19/04/2024
DidiMn Logo
Top

لەودیو ڕاومەکاندا؛ دەربارەی فیکر و هونەری کۆنسێپتشواڵ

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

زاموا موحەممەد

 

1

زۆر بە کورتی: کە دەڵێین کاری هونەریی کۆنسێپچواڵ، ئەوا ئێمە باس لە بوونەوەرێک دەکەین کە دوو شاباڵ ڕەوایەتی بە فڕینی دەدەن (یەکێک دەتوانێت ئاڕاستەکەی مارتین هایدیگەریش سەبارەت بە هونەر بکات بە شاباڵی سێیەم، بەڵام لەبەر پاراستی جەستەی تیۆریی ئەم نووسینە و خۆلادان لە پەرشوبڵاوییەکی کۆنتڕۆڵنەکراو، لێرەدا من باسی ناکەم). یەکێک لەم دوو شاباڵە تیۆرییە قوتابخانەی فەلسەفیی فرانکفۆرتە، بەتایبەت لای ئەدۆرنۆ، لە فیکری ئەدۆرنۆشدا بەتایبەت (تیۆری جوانیناسی)، بەوپێیەی ئەدۆرنۆ لەو هەلومەرجەی ئەوسادا وای بۆ دەچوو کە دەبێت هونەر ببێتە دژەتێزی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگە. ئەم تێزەی ستاتیکا لەسەر سێ پایەی سەرەکی دەوەستێت، یەکێکیان مەسەلەی ئۆتۆنۆمیەتی فۆڕماڵی هونەر لای کانت، یەکێکی تریشیان بەهای ڕۆشنبیرانەی هونەر لە ستاتیکای هیگڵدا، ئەوی تریشیان بوونی هونەر لە نێو کۆمەڵگەدا، کۆمەڵگە وەک گشتێک لە لای مارکس؛ کۆی ئەمە بۆ وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەکییە: ئایا هونەر دەتوانێت لە سەردەمی کەپیتاڵیزمدا خۆی ڕابگرێت؟ ئایا هونەر دەتوانێت دەستپێشخەری بکات لە گۆڕینی دونیادا؟ شاباڵی دووەمیان فیکری پۆستمۆدێرنە، هەروەها لە ناویشیدا ئەوانەی ناویان لێنراوە پاشبونیادگەرەکان، لەوێشدا بەتایبەت پرسی سەرپشککردنی خوێنەر لە هەڵبژاردنی مانادا و سەندنەوەی ئۆتۆرێتی لە دانەر. دەشێت چەند بیرۆکەیەک بە نموونە وەربگرین: چییەتیی دانەر لای فوکۆ، مەرگی دانەر لای بارت، هەنگاوی یەکەمی هەڵوەشاندن لای دێرێدا کە دۆزینەوە و بەتاڵکردنەوەی ئەو مانا مێتافیزیکییانەیە کە بە دال دەدرێن لە دەقدا، تێگەی موحاکات (simulation).

