەستا.  سەیری دووركەوتنەوەی ڕۆیشتنی ئاوەكەی دەكرد. چۆنچۆنی گێژاوە بچووكەكان بە شادییەوە یەك دەگرنەوە و بەیەكەوە خلۆر دەبنەوە. دواتر دوور دەكەونەوە و لەو ڕێگەیەوە كە هاتوون، دووبارە بە ئارامی دەگەڕێنەوە.

(دوای كەمێك وەستان).

لە خەیاڵەكانیدا _

(لێدان).

دواتر دوور دەكەونەوە و لەو ڕێگەیەوە كە هاتوون دووبارە بە ئارامی دەگەڕێنەوە.

لە خەیاڵەكانیدا ئەویان ئاگەدار كردبووەوە لەبارەی ئەم گۆڕانكارییەوە. بینینی ئەو دەموچاوە ئەزیزە و بیستنی ئەو وشە نەگوتراوانە، بمێنەرەوە لە هەمان ئەو شوێنەی كە ماوەیەك بەیەكەوە تەنیا بووین، سێبەرەكەم دەبێتە سوكنایی بۆ تۆ.

(كەمێك وەستان).

نەیدەتوانی _

(لێدان).

بینینی ئەو دەموچاوە ئەزیزە و بیستنی ئەو وشە نەگوتراوانە، بمێنەرەوە لە هەمان ئەو شوێنەی كە ماوەیەك بەیەكەوە تەنیا بووین، سێبەرەكەم دەبێتە سوكنایی بۆ تۆ.

(كەمێك وەستان. لێدان).

ئێستا نەیدەتوانی بگەڕێتەوە؟ ددان بە هەڵەكانیدا بنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی كە ماوەیەك لەگەڵ ئەودا تەنیا بوو. بەیەكەوە هاوبەش بوون لە تەنیاییدا. نا، ئەو كارەی كە ئەو بە تەنیایی ئەنجامی داوە ناتوانێت كاریگەرییەكەی لەناو ببات. هیچ شتێك كە ئەو بە تەنیایی دروستی كردووە ناتوانێت بە تەنیایی نابووتی بكات.

(دوای كەمێك وەستان).

لە كۆتایی ڕێگەكەوە، ترسی كۆنی لە شەو دووبارە ئەوی گرتەوە. دواتر، دوای كەمێك وەك ئەوەی كە هەرگیز ترسێكی ئاوەها بوونی نەبووە (دوای كەمێك، لە نزیكترەوە سەیر دەكات.) بەڵێ دواتر، دوای كەمێك وەك ئەوەی كە هەرگیز ترسێكی ئاوەها بوونی نەبووە. ئێستا بە هێزێكی دوو بەرانبەرەوە كە نیشانەكانی ئەو لە لاپەڕەی چلی پەرەگرافەكەدا بە چوار گێڕانەوە نووسراوە. (دەست دەكات بە هەڵدانەوەی لاپەڕەكان بەرەو دواوە. ب بە دەستی چەپی دەست دەكات بە لێكۆڵینەوە. دووبارە لاپەڕە سەربەخۆكە دەدۆزێتەوە) ئێستا شەوە سپییەكان دووبارە حەقی ئەون. هاوشێوەی زەمەنێك كە دڵی گەنج بوو. بێخەوی، بێخەویی بوێرانە تا (لاپەڕەكە هەڵدەداتەوە) بەرەبەیان.

(دوای كەمێك وەستان).

بابەتێكی بچووك ماوەتەوە بۆ گوتن، شەوێك…

(لێدان).

بابەتێكی بچووك ماوەتەوە بۆ گوتن.

(دوای كەمێك وەستان، لێدان).

شەوێك هەر بەو جۆرەی كە تەواوی جەستەی دەلەرزی، دانیشتبوو و سەری لە نێوان دەستەكانیدا گرتبوو. پیاوێك دەركەوت و بەوی گوت: من نێردراوم لەلایەن (لێرەدا ئەو ناوی ئەو ئەزیزەی هێنا) تاوەكو تۆ سوكنایی بدۆزیتەوە. دواتر لە كاتێكدا كتێبێكی لە گیرفانی چاكەتە ڕەشە درێژەكەیدا دەرهێنا، دانیشت و تاوەكو بەرەبەیان خوێندیەوە. دواتریش بەبێ هیچ وشەیەك دیار نەما.

(دوای كەمێك وەستان).

