25/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بیكێت: ئه‌بسێردیه‌تی كاراكته‌ره‌كانی بیكێت له‌ ناو كاتدا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: كاوان عه‌بدولڕه‌حمان

 

مۆتیڤی کات و چاوەڕوانی لە هەر چوار شانۆنامەکەدا (کۆتایی گەمە، ڕۆژە خۆشەکان، به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌ و دوا شریتی کراپ) دووبارە دەبێتەوە. هەوڵ دەدەم تێپەڕبوونی کاتی بێکێتی، ئه‌وه‌ش كه‌ بۆچی هەمیشە کارەکتەرەکانی بێکێت تووشی ئازارچەشتن و تراژیدیا دەبن لە نێوان مردن و ژیاندا، شی بکەمەوە. زینۆ یەکێکە لە فەیلەسووفەکانی سەدەی شەشی پێش زاین هەوڵی دا بناغەی تێزێکی فەلسەفی جێگیر بکات، بە هاوکاریی مامۆستاکەی پارامێندس کە نە جووڵە بوونی هەیە، نە چالاکی؛ هەروەها ئەوەی ڕاگەیاند کە تەنها نەگۆڕێک و گۆڕاوێک هەیە. زینۆ بە هۆی ئارگۆمێنتە دیالەکتیکەکەیەوە دەریخست کە جووڵە و فیکری جێگیر لەگەڵ شوێن و کاتدا پەیوەندیی نییە و لەگەڵ واقیعی گەردووندا یەک ناگرنەوە، چونکە جەوهەری واقیع بێکۆتاییە. ئەو دوو جۆر دونیا لە یەکتر جیا دەکاتەوە: لە ڕواڵەتدا سنووری دونیای وەهمیی مرۆڤەکان لەلایەن کاتەوە دیاری دەکرێت، کە وەهمی بەردەوام گۆڕان و جووڵە دروست دەکات، لە دونیای ڕاستی و واقیعی جیهانێکی بێکۆتایی، جیهانێکی یەکێتی.

زینۆ و پارامێندس ڕەخنەیان لە ئامێری زانیاری (گنۆسیۆلۆجیکاڵ)ی مرۆڤ گرت و ئەو تێڕوانینە بنەڕەتەیان تێك شکاند کە مرۆڤ بەرانبەر جیهان هەیبوو، دەستنیشانی ئەوەیان کرد کە زانین بە هۆی ئۆرگانەکانی هۆشەوە وەهمە و هەڵەیە. پارامێندس گوتی: شتێک نییە بۆ فێربوون“. هەرچەندە زینۆ ئاماژەی بە دژێتی نێوان بیرکردنەوەی مرۆڤ و کرۆکی دونیا کرد، بۆیە بێکێت لەم بارەیەوە تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات.

کارەکتەرەکانی بێکێت لە دونیای سروشتیی دیاریکراوی خۆیاندا تێك شکاون و بێبەرین لە بۆچوونە هەڵەکەی پارامێندس: لە کات و کەوتنیان بۆ ناو سەربەخۆیی کات (independent of time) و جووڵە، ئەوان جێگیر و نەگۆڕن. ئەگەرچی ئەوان دەکەونە نێو دونیا واقیعەکەی پارامێندسەوە، بەڵام ئەوان هێشتا لەگەڵ مرۆڤ و هۆش و هەستی مرۆڤدا دەمێننەوە. تراژیدیای کارەکتەرەکانی بێکێت و دونیا ئەبزێردەکەیەتی نەبوونی هێزە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دونیایەکی بێبەری لە وەهم و ئەستەمی یەکخستنێکی دیاریکراو و ژیانێکی دیاریکراوی مرۆڤ بەرانبەر دونیایەکی بێکۆتا، بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

بۆیە کامۆ کێشەی سوبێکت و ئۆبێکتی کرد بە چڕی و نامۆبوونی دونیا، دیکارت سوبێکت و ئۆبێکتی بە دوالیزم ناو برد و پێش ئەوان شۆپنهاوەر بە ململانێی نێوان جەستە و ئیرادە ناوی برد. لێرەوە دیدگای گۆڕان و کات دەبینرێن.
ئێستا دژوازییه‌كه‌ پێک دێت لە جیاوازیی کات، یان تا ڕادەیەک کاتیگۆرییە جیاوازەکانی کات: سنووردار و بێسنوور.

کارەکتەرەکانی بێکێت لە ڕیزی ڕووداوە یەکلەدواییەکەکانی ژیان دەردەچن، کە وەهمی گۆڕانی خێرا لە کاتدا دروست دەکات و لە تەنها ساتێکدا دەوەستێت کە دەرگا بۆ دونیایەکی بێ جووڵە دەکاتەوە و بەردەوامیی پێ دەدات، جیهانێکی ئەبسێرد لە ئەبسێردییەتدا. ئەوان لە ناو کات و بۆشاییدا دەوەستن، لەڕاستیدا ئەوان بێبەریبوون لەو کاتیگۆرییانە و بە واقیعی بوونیانەوە ڕووبەڕوو دەوەستن، لە دونیایەکدا کە کرۆکی ڕاستییەکەی بێکۆتاییە (infinity). زەمەنیان دەوەستێت و دەبن بە خراپترین دوژمن، لەڕاستیدا کات بوونی نامێنێت، بە هۆی بیرکەوتنەوە و بێبایەخبوونی گەشبینیی سبەینێوە (Tomorrow) تێک دەشکێت. لەو کاتانەدا ئەوەی کات لە دەستی دەدات ماهیەتە: ڕوونی وەهمەکە وا دەردەکەوێت ببێتە ژیانێکی سروشتی، وا دەکات چیتر هۆش نەمێنێت.

ئیلوستره‌یشنی ساموێل بیكێت | ئیلوستره‌یتۆر: سابات عه‌باس - دیدی من

ئیلوستره‌یشنی ساموێل بیكێت | ئیلوستره‌یتۆر: سابات عه‌باس – دیدی من

 

یەکێک لە لێکۆڵینەوە بچووکەکانی زینۆ کە پێشکەشی دەکات، پێشنیاری کۆمەڵێک هەرزن دەکات: بڕێکی دیاریکراو هەرزن هەڵبگرە و نیوەی بڕژەرەوە ناو کۆمەڵەکە، پاشان دووبارە بڕێک لەوەی کە ماوە هەڵبگرە، بەو شێوەیە.“ لەم گەردوونە نەبڕاوەیەدا کۆمەڵەکە دەشێت تەواو بووبێت. هەرکاتێک کە لە گشتێتی نزیک ببێتەوە، هێواشبوونەوەکە زیادتر دەکات. ڕابردووی دووری کارەکتەرەکان بە خێرایی پڕ دەبێت، بەڵام لە نزیکترین کاتدا دێتەوە بۆ ئێستا و هێواش هێواش تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا وردتر و وردتر وردوخاش دەبێت، لەڕاستیدا کات هەمووی دەوەستێت، کە بەرەو کۆتایی و مەرگ دەڕوات، کاتێک کات دەوەستێت، هەموو کارەکتەرەکان مەحکوم دەکرێن بە چاوەڕوانییەکی ئەبەدی.

