19/04/2024
DidiMn Logo
Top

جەستەی بینراو، جەستەی نەبینراو: بەهای جەستە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

 پشتیوان کەمال، لاژە تەها، ژیوار جەوهەر

جەستەی بینراو، جەستەی نەبینراو پڕۆژەیەکی هونەریی گروپی کۆنسێپت ئاڕت و چەند هونەرمەندەێکە، لە لایەن هونەرمەند ئاڤان سدیقەوە ڕێکخراوە و لە ژێرزەمینی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی نمایش دەکرێت.

ئاڤان سدیق لە باسی بیرۆکەی ئەم پرۆژەیەدا و چۆنێتیی ڕێکخستنی، بۆ دیدی من وتی: “ئەم پێشانگەیە لەوەوە هات کە من و ڕەنج و زامۆ و هاوڕێیان لەگەڵ ئەوەدا نین بڕۆینە ناو هۆڵێکەوە کە فەوزایە، بەبێ ئەوەی ڕێکخەرێکی هەبێت کارەکان پێشان بدرێن، ئاستەکان دیاری نەکراون و هۆڵەکان گونجاو نین بۆ ئەوەی وەک هۆڵێکی هونەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەر کار دەکەیت و دای دەنێیت، هەر کارێکی هونەری کە بینەری نەبوو، نیوەناچڵە، ناتەواوە و وەک ئەوە وایە نەتکردبێت و کاری ڕێکخەری و پێشانگە دروستکردن تایبەتمەندێتیی دەوێت، کە لە ڕاستیدا هونەرمەند خۆی نایکات.

کە لەگەڵ برادەران کۆ بووینەوە، باسی ئەوەمان کرد کە ئێمە کارمان هەیە و لێرە ڕێکخەر نییە و ڕەخنەمان هەیە لەسەر چۆنێتیی ڕێکخستن و نماییش کردن، بۆ خۆمان  نەیکەین؟”

دەربارەی چۆنییەتی کۆکردنەوەی کارەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا: “بە لایەنی کەمەوە کە تۆ کارێکی هونەری دەکەیت، لە ڕووی فۆرمەوە یان ناوەڕۆکەوە یان ئەداکردنەوە دەبێت نزیک بن.

لە لای هەموومان یەک یەک ئەمانە هەبوون، پرسی مەتریال هەیە، پرسی شوێن و پرسی جەستە، ئەمانە هەموو خاڵی هاوبەشن، بەڵام بە تایبەتمەندێتیی هونەرمەندەکە خۆیەوە.

بابەتێکی دیاریکراومان نەبووە، ئەوەندەی زۆرتر تەشکیلییانەیە، مامەڵە لەگەڵ فۆڕم و مەتریال و پرسی شوێن و هەموو ئەم بابەتانەدا کراوە.”

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ژێرزەمینی ئەمنەسوورەکە، هونەرمەند وتی: “ئەم کارانە زیاتر فۆتۆ ئەنستلەیشن یان ڤیدیۆ ئاڕتە، پێویستی بە شوێنی گونجاو هەیە کە لە ڕووی فیزیایی و ئۆرگانییەوە لەگەڵیدا بگونجێت بۆ ئەوەی ئێمە لەگەڵ شوێندا بگونجێین، مەرج نییە هاوشێوە بێت، جاری وا هەیە دەبێت دژی شوێن بین، دژی فۆڕمی شوێن، بۆ ئەوەی هەم کۆنیی ئەو بە جوانی خۆی بپارێزێت، هەم تازەیی خۆشت دەربخەیت. جگە لەمانەش ئەمنەسوورەکە لەش تێیدا ئازاردراوە، ئەم شوێنە شوێنی ئیهانەکردنی جەستە بووە، تێیدا لە مرۆڤبوون خراوە، بەڵام جارێکی تر دێی ئیشێکی هونەری دەهێنیت، کە باسی بەهای جەستە دەکات لە ناو کاری هونەریی خۆیدا، تەواو پێچەوانەی ئەو مەبدەئەی حزبی بەعس ئیشی لەسەر ئێرە کردووە، تۆ بەها دەدەیتەوە بە جەستە.”

هونەرمەدانی بەشدار لە پڕۆژەکەدا:

ئەحمەد نەبەز

ئاڤان سدیق

بەهجەت عومەر

گەیلان عەبدولڵا

ڕەنج حیکمەت

زامونا داراغا

ئەم پێشانگەیە لە ١٩/١١/٢٠١٦  کرایەوە تا ڕۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبێت کە لە کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بۆ ٧:٠٠ی شەو کراوە دەبێت.

هاوبەشی بکە

Amna Swraka, Art, Art Exhibition, Avan Sdiq, Installation, Slemani,