18/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئەو نووسەرەی چیرۆکەکانی باشترینن بۆ سیناریۆی فیلمەکان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زە نیو یۆرکەر
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

یەکێک لە باشترین بەدیهێنەرەکانی چیرۆک بوونی هەبوو، ئەو لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا لە پاریس دەژیا و زۆرینەی چیرۆکەکانی بە چەندین کتێبی جیاواز و لە لایەن چەندینەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانە جیاوازەکانی دونیا و بڵاو کراونەتەوە. ئەو نووسەرە گی دی موپاسانە، کە دووەم نووسەرە پاش ویلیام شەکسپیر چیرۆکەکانی بۆ سیناریۆی فیلم وەرگیرابێت و کرابنە فیلم. وەرگرتنی چیرۆکەکانی موپاسان و گۆڕینیان بۆ فیلمی سینەمایی لە ڕیزی پێشەوەی نووسەرەکانی جیهان دادەنرێت و لێکدانەوە تیۆرییەکانی لە دەستکەوتەکانی زیاترە.

موپاسان بە نزیکەیی ٣٠٠ چیرۆکی نووسیووە، زۆرینەی لە ماوەی ١٨٨٠ بۆ ١٨٩٠ـدا بوون، ئەو کاتەی ئەو تەمەنی لە نێوان سی بۆ چل ساڵیدا بوو. ئاڕاستە هەرە بەهێزەکانی ئەم نووسەرە لەنێو چیرۆکەکانیدا سێکس و پارە و لەخۆباییبوون بوو، بەڵام بەتایبەتی کاری لەسەر سێکس دەکرد وەک بابەتێکی سەرەکی لەنێو چیرۆکەکانیدا.

Brody-TheWriterWhoSparkstheFinestMovieAdaptations-1200

چیرۆکەکانی موپاسان سێکس لەگەڵ هێڵی چیرۆک دەهێنێت – بە مانایەکی تر ئەم چیرۆکانە تەواو لەگەڵ سیناریۆی فیلمدا یەک دەگرێتەوە. ئەو چیرۆکانەی دەگێڕایەوە کە خەڵک دەیگێڕایەوە یاخود نەیان دەتوانی بیگێڕنەوە، ئەو ڕووداوانەی ئەو ئەزموونی دەکردن یاخود لێی دەکۆڵینەوە و بە شێوازی تایبەت بە خۆی دەیگێڕانەوە.

چیرۆکەکانی موپاسان بە جۆرێک نووسراون کە توانای دەستکاریکردنیان هەیە و هەم لە ڕووی کارەکتەرسازی، چیرۆک، شوێن و بیرۆکەوە کە دەکرێت بە سەر هەلومەرجی جیاوازدا بسەپێنرێت. ئەم شێوازە نووسینە دۆکیۆمێنت ئاسایە دەکرێت وەک بەرهەمێکی تەواونەکراو سەیر بکرێت و چاوەڕێی دەستی بەدیهێنەرێکی تر بکات بۆ ئەوەی بەرهەمی نوێی لێ دروست بکات. دیمەنێکی نایاب هەیە لە فیلمی یاریزانی ڕۆبەرت ئاڵتماندا کە تیایدا بەرهەمهێنەرێک خەونی دابینکردنی هەیە لەگەڵ سیناریۆنووسەکەدا پێکەوە “لە ڕۆژنامەکەدا، هەر چیرۆکێک بێت هەڵبژێرە.” بەدڵنیاییەوە سەرناگرێت، چوونکە چیرۆکی ڕۆژنامەوانی شێوە و لۆجیکی سیناریۆی فیلمی کەمە و تیایدا نییە. بەڵام کورتەچیرۆکەکانی موپاسان بە هەموو پێوەرەکان وەک چیرۆکێکی ڕۆژنامەوانی وایە بەڵام بە شێوازی تایبەتی و ڕۆحی دراماتیکی تایبەت بە موپاسان خۆیەوە.

simone-signoret

گۆڕینی چیرۆکەکانی موپاسان لە دی.دەبڵیو.گریفسەوە دەست پێ دەکات لە ساڵی ١٩٠٩ و پاشان دەرهێنەرانی وەکو جان ڕێنوار، ماکس ئۆفوڵس، کێنژی میزۆگوچی و جۆن فۆڕد لە چیرۆکەکانی موپاسانەوە دەستیان بە دروستکردنی فیلم کرد. هەروەها ئۆرسن وێڵس هەموو شەوێک بۆ ماوەی مانگێک پێش دروستکردنی فیلمی هاوڵاتی کەین تەماشای فیلمەکەی جۆن فۆڕدی دەکرد کە لە چیرۆکێکی موپاسانەوە وەرگیرابوو. ئەگەر تەنها شتێک هەبێت کە فۆڕد لە موپاسانەوە وەری گرتبێت بریتییە لە سێکس.

لە هەردوو چیرۆکی ژنەکەی پاوڵ و ئاماژە کە تیایدا گۆدارد لە ساڵی ١٩٦٦ سوودی لە ناوەڕۆکی ئەم دوو چیرۆکە بینی و توانی یەکێک لە باشترین بەرهەمە سینەمایییەکانی خۆی بەرهەم بهێنێت. لە کاتی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا هێشتا چیرۆکەکانی موپاسان مافیان پارێزراو بوو. ئەناتۆڵی دۆمان، بەرهەمهێنەری فیلمەکەی گۆدارد، مافی پارێزراویی چیرۆکەکەی لە بڵاوکار و دەزگای موپاسان کڕی. بەڵام پاش تەواوبوونی فیلمەکە و پیشاندانی بۆ ڕۆبەرت ئێزمێنارد، بەرپرسی دەزگای بڵاوکار کە هەروەها بەرپرسی دەزگاکەی موپاسانیش بوو، ئەو دانی بەوەدا نا کە چیرۆکی فیلمەکە زۆر دوورە لە چیرۆکەکانی موپاسانەوە، کە پاشتر دوو ساڵی تری بۆ درێژکردەوە تاوەکو فیلمێکی نوێ دروست بکات و نزیک بێت لە چیرۆکەکانی موپاسانەوە.

من پێم وایە کە کارکردن لە چیرۆکەکانی موپاساندا و کردنیان بە سیناریۆی فیلم و دروستکردنی فیلم لە لایەن فیلمسازانی ئازاد دەکرێت وەک ئەزموونێکی زۆر باش سەیر بکرێت. کە ئەمەش وا دەکات ئەم دەرهێنەرانە سینارۆیەکی زۆر باش بۆ فیلمەکانیان بنووسن و زۆر زیاتریش خۆیان بن بەوەی چیرۆکەکان دەکرێت بە چەندین شێواز بگۆڕدرێن و ڕووداویان بۆ زیاد بکرێت و دەستکاری بکرێن.

هاوبەشی بکە

Film, Maupassant, PshtewanKamal,