22/07/2019
DidiMn Logo
Top

ملوانكه‌كه‌ی موپاسان

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
ئەیشا جۆنسن
لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد

ژنی ناو چیرۆکەکە، ماتیلدە لوازێل، لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ نەبووە. ئەو بە بوونی خۆی قایل نابێت. بە دوای شێوە ژیانێکی جوان و خۆشدا دەگەڕێت و هەست دەکات ئامادەیە هەموو شتێک ببەخشێت، تەنانەت ژیانیشی، تا پێی بگات.

کەسانێک هەن هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی وا بکەن بە شێوەیەک دەربکەون کە خۆیان نین. لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەدا شتەکان زۆر جیاوازتر بوون. لەو کاتەدا سەروەت و سامان زۆر گرنگ بوو و چینی کۆمەڵایەتیش بگرە گرنگتر بوو. مرۆڤ دەیتوانی بە شتێکی چاوەڕواننەکراو پارە پەیدا بکات، بەڵام مەرج نەبوو ئەوە پێگەی لە کۆمەڵگەدا بگۆڕێت. فەڕەنسا لە ژێر سایەی نۆرم و یاساکانی کلاسیکدا بوو، هەر کەسە و دەیویست خۆی بە چینی باڵا بگەیەنێت، ئیتر گرنگ نییە بە هۆی جوانی، داهات یان بە هۆی کارێکی باشەوە بوایە. هێنری ڕونێ ئالبێر گی دی موپاسان بەناوبانگترینی چیرۆکەکانی لەو سەردەمەدا نووسیوە. “ڕەخنەگران تێبینی ئەوە دەکەن کە چیرۆکەکانی بە ئایرۆنیی گونجاو و بەجێ تایبەتمەندن…” لە چیرۆکی ملوانکەکەدا، ژنێکی گەنجی جوانی چینی کارکەر ئارەزووی شێوە ژیانێکی خۆشگوزەرانتر دەکات و ڕقی لە سادەیی و قەناعەتی مێردەکەیەتی. شەوێک، ملوانکەیەک لای هاوڕێیەکی دەهێنێت تا بۆ ئاهەنگێک لە ملی بکات، بەڵام ونی دەکات. نایەوێت بە هاوڕێکەی بڵێت، بۆیە پارە لە هاوڕێ و خێزان و تەنانەت خەڵکی قۆڵبڕیش قەرز دەکات بۆ ئەوەی ملوانکەیەکی ئەڵماسی تر بکڕێت. دە ساڵ دەخایەنێت هەتا قەرزەکانی بداتەوە. کاتێکیش لە دانەوەی قەرزەکانی دەبێتەوە دەڕوات بۆ لای هاوڕێ دێرینەکەی، بەڵام بۆی دەردەکەوێت کە ملوانکەکەی ئەو ئەڵماسی ڕاستەقینە نەبووە. لە ملوانکەکەدا، موپاسان بە ئایرۆنییەوە پێمان دەلێت کە سامان تەنیا پارە و ماڵ نییە.