2

لای ئەدۆرنۆ، بەدیهێنەری شێوگى کۆمەڵایەتیی نوێی هونەری ”مۆدێرن“ (هەڵبەت لێرەدا دەبێت وشەى مۆدێرن بخەینە کەوانەوە، بە هۆی جیاوازیی ناوکۆیی زەمەنیی ئێمە و سەردەمى نووسینی تیۆری جوانیناسیەوە)، ئۆتۆنۆمیەتە هەم پێویست و هەم وەهمیەکەیەتى، ئۆتۆنۆمیەتێک کە بە گوتەى ئەدۆرنۆ، دەتوانێت هونەر بکاتە دژەتێزی کۆمەڵایەتییانەى کۆمەڵگە ”(1). کارى هونەری لە ڕێی دژیەکییەکان (contradictions)ى ناو خۆیەوە، لە ڕێی دژیەکییەکانیەوە لەگەڵ خۆیدا (کە بە هۆی هونەرمەندەوە کاتێک ماتریاڵی بارکراو بە دژیەکیی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنێت، دێنە ناو کارى هونەرییەوە)، دەمانباتەوە سەر ئەو دژیەکییە سۆسیۆهیستریانەى کە لە ناویاندا خوڵقاوە و خەمڵیوە؛ بیرکردنەوە و نزیکبوونەوە لەم هەموو دژیەکییەش بە زەروورەت ڕاڤە و لێکدانەوەى دژیەک و ناتەبا لە بینەر دەخوازێت، ئەم لێکدانەوە و ڕاڤە دژیەکانەش حەتمەن دەکەونەوە دژیەکی لەگەڵ کۆمەڵگەدا، چارکردنى ئەم دژیەکییەش لای بینەر پێویستى بە چارکردن و گۆڕینی ڕیشەییانەى کۆمەڵگە دەبێت وەک گشتێک. ئەگەر ڕەخنەکردن و کۆمێنتاریکردنى کاری هونەری دابەشی هەردوو کاتیگۆریی مانا (import) و فەنکشن (وەزیفە) بکەین، ئەوا بە سەرێکدا بۆ گونجان لەگەڵ ڕەخنەکان لە ئەقڵی ئامڕازی و پۆزێتیڤیزم (الوظعیة)، بە سەرێکیشدا بە هۆی گۆڕان و پەرەسەندن لە بونیادى کاپیتاڵیزمدا، ئەدۆرنۆ زیاتر گرنگی بە مانا دەدات؛ کاری هونەری بە ڕادەیەک ناواخنى ڕاستەقینەیی (truth content)ی هەیە، کە دەشێت ناوەکییانە هەم قبووڵکراو و هەم قبووڵنەکراویش دەربکەوێت، مێژوویی بێت و تۆتالیتارییانە نەبێت؛ یۆتۆپییانە دەربکەوێت، بەڵام وەڵامدانەوەى دۆخە کۆمەڵایەتییەکانیش بێت. ڕەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ ڕزگارکردنى هونەر لە مێژووى خۆی، لە ڕەخنە و حوکومدانى یەکجارەکی و موتڵەق، لە وەڵامدۆزینەوە لەپێناو ڕاکردن لە پرسیاردا: “ئەگەر کارێک بە تەواوى خۆی بکاتەوە، ئەوا وەک پرسیارێک خۆی نمایش دەکات و داواى وەڵام دەکات؛ تەنها بۆ ئەوەى دواتر بگەڕێتەوە بەردەم ئەوانەى کە وایان زانى تێیگەیشتوون و بپرسێتەوە: من چیم؟“ ((2

3

لای بۆدێریارد، چوارەم قۆناغی نواندنەوە (representation) سیمولاکرۆمی پەتییە. لەم سیمولاکرۆمەدا نواندنەوە چیدی دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕەجعی نییە لەگەڵ واقیعدا، چیدی لاساییکردنەوەی ڕاستەقینەیەک نییە، کۆپیکردنی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو خۆیەتی و جێگەی ڕاستەقینە دەگرێتەوە، دەبێتە باڵاواقیع (hyperreal)؛ سیمولاکرۆم هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نییە. دوڵووز لە جیاوازی و دووبارەبوونەوەدا ڕوانینێکی تری هەیە {سیمولاکرا} ئەو سیستمانەن کە تێیاندا جیاواز بە هۆی خودی جیاوازییەوە پەیوەندیی لەگەڵ جیاوازدا دەبەستێت. ئەوەی جەوهەرییە ئەوەیە کە لەم سیستمانەدا هیچ لێکچوونێکی پێشوەختە نادۆزینەوە، هیچ چوونەوە  سەر شتێکی تر (resemblance) نادۆزینەوە”(3). بە دابڕاوی لە سیاقەکەی خۆی، ئەم ناساندنە سیمولاکرۆممان وەک ڕێگەیەک بۆ پێشنیار دەکات کە بە هۆیەوە دەتوانین بەرەنگاری ئەوە ببینەوە کە حەقیقەتە، ئەوە هەڵبگێڕینەوە کە دەگوترێت ڕاستەقینەیە، کە لێکچوونییە: ئەفڵاتون ڕقی لە شیعر بوو، چونکە بە لاساییکردنەوەی دووجای ڕاستەقینەی دەزانی (دێمیۆرژ کە خوادیەکی ناکامڵە، لاسایی فۆڕمە باڵاکانی کردووەتەوە لە دروستکردنی جیهانێکدا کە ناتەواوە؛ شیعر، لاساییکارییەکی شێوێنەری جیهانێکە کە خۆی لاساییکراوەیە)، بەڵام ئێمە دەتوانین هونەر کە ڕاستەقینە نییە و دەستکردە، کە “لێکچوونێکی پێشوەختە”ی تێدا نادۆزرێتەوە، وەک پێناوێک ببینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە گوایە ڕاستەقینەیە. بیرۆکەی نەبوونی لێکچوونیەکی پێشوەختەش دەمانبات بەرەو بیرکردنەوە لە نەبوونی مانایەکی پێشوەختە، دەمانبات بەرەوە ئەو بیرۆکەیەی ئێمەین دەتوانین مانای پێ بدەین. لێرەدایە کارمان بە دانەر چییە؟ی فۆکۆ و مەرگی دانەری بارت دەبێت، کە هەردووکیان دەربارەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دانەر و ڕەتکردنەوەی تەماسوەرگرتنی ڕاستەوخۆن لەگەڵیدا، لەپێناو زیادکردنی ئەگەری بەرهەمهێنانی مانا و کاریگەرترکردنی دەق (لێرە کار) و بەرهەمهێنەرترکردنی خوێنەردا (لێرە بینەر).