پەندە کورتەکەی زینۆ لەبارەی کۆمەڵە هەرزنەکەوە، بە ڕوونی لە شانۆی کۆتایی گەمەدا دەردەکەوێت کە ساڵی 1957 لە فەڕەنسا پێشکەش کرا: کۆمەڵێک هەرزنەکە گۆڕابوو بۆ کۆمەڵێک ڕۆژ.

هام: چرکەسات بە چرکەسات، تک تک، وەک تۆوی هەرزنی… [دەگەڕێت بە دوای وشەیەکدا] ئەم زمانە، ئەم زمانە یۆنانییە کۆنە، بە درێژایی ژیان چاوەڕوانین ژیانێک پێک بهێنێت.

هەر وەک ناونیشانەکە، مۆتیڤی سەرەکیی شانۆکە، بریتییە لە کۆتایی هاتن و یاریکردن، کارەکتەرەکان تەنها وەک مرۆڤ هۆشیار نین، بەڵکو وەک ئەکتەرێکیشن کە یارییەک سەبارەت بە چاوەڕوانی دەکەن.

لە ناو هەموو دراماکانی بێکێتدا کۆتایی گەمە دڵڕەقانە یاری بە یاری دەکات. کاتێک ڤلادیمێر و ئیستراگۆن چاوەڕوانی گۆدۆ دەکەن تا بێت، وینی چاوەڕوانی لێدانی زەنگەکە دەکات تا شەو بێت، هام وەک قارەمانی سەرەکیی چیرۆکەکە و کلۆڤی کوڕی و دایک و باوکی ناگ و نیل لە چاوەڕوانیدان. وا دەردەکەوێت کە مۆتیڤی سەرەکی لە هەرسێ شانۆکەدا هەمان بیرۆکە بێت. هەرچەندە وێنە و سیمبۆلی جیاوازیان دەربڕیوە، بەڵام کارەکتەرەکان لە چاوەڕوانیی مەرگدان، کۆتایی موعاناتەکەیان (کۆتایی گەمە، ڕۆژە خۆشەکان) کۆتایی بارودۆخە ناتەواوەکەیان (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌).

هام و کلۆڤ لەگەڵ دایک و باوکی هام نمایشی سێ نەوە و سێ ماوەی زەمەنی دەکەن. کلۆڤ وەک کوڕی هام، ڕابردووی هام بەرجەستە دەکات. وا ڕاهاتووە وەک ئەو بێت، ئەو دەیتوانی قاچەکانی وەک تافی لاوی هام بجووڵێنێت. ناگ و نیل نوێنەرایەتیی ئایندەی هام دەکەن، ئەوان بەتەمەنن، هەر جووڵەیەکیان پێدەچێت لە مردنەوە نزیک بێت، هام خۆی پاڵەوانی سەرەکیی چیرۆکی ناو کاتە، نوێنەرایەتیی ئێستا و چەمکەکەی زینۆ لەبارەی نەپچڕانی کاتەوە دەکات. وا دەردەکەوێت کە نوێنەرایەتیی دوو جۆر ئاستی کات لە هەمانکاتدا دەکات: یەکەم ئاستی ئاسۆییە (هۆریزۆنتال)، کارەکتەرەکان وەک هێڵێکی ڕوونی کات لەم خاڵەوە دەڕۆن بۆ ئەو خاڵ، ئەوە هەر سێ نەوەکەی ئێستای تێدا دەبێت، لە لاوێتییەوە بۆ تەمەنی پیری. خشتەی ئەم شێوە هێڵییەی کات، لەناو هەموو تەمەنی کارەکتەرەکان و خزمەکان و پەیوەندیەکانیاندا دەردەکەوێت.

لە لایەکی دیکەوە هێڵێکی ستوونی (vertical) هەیە، کە بەدواییەکداهاتنی کاتە لای زینۆ، کە هێواش دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ بێکۆتایی (infinity). ئەم جۆرەیان زیاتر لە لایەن هامەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، هەرچەندە هەموو کارەکتەرەکان لەو هەلومەرجەدان. ڕابردوویان پڕ دەبێت، ئەوان نزیکن لە داهاتوو، هێواشییەکە (کات) وردە وردە دەڕزێت، پارچەکان و بچووک بچووک دەبنەوە و لە چرکەساتێکی سادەدا دەوەستن. ئەوە دەریایەکی بێبنە، لە هێڵی کاتدا کە دەست پێی ناگا، سنوورێکە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوو. بێکێت ئەم ئێستای بێسنوورەی کردە پڕۆژەیەک و بردیە سەر ستەیج، بە هۆی کارەکتەری هام و کورسییە ناڕێکەکەوە کە لە ناوەڕاستی تەختەی شانۆکەدایە.

هام: بمگەڕێنەرەوە جێگاکەی خۆم. [کلۆڤ کورسییەکە دەباتەوە جێگەکەی خۆی و ڕای دەگرێت] ئێرە جێگەی منە؟

کلۆڤ: بەڵێ جێگەی تۆ ئێرەیە.

هام: بەتەواوی لە ناوەڕاستدام؟

کلۆڤ: با بیپێوم…

هام: زۆرتر یان کەمتر، زۆرتر یان کەمتر!

کلۆڤ: [کورسییەکە کەمێک دەجووڵێنێت] ئێرەیە.

هام: بە تەقریبی لە ناوەڕاستی جێگەکەدام؟

کلۆڤ: هەر ئەوەندە دەڵێم!

هام: هەر ئەوەندەت گوت؟ خێرا بمخەرە ناوەڕاستەوە.“

هام داوا لە کلۆڤ دەکات کە لە ناوەڕاستی ستەیجەکەدا جێگیری بکات، ڕەنگە حەز بکات بەپێی توانا بچێتە ناو قووڵاییەوە لە ساتی ئێستادا، تا دەستی بگات بە ئارەزووکردنێکی دوورودرێژی کۆتایی.

