27/04/2024
DidiMn Logo
Top

برێخت و کاری دراماتۆرگی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

لە ئینگلییزیەوە: گۆران محەمەد

لە سەدەی ڕابردوودا بێرتۆڵد بریخت لە پاش ڕەخنەگر و دراماتۆرگی ئەڵمانی گۆڵدهۆڵد لیسن یەکەمین دەرهێنەر و نووسەری شانۆیە کە برەوێکی تەواو سەربەخۆ و جیاوازی بە هونەری دراماتۆرگی و پیشەی دراماتۆرگ دابێت، کە ئەم برەوەش بە باشی و لە میانی کار و بەرهەمە شانۆییەکانی خۆیدا بەدی دەکرێت، ئەگەرچی ڕەخنەگران کۆکن لە سەر ئەوەی کە برێخت تاکە دەرهێنەر و نووسەر نەبووە کە لە سەدەی بیستەمدا  گرنگی دابێت بە کاری دراماتۆگی  لە میانی کارەکانیدا، بەڵکو هاوکات دەرهێنەرانی تری وەکو ڤیسفۆڵد مایرهۆڵدی ڕوسی و ئێروین بسکاتۆر هاوکات لە کا رو لە بەرهەمە شانۆییەکانیاندا کاریان لە سەر لایەنی دراماتۆرگی و بەکارهێنانی تەکنیک و ستراتیژی جۆراوجۆر کردووە، بەڵام ئەزموونەکانی برێخت لەم بوارەدا خێراتر بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا بڵاو دەبێتەوە و ناوبانگ دەردەکەن، هەر ئەمەشە وا دەکات برێخت وەکو یەکەمین دەرهێنەری بەئەزموون لە بواری کاری دراماتۆگیدا ناوزەند بکرێت.

 ئەمە جگە لەوەی هۆکارێکی تری ئەم بایەخە بۆ  گرنگی و دەستپێشخەری ئەزموونە تیۆریەکانی برێخت دەگەڕێتەوە لە بواری نوسین و سەرلەنەوێ ئامادەکردنەوەی دەقە شانۆییەکان. فاکتەرێکی  گرنگی تر بۆ  برێخت و پرۆسە دراماتۆرگییەکەی ئەوە بوو  وەکو دەرهێنەرێک و درامانووسێکی شانۆیی توانی سەرکەوتوانە درێژە بە تێڕوانینە تیۆری و ڕەخنەیەکانی گۆڵد هۆڵد لیسن بدات و تەنانەت لەگەڵ دیدە تایبەتی و ڕەخنەییەکانی خۆی بیانخاتە نێو بازنەیەکی پراکتیکی و بە شێوەیەکی کرداری و لە ناو  پرۆژە شانۆییەکانی خۆیدا بەرجەستەیان بکات.

