دیدی من
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
ڕەخنەگری ئەدەبیی ئەڵمانی، فەیلەسوف و وتارنووس واڵتەر بینیامین، لە پاژی پۆست بەبێ پسووڵەی حیسابی کتێبی شەقامی یەک ئاڕاستەدا، سیازدە تێزی بنەڕەتی، هەروەک تێزگەلێکی بەهای پاراستنی دەفتەری یادداشت (ڤێرجینیا وۆڵف)، ماوەی هەڵهاتنی بیرۆکەکان (تی ئێس ئیلیۆت)، ڕۆڵی دیسپلین (هێنری میللەر) و قۆناغە جیاوازەکانی نووسین (ماڵکۆڵم کاولی)، لەمەڕ تەکنیکی نووسەر دەخاتە ڕوو:
1. هەرکێ نیازی دەستدانە کارێکی گەورەی هەبێت، پێویستە لەگەڵ خودی خۆی خۆگر و میهرەبان بێت، کاتێکی تەواو تەرخان بکات و ڕێ بەوە نەدات کە هیچ شتێک ببێتە پێشداوەری بۆ شتی پاش خۆی.
2. بەوپەڕی دڵنیاییەوە، قسە لەبارەی ئەو شتەوە بکە کە نووسیوتە، بەڵام هیچی لێ مەخوێنەرەوە هەتا کاتێک نووسینەکەت بەردەوامە و تەواو نەبووە. هەموو چەشنە قایلبوونێک کە لەم ڕێگەیە وەدەست دێ ڕیتمەکەت هێواشتر دەکاتەوە.
3. لە هەلومەرجەکانی نووسیندا ڕێ لەوە بگرە دۆخت ناوەنجی بێت یاخود ئەوەندە ئاسایی بێت بەشی ئەوە نەکات متمانەت بە خۆت هەبێت. نیمچەحەساوە، بۆ باکگراوندی کۆمەڵە دەنگێکی نزم و ناخۆش، شتێکی شەرمهێنە. لە لایەکی دیکەوە، هەندێک دەنگی دیکەی باکگراوند هەن کە بە نیازی مەشق لە پێرفۆرمێکی موزیکیدا لێ دەدرێن هێندەی درکی بێدەنگیی شەو گرنگن. ئەگەر ئەوەی دواییان گوێی ناوەوە تیژ بکاتەوە، ئەوەی پێشوویان وەک سەنگی مەحەکە بۆ ستایل و مانای پارچە نووسینێکی تەواو مەزن و ناشتنی سەختترین ئەو دەنگانەی کۆنترۆڵ ناکرێن.
4. واز بێنە لە ماتریاڵە هەڕەمەکییەکانی نووسین. وابەستەبوون بە کاغەز و قەڵەم و حیبر سوودبەخشە. نەک بۆ خۆشگوزەرانی، بەڵام زەنگینی لەم هۆ و ئامرازانەدا بێ سێ و دوو پێویستییە و زیاد لە حەد گرنگە.
5. مەهێڵە هیچ بیرێک بە شاراوەیی و نەزانراوی تێپەڕێت، هەروەتر دایمە لە دەفتەری یادداشتەکەتدا وەک چۆن بەرپرسان لیستی ناوی بێگانەکان تۆمار دەکەن، تۆش ئاوا شتەکان تۆمار بکە.
6. وا بکە قەڵەمەکەت خەیاڵ نەیباتەوە و خۆدوورگر بێ لە ئیلهام، کە دواتر بە هێزی موگناتیسەوە شتەکان و کەسەکان کێش دەکات. چەندێک بە وریاییەوە نووسینی بیرۆکەیەک دوا بخەیت ئەوەندە گەشەی پێ دەدەیت. قسەکردن بیر دەبەزێنێت، لێ نووسین فەرمانی بەسەردا دەدا.
7. هەرگیز دەست لە نووسین هەڵمەگرە لەبەر ئەوەی کە لە بیرۆکەکان ماندوو بوویتە. تەنها لە کاتی ژەمەکانی نانخواردن یان دیدارێک یانیش لە کاتی تەواوبوونی نووسینەکەت دەست لە نووسینەکە هەڵبگرە.
8. پارچە ونبووەکەی نووسینەکەت لەو شتانەی کە نووسیوتن بە ڕێکوپێکی کۆپی بکە. ژیری و گومانکردن لە پرۆسێسەکەدا وەئاگا دێن.
9. [هیچ ڕۆژێک بەبێ دێڕێک] – هەرچەندە هەندێ جاریش هیچ حەفتەیەک باشترێکیشە.
10. وا دابنێ هیچ ئیشێک کامڵ و تەواو نییە لە سەروو ئەوەی تۆ ئێوارەیەک لە دوورەوە دانیشتوویت و چاەڕوانی هەڵهاتنی تیشکی ڕۆژت کردووە.
12. دەرەنجام و کۆتایی کارەکەت بەو شتە ئاشنایانە کۆتایی پێ مەهێنە کە خوێندووتن و لەبارەیانەوە کۆڵیوتەتەوە. لەوێ هیچ چەشنە پێویستییەک بۆ هاندان نادۆزیتەوە.
13. قۆناغەکانی کۆمپۆزشن: بیرۆکە، ستایل، نووسین. بەهای کۆپیی لەبار ئەوەیە کە تۆ لە بەرهەمهێنانیدا هونەری بەرهەمهێنانی جوانی حەپس دەکەیت. بیرۆکە ئیلهام دەکوژێت، ستایل دەستوقاچی بیرۆکە دەبەستێتەوە، نووسین دەستکەوت و سەرکەوتن بە ستایل دەبەخشێت.
14. نووسین ماسکی مەرگی بیرۆکەکەی خۆیەتی.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.