شێوە هێڵی کات کە لەم خاڵەوە دەڕوات بۆ ئەوانی دیکە، پەیوەستبوونێکی بنەڕەتییە بە گۆڕانەوە، کاتێک کە ستوونی (vertical) کاتی زینۆ هاوبەشییەکی یەکلەدواییەک نیشان دەدات. لە لایەکی ترەوە کارەکتەرەکان ئاگاداری ئەوەن کە نەخێر چییە و دەبێت چۆن بێت، لەڕاستیدا ئەوان درک بە گۆڕان دەکەن. گۆڕانەکان لە چواردەوری ئۆبێکتەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، ئیدی سروشت بوونی نابێت، ئیدی تایەی پایسکیلێک نەماوە، ئیدی ئازارێکی بکوژ نییە، هەروەها گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییەکانیشیان. هام: بەڵام ئێمە هەناسە دەدەین، دەگۆڕێین، قژمان دەوەرێت، ددانەکانمان دەکەون، گەشانەوەکانمان، بیرۆکەکانمان.“

لە لایەکی دیکەوە، ئەزموونی هاوبەشییەکی نەگۆڕی چرکەساتێکی دوورودرێژی وەستاو دەکەن. یەکێک لەو هۆکارانەی کە بیرۆکەیەکی هاوبەش دەدا، بەردەوامبوونێکی دووبارەیە. لە کاتی شانۆکەدا هام هاوار بۆ ئازارە کوشندەکەی دەکات و کلۆڤیش ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە دەڕوات، کەشوهەوا و دەریاکە وەک جارانن، دووبارە دەستپێکردنەوەی شانۆکە و  نمایشکردنی وەستانی کاتە.

هام: کاتژمێر چەندە؟

کلۆڤ: هەر وەک خۆیەتی.

هام: تەماشات کرد؟

کلۆڤ: ئا.

هام: ئێ؟

کلۆڤ:سفر.“

جێگیربوونی کات لە شێوەی مۆتیڤێکی بازنەییدا و لە چەند فۆڕمێکی جیاوازدا دەردەکەوێت. کلۆڤ، هام بەرەو گەشتێکی بچووک بە چواردەوری جیهاندا دەبات، بە چواردوری دیواری ژورەکەدا پاڵی پێوە دەنێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی جێگیر بووبوو، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. چۆنێتیی دووبارەبوونەوەکە لە مۆتیڤی تایەی پاسکیل دەچێت لە سەرەتای شانۆکدا؛ هەروەها هەندێک دیالۆگی دووبارە، کە کارەکتەرێک چەندین جار دووبارەی دەکاتەوە، لە کاتێکدا گوتراوە.

کلۆڤ: [سەیر دەکات] خۆڵەمێشییە. [دووربینەکە دادەگرێت و بەرەو لای هام دەسوڕێت. بە هێزەوە] خۆڵەمێشی. [ساتێک بەهێزتر] خۆڵەمێش. [لەسەر پەیژەکە دادەبەزێت و لە دواوە لە هام نزیک دەبێتەوە و بە گوێیدا دەچرپێنێت].

هام: [دادەچڵەکێت] خۆڵەمێش! ئایا گوێم لێ بوو بڵێیت خۆڵەمێش؟“

کارەکتەرەکانی بێکێت لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا دادەکوترێن، لە نێوان ژیانی ڕابردوو و مەرگی داهاتوو، هێمای شوێنەکەیان ڕەنگی خۆڵەمێشییە، کە تێکەڵەیەکە لە ڕەش و سپی، هێمایەکە بۆ ژیان و مردنی شوێنەکە. ڕووناکیی ڕەنگەکانی سەر ستەیجەکە و دەرەوەی دەکرێت ڕەنگی دەریا و زەوی بێت. لە درێژەی شانۆکەدا کارەکتەرەکان لە ساتەوەختی جاویدانیدا قووڵتر و قووڵترە دەبنەوە، سەرئەنجام هێندە قووڵ دەبنەوە کە وشەکان تەعبیرێکی جیاوازتر لە سیفەتی کات دەکەن، لە لەدەستدانی مانا ڕاستییەکەی.

هام: دوێنێ! یانی چی دوێنێ؟

کلۆڤ: [بە توندوتیژییەوە] یانی کۆتایی نالەباری کڵۆڵییەکانە. ئەو وشانە بەکار دەهێنم کە فێرت کردووم. ئینجا ئەگەر هیچ مانایەکیش نابەخشن، ئەوا وشەی ترم فێر بکە. یان لێم گەڕێ دەمم دابخەم.“

ئارەزووی ئەوان بۆ گۆڕانێکی ڕادیکاڵانە کە بارودۆخە سەختەکەیان چارەسەر بکات دەرچوونە. کلۆڤ نەعلەکانی دادەکەنێت و پێڵاوەکانی لە پێ دەکات، هامیش دەیەوێت بە تەور لێی بدرێت، تا ئازارەکانی کۆتاییان پێ بێت.
کارەکتەرەکان نزیکتر دەبنەوە و بینینی ژیان وەک ئازارێک لەسەر هێڵی یەکەم دەردەبڕدرێت، کاتێک کە هام گلەیی ئەوە دەکات ڕەنگە ئەو یەکەم کەس بێت لە ناو بوونەوەرەکاندا کە ئازار بچێژێت.

هام: بەڵام ئازارەکانیان دەگاتە ئازارەکانی من؟“

لەم دێڕەدا بێکێت مەبەستی لە تێڕوانینی شۆپنهاوەرە بۆ ژیان و ئێش و ئازار. ویستی ژیان بێسنوورە و جێبەجێکردنیشی سنووردارە. مرۆڤ لێشاوێکە لە غەریزە و ویست، هەرگیز ناگات بە جێی ڕەزامەندی و بەختەوەری و ئاسوودەیی. کارەکتەرەکانی بێکێت لە شانۆی کۆتایی گەمەدا، ئاگاداری کڵۆڵیی چارەنووسی خۆیانن، کڵۆڤ دان بەوەدا دەنێت کە ئەو هەرگیز دڵخۆش نەبووە، هام ڕقی لە دایک و باوکی دەبێتەوە، چونکە بوونەتە هۆکاری لەدایکبوونی و فڕێدانی بۆ ناو ئەو بێزارییە، ناگ و نیلیش تێڕوانینی خۆیان بۆ ژیان وەک نوکتەیەکی تاڵ دەردەبڕن.

هام: بەڕێز، هێی بەڕێز، سەیرێکی [ئاماژەیەکی سووک، بێزاری] دونیا بکە و [وەستان] سەیرێکی [ئاماژەیەکی خۆشەویستی، بە شانازییەوە] ئەم پانتۆڵەی من.“

ئەوان ئارەزووی مردن دەکەن، بەڵام ویستی ژیان هەناسەیان پێ دەدات و بەردەوامییان دەداتێ. ناگ و نیل زۆر لە ئامانجەکەوە نزیکن، تەنانەت ئەگەر وا دەربکەوێت نیلیش مردووە و هام بە هۆی شوێنە سێنتڕاڵەکەیەوە ڕەهاییەکی جێگیریتری هەیە تا کڵۆڤ. هەرچەندە هەموویان بە هۆی دیوارەکەوە دابڕاون لە یەکتر، بەڵام سەڕەرای تەمەنەکەیان کە گرنگ نییە، هەمان بارودۆخ و ئازاریان هەیە. بارودۆخی هەموویان، لە سەرەتای شانۆکەدا لە لایەن هامەوە باس دەکرێت، کاتێک دەڵێت:

هام: من هیچی دیکەتان پێ نادەم بۆ خواردن.

کلۆڤ: کەوایە دەمرین.

