27/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: دەربارەی فیلمی سەرەڕای بەفری باریو

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بینەر و فیلم

فیلم: سەرەڕای  بەفری باریو

نووسەر و دەرهێنەر: شەمیم سەریف

بینەر: خەندە حه‌مید

سەرەڕای  بەفری باریو، فیلمێکی زۆر جوانە، کە ڕۆمانی خانمە نووسەر شەمیم سەریفە، هەر خۆیشی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. ئەم خانمە هەندێ لە ڕۆمانەکانی خۆی کردووە بە فیلم. شەمیم سەریف بە ڕەچەڵەک هیندییە و لە بەڕیتانیا ئەدەبی ئینگلیزیی خوێندووە ئێستا لە لەندەن دەژی.  ئەم فیلمە باس لە سەردەمی شەستەکانی سەدەی بیست دەکات، سەبارەت بە جەنگی ساردی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا، کە تێیدا خۆشەویستی و ترس ئاوێتەی یەکدی دەبن. لە هەمان کاتدا هاوسەنگییەکی جوان لەنێوان خۆشەویستی و تراژیدیا بەرجەستە دەکات. جەنگ چەندین نەوە دەکاتە دوژمنی یەکدی، چەندین کەس شکست پێ دێنێ. لە کاتێکدا سیاسییەکان لە ناو هۆڵە گەرم و ڕازاوەکان ئاهەنگ دەگێرن و پەرداخەکانیان بەرز دەکەنەوە و دەڵێن بۆ ئاشتی لە نێوان نەتەوە مەزنەکانماندا، هەروەها بۆ داهاتوویەکی باشتر! کاتێک کاتیا، کارەکتەری فیلمەکە، پرسیار  لە ئەلیکساندەر دەکات،  دەڵێ: ”ئیشەکەی خۆتت بەدڵە؟” ئەلیکساندەر دەڵێ: ”بەڵی، بە دڵنیاییەوە، من دەمەوێ جیاوازی دروست بکەم، هەر لەبەر ئەوەیە کە سیاسەتم هەڵبژارد.” ئەو لەوێدا دەیەوێت سیاسەت بە شێوەیەکی جیاواز بکات بۆ یارمەتیدانی زۆرترین خەڵک کە بتوانێ، بەڵام شکست دێنێ.

شه‌میم سه‌ریف

بەشێکی فیلمەکە لە شەقامە جوان و ساردەکانی مۆسکۆیە، لە فیلمەکەدا ئەوە بەدی دەکرێ کە چ ترسێک بەسەر ئەو شەقامانەدا زاڵە زۆر درەنگ درک بە جوانییەکانی دەکەی.

لە کاتێکدا ترس ئامادەیی هەبێ دەکرێ باشترین هاوڕێکانیش دژی یەک بوەستنەوە. کاتیا کارەکتەری فیلمەکە، خێزانەکەی کوژراون تەنیا لەبەر ئەوەی کە دژی سیستەمی کۆمۆنیزم بوون، لەوێوە بڕیار دەدات سیخوڕی بۆ ئەمەریکا بکا. کاتیا پلان دادەنێ کە نزیک بێتەوە لە سیاسەتمەدارێکی پلە باڵای سۆڤێت بە ناوی ئەلێکساندەر بۆ ئەوەی بەڵگە نهێنییەکانی بدزێت. کاتیا بە ترس و دڵەڕاوکێوە هاوسەرگیریی لەگەڵدا دەکات. لەو کاتەدا گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و ژیانی ئەو ژنەدا ڕوو دەدات، لەبەر ئەوەی دەکەوێتە خۆشەویستیی هاوسەرەکەیەوە. بۆیە هەموو ڕاستییەکانی بۆ دەدرکێنی، بەڵام بۆ هەردووکیان زۆر درەنگە. کاتیا بە گیانێکی تۆڵەسەندنەوانە سیخوڕی هەڵدەبژێرێ، بەڵام بێئاگایە لەوەی دواجار ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتری دەیەوێ، ئەوەیە کە ژیانێکی بێ ترس و پڕ لە خۆشەویستی بژی.

تڕه‌یله‌ری فیلمی سه‌ره‌ڕای به‌فری باریو:

هاوبەشی بکە

Binar u Film, Despite The Falling Snow, Shamim Sarif, Xanda Hamid,