سەرەتای کارکردنی برێخت و خولیای بۆ کاری دراماتۆرگی و گرنگیی  ئەم بوارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٢٩ بۆ ١٩٣٠ ئەو کاتەی هیتلەر بۆ پیشاندانی زەبر و دەسەڵاتی بەسەر هونەرمەندان و دیسپلینکردنی هزرو دیدی ئازادیخوازانەی شانۆکارانی ئەڵمانیا، هەستا بە دامەزراندنی سەنتەری ڕۆشنبیری و چالاکییە هونەرییەکان لە بەرلین و هەروەها بانگهێشتکردنی دەرهێنەرە ناودارەکانی ئەوکاتی وەکو برێخت و بسکاتۆر بۆ نێو بازنەی ئەو سەنتەرە ڕۆشنبیرییە، بە مەبەستی قۆرخکردن و بەکارهێنانی بەرهەمە هونەرییەکانیان لە پێناو دروستکردنی مەیلی ڕادیکاڵیانە لە ناو کۆمەڵگا و هەروەها پەخشکردنی بەرناومەو ئایدۆلۆجیا سیاسییە فاشییەکانی ئەوکاتی نازییەکان دژ بە کۆمەڵگە ئەوروپی تەنانەت ئەڵمانییە لیبراڵەکان. هەر بۆیە بسکاتۆر و برێخت وەکو دوو دەرهێنەر و شانۆکار زۆر بە توندی بەرپەرچی دامەزراندن و بەشداریکردنیاندا لەو دامەزراوەدا یاخود لەو  سەنتەرە ڕۆشنبیرییە  کە لە لایەن ڕادیکاڵە نازییەکانەوە دروست کرابوو.  هەر بۆیە برێخت سوود لەم ڕووداوە میژوویی و کلتوورییە وەردەگرێت و یەکەمین بەرهەم و شانۆنامەکانی خۆی بە دیدێکی دراماتۆرگیانە، واتە جیاواز لەو ستایل و ژانرە باو شانۆیانە  دەنوسێت کە پێشتر لە شانۆی بەرلین پێشکەش دەکران، ئامانجیش لەم جیاوازییە گرتنە بەری، یاخود بیرکردنەوەی ئەو بوو لە پێناو هێنانەکایە و لەدایکبوونی شانۆیەکی نوێی سیاسی کە چیتر خەریکی گێرانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو و هەروەها بەسەرهاتی مێژوو نەبێت بەڵکو شانۆیەک بێت کە گوزارشت لە بارودۆخی کۆمەڵگە بکات لەم سات و وەختەدا، شانۆیەک کە ببێتە چاودێر بەسەر ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە لە ناو کۆمەڵگەی ئەڵمایندا خەریکە ڕوودەدەن و کاریگەریی خراپ لە سەر  ئاییندەی کۆمەڵگەی ئەڵمانی  بەجێ دەهێڵن. لەبەر ئەوە درێژەپێدانی تێڕوانینەکانی برێخت دەربارەی شانۆی سیاسی و گرنگیی پڕۆسەی دراماتۆرگی لە هێنانەکایەی شانۆیەک دژی جەنگ و فاشیزم بەردەوام بوو تاوەکو لە ساڵی ١٩٥٦ واتە تا ئەو کاتەی کوچی کرد و مرد.
a_scene_of_mother_courage_and_her_sons_with_brecht_xcenterx_with_his_wife_helene_weigel_xleftx_xphoto_efex.jpg_1718483346

 برێخت پێی وایە کە دراماتۆرگ لەشانۆی نوێدا بووە بە گرنگترین هاوکار و یارمەتیدەری دەر‌هێنەر بەتایبەتی لە ڕووی تیۆری و لە کاتی ئامادەکردنی دەقێکی شانۆییدا، هاوکات یارمەتیدەرێکی گرنگیش لە  ئاڕاستەکردن و ڕێکخستنی کۆی گشتی ئەو توخمە سەرەکییانەی کارێکی یان نماییشێکی شانۆیی پێک دەهێنن. برێخت پێی وابوو کە کاری دراماتۆرگ بریتییە لە گەڕان و کۆکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە پەیوەندیی هەیە بە  لایەنی مێژوویی و ئەدەبی هەر دەقێکەوە کە کاری لەسەر دەکرێت، لەگەڵ پێدانی زانیاری و وێنەیەکی ڕوون بە دەرهێنەر دەربارەی ئامانج و بەهای یان پەیامی سیاسی هەر کارێکی   شانۆیی لە کاتی مەشق  و پڕۆڤەکردندا، ئەمە جگە لەوەی وەکو دەرهێنەریک و نووسەرێک پێی وا بوو کە دراماتۆرگ بەشدارییەکی کارای هەیە لە بوونی تەفسرێکی زانستی و ورد، واتە خویندنەوەیەکی جدی بۆ ئەو ماتریاڵ و توخمانەی کە دەبنە مایەی دروستکردنی لایەنی ئیستاتیکی لە بەرهەمە شانۆییەکاندا.

تەنانەت بەشێکی تری کاری دراماتۆگ لە لای برێخت بریتی بووە لە بەشداریکردن لە  پێدانی زانیاری دەربارەی تەکنیکی نواندن و هەروەها زانیاری دەربارەی کەسایەتییەکان بە ئاکتەر، پاشان ئاڕاستەکردنی ستەیج و بەکارهێانی پانتایی بە  جۆرێک کە بگونجێت لە گەڵ پێویستی فەزا و شوێن لە نێو دەقدا. هەر بۆیە  برێخت لەبەر  گرنگیی پێگە و نزیکی کاری دراماتۆرگی لە پرۆسەی دەرهێنان سەرەتا لەبری ناوی دراماتۆرگ، یاریدەدەری دەرهێنەری بەکار دەهێنا.