هام: من هەندێکت پێ دەدەم تا بژیت، هەموو کات برسی دەبیت.“

کارەکتەرە سەرەکییەکەی شانۆی ڕۆژە خۆشەکان کە یەکەم جار لە 17ی ئەیلوولی 1961دا لە نیۆرک پێشکەش کرا، وینیە کە تەمەنی پەنجا ساڵە و ژنێکی قژکاڵە، لە ناوەڕاستی ستەیجەکەدا چەقیوە. لەڕاستیدا تەپۆڵکەکە ناوەڕاستی ستەیجەکەی داگیر کردووە، کات وردە وردە تەپۆڵکەکە بەرز دەکاتەوە و وینی نغرۆ دەبێت، سەرەتا لە کەمەرییەوە، پاشان تا بینەقاقای. ڕابردووی وینی بووە بە هەندێک یادگاریی نۆستالژیی زۆر دوور، هیچ هۆکارێک نییە تا بە هۆیەوە داهاتوو و کۆتایی بەدەست بهێنرێن.
وینی لە گردەکەدا چەقیوە و لە کاتی ئێستادایە، لە سنووری نێوان ڕابردوویەکی دوور و داهاتوویەکی فراواندایە، بارودۆخەکەی هاوشێوەی ڤلادیمێر و ئیستراگۆنە. وینی لە چاوەڕوانیدایە، لە چاوەڕوانیی زەنگەکە تا لێ بدات، لە چاوەڕوانیی شەودایە تا بێت. جێگیرییەکەی ناچاری دەکات کە درێژە بە بارودۆخەکەی بدات و ویستی ژیان یارمەتیی مانەوە و بەردەوامبوونی دەدات.

وینی: بەڵێ، بەرز دەبوومەوە ئەگەر ئاوها نەگیرامایە، [بە دەستی ئاماژە دەکات] بەم شێوەیە، بە ئاسانی بەرز دەبوومەوە بۆ شینایی ئاسمان. [وەستان] ڕەنگە ڕۆژێک زەوی کۆڵ بدات و بەڕەڵام بکات، ڕاکێشانەکە هێندە بەهێزە هەرچی لە دەوروبەرمە دەیشکێنێت و فڕێم دەداتە دەرەوە.“

کاتێک وینی لە ئازارچەشتن دەوەستێت، ئارەزووی کۆتا شەوی دەکات، بەڵام ویستی ژیان هەرگیز بەڵێنی کۆتاییهاتن و مەرگ نادات. ئەو بەغیلی بە ئاژەڵە دڕندەکان دەبات، چونکە بە خێرایی و بێ ئازار دەمرن.

وینی: ئەگەر بە هۆی هەندێک شتی لەناکاوەوە ئازار نەچێژیت، ئەوا بۆ خۆت چاو دابخە (چاو دادەخات)، هەروەها چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بکە تا دێت (چاو دەکاتەوە)، ئەو ڕۆژە خۆشە بێت کە گۆشتی مرۆڤ لە گەرمادا دەتوێتەوە و شەویش سەدان کاتژمێر درێژ دەبێت. (وەستان) کە خۆشەویستی لە دڵماندا نامێنێت و ئیرەیی بە گیانەوەرە دڕندەکان دەبەین…“

ئەو لەسەر سنووری ڕابردوو و داهاتوو چاوەڕوانە، زیاتر مەیلی داهاتوو دەکات لە پاڵ تێپەڕبوونی کاتە هێواشەکەیدا.

وینی: وەکو جاران جانتاکە لە شوێنی خۆیەتی، وێڵی وەک خۆی ماوەتەوە، هیچی لێ نەهاتووە، هەمان ئەو جانتایەیە کە ئەو ڕۆژە دات پێم… بۆ ئەوەی بچم بۆ بازار. ئەو ڕۆژە. کام ڕۆژە؟“

ئەوەی لە یادگەی وینیدا ماوەتەوە یادگارییەکی شیرینە ستایلە کۆنەکە“یە، کە بە دڵنیاییەوە دڵخۆشکەر نییە، بەڵام یادگارییەکە کە هەستێکی خۆش دەورووژێنێت. وینی تەنها لە ڕێی فۆڕمی یادگەوە هەست بە ئاسوودەبوون دەکات؛ هەموو شتێک دڵخۆشکەرە، ئاسانە، جوانە، کاتێک لە مەودای کاتەوە دەبینرێت. ئەو هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات کە ئێستا لە ڕوانگەی خاڵێکەوە ببینێت کە ڕابردووە. کاتێک ئێستا دەبێت بە ڕابردوو، تەنها شتە جوانەکان دێنەوە یاد، ئەگەر هەڵبژاردنێک هەبێت ئەوا لە ئێستادا ناتوانرێت لە ئازارەکانی بوون، خۆ بەدوور بگیرێت. بەم جۆرە ئەو بە ژیانی ڕابردووی مامەڵە لەگەڵ ئێستایدا دەکات، ئەوەش وا دەکات بەرگەی ئازارەکانی بگرێت.

وینی: ئاه، ئەمڕۆش دەبێتە ڕۆژێکی خۆشی دیکە.“

وینی دەرچەیەکی دۆزیوەتەوە تا لە بارودۆخەکەی هەڵبێت. ئەو خەریکی یاریکردنە بە شتە بچووکەکان، وەک: ئاوێنە، زەڕەبین، فڵچەی ددان، شانە… تا دوایی، چەندین شتی جۆراوجۆر لە ناو جانتاکەیدایە. ئەو شتانەی کەو ئەو لە ناو جانتاکەیدا هەیەتی و بەکاری دەهێنێت، ژیانی پێشووی نیشان دەدات. ئەو شتانە بە ڕۆتینیەتی ژیانەوە دەیبەستنەوە، ئەو خووەش دژی هەر جۆرە ئازارچەشتنێکە. لە لایەن ئەلبێر کامۆوە ئەو ڕۆتینیەتی ژیانە باس دەکرێت، ئەوە شتێکە کە مرۆڤایەتی لە بەئاگابوونی ئەبزێردیەت دەپارێزێت: ماندوویی، لە کۆتایی کردارە میکانیکییەکانی ژیانەوە دێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پاڵنەرە هۆشیارییەکان دەکرێنەوە.“

ئاشکرایە کە وینی ئاگاداری بارودۆخی خۆیەتی، ئەو دەزانێت چ داهاتوویەکی لە پێشە و بارودۆخەکەی لە هیچ حاڵەتێکدا باش نابێت. تەنانەت ئەگەر ئەوە کۆتا نمایشی شانۆی بێکێت بێت، ئەوە نابێت وینی بە موتڵەقی قسە بکات. ڕەنگە زۆر لە مردنەوە نزیک بێت، بەڵام ناتوانێت دەستی پێی بگات.