4

بە هەڵکۆڵین لە هەریەک لەم دوو شاباڵەدا، لەم دوو پارادایمەی پێشوودا، ئێمە دەتوانین خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە لە هونەر دەستبخەین: بمر(mortal)بوونی کاری هونەری، بەوپێیەی لە سالۆن و نمایشگەی هەتاهەتایی دەردەهێنرێت و ماوەیەکی دیاریکراوی هەیە بۆ ڕوودان، گێڕانەوەی ڕۆڵ بۆ وەرگر (یان لێرەدا بینەر) چ لە وەزیفەبەخشین و چ لە مانادارکردنی کارەکەدا؛ هەوڵدانی بەردەوام بۆ جیاوازبوون لە خۆی و لە مێژووی خۆی، سەپاندنی فەزا و سیاقی خۆی بە جۆرێک کە کاریگەری بخاتە سەر تێگەیشتنی ئێمە بۆ واقیع، چ لە ڕووی چییەتی و چ لە ڕووی چۆنێتییەوە.

5

هەڵبەت کارەکانی پێشانگەی 8 ڕاومیش تا ڕادەیەک لەم بەستێنەدان (یان دەبوا ڕێگە بدرێت کە لەم بەستێنەدا بن)، بەوپێیەی کە هەریەک لە کارەکان دەتوانن کۆمەڵێک کۆنتێکست (سیاق) تەرح بکەن، کۆمەڵێک کۆنتێکست کە ڕێگە بە بینەر دەدەن لەناویاندا مانا بەرهەم بهێنێت، بۆ نموونە کۆنتێکستی سەروەختەکانی جەنگ و پاش جەنگ، ئایدیۆلۆژیا، کێشەی شوناس، مەسەلە جیۆپۆلەتیکییەکانی پەیوەندیدار بە نەوتەوە، یان هەر کۆنتێکستێک کە دەشێت من هەستم بە بوونی نەکردبێت، بەڵام کێشەی من ئەوە بوو کە ئازادیی کۆنتێکستهەڵبژاردن و خوێندنەوە لە زۆرێک لە کارەکاندا، بە هۆی ئەو پارچە نووسینانەوە کە ڕوونکردنەوەی هونەرمەندەکان بوو دەربارەی کارەکانیان، بە بینەر نەدەدرا. هەر بەم هۆیەشەوە مانا، تەنها لە سنووری هۆشیاریی هونەرمەندەکان خۆیاندا قەتیس کرابوو. ئەم شەرحکردنەی کاری هونەری لە لایەن هونەرمەند خۆیەوە، جۆرێکە لە سەپاندنی سنوور بە مانا بارتییەکەی، سنوورسەپاندنێک کە تەنها مانا دەخاتە چێوەیەکی بەرتەسک و تەنگەوە، بڕی ئەو ئەگەرانە کەم دەکاتەوە کە دەشێت ببنە فاکت. ڕاستییەکەی بوونی ئەم شیکردنەوە و پاساوهێنانەوە دەقیقانە لە پشت هەندێک لە کارەکانەوە، زۆر لە پڕۆسەی دروستکردنی ئوستوورەی هاوچەرخەوە نزیکە: هەڵبەت بۆ دامەزراندنی ئەم تێگەیە ڕۆلاند بارت سیمۆلۆژیی سۆسوێر هەنگاوێک بەرەو پێشتر دەبات، ئاستێکی تری بۆ زیاد دەکات، ئەگەر لای سۆسوێر بە تێپەڕین لە دالەوە بۆ مەدلوول نیشانە دروست ببێت، ئەوا لای بارت لە پڕۆسەی دروستکردنی ئوستوورەدا نیشانەیەک وەردەگیرێت و دەکرێتە دال و دواتر مانای بۆ زیاد دەکرێت، هەروەها ئەگەر لە دیدگا ئەدۆرنۆییەکەشەوە لێی بڕوانین، ئەم ڕوونکردنەوە زۆر ڕاستەوخۆیەی کارەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئۆتۆنۆمیەتی کاری هونەری، هەروەها لەو ئاگۆرایەی دەردەهێنێت کە دەبێت تێیدا چالاک بێت. بە دەربڕینێکی تر ئەو دیالێکتیکە دەکوژێت کە دەبێت لە نێوان کارەکە و کۆمەڵگەدا هەبێت، لەبەر ئەوەی ڕەنگە کارەکان بکاتەوە بە وەرگێڕانێکی سادەی یاداشتی هونەرمەندەکە لە نووسینەوە بۆ ماتێریاڵ، یان ئاکت. ئەگەر نموونە وەربگرم: پاککردنەوەی ڕوحەکەی موحەممەد ئیسماعیل، جگە لە عیرفانیبوونی زیاد لە پێویستی کۆنسێپتەکەی، ئەو یاداشت و ڕوونکردنەوەیەی لەگەڵ کارەکەدا دەمانخوێنەوە دەبووە هۆی کوشتنی ڕەهەندی کۆنسێپت، چونکە بینەر ناچار دەکرا لە کۆنتێکستێکی وەک ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیاوە داببەزێت بۆ مەسەلەی تەسەوف، هەروەها من تێنەدەگەیشتم لە کوێدا سەرگێژخواردنی هونەرمەندێک لە سەردەمی منداڵیدا، بۆ بینەرێکی سەدەی بیستویەک، یان بۆ کۆمەڵگەیەک لە سەدەی بیستویەکدا گرنگە؟