ئەوەی جێگەی سەرنجە  هەرگیز برێخت وەکو هونەرمەندێک کاری بۆ ئەوە نەکردووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەکو دارماتۆرگێک بناسرێت لە شانۆی ئەڵمانیدا، چونکە هەر لە سەرەتای کارکردنیەوە زیاتر کاری بۆ ئەوە کردبوو وەکو درامانووسێک خۆی بناسینێت و دەربکەوێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە  لە سەرەتای دەستبەکاربوونی  لە شانۆی بەرلین بۆ ماوەی دوو ساڵ وەکو دراماتۆرگێک کاری پێ دەکەن، ئەم ئەزموونەی وا دەکات بەر لەوەی ببێتە دەرهێنەر شارەزاییەکی باش دروست بکات لە سەر کاری دراماتۆرگی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەق و ئاکتەر و دابەشکردنی فەزا. ئەمە جگە لەوەی برێخت هەلێکی تری گرنگی بۆ دروست دەبێت و دەتوانێت بۆ ماوەیەک بچێتە ناو پرۆڤەکانی دەرهێنەری ئەڵمانی ماکس ڕاینهارت و هەروەها سوودیش لە ئەزموونە گرنگ و سیاسییەکانی بسکاتۆر ببینێت وەکو دەرهێنەرێکی پرئەزموون و شانۆیی.

بەڵام نهێنیی سەرکەوتنی برێخت وەکو کەسایەتییەک و بەتایبەتیش وەکو دەرهێنەرێک دەگەڕێتەوە بۆ شیوازی مامەڵەکردنی و ڕوڵبینینی وەکو دراماتۆرگێک لە کارەکانی خۆیدا، بە جۆرێک زۆربەی جار و لە کاتی پرۆڤە و ڕاهێناندا هەندێک لەو کەسە شارەزا و باوەڕپێکراوانەی دەهێنایە ناو پرڤەوە تاوەکو پرسیاریان لێ بکات و بیروبۆچوونیان وەربگرێت لە سەر شێوازی کارکردن و ئەو ماتریالانەی کە کاری لە سەر کردووە، چونکە برێخت ڕیتمی کارەکانی خۆی لە میانی سەرنج و کاردانەوەی ئەو خەڵکانەوە کۆنترۆل دەکرد یان ڕێک دەخست کە دەهاتنە ناو پرۆڤەکانیەوە. هەر بۆیە کارەکانی برێخت لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا زیاتر کاری لە سەر شیوازی تیم واتە پشتی بە سەرنجەکانی گروپێک  لە خەڵکانی ناو تیمەکەی خۆی دەبەست کە پێک هاتبوون لە کۆمەڵێک یاریدەدەری هونەری، دیزانیەر و دیکۆرست، لەگەڵ خەڵکانێکی  موزیسیان.

هۆکارێکی تری سەرکەوتنەکانی برێخت وەکو دراماتۆرگ دەگەرێتەوە بۆ کارکردنی بەردەوامی لەگەل  دراماتۆرگە گەنجەکان و گوێگرتن لە سەرنج و تێڕوانینە هونەرییەکانیان، هەروەها بوونی باوەڕێکی زۆری بەو چینە دیاریکراوەی ناو هونەرمەندان و شانۆکاران. ئەو پێی وا بوو کە چینی گەنجان هەمیشە دەست پێشخەرن لە هێنانەکایەی تەنکیک و بیری نوێ بۆ ناو شانۆ و کۆمەلگە. ئەمە جگە لەوەی خۆشی وەکو گەنجێک سەرەتا بە کاری دراماتۆرگی دەست پێ دەکات، پاشان دەبێتە درامانووس و پاشانیش یاریدەدەری دەرهێنەر و لە کۆتاییشدا دەبێتە دەرهێنەرێکی ناودار و بەئەزموون. کە ئەم خەسڵەت و  هەروەها بینینی ئەم قۆناغە جیاوازانە لە ژیانی هونەری و پیشەمەندی ئەودا  بوونەتە کۆمەڵە هۆکار و فاکتەرێکی یارمەتیدەر تاوەکو بتوانێت سەرکەوتوانە ڕۆڵی دراماتۆرگ ببینێت لە بەرهەمە شانۆییەکانی خۆیدا.

  دەتوانین بڵێین برێخت  لە پاڵ کاری دەرهێنان و ئەزمونە ناوازەکانی وەکو درامانووس، توانی بایەخێکی تەواو بدات بە کاری دراماتۆرگی و هەروەها  توانی لە پاڵ کەسایەتییە هونەرییەکانی وەکو دەرهێنەر و  دیزاینەری دیکۆر و ڕووناکی، پێگەیەکی گرنگ و جێگەیەک بۆ کەسایەتیی دراماتۆرگ بکاتەوە  لە  شانۆی نوێدا.

هاوبەشی بکە

Brecht, Theater,