وینی: بیر لە داهاتووت بکەرەوە، وینی، ئەو کاتەی کە وشە سوودی نامێنێت.“

ئەوە هێمایەکە و بێکێت لێی دڵنیامان دەکاتەوە، کە هەرچەندە وینی لە پەردەی دووەمدا خەریکە نغرۆ دەبێت، بەڵام وا بە زوویی نامرێت، کاتەکانی بە هەمیشەیی هێواش دەبنەوە. پەردەی دووەم گەلێک گۆڕان ڕوو دەدات، بەڵام چونکە کات لەسەر هێڵە ڕوونەکەی تێنەپەڕیوە، مانای وایە لە ئامانجەکە نزیک نەبووەتەوە. وینی لەناو کات و زەویدا نغرۆتر بووە، بەتەواوی سەری لێ دەشێوێت کە بۆچی کات هێندە هێواش بووەتەوە. ئەو توانای ئەوەی نییە کە دژوارییەکانی ڕابردووی لە بوونیدا بوەستێنێت بەبێ پێکداچوون و تێکەڵبوونی ڕابردووی.

وینی: بیرم ئەکردەوە… [وەستان]… دەڵێم بیرم لەو شتە دەکردەوە کە جیاوازییەک لە نێوان چرکەی یەکەم و دووەم و دواتردا نییە [وەستان] دەمگوت [وەستان] دەڵێم دەمگوت، وینی تۆ ناگۆڕێیت، هیچ جیاوازییەک لە نێوان چرکەی یەکەم و ئەوی داهاتوودا نییە، بۆ جارێکی تر ئەو بابەتە بورووژێنمەوە؟“

ئەو گیرۆدەی چەمکی شیبوونەوەی لەناکاوی کاتی زینۆ بووە. ئەگەر کات بەسەر چەند پارچەیەکی جیاوازی دیاریکراودا دابەش بکرێت: ئەوا وینی پارچەی یەکەم و دووەم لەوانی تر جیا دەکاتەوە“، گۆڕان هەرگیز ڕوو نادات. ئێستا ئەو بە ڕوونی دەربارەی کات لای زینۆ دەزانێت، (تراژیدیاکە بریتییە لەوە)، کە هێواش دەبێتەوە و چرکەکان وا دەردەکەون کە بێکۆتایین و تەواو نابن.

کات لای زینۆ

به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌ ئەو شانۆیەیە کە تێیدا ئەزموونی کات بە شێوەی فۆڕمێکی پەتی دەردەبڕێت. ڤلادیمێر و ئیستراگۆن ئەو دوو گەڕیدەیەی کاتی زنیۆیی زەوتی کردوون، کە کات خەریکە دەوەستێت، بەڵام زۆر نا، ئەوان لە شوێنێکی زبڵفڕێدان چاوەڕوانی گۆدۆن، هیچ نییە تا بیکەن جگە لە چاوەڕوانی. بابەتی سەرەکیی شانۆکە گۆدۆ نییە، هەر وەک ئەوەی لە تایتڵەکەوە وەردەگیرێت، کەسایەتییەک، شتێک، ڕووداوێک، مەرگ یان خودا… تا دوایی، بەڵام چاوەڕوانکردنەکە خۆی دیاریترین ئەزموونی کاتە. ئەگەر ئێمە ئەکتیڤ بین، ئەوا مەیلی گوزەرکردن بە ناو ڕێڕەوی کاتدا دەکەین و تێی دەپەڕێنین، بەڵام ئەگەر ئێمە بە بە پاسیڤی چاوەڕوان بین، ئەوا ڕووبەڕووی کرداری کات خۆی دەبینەوە“. لە ئەنجامدا بابەتی سەرەکیی شانۆکە هیچ کردارێک یان هیچ چالاکییەک نییە، ئەگەرچی بەسەر دوو پەردەدا دابەش دەبێت، بەڵام چاوەڕوانییەکی پاسیڤی کەسایەتییەک/شتێک نییە، کە بتوانێت گۆڕانێکی دیار بەسەر کارەکتەرەکاندا بهێنێت. بەم جۆرە گۆدۆ، لە لایەن ڤلادیمێر و ئیستراگۆنەوە چاوەڕێ دەکرێت، بە هەمان شێوە لە لایەن بینەریشەوە چاوەڕێ دەکرێت، کارەکتەرەکان و بینەرەکانیش لە چاوەڕوانییەکی درێژدا دەبن.

هەرچەندە هەردوولا چاوەڕوانی گۆدۆن، تا ڕادەیەک بێماناییە باسکردنی ئەزموونی کاتی کارەکتەرەکان لەگەڵ بینەرەکاندا. لە کۆتایی شانۆکەدا بینەرەکان پێشبینییەکانیان تەواو دەبێت؛ پەردەکە دادەرێتەوە و گۆدۆ نایەت. بینەرەکان چاوەڕوان بوون گۆدۆ بێت (جا هەر شتێکە گۆدۆ کەسایەتی یاخود شت یانیش ڕووداو، یان خودا) شانۆکەیش تەواو بوو. دادانەوەی پەردەکە چارەسەری پێشبینییەکانی بینەر بوو. هیچ ئاماژەیەک لە شانۆکەدا نییە کە چاوەڕوانییەکەی ڤلادیمێر و ئیستراگۆن هەرگیز تەواو دەبێت یان نا، هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئایا گۆدۆ بەڵێنەکەی دەهێنێتە دی یان نا؟ بە پێچەوانەوە هیچ چارەسەرێک دەرناکەوێت، درێژەی چاوەڕوانییەکەیان هەرگیز دەرئەنجامێکی نابێت.
بارودۆخە بێکۆتاییەکەی ڤلادیمێر و ئیستراگۆن لە ڕەگی دوجا (SQUARE ROOT 2) دەچێت کە تەواو نابێت و هەرگیز ناپێورێت. تەنها هاتنی گۆدۆ بەڵەگەیە بۆ کۆتاییەک، ئەوە کۆتا ژمارەیە لە زنجیرەی ژماکان و ناوەڕۆکی مانای ژمارەکان دیاری دەکات. ئەوەی کە ڤلادیمێر و ئیستراگۆن چاوەڕێی دەکەن گۆدۆیە، ئەو ژمارەیەیە کە هەرگیز ناتوانرێت بزانرێت، بۆ هەمیشە بە نەزانراوی دەمێنێتەوە.

پۆزۆ: گۆدیتگۆدۆگۆدین… بەهەرحاڵ دەزانیت مەبەستم کێیە؟ ئەوەی کە داهاتووی ئێوەی لەناو دەستدایە.“

ڤلادیمێر و ئیستراگۆن لە کۆتاییەکەی نزیکن، ئەوان ژمارەیەکیان لە ژمارەکانی پشت کەرتی دەیی وەرگرتووە، ئەوان لە جێیەکدان کە ڕاستەوخۆ ئێستا لەگەڵ دوایین ڕووداودا پێکدا دەچێت. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نزیکتر و نزیکتر دەبنەوە، بەڵام ئەو ژمارەیەی کە دێت گرنگتر نییە لەوەی کە ڕۆیشتووە، ئەوان وردتر و ورتر هەنگاوی هێواش بەرەو پێشەوە دەنێن و بە بەردەوامی لە ئامانجەکە دەکشێنەوە. هەموو ڕۆژێک نزیکتر دەبنەوە لە گۆدۆ، ئەگەر هەر یەکێکیان کەمێک پێش بکەوێت ئەوا تەواوی کاتەکە دەوەستێت.