حەتمەن لەبەر دوو هۆکار غەدر دەکەم ئەگەر ئەم کێشەیە وەک تۆمەتێک بەم پێشانگەیەوە بلکێنم، یەکەمیان لەبەر ئەوەی پێشانگەکە بەگشتی و وەک گشت لە ئاستێکی قبووڵکراودا بوو، هاوشێوەی پێشانگە هاوجۆرەکانی تری کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕێک خران (بەدەر لە بابەت: سەبارەت بە مێژووی هاوچەرخی ئێمە بۆ شێوەکاری، ڕاستە لە ڕووکەشدا ئەم بۆچوونە پۆزێتیڤ دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر ئەم هاوئاستییە و ئەم باشێتییە گشتییەی پێشانگەکان بەردەوام بێت وەک ستانداردێکی لێ دێت، هەموو ستانداردێکیش لە داهاتوودا چەقبەستن بەرهەم دەهێنێت. لێرەشدا دەکرێت بەو بۆچوونە بەرپەرچ بدرێمەوە کە خودی هونەر لە گۆڕان کەوتووە و هونەر خۆی لە ئەبیستمەکەدا ستانداردە، بەڵام گفتوگۆکردنی ئەم باسە درێژە دەکێشێت…). هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە ئەم هەیمەنەیەی دانەر بەسەر کاردا لە دەرەوەی پێشانگەکەوە لە فەزای ڕۆشنبیریی ئێمەوە دێت، نەک لە پێشانگەکەوە بۆ ناو فەزای ڕۆشنبیریی ئێمە. فەزای ڕۆشنبیریی ئێمە هیشتا ئەو تێگەیشتنە کلاسیکییە بەسەریدا زاڵە کە ئەرکی وەرگر بەرکەوتنە بە دانەر، نەک بە دەق یان بە کار. لە ناو کۆمەڵگەی ڕۆشنبیریی ئێمەدا تا ئێستاش هێندەی نووسەران دەخوێنرێنەوە و هونەرمەندان دەبینرێن، هێندە دەقەکان ناخوێنرێنەوە و کارەکان نابینرێن، ئامادەگیی دانەر هێشتا زیاترە لە ئامادەگیی کار و دەق، هەر ئەم ئەقڵیەتەش خوێندنەوە و هێرمۆنۆتیکای کار و دەق بە خوێندنەوە و ڕاڤەی خودی دانەر ئەژمار دەکات. ڕاستە کە پێشتر باسم لە بەشداریی بینەر کرد لە هونەری هاوچەرخدا و کارەکانی هونەرمەندانی کوردیشم تا ڕادەیەک خستە ئەم بەستێنەوە، بەڵام کاتێک بەگشتی لە فەزای ڕۆشنبیریمان دەڕوانین، دەبینین کە پۆستمۆدێرنە و مۆدێرنە وەک فۆڕم و