25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پرۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم دەست پێ دەکاتەوە

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منکۆمەڵەی 68

 

دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک کاری کرد و چەند مانگێکە وەستاوە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە پرۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم، کە پرۆژەیەکی هاوبەشی سینەما سالم و کۆمەڵەی 68 بوو لە شاری سلێمانی و تێیدا هەفتانە لە سینەما سالم فیلم نمایش دەکرا و دواتر بینەرانی گفتوگۆیان دەربارەی دەکرد، وەرزی دووەمی دەست پێ دەکات.

لە یەکێک لە نووسراوەکانیاندا کە بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی پرۆژەکەیان بۆ دیدی منیان ناردووە، هاوبەشانی ئەم پرۆژەیە دەڵێن:

”لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، پرۆژەی #پێکەوە_بۆ_بینینی_فیلم 43 فیلمی نمایش کرد و دوای تەواوبوونیشی، بینەرانی گفتوگۆیان دەربارەی تێما و ھێڵە سەرەکییەکانی فیلمەکە دەکرد.

پرۆژەکە ئامانجی ئەوە بوو کە فیلمەکان – بە تایبەت ئەوانەی کە پەیامدارن و کار بۆ گەیاندنی ئایدیایەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و زۆر کایە و بواری تر دەکەن – تەنها لە لە شاشەی سینەما و کۆمپیوتەر و مۆبایلەکاندا قەتیس نەکرێن و بینەرانیش بەو ھەموو پرسیار و دنەدانانەی فیلمەکان دروستی دەکەن، ھۆڵەکان جێ نەھێڵن، بەڵکو لەگەڵ ھاوڕێیان و بینەرانی تردا گفتوگۆی بکەن و ئایدیای نوێی لێوە بەرھەم بهێنن.

چەند مانگێک دەبێت کە وەرزی یەکەمی پرۆژەکە وەستاوە و لە ھەفتەی داھاتووەوە و بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەترەوە، پرۆژەکە دەست پێ دەکاتەوە.”

هەروەها سەبارەت بە ڕێکخەرانی پرۆژەکە و هاتنەناوەوەی لایەنی تر، نووسیویانە:

”پێکەوە بۆ بینینی فیلم پرۆژەی ھاوبەشی #سینەما_سالم و #کۆمەڵەی٦٨ بوو، بۆ وەرزی دووەمی لەپێناو فراوانتربوونی، گرووپی شەپۆلیش دەبێتە ھاوبەشی.”

سینەما سالم سینەمایەکی هونەری – کلتوورییە لە شاری سلێمانی و ساڵی 2016 دامەزراوە و تا ئێستا چەندین بەرنامە و پرۆژەی جیاوازی هەبوون.

کۆمەڵەی 68 کۆمەڵەیەکی خوێندکارییە و لە لایەن چەند گەنج و خوێندکارێکەوە پێک هێنراوە و بە گشتی کار بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان و خوێندکاران لە ئاست ئەرک و ماف و ئازادییەکانیان دەکەن.

گرووپی شەپۆل گرووپێکی خوێندنەوەیە و ساڵی 2018 لە لایەن چەند گەنجێکی شاری سلێمانییەوە دروست کراوە و دانیشتنی هەفتانەی ڕانانی کتێب و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیی ئەو ڕانانەیان هەیە.

وا بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو (20\11)، وەرزی دووەمی پرۆژەی پێکەوە بۆ بینینی فیلم لە سینەما سالم دەست پێ بکاتەوە و هەموو هەفتەیەک لەو ڕۆژەدا سەعات 2:00ی پاشنیوەڕۆ، نمایشی فیلم و دواتر گفتوگۆیان هەبێت.

هاوبەشی بکە

Cinema Salim,