ڤلادیمێر: کات وەستاوە.

ڤلادیمێر: هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

ئیستراگۆن: پێم وابێت نا.

ڤلادیمێر: تەنها سەرەتایە.

ئیستراگۆن: ترسناکە.“

لە چاوەڕوانیدا، ڤلادیمێر و ئیستراگۆن خۆیان سەرقاڵی هەندێک یاریی بچووک دەکەن. لەگەڵ یەکتر قسە دەکەن، چونکە وەستانی کاتە، لە نێوان بوون و نەبووندا، لە نێوان مردن و ژیاندا. بێدەنگی وەستانێکی جاویدانییە بۆ ئەوان، لە نێوان ڕابردوو و ئێستا و لە نێوان چی بووە و پێشبینیی چی  دەکرێت.

ئیستراگۆن: ئاه دیدی هەمیشە شتێک دەدۆزینەوە تا بیسەلمێنین کە دەژین؟ پێت وا نییە؟“

قسەکردنی زۆر دوورخستنەوەی کاتە، نەک بۆ زانین، ئەوە پوچییەکی بێکۆتایی ترسناکە. لەبارەی ئەو دزانەی کە دەربازبوون قسە دەکەن، لەبارەی پووتەکەی ئیستراگۆن، ڕۆڵی پۆزۆ و لەکی دەبینن، یان بیر لەوە دەکەنەوە چۆن خۆیان هەڵبواسن. بە شێوەی گفتوگۆیەکی دوولایەنە دەردەکەوێت، گرنگ نییە چەند بێکەڵک و بێبایەخە، چونکە لە جاویدانبوونی کاتەوە دەگێڕێتەوە بۆ شەفافییەتی کات، ئەو بۆچوونەیان پێ دەدات کە کات هەرچۆنێک بێت تێدەپەڕێت. بە هەمان شێوە وینیش هەوڵی ئەوەی دەدا دۆخەکەی بەو شتە بچووکانەی ناو جانتاکەی کە ڕابردووی بیر دەهێنایەوە کاتەکەی تێبپەڕێنێت، ڤلادیمێر و ئیستراگۆنیش دەرچەیەکیان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە دۆزیبووەوە کە گفتوگۆ بوو. یاریکردن سەبسیستمێکە کە لەو هەستە دەیانپارێزێت کە درکپێکردنی چاوەڕوانییە. ئەوان بەرەنگاری کات دەبنەوە (کاتێک ئاگاداری گۆدۆن)، کاتێک کە لە یارییەکە دادەبرێن، دەزانن و هەستی پێ دەکەن کە چاوەڕوانن. ڤلادیمێر لەبارەی یارییەکانەوە دەڵێت:

ڤلادیمێر: کاتمان زۆرە بۆ پیربوون، هەوا پڕە لە هاوار [گوێ دەگرێت] بەڵام خووگرتن ناهێڵێت بگەن.“

ئەو کاتانەی کە بە کات دەزانن و ئاگادارین، چارەنووسیان لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا دەبێت بە ئازار و ناڕەحەتی، بۆیە زۆر لە خۆیان دەکەن تا قسەی پڕوپوچ بکەن.

ئیستراگۆن: من ماندووم. [وچانێک] با بڕۆین.

ڤلادیمێر: ناتوانین.

ئیستراگۆن: بۆچی؟

ڤلادیمێر: چونکە چاوەڕوانی گۆدۆین.

ئیستراگۆن: ڕاستە. [وچانێک] کەواتە چ بکەین؟

ڤلادیمێر: هیچ.

ئیستراگۆن: بەڵام من چیتر ناتوانم ئاوها بەرگە بگرم!“

دیدی و گۆگۆ لە ناو کاتدا گیر دەخۆن، چونکە بە هێواشی تێدەپەڕێت، ئیستراگۆن ناتوانێت هیچ شتێکی ڕۆژانی پێشوویی بیر بێتەوە. هەرچی ڕابردووی وینیە بۆ چەند وێنەیەکی بێبایەخ و ڕەنگپەڕیوی کەم دەبێتەوە، مەرگ لە زهنیدا دوور دەکەوێتەوە، کات لای ئیستراگۆن زۆر هێواشە، کەچی زۆر خێرا هەموو شتێکی بیر دەچێتەوە، هەمیشە دیدی لەو بارودۆخەدا و لە گەرمەی یاریکردندا بیری دەهێنێتەوە کە ئەوان چاوەڕوانی گۆدۆن. بە هەمان شێوە کات لای ڤلادیمێریش هێواش بووەتەوە، ساتە نوێیەکان دوور دەکەونەوە و ڕابردوو دەمرێت. ئیستراگۆن پۆزۆ و لەکی بیر ناکەوێتەوە، تەنانەت ناتوانێت ئەو شوێنەیشی بیر بکەوێتەوە کە ڕۆژی پێشتر لێی بوون.

ڤلادیمێر: درەختەکە! سەیری درەختەکە بکە.

ئیستراگۆن: دوێنێ لێرەدا نەبوو؟

ڤلادیمێر: بێگومان لە بیرت نییە؟ ویستمان خۆمانی پێدا هەڵبواسین، لەبیرت نییە؟ [بیر دەکاتەوە] بەڵێ وا بوو [وشەکان لێک جیا دەکاتەوە] ویستمان خۆمان هەڵبواسین، بەڵام تۆ ڕیگریت نەکرد، لەبیرت نییە؟

ئیستراگۆن: خەوت بەوەوە دیوە؟

ڤلادیمێر: ناکرێت لەبیرت چووبێت؟

ئیستراگۆن: من وەهام، یان یەکسەر لەبیرم دەچێت، یان هەرگیز لەبیرم ناچێت.

ڤلادیمێر: ئەی پۆزۆ و لەکی، ئەوانیشت لەبیر چوو؟

ئیستراگۆن: پۆزۆ و لەکی؟

ڤلادیمێر: هەموو شتێکی لەبیر چووە!“

پێدەچێت کات لای ئیستراگۆن هێواشتر بێت تا ڤلادیمێر. هەرچی ڤلادیمێرە تا ڕادەیەک سوودی لە کات وەرگرتووە و ڕابردووی وەک خۆی بیر دێتەوە، یادگرییەکانی ئیستراگۆن بەتەواوی پارچەپارچە دەبێت، وەک بڵێیت نزیکتر بووە لە جاویدانبوونی کات کاتێک کە ڕابردوو لەگەڵ داهاتوویەکی بێکۆتاییدا پێکدا دەچن. لای ئیستراگۆن کاتی سێ ڕەهەندی (3D) هیچ گرنگییەکی نەماوە، بۆیە هەمیشە هەستی گۆڕان لە دەست دەدات.

