06/05/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی فیلمی بە ناوی گوڵەباخ

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من ڕاگەیاندنی سینەما سالم

فیلمی بە ناوی گوڵەباخ بەرهەمی ساڵی ١٩٨٦ە و لە دەرهێنانی دەرهێنەری لێهاتوو و خاوەن ڕێبازێکی تایبەت ژان ژاک ئانۆیە، کە ئەم فیلمە بە یەکەم فیلمی درێژی ئەو دادەنرێت. ئەو بە دروستکردنی ئەم فیلمە هاتنەناوەوەیەکی لێهاتوانەی هەبوو بۆ ناو گۆڕەپانی سینەما، بەتایبەت لەبەر ئەوەی ئەم فیلمە دەستی خستبووە سەر بابەتێکی هەستیار، ئەویش کە بابەتی ئایین بوو. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە بارەی ئەم فیلمەوە قسە بکەین، بە ناچاری دەبێت سەرنج بدەین بە لایەنە دەروونییەکان و نیشانەکان کە بە شێوەیەکی دیار دەرخراون لەم فیلمەدا.  ئێمە لەم فیلمەدا شایەتی بیرکردنەوەیەکی خراپین کە لە ژێر سێبەری ئاییندا برەو بە خۆی دەدا و ئەم بیرکردنەوانە دەگەڕێنەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و بیروباوەڕە سەرسەختەکانی کڵێسا کە لە ژێر ئەم یاسایانەدا مرۆڤگەلێکی زۆر لە ناو چوون و زۆرێک لە ژنان لە ژێر ئەم بیرکردنەوەیەدا لە ئاگردا سوتێنران.

14494854_340883082927356_2762009500312085513_n
فیلمی بە ناوی گوڵەباخ هەر لەو کتێبە سەرکەوتووەوە وەرگیراوە کە هەمان ناوی هەیە و نوسینی ئەمبێرتۆ ئیکۆیە، ئەو مامۆستای فەلسەفە و هونەرە و زیاد لە پەنجەکانی دەستی دکتۆرای شانازیی لەبەر ئەم بەرهەمەی وەرگرتووە. ئەمبێرتۆ ئێکۆ لەگەڵ ئەوەدا کە پێی وا بوو فیلمەکە نەیتوانیوە کەسایەتییەکانی داستانەکەی ئەو بە باشی زیندوو ڕابگرێت، بەڵام ئەو بە شێوەیەکی گشتی دوای بینینی فیلمەکە ڕەزامەندیی خۆی پیشان دا. لە بەرهەمە سینەماییەکاندا کە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانەوە وەردەگیرێن کەمتر ئەگەری ئەوە هەیە کە فیلمەکان وەک کتێبەکان سەرکەوتوو بن، بەڵام فیلمی بە ناوی گوڵەباخ فیلمێکی سەرکەوتوو بوو بەتایبەت کە ئەم فیلمە تێڕوانینێکی ڕۆشنبیرانەی بە بابەتی ئایینەوە هەیە کە لە هەمان کاتدا بابەتێکە سەرنجدان بۆی قەدەغەیە و کەمتر دەرهێنەرێک سەرنج دەخاتە سەر بابەتێکی ئاوا. بەڵام ژان ژاک ئانۆ وەک دەرهێنەری فیلمەکە و لە ژێر سەرپەرشتیی ئەمبێرتۆ ئێکۆ کە بە ناونیشانی فیلمنامەنووس لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا بەشدارە تەواوی سنوور و هێڵە سوورەکان دەخاتە ژێر پێیەوە، هەروەها بە نیگایەکی قووڵ و لۆژیکییەوە سەرنج دەداتە بابەتی قەدەغەکراوی ئایینی و بە درێژی گێڕانەوە و هۆکارەکانی ئەم سنوورە دەستلێنەدراو و قەدەغەکراوانەی ئایین ڕیشەکێش دەکات. چیرۆکی فیلمەکە بە هەمان شێوە بابەتی خێر و شەڕ دەخاتە ڕوو.

14606253_340883079594023_664491644957283669_n

زانیاریی تر دەربارەی فیلمەکە:

فیلم: بە ناوی گوڵەباخ
دەرهێنەر: ژان ژاک ئانۆ

نواندن: شۆن کۆنری
ماوەی فیلم: ١٣١ خوولەک
براوەی دوو خەڵاتی بافتا و ١٥ خەڵاتی تر

ئەم فیلمە لە ئێستا لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی بە ژێرنووسی کوردی لە نماییشدایە، لەم کاتانەدا:

پێنجشه‌ممه‌ ١٣/١٠/٢٠١٦ تا چوارشه‌ممه‌ ١٤/١٠/٢٠١٦: کاتژمێر ٩:٠٠ی شه‌و

ناونیشانی سینەما سالم:

سلێمانی، شاڕێی سالم، تەنیشت تەلاری سەردەم، نهۆمی سێیەم

هاوبەشی بکە

Cinema Salim, Jean-Jacques Annaud, The name of the Rose,