23/07/2024
DidiMn Logo
Top

گرنگیی هونەر لە نەخۆشخانەکاندا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

مەریوان جەلال

بە شێوەیەکی گشتی لەمڕۆدا هونەر بە بەشێکی گرنگی ژیان دادەنرێت و تێکەڵاوی هەموو باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابوری بووە، لە هەمان کاتدا بووەتە ڕەنگدانەوەی هەموو بوارەکانی ژیانمان و ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت. جا ئەگەرئەم هونەرە لە ناو گەلەرییەکاندا بێت یان لە مۆزەخانەکان یان لە ماڵ و شەقام و بازاڕەکان یان لەنەخۆشخانەکاندا.

لێرەدا دەمەوێت گرنگیی هونەری گشتی لە ناو نەخۆشخانەکاندا دەربخەم، هەروەها چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر باری دەروونیی نەخۆش و ژینگەی نەخۆشخانە و کارمەند و هەموو ئەوانەی پەیوەندییان هەیە بەم شوێنەوە هەیە.

4

لە هونەری گشتیدا دەکرێت هەموو بەشەکانی هونەر بەشداری پێ بکەین، وەک پەیکەر، فۆتۆگرافی، ڕووناکی، وێنەکێشان، وێنەی جووڵاو و بڕۆجێکشن، بیناسازیی کاری شووشە، کاری بە ئاسن، نووسین و چنین. هونەری گشتی دەکرێت کە شێوەی گەورە یان پچووک بێت، لەسەر دیوار بێت یان بە پێوانەی گەورە بێت کە شێوێنیکی گەورە داپۆشێت. دەکرێت لە دەرەوە بێت یان لە ناوەوە، هەرووەها دەکرێت کارێکی کاتی بێت یان هونەرمەند تەنیا بۆ چەند کاتێک نماییشی بکات و بیگۆازێتەوە شوێنێکی تر. دەکرێت کە کارە هونەرییەکە پەیوەندیی بە کلتوور و کەلەپوور و خواستی کۆمەڵگە و ناوچەکەوە بێت یان بە ڕەنگ و مادەی ئەو شوێنەوە بێت.

ئەوەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام بۆ نووسینی ئەم بابەتە، کردنەوەی ئەو ێشانگەیەیە کە ئەمرۆ لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەتایبەتی دەکرێتەوە و پاش تەواوبوونی پێشانگەکە کارەکان کۆ دەکرێنەوە و دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناو ماڵی هونەرمەند و دەبنە خۆراکی تۆز و خۆڵ، لەولاشەوە کە زۆر لە دیواری شوێنە گشتییەکان بەتاڵن، ئەگەر لەو شێونانەش تابلۆیەک یان کارێکی هونەری هەبێت ئەوە بە هەوڵی تاکەکەسێک کراوە و نەبووەتە پڕۆژە و خەمی گەورەی دەسەڵاتداران و تەنانەت دەزگا هونەرییەکانیش و چۆن هونەر بخەنە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە. کردنەوەی پێشانگە و پڕکردنی هۆڵ و گەلەرییەکان تەنیا ڕێگە نین بۆ پیشاندانی کاری هونەری کە بە بڕوای من دەکرێت هونەرمەند لە هەرچ بوارێکدا بێت دەکرێت بەشداریی هەبێت لە هونەری جەماوەریدا.

گەورەبوونی شار و و دوورکەوتنەوەی خەڵک لە ناوشار و دروستبوونی گۆمەڵگە گشتییەکان لە خانوو و بازاڕ، تەنانەت لە ئێستادا هەندێک لە بەرێوبەرایەتییەکانیش کەوتوونەتە دەرەوەی شار، کە ناکرێت هونەرمەند ئەمانە بێبەش بکات لە بینینی کاری هونەری و نماییشە هونەرییەکانی خۆی. لەلایەکی ترەوە سەرقاڵبوونی خەڵک لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ژیاندا ڕوو لە زیادبوونە، بەڵام ناکرێت بڵێین کاریگەریی هونەر کەم دەبێتەوە بەڵکو بە ڕای من ئێستا زۆر لە جاران بە گرنگتری دەزانم و ئەگەر واش نییە کەواتە کردنەوەی ئەم هەموو پەیمانگە و کۆلێژە هونەرییانە بۆچی؟ هەروەها کاریگەرییان چییە لەسەر پێکشەوتنی هونەر؟

11

شوێنەگشتیەکان و بەتایبەتی نەخۆشخانەکان کە ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن، تا ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان لای لێ نەکراوەتەوە، هەروەک لە سەرەوە باسم کرد هەوڵە تاکەکان هەمیشە بەردەوامن و و کاریگەریی کاتی لای بینەر دروست دەکات، بەڵام نەبووەتە کارێکی بەردەوام و بەردەوامی وەربگرێت وەک کردنەوەی پێشانگە لە ناو نەخۆشخانەکاندا، چ لە بەشی منداڵان یان گەورە، دانانی کاری هونەری لەناو باخچە و دەوروپشتی ئەم شوێنانە.

گرنگیپێدانی ئەم پڕۆژانە لە شوێنێکی وەک نەخۆشخانەکان ژیان لە بەردەم کەسانی نەخۆشدا جوانتر و کراوەتردەکات و هیوای زیاتریان پێ دەبەخشێت، بۆ چەند ساتێکیش بێت لەو ئازار و گرفتانەی هەیەتی دووریان دەخاتەوە.