ڤلادیمێر: شوێنەکە ناناسیتەوە؟
ئیستراگۆن: [لەناکاو هەڵدەچێت] بیناسمەوە؟ چی هەیە تا بیناسمەوە؟
هەموو تەمەنی قۆڕم لە ناو قوردا بەسەر بردووە! تۆش دەتەوێت هیچ جیاوازییەک ببینم! [سەیری دەوروبەر دەکات] سەیری ئەم گووە بکە، هەرگیز جێم نەهێشتووە.“

بە پێچەوانەوە، بۆ ئیستراگۆن ئەوە پۆزۆیە کە لە کاتی زینۆدا نییە. ئەو جێگیر نییە، دەتوانێت لەم شوێنەوە بۆ ئەوی دیکە بڕوات ئەو دەیبات [لەکی] بۆ بازاڕ“ (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌). کاتی سروشتی وجودی ئەو جڵەوگیر دەکات بەوەی کە تەماشای کاتژمێرەکەی دەکات. هەر وەک جووڵەکانی، کاتەکانی لەسەر هێڵی کات تێدەپەڕێت (لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە). بەم جۆرە ئەو دەتوانێت ببێت بە خاوەنی بۆشایی (شوێنەکە) [پۆزۆلێرە لەسەر زەوییەکەی من“.] هەروەها لە کاتیشدا [پۆزۆ: بەڵێ ڕێگەکە درێژە کاتێک مرۆڤ بە تەنیا دەیبڕێت… بەڵێ شەش کاتژمێر لەسەر یەک… بێ ئەوەی چاومان بە هیچ مەخلوقێک بکەوێت.] بەڵام زۆر بە سادەیی و ئاسانی دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر و ئیستراگۆن، یەکسەر لای ئەویش شێوە هێڵییەکەی کات پارچەپارچە دەبێت.

پۆزۆ: دەتانویست بەتەواوی چی بزانن؟
ڤلادیمێر: بۆچی ئەو…
پۆزۆ: [بە توڕەییەوە] قسەم پێ مەبڕە! (وچانێک) ئارام بە، ئەگەر هەموو پێکەوە قسە بکەین بە هیچ ناگەین.  (وچانێک) چیم دەگوت؟ ( وچانێک بە دەنگێکی وەرزتر) چیم دەگوت؟“

لە شوێنێکی تردا:

پۆزۆ: دەبینیت یادگەم لاوازە؟“

پۆزۆ لەو کاتەی پەیوەندیی بە ڤلادیمێر و ئیستراگۆنەوە کردووە کاتژمێرەکەی ون کردووە. ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی گوێگرتن لە دەنگەکەیەوە بیدۆزنەوە، بەڵام دەنگی نایەت، ئیستراگۆن پێشبینیی ئەوە دەکات کە ڕەنگە کاتژمێرەکەی وەستابێت. لە پەردەی دووەمدا پۆزۆ کوێرە و لەکییش لاڵە. پۆزۆ بەتەواوی ڕێڕەوی کاتی ون کردووە.

پۆزۆ: (لەناکاو دەبێت) دەکرێت لەوە زیاتر بە پرسیارکردنتان دەربارەی ئەم کاتە نەفرەتییە ژەهراویم نەکەن؟ شتێکی ناخۆشە! کەی؟ کەی؟ ڕۆژێک، هێندە بەس نییە بزانن کە ئەو ڕۆژێک وەک هەر ڕۆژێکی تر لاڵ بوو، منیش ڕۆژێک کوێر بووم، ڕۆژێک کەڕ دەبین، ڕۆژێک لەدایک بووین و ڕۆژێکیش دەمرین، هەمان ڕۆژە، هەمان ساتە، هێندەتان بەس نییە؟“

ئیتر هەموویان جێگیر بوون، هەستی ڕزینبوون و شیبوونەوەیان، هەوڵدانیان بۆ جێهێشتنی یەکتر ناهێڵێت، هەموویان لە قەراخی تەختەی شانۆکەدا دەکەون.
هەروەک لەبارەیەوە دواوم، مۆتیڤی سەرەکیی شانۆکە چاوەڕوانکردنە، وەک دیارترین ئەزموونی کات خۆی. کات وەستاوە و ئامانجەکە (گۆدۆ) هێشتا دوورە، هەر وەک سەرەتای دەستپێکردنی شانۆکە. ڕۆژ لەگەڵ شەودا جێگۆڕکێ دەکەن، بە هەمان شێوە وەرزەکانیش، ئەم شێوە بازنەییە هانی هەر چوار کارەکتەرەکە دەدات تا یان بجووڵێن یاخود بمرن. بەم جۆرە، چاوەڕوانکردنەکەیان، چاوەڕوانکردنی کۆتایی گۆرانیی بێکۆتایی ئەو سەگەیە کە نانەکەی دزیوە.

دوا شریتی کراب یەکەمەین مۆنۆدرامای پاش جەنگ (POST WAR)ی بێکێتە، کە هەندێکی دەربارەی ژیاننامەی تایبەتیی خۆیەتی لە هەندێک ڕووەوە، کە من ئەمەیانم هەڵبژاردووە وەک ژیاننامە تایبەتییەکەی. بارودۆخی کراپ جیاوازترە لە کارەکتەرەکانی پێشوو، کراپ بە نائومدیەوە چاوەڕێی داهاتوو و کۆتایی ناکات، هەر وەک چۆن لە: به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه‌، کۆتایی گەمە و ڕۆژە خۆشەکاندا دیارە. لێرە، مۆتیڤی ئامادەبووی کات وەک تێزەکەی زینۆ بە ئاشکرا لە فۆڕمی چاوەڕوانیدا وەک ئەزموونی کات خۆی لەسەر ستەیج دەرنابڕدرێت، بەڵام بە هۆی بەرەنگاربوونەوەی تاک لەگەڵ ڕابردووی خۆی دەردەکەوێت. کراپ ڕووبەڕوو لەگەڵ واقیعی ڕابردووی خۆیدا دەوەستێتەوە، ئەوەش بابەتی سەرەکیی شانۆکەیە. هەرچەندە دوا شریتی کراپ مۆنۆدرامایە، بەڵام دوو جۆر کەسێتیی جیاواز ڕۆڵ دەبین. کراپی ناو شریتەکە کە تەمەنی لە 39 ساڵیدایە، ئەوەیە کە یادە پرشنگدارەکانی کراپە ڕاستەقینەکە نیشان دەدات و کراپە ڕاستەقینەکەی سەر ستەیج، لەوانەیە نزیکەی ٦٩ ساڵیک ببێت. کراپ خۆی بەو تۆمارە دەنگییانەوە سەرقاڵ دەکات کە چەند ساڵێک بەر لەو کاتە تۆماری کردوون بۆ گەڕان بە دوای شوناسی خۆیدا. هەرچەندە کراپ هەمان ئەو کەسەی ناو تۆمارە دەنگییەکەیە، هەمان شوناسنامەییان هەیە. لە لایەکی دیکەوە ئەو کەسایەتییە ناناسێتەوە کە لەناو تۆمارە دەنگییەکەیدایە وەک گۆڕاوێکی خۆی. دەتوانرێت هەمان مۆتیڤ لە شانۆی ڕۆژە خۆشەکاندا بدۆزرێتەوە، کاتێک وینی سەرسام دەبێت بەوەی چەند ئەستەمە ئەو گۆڕاوە ئەو جیاوازە لەو وینیەی کە چەند ساڵیک لەوەوبەر ژیاوە گۆڕان بە کردەیەکی مەحاڵ ناو دەبات، چونکە لە حەقیقەتدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان یەکێک و ئەوی دیکەدا نییە. کراپ ڕابردووی خۆی وەک ڕابردووی کەسی دیکە تێدەگات، ئەو هەست بە جیاوازی دەکات لە نێوان ئەوەی هەبووە و ئەوەی کە ئێستا هەیە.

