26/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: دەربارەی فیلمی وشەکان و تابلۆكان

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بینەر و فیلم

فیلم: وشەکان و تابلۆكان
دەرهێنەر: فرێد شەپیزی
بینەر: خەندە حەمید

ئەو فیلمەی بەو بڕیارەی گەیاندم، دەبێ من فیلمی لەو شێوەیە بە زۆرێک لەوانە بناسێنم کە دەیانەوێ وەک لێڕوانەر چێژ وەرگرن.

وشەکان و تابلۆكان فیلمێکی درامیی ڕۆمانسیی کۆمیدییە، کە باس لە خوێندنگەیەک دەکات ململانێی زیندووی پەروەردە و فێرکردنی تێدا بەدی دەکرێ. جاک مارکوز یەکێکە لە مامۆستا باش و بەتواناکانی ئەو خوێندنگەیە وانەی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی دەڵێتەوە، ئەو زۆر شارەزایانە یاری بە زمان دەکات. ململانێکان لەوکاتەوە دەست پێ دەکەن، کاتێک دینا دێلسانتۆ وەک مامۆستای هونەر دێتە ئەو خوێندنگەیە، ئەو بە هۆی کێشەی تەندروستیی خۆی دێت بۆ ئەوێ بۆ ئەوەی لە خوشکەکەی نزیک بێت، چون ئەو لە خوێندنگەیەکی بەرز و گەورەتر بووە لە نیو یۆرک، توانا و ناوبانگی خۆی هەیە لە هونەری ئەبستراکتدا. هەر ئەوەشە وای لێ کردووە لە پەیوەندیدا سارد، گۆشەگیر و بێباک دەرکەوێت. دێلسانتۆ پێی وایە کێشە لە وشەكاندایە، ئەو دەڵێ: ”وشەکان درۆ و تەڵەن. وێنەیەک لە هەزاران وشە بەنرخترە.” لەژێر کاریگەریی ئەو ڕستەیە، زۆرێک لە فێرخوازەکان پێیان وایە وێنە زۆر بەهێزترە لە وشە. لەوێدا جاک تووڕە دەبێ، دەیەوێ بە ئارگیومێنتەکانی بەرگری لە وشە بکات. ئەو دەڵێ: ”وشەکان وڵات دروست دەکەن، تەواوی وڵات دروست دەکەن، پاشان لە کاتی جەنگدا دەیپارێزێ، خەون بە باشترەوە دەبینی و باشتری دەکات. وشەکان ئەمەیان کرد، نەک وێنەکان! ئەمە جەنگە.” دواتر جاک دەکەوێتە خۆشەویستیی دێلسانتۆوە، ئەو گاڵتەئامێزانە دەیەوێت بە ڕێگەی یاریی زمانەوانییەوە دێلسانتۆ شکست پێ بێنێ. جاک چەند وێنەیەک دادەنێ، لە ژێریدا چەند وشەیەک دەنووسێ، کە زۆر زیاتر هەڵدەگرێ لە وێنەکان. لەو کاتەدا لێڕوانەر بۆ چەند ساتێ دەوەستێ و ناتوانێ بڕیار بدات کە ئایا کامیان زیاتر دەهێنن، کامیان لە ئەوی دیکەیان بەنرختر و باڵاترە، وشەکان یان ڕستەکان کاریگەرترن. دوای ئەوە دێلسانتۆ چەند ڤیدیۆیەکی هەواڵ و پەیامنێران دادەنێ لەسەرەوە نووسیویەتی وێنەیەک بەنرخترە لە هەزاران درۆ. لە ژێریدا چەند وێنەیەکی جوانی هێڵکاریی داناوە، یەکێک لەوانە منداڵێکی ئەفریقییە کە توشی بەدخۆراکی بووە. لێڕوانەر یەکسەر بۆ ئەوە دەچێ لەڕاستیدا وێنەکانیش کاریگەریی خۆی هەیە و بەنرخترن لەو هەموو وشە ناڕاستانەی ناو هەواڵەکان! ئەوەی لەو فیلمەدا بەدی دەکرێ ئەوەیە، هەردوو مامۆستاکە بە گیانێکی لێبوردەییەوە ئارگیومێنتەکانی یەکتریان قبووڵە و بەرگری لەوە دەکەن کە دەیانەوێ بیگەیەنن بە فێرخوازەکانیان. سەرەڕای ئەوەی هیچیان بێ کەموکورتی نین، جاک ئەلکهولییە و دێلسانتۆش کێشەی تەندروستیی هەیە و بە گۆچان دەڕوات، ئەمە دۆخێکی بۆ دروست کردوون کە ناتوانن وەک پیشتر پەرە بە بوارەکەیان بدەن. جاک ترسی ئەوەی لەسەرە کە لە کارەکەی دوور بخرێتەوە، چونکە بەردەوام دوا دەکەوێت و ئەلکهولییە، لەو گۆڤارەی کە دەریشی دەکات نوێگەریی تێدا نییە. ئەو پاش هەوڵدانێکی زۆر بۆ نووسین شکست دێنی، ترسی لەدەستدانی ئیشەکەی وای لێ دەکات بڕیار بدات شیعری کوڕەکەی بە ناوی خۆی بڵاو بکاتەوە. ئەو شیعرە هێندە کاریگەرە، دلێسانتۆ پاش خوێندنەوەی داوا لە فێرخوازەکانی دەکات کە هەریەکەیان چی تێدا دەبینێ وێنەی بکێشێ، بۆ ئەوەی تەنیا لە وشەدا نەمێنیتەوە و بیکەن بە تابلۆ. لەو فیلمەدا ململانێکان زۆرن، بە شێوەیەک لێڕوانەر دەتوانێ لەگەڵ هەریەکەیان بڕوات و نەتوانێ بە هیچ لایەکیاندا بڕیار بدات، بە تێڕوانینی من ئەوە یەکێکە لە خاڵە سەرکەوتووەکانی فیلمەکە، تۆ کە لە کڵاسی یەک لە مامۆستاکاندا خەریکە دەگەیتە سەرئەنجام و بڕیارێکی یەکلایی، بەڵام لە کلاسەکەی تردا پاشگەز دەبیتەوە. لە هەمان کاتدا، پرسیار سەبارەت بە هونەر، نووسین، چێژ، بیرکردنەوە لەلات دروست دەبێت. دواجار جاک و دێلسانتۆ، بڕیاری دیبەیتێک دەدەن لەبارەی وشە و وێنە، بە ئامادەیی هەموو فێرخواز و مامۆستاکان. هەریەکەیان وێنە و وشەی خۆی هەیە، لەوێدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، وشەکان و وێنەکان هیچیان لە ئەوی دیکەیان باڵاتر، کاریگەرتر و بەنرختر نییە، بەڵکو هەردووکیان هاوسەنگن و پێکەوە هاڕمۆنییەکی جوان دروست دەکەن.