ئامانجی سەرەکیی هونەری گشتی دروستکردنی ژینگەیەکی چاککەرەوەیە کە دڵخۆشی و حەوانەوە دەبێتە لەبیربردنەوەی ئازار لە لای نەخۆش، ژینگەیەکە کە نەخۆش وەڵامی خۆی تێدا وەردەگرێت، دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشان و جووڵە و خۆشی بۆ نەخۆش و کارمەندان، هەرووەها ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە دەکەن. دەبێتە ناسنامەیەکی بەهێز بۆ نەخۆشخانەکە  ڕەنگدانەوەی کلتوور و ناسنامەی ئەو کۆمەڵگەیە. دروستکردنی ژینگەیەکی نایاب لە کارکردن بۆ کارمەندان، بەشداریکردن لەگەڵ کەرتی گەشتوگوزاری بۆ ئەو ژینگەیە. دەبێتە هۆی لەدایکبوونی هەستی شانازیکردن بە شارستانییەتیەوە و دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ دۆزینەوەی ئەو شوێنە، هەرروەها دەکرێت ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی زۆر سەنگین کاری بۆ بکرێت و هونەرمەندان و پیشەوەرانیش ببنە بەشێک لەم پڕۆژەیە.

بە کاری بە کۆمەڵ یان دەکرێت سەرەتا بە هەندێک کاری کاتی دەست پی بکرێت تا جەماوەریش ببێتە بەشێک لەم پڕۆژەیە، ئەگەرچی ئێمە مێژوویەکمان لەم کارانەدا نییە و ئەوەشی کراوە نازانین چییە و لە کۆی کراوە، هەروەها ئەمرۆشی لەسەر بێت چۆن ئەو هەموو پێشانگە هونەرییانە دەکرێنەوە بە تەنیا بە هەواڵێک لە بەرنامەکی تەلەفزیۆن یان ڕۆژنامەیەکدا دەیانبینیت و لە ماوەیەکی کەمدا لە بیری بینەردا دەسڕێتەوە.

22

دەکرێت دەزگا هونەرییەکان خۆیان ڕاستەوخۆ ئەو پەیوەندییە لەگەڵ نەخۆشخانەکاندا دروست بکەن و کار و چالاکییەکانیان بگۆێزنەوە بۆ بەردەمی بینەر لەو شوێنە گشتیانەدا، بەمەش پەیوەندییەکی ڕۆحی لە لای بینەر دروست دەبێت بەرامبەر بە هونەرمەند. دەکرێت کاری زۆر تایبەت بەو شوێنانە بکەن، نموونەی کاری هونەریش زۆرن کە هونەرمەندان تایبەت بە نەخۆشخانەکان کردوویانە و لە ڕێگەی کارەکانیشیانەوە پەیامە مرۆڤایەتییەکانی خۆیانیان گەیاندووە. وەک کارەکانی هونەرمەند تۆم ئۆتێرنس ،کە کارەکانی لە زۆربەی شوێنە گشتییەکاندا دەبینرێت و بە شێوەیکی زۆر سادە گوزارشت لە پەیامەکانی دەکات و هەندێک لە کارەکانی بوونەتە بەشێک لەو یارییانەی کە لە ناو پارکی نەخۆشخانەکاندا دانراون بۆ منداڵان. بۆ ئەم کارانەش ماتریاڵی جیاواز و ڕەنگی کراوە بەکار هاتوون تا دڵتەنگی و ناخۆشی لای کەسی نەخۆش کەم بکاتەوە.

دەکرێت ئێمەش چاو لەو بابەتانە بکەین و کاری هونەرمەندانی ئێمەش ببێتە بەشێک لە هەڵمەتی هۆشیاری و ڕازاندنەوە و بەگەڕخستی ئەو شوێنە گشتییانە، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەکتری و ئەزموونی کارە جیهانییەکان، ئەمەش دەبێتە یاریدەدەرێکی گیانی بۆ پزیشک و کارمەندەکانی ناو نەخۆشخانەکان و هێوەرکردنەوەیەکی دەروونییش دەداتە نەخۆش، هەرووەها بوونی چەند تابلۆیەک یان هەر کارێکی هونەری لە ژووری چاوەڕوانیدا دەبێتە جێی سەرنجڕاکێشانی ئەو کەسانەی لەوێدان و بێزاریی چاوەڕوانکردنیان ناهێڵت، ئەمە بۆ نەخۆشخانەکانی منداڵان زۆر گرنگە بەتایبەتی کە منداڵ تۆیژێکی ناسکن و بەتایبەتیش لە کاتی نەخۆشیدا زۆر نائارام دەبێت، دەکرێت لەم ڕێگەیەوە کەشوهەوایکی جیاوازی بۆ بەدی بهێنرێت و دەکرێت کەمێک ئارامیی پێ ببەخشرێت، هەروەها کەشوهەوای ناو نەخۆشخانەکەی لا خۆشەویستتر دەکەیت و ترسەکانی لە نەخۆشخانە دەڕوێنیتەوە.

هاوبەشی بکە

Art, Hospital, Mariwan Jalal,