دوای ماوەیەك لە هەمان كاتژمێردا و بە هەمان كتێبەوە دەركەوت و ئەم جارە بەبێ دەستپێك دانیشت و دووبارە لە درێژایی شەودا كتێبەكەی خوێندەوە و دواتریش بەبێ گوتنی هیچ وشەیەك دیار نەما.

(دوای كەمێك).

بەم ڕێكخستنە هەندێك جار هاوشێوەی نێردراوێك دەردەكەوت تاوەكو دووبارە چیرۆكە بەئازارەكە لە درێژایی شەودا بخوێنێتەوە. دواتریش بەبێ گوتنی هیچ وشەیەك دیار نەدەما.

(دوای كەمێك وەستان). بەبێ گۆڕینەوەی هیچ وشەیەك ئەوانە كەمكەم نزیك دەبوونەوە لە یەكتری.

(دوای كەمێك).

سەرئەنجام شەوێك گەیشت، لە كاتێكدا كە ئیدی ڕۆژ بووەوە و كتێبەكەی داخست و نەڕۆیشت، بەڵكو دانیشت بەبێ هیچ وشەیەك.

(دوای كەمێك).

سەرئەنجام گوتی: من پەیامێكم هەبوو لەوەوە (لێرە ئەو ناوی ئەو ئەزیزەی هێنا) كە ئیدی من ناگەڕێمەوە. من ئەو دەموچاوە ئەزیزەم بینی و وشە نەبیستراوەكانم بیست، ئیدی پێویست بەوە ناكات بڕۆیت بۆ لای، تەنانەت ئەگەر لە توانای تۆشدا بێت.

(دوای كەمێك وەستان).

بەرانبەر بەمە ئەو چیرۆكە بە ئازارە (لێدان).

ئەو دەموچاوە ئەزیزە بینرا و ئەو وشە نەبیستراوانە بیستران، ئیدی پێویست بەوە ناكات كە بڕۆیت بۆ لای، تەنانەت ئەگەر لە توانای تۆشدا بێت.

(دوای كەمێك. وەستان).

بەرانبەر بەمە، بۆ كۆتا جار ئەو چیرۆكە بەئازارە گوترا، ئەوان ئاوەها دانیشتبوون، وەك ئەوەی بووبوون بە بەرد. لە نێوان تاقە پەنجەرەكەدا، بەرەبەیان هیچ تیشكێكی نەدەدرەوشاندەوە. لە شەقامەكاندا هیچ دەنگێكی هەستانەوە نەدەبیسترا. چ كەسێك دەزانێت لە بیروبۆچوونی ئەواندا چ شتێك نێژراوە كە ئاوەز لە كەللەیاندا نەماوە؟ لە ڕووناكیی ڕۆژدا، لە دەنگی هەستانەوەدا كە دەزانێت چ كردەوەیەك… كردەوە، نا… كردەوە نا، قووڵایی ئاوەز؛ لە قووڵایی ئاوەزدا چ كەسێك دەزانێت چی نێژراوە، ناخودئاگا، شوێنێك كە ڕووناكی و تەنانەت دەنگ ناگات بەو. ئاوەها دانیشتبوون، وەك بڵێیت بووبوون بە بەرد. چیرۆكی بەئازار بۆ كۆتا جار باس كرا.

(دوای كەمێك).

هیچ شتێك نەماوەتەوە بۆ گوتن.

(دوای كەمێك. خ دەست دەكات بە داخستنی كتێبەكە. لێدان. كتێب بە شێوەی نیوەداخراو).

هیچ شتێك نەماوەتەوە بۆ گوتن (دوای كەمێك. خ كتێبەكە دادەخات. لێدان. بێدەنگی لە دە چركەدا. هاوكات ئەوان دەستی ڕاستیان دەخەنە سەر مێزەكە. سەریان بەرز دەكەنەوە و سەیری یەكتری دەكەن. بەبێ هیچ چاوتروكاندنێكی بێحاڵەتەوە. دە چركە. كەمبوونەوەی بەرەبەرەی ڕووناكی).

[1] . گرنگترین زمان لە لقی ئیتاڵیدا لە زوانگەلی هیندوو_ئەوروپایی، زمانی زانستی و فەرهەنگی ئەوروپای ڕۆژئاوا تا كۆتایی هاتنی چەرخی هەڤدەی زاینی.

داگرتنی شانۆنامه‌كه‌ به‌ PDF:
گوتنی سەرپێیی ئۆهایۆ – ساموێل بیكێت – دیدی من

Ohio Impromptu, SamuelBeckett, په‌ڕاوی بیكێت,