ئەوەی جێی سەرنجە لەو فیلمەدا، ئەوەیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی جاک پیاوەکان بە وشە و ژنەکان بە وێنە و تابلۆ دەچوێنێ. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی پیاو نوێنەرایەتیی وشە و ژن نوێنەرایەتیی وێنەیە؟ یەکێک لە فێرخوازە کچەکان لە ڕووی سێکسییەوە هەراسان دەکرێت لە ڕێگەی یەکێک لە فێرخوازە کوڕەکانەوە. ئەو کچە کاتێ بە قیژەوە هاوار دەکات کە وازی لێ بێنێت، بەڵام کوڕەکە بە گاڵتەوە وەریدەگرێت و وەک پرێنسس (شازادە) ناوی دەبات، کە بۆچی پشتگوێی دەخات. دواجار کوڕەکە هەوڵ دەدات هەراسانی بکات لە ڕێگەی وێنه‌ی کاریکاتێری ڕووتەوە، بۆ ئەوەی ملکەچی بکات بۆ مەبەست و حەزەکانی خۆی. ئەمە بۆ ئەوەمان دەبات کە لە ترادیسیۆن و ئەفسانەکاندا خوا وەک پیاو، فەرماندەرکەر، وشەدەربڕ و خاوەن وشە و قسە پیشان دراوە، بۆیە پیاو نوێنەرایەتیی ئەم ڕووەی خوایەتی دەکات. لە کاتێکدا ژن وەک وێنە، تابلۆ، جەستە، ڕووتییەکی پەتی و گوناهبار وێنا کراوە.

لە کۆتاییدا بۆچوونی من لەسەر ئەو دوو ڕوانگەیە ئەوەیە، وێنەکان تەنیا بۆ چێژوەرگرتن نین، بەڵکو ڕێگەیەکن بۆ بەئاگاهاتنەوەی ئێمە لە بینینی ئەو شتانەی کە بە چاوی ئاسایی ناتوانین بیانبینین. ئەوان ڕێگەی خۆیانیان هەیە بۆ جێگیربوون لە هۆش و تاساندنی وشە لە زمانماندا. هەروەها زۆر وشەم هەیە بەڵام هیچ ڕێگەیەکم نییە بۆ ئەوەی بیانڵێم، تەنیا ئەوە نەبێ کە بڵێم ژیان لەنێو وشەکاندا زۆر قووڵە، وشەکان چەندین وێنا لە خۆیاندا هەڵدەگرن بۆ نموونە لە شیعر، چیرۆک و ڕۆماندا هەندێ دیمەنی وێناکراو بە وشە هەن، ناکرێت بە هیچ تابلۆ و وێنەیەک دەرببڕدرێن. لە دواجاردا وەک جاک دەڵی، ئێمە هەستەکانمان وەسف ناکرێن، هەستی منیش بۆ ئەو فیلمە وەسف ناکرێت.

تڕه‌یله‌ری فیلمی وشه‌كان و تابلۆكان:

https://www.youtube.com/watch?v=ehQimFhQmQg

هاوبەشی بکە

Binar u Film, Words and Pictures, Xanda Hamid,