TheNecklaceOriginalIllustrationInGilBlas565

ژنی ناو چیرۆکەکە، ماتیلدە لوازێل، لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ نەبووە. ئەو بە بوونی خۆی قایل نابێت. بە دوای شێوە ژیانێکی جوان و خۆشدا دەگەڕێت و هەست دەکات ئامادەیە هەموو شتێک ببەخشێت، تەنانەت ژیانیشی، تا پێی بگات. ئەو بەوە نازانێت کە مێردێکی دڵنەرمی باش و ژیانێکی ئارامی هەیە، هەرگیز بە دەوروبەرەکەی و ئەو شتانەش کە هەیەتی خۆشحاڵ نییە، هەست دەکات نەفرەتی لێ کراوە کە وەها جوان و شۆخوشەنگە و سەر بە چینی باڵا نییە. خەون بە شتگەلێکەوە دەبینێت کە زۆر بە سادەیی بۆ ئەو نین و چاوپۆشیش لەو شتانە دەکات کە هیی ئەون. ئایرۆنییەکە ئەوەیە کە ناتوانێت سامانی ڕاستەقینەی خۆی لە خۆشەویستی و ئارامیدا بدۆزێتەوە، بەڵکو لە بەرامبەردا شێوازێکی ژیانی دەوێت کە زۆر جار سارد و ڕووکەشیانەیە و خاڵییە لە خۆشەویستی. ماتیلد خەیاڵی ئەو شتانە دەیبات کە بەلای ئەوانەوە کە هەیانە گرنگ نین. لە ڕاستیدا زۆر بێئومێد دەبێت کاتێک داوەتی ئاهەنگێک دەکرێت چونکە هیچی نییە لەبەری بکات. لەم شوێنەی چیرۆکەکەدا بە ئاسانی دەبینرێت کە لە بارەی سامانەکەیەوە بە هەڵەدا چووە. ئەو جلی نوێی دەوێت بۆ ئاهەنگی ڕاوێژکار، بۆیە مێردەکەی کە بڕێک پارەی کۆ کردووەتەوە بۆ کڕینی تاپڕ، کەچی تا ڕادەیەک بەبێ دوودڵی پارەکەی پێ دەدات. بەڵام ئەوە بەس نییە، دەبێت خشڵی جوانیشی هەبێت چونکە “…هیچ لەوە کەساستر نییە بۆ ژنێک کە لە ناو ژنانی دەوڵەمەنددا هەژار دیاربێت.” حەقیقەتی دۆخەکەی ئەوەبوو کە ئەو هەرچەندە وەک ئەو ژنانە دەوڵەمەند نەبوو کە لە دوورەوە سەرسام بوو پێیان، بەڵام بە دڵنییایییەوە لە ڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی ئاسوودەدا بوو و بە هیچ جۆرێک هەژار نەبوو.
خاتوو لوازێل ئەو کاتە دەزانێت هەژاری چییە کە ملوانکەکە ون دەکات. لەدەستدانی ئەو ملوانکەیە واتا لەدەستدانی شتی زۆر زیاتر. ئەو کاتە جوانییەکەی و پاشەکەوتی مێردەکەیشی لەدەست دەدات. گەنجێتیی خۆی و ئارامیی دارایی لەدەست دەدات. لەخۆباییبوونیشی لەدەست دەدات، بەڵام بەوە جەوهەری ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە. لە سەرەتای چیرۆکەکەدا بە تەواوی کەسێکی ڕووکەشییە، بەڵام دواتر تێگەیشتنی بۆ بەهای خۆ و ڕێزی خۆی لا پەیدا دەبێت، هەروەها فێر دەبێت نرخی مێردەکەشی بزانێت.

MathildeMontage565

لە میانەی چیرۆکەکەدا، ماتیلدە لە کەسێکی ڕووکەشییەوە دەگۆڕێت بۆ کەسێک کە هەستێکی قووڵی بەرامبەر بە خۆ هەیە. ماتیلدە درۆ لەگەڵ هاوڕێکەیدا دەکات بۆ ئەوەی غروری بپارێزێت بەڵام لە ویستی کڕینی ملوانکەیەکی تردا ڕاستگۆیی پیشان دا، هەروەها ڕاستگۆ بوو لە کارکردندا لە پێناو دانەوەی قەرزەکانیاندا، وەک لە چیرۆکەکەدا دەیبینین. بەرەو کۆتاییی چیرۆکەکە، خوێنەر دەزانێت ئیشی سەخت جوانییەکەی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بە کوێ گەیاندووە، چیتر ئەو هەستەی نییە کە ئامادە بێت هەموو شتێک بدات لە پێناو شێوە ژیانێکی تردا، چونکە بۆ تەنیا شەوێک بەوە گەیشتبوو و ئەوە شەوەش خۆشحاڵی کردبوو. تا ڕادەیەک وەک ئەوە وایە دە ساڵی ڕەنج و هەژاری وای کردووە نرخی ئەو شەوە بزانێت. هەرچەندە گەنجێتیی لەدەست دەدات، بەڵام گۆشەنیگایەکی تری بۆ دەکرێتەوە لە ژیان بڕوانێت و تێبگات کە هەموو ئەو شتانەی دەیەوێت ڕێک لە بەردەمیدا بوون کەچی هەمووی بەلاوە نابوون هەتا پتر بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەوەش مامەڵە نەبووە چونکە لەو پرۆسەیەدا هەرچی هەبووە لەدەستی داوە. لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا، ڕێزی بەرامبەر چینی کارکەر دەبێتە شتێکی بەڵگەنەویست.

لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا کاتێک ماتیلدە ڕادەکات بۆ لای ژێنی هاوڕێی، ژێن نایناسێتەوە. ڕووکەشیبوونی ژێن لەوێدا دەردەکەوێت کە پێی وایە نابێت لە لایەن پلە نزمێکەوە بەو جۆرە قسەی لەگەڵ بکرێت. ژێن بەو شێوەیە دەژی کە ماتیلدە خەونی پێوە بینیبوو. پێشتر ماتیلدە هەوڵیدابوو سەرنجی ژنانی چینی باڵا ڕابکێشێت. کاتێک ماتیلدە دەڕوات بۆ لای ژێن و پێی دەڵێت چی ڕوویداوە، غروری لەوپەڕیدایە چونکە قەرزەکەی داوەتەوە. ئایرۆنیی گونجاو لەم چیرۆکەدا ئەوەیە کە ماتیلدە خۆی هۆکاری ڕوودانی هەموو ئەو شتانە بووە. ئەگەر هێندە ڕووکەشی نەبوایە، یان هێندە ئارەزووی مادەی نەبوایە ڕەنگە ئەمە ڕووی نەدایە. ئەگەر لەگەڵ ژێندا ڕاستگۆ بوایە و هەموو شتێکی لەبارەی ملوانکەکەوە پێ بگوتایە ڕەنگە ئەمە ڕووی نەدایە. هەموو ئەو شتانەی کە هەوڵیدابوو بڵێت هەمە و هەموو ئەو خۆشگوزەرانییانەی ویستبووی، بە هۆی ئەوەوە کە ڕاستگۆ نەبوو، لەدەستی دابوون. چیرۆکەکە بە کراوەیی بەجێ دەهێڵرێت و خوێنەر دەبێت بڕیار بدات دوای ئەوە چی ڕوودەدات. ئایا ژێن ملوانکەکەی پێ دەداتەوە؟ ئایا مێردەکەی هێندە پەست و بێزار دەبێت وازی لێ بهێنێت، دوای ئەوەی دەزانێت ئەو هەموو نەهامەتی و هەژارییەی بەسەریدا هێناوە بە هۆی لەخۆباییبوونییەوە بووە و لە پێناوی شتێکدا کە دەکرا بە ئاسانی چارەسەر بکرایە؟ یان ئایا ماتیلدە دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە و خۆی دەکوژێت؟

Mathilde565A
لە کۆتاییدا، ئەگەر ماتیلدە تێبینیی بەهای شتەکانی دەوروبەری بکردایە، ڕەنگە بەو هەموو سەختی و دژوارییەدا نەڕۆیشتایە کە دووچاری بوو. ئەو پێشتر تەندروستیی باش و جوانی و ئارامیی دارایی و مێردێکی خۆشەویست و میهرەبان و نایابی هەبوو. بیرکردنەوە لەوەی ژنانی چینی باڵا چییان هەیە، کوێری کردبوو. هەموو شتێکی لەدەست دا چونکە بەو ژیانە باشەی نەدەزانی کە هەیبوو. هەموو شتێکی دا لە پێناو شەوێک سەماکردندا لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە مێردی نەبوون و چێژی لە یاوەرییان دەبینی و خۆی وا پیشان دەدا شتێکی ترە. ئەگەر هاوڕێکەی ملوانکەکەی بداتێ، ئەوا لانیکەم ئەو پارچە خشڵەی دەبێت کە پێشتر سکاڵای لە نەبوونی دەکرد، بەڵام بەهاکەی کەم نەبوو، بەهاکەی پتر لە پارە بوو، پتر بوو لەوەی دەیتوانی دابینی بکات.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٤٥٩ـی هەفتەنامەی ڕەخنەی چاودێر بڵاو بووەتەوە

 

Maupassant, Saiwan Mohamad, The Necklace,