کراپ: گوێ لەو زۆڵە دەبەنگە بگرە، 30 ساڵ لەمەوبەر قسەم لەگەڵ خۆمدا کردووە، سەختە باوەر بکرێت، کە من بەو شێوەیە خراپ بووم.“

ئەویش بە هەمان شێوە درک بەو پرسیارە دەکات کە وینی لە خۆی کرد، کە دەبێت خۆی بێت، چونکە جیاوازی لە نێوان پارچەکانی کاتدا نییە. چەمکی کات لای زینۆ دابەش دەبێت بۆ ژمارە بێکۆتاکانی تەنۆچکەی جیاوازی کات، جگە لە ڕابردوو بەسەر هەنووکەدا دابەش نابن. کراپ هەست بە جیاوازی و گۆڕان دەکات. ئەو لەناکاو ڕابردووی دەبینێت، بەڵام ئەو لە هەمان کاتدا ئاگاداری ناسنامەکەیەتی و دەزانێت ئەو، ئەو کراپەیە کە گوێی لێ دەگرێت. تراژیدیاکەی بریتییە لە ڕەتکردنەوەی ڕابردووی و سەقامگیربوونی وەک کراپەکەی ئێستا.

کراپ لە ڕێی دەنگە تۆمارکراوەکانیەوە و تێڕوانینی بۆ ڕووداوەکانی ڕابردووی هەوڵ دەدات کەسایەتیی واقیعی خۆی بپارێزێت. 30 ساڵ لەوەوپێش ئەو باوەڕی وا بوو کە شتێکی پتەو لە کەسایەتیدا (خۆی) هەیە، چەقێکی پتەو کە بە نەگۆڕاوی دەمێنێتەوە، ئەویش خودە ڕاستەقینەکەی شوناسە.

کراپ: دانەوێڵەکە، ئێستا مەمەستم چییە لەوە؟ مەبەستم… (دوودڵە)… پێم وایە من مەبەستم لە بەهای ئەو شتانەیە کە شایەنی هەبوونن، کاتێک کە گەردیان لێ دەنیشێت، کاتێک کە گەردم لێ دەنیشێت.“

ئێستا ئەو پیرە دەنگەکەی درزی تێبووە، بینایی کز بووە و گوێی گران بووە، تەنانەت وشەی بێوەژنیشی بیر ناکەوێتەوە؛ مانای وایە کە ئەو ماندووە، بێ ئەوەی خەیاڵی ئەو شتانەی هەبێت کە لە خودە ڕاستەقینەکەیدایە، ئەوەی تۆماری کردووە وەک خۆی ماوەتەوە. بە واتایەکی تر، ئەو هەمیشە خۆی بە گەمژەیەکی زۆڵ ناو دەبات، بۆیە وشەکانی هەمیشە بێکەڵک دەردەکەون.

کراپ: ئاه، مەیەکەت تەواو بکە و بڕۆ ناو تەختی خەوەکەت و بەردەوام بە لە لیکڕژاندن لە بەیانیاندا، یان بەو شێوەیە جێی بهێڵە (وەستان) بەو شێوەیە جێی بهێڵە.“

کراپ وەک کارەکتەرەکانی شانۆکانی پێشتر دەردەکەوێت، کە لە کۆتایی نزیک دەبنەوە، لە مەرگ نزیک دەبنەوە. هەر وەک تایتڵەکەش نووسراوە دوا شریتی کراپ کە گوێیان لێ دەگرێت، یان ئەوانەی کە تۆماری کردوون. لەناو شانۆکەدا گۆرانیی گەیشتن بە کۆتا ڕۆژ دەڵێت، ئەو گۆرانییە بە ژیانی تایبەتیی خۆی دەزانێت.

کراپ: ئیدی ڕۆژ کۆتایی هات، شەو، وێنەی شەوشاد دەکێشێت تارماییەکان (دەکۆکێت، پاشان زۆر بە کزی) ئاسمان دەدزن.“

ژیانی تووشی ئازارچەشتن و مەینەتی بووە، ئەو هیچی بۆ گوتن، بۆ هاوارکردن نییە، هیچ شتێک نییە بۆ چاوەڕوانکردن جگە لە مەرگ. تاکە دڵخۆشیی ئەو لە کۆتا ساتی نیو ملیۆنی ڕابردوو تەنها شتێکە: جیهانی شریتی تۆمار.

کراپ: جارێک یان دوان خلیسکا، پێش هاوین، کەشەکە سارد بوو، دەلەرزی، لە باخچەکە دانیشت، لە ناو خەونەکانیدا خنکا، لە هەوای ڕۆیشتندا سووتا.“

جووڵەکانی کراپ بۆ پێشەوە بەرەو مەرگ لە کۆتایی شانۆکەدا، وێنەیەکی نموونەیی بێکێتە، کە شریتەکە ئاماژەی بۆ دەکات و شێوەیەکی بازنەیی هەیە، کە دووبارەبوونەوەیەکی هاوبەش نیشان دەدات. وا دەردەکەوێت کە بێکێت وای لە شریتەکە کردووە، کە بەکاوەخۆ بڕوات تا ئەوە بگەیەنێت کە هێشتا بۆشاییەکی بێسنووری کات هەیە بۆ گەیشتن بە مەرگی کراپ. بەم جۆرە کاتێک مۆتیڤی نەگەیشتن بە کۆتایی مەرگ، چەقی بابەتی شانۆکانی بێکێتە کە لە شانۆی دوا شریتی کراپدا وا دەردەکەوێت لە دوایین کۆتاییدا بێت.

 

ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌ به‌ شێوازی PDF:
ئه‌بسێردیه‌تی كاراكته‌ره‌كانی بیكێت له‌ ناو كاتدا – دیدی من

هاوبەشی بکە

End Game, SamuelBeckett, Waiting for Godot, په‌ڕاوی بیكێت,