20/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و فیلم: چیرۆکە کێوییەکان و ژیانی کۆمەڵگەیەک

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بینەر و فیلم

فیلم: چیرۆکە کێوییەکان
دەرهێنەر: دامیان سیفرۆن
بینەر: چێنەر جەمال

کارێکی سەیرە ماوەی دوو سەعات بەدیار فلیمێکەوە دابنیشین و لە کۆتاییدا چیرۆکێک نەبێ بۆ گێڕانەوە و باسی هەموو شتێکیشی کردبێت.

فلیمی ئەرژەنتینیی چیرۆکە کێوییەکان (٢٠١٤)، لە دەرهێنانی دامیان سیفرۆنە و لەشکرێک لە ئەکتەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. ئەوەی لە هەر فلیمێک زیاتر ئەم فلیمە سەرنجی منی ڕاکێشا، یەکەم، ئەم جۆرە فلیمە (گوتارەفیلم)، تا ئێستا بەم شێوەیە لە ڕووی چیرۆک و تەکنیک و دەرهێنانەوە کاری لەسەرنەکراوە، فلیمێک کە هیچ ئەکتەرێک ڕۆڵی سەرەکیی نییە و هیچ ئەکتەرێکیش ناتوانرێت لە فلیمەکە بهێنرێتە دەرەوە.

لە سەرەتاوە بە گەشتێکی فڕۆکەوانی دەست پێ دەکات، کە سەرنشینەکانی لە ناو فڕۆکەکەدا بۆیان دەردەکەوێت هەموویان کەسێک دەناسن، ئەمەش هاوبەشییەکەیانە. کەسەکەش ناوی گابرێل باسترناکە، یەکێک خۆشەویستی بووە و پاشان لەگەڵ هاوڕێ تاقانەکەیدا خیانەتیان لێ کردووە، کەسێک مامۆستای بووە و هەمیشە بە کەسێکی فاشیلی زانیوە، کەسێک دکتۆری دەروونیی بووە، کە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دانیشتنەکانی باسترناک زویر دەکات و زۆری تر. پاشان دەردەکەوێ کە فڕۆکەکە فڕێندراوە لە لایەن باسترناکەوە.

دوای ئەم پێشەکییە من دڵنیام هەر کەسێکی تر بێت، چاوەڕێیە چیرۆکەکەی بۆ ئاشکرا بێت؛ باسترناک ببینین یان بزانین بۆ وای کردووە؟ چۆن هەموانی کۆ کردەوە؟ بەڵام هیچ شتێک لەوە ڕوو نادات کە ئێمە پێشبینیی دەکەین، نەک تەنها لێرەدا لە گشت دیمەنەکاندا، ئەم چیرۆکە دادەخرێت و لە تەواوی فلیمەکەدا باس ناکرێتەوە.

هەر چیرۆکێک تەواو دابڕاوە لەوەی پاش خۆی و پێکەوەش چیرۆکی کۆمەڵگەیەکمان بۆ دەگێڕنەوە، هەر لە پرسی گەندەڵییەوە تا تۆڵە، پاشان بۆ کۆتوبەندەکانی سیستم، کە ڕۆژانە بەسەرماندا دادەبارێن و دووبارە دەبنەوە، ئەو کۆتوبەندانەی کە دیلەکان هەموو چاوەڕێن کەسێک لە ناویانەوە دەنگ هەڵببڕێت و ئەمان بیکەن بە سەردار و پاڵەوانی سەردەمەکەیان.

لە جێگەیەکی تر جیاوازیی چینەکان و قێزەونی سەرمایەدارەکانی وڵات، تا دەگاتە خیانەتی هاوسەرگیرییەک و وێنەگرتنی ئاهەنگێکی ئەرستۆکراتی و نەقڵبوونی بۆ سوریالیستییەک، کە میوانەکان دەبن بە بووکەڵە و گرنگییەکیان نامێنێ.

ئەم پەرتەوازییەی سەرەوە، شێوازی بەردەوامبوونی فلیمەکەیە و پێمان دەڵیت، کە ڕەنگە قورسترین کار ئەوە بێت کایەیەک بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە بخەینە ناو چاوی کامێراکەمانەوە، بەڵام ڕەنگە بکرێت پارچە پارچە گشت گۆشەکانت نیشان بدەین، قسە لەوەش نییە کە هیچ هارمۆنییەک لە نێوان دیمەنەکاندا نییە، بەڵام ئایە ژیان و کایەکان و کارەکانمان هارمۆنین؟ ئەوەی کە هارمۆنێتییەک بە کایەکان بدات، ئەوەیە کە هەموو شتەکان خراپن، هیچ شتێک لە هیچ جێگەیەک باش ناڕوات، لەبیری بکە پێویستمان بە هارمۆنییەت نییە، با خۆش بژین و دیمەنەکان پارچە پارچە بن.

[aesop_video align=”center” src=”youtube” id=”QUnXv6R2HI8″ caption=”تڕەیلەری فیلمی چیرۆکە کێوییەکان” disable_for_mobile=”on” loop=”on” autoplay=”on” controls=”on” viewstart=”on” viewend=”on” revealfx=”inplaceslow”]

هاوبەشی بکە

Binar u Film, Chenar Jamal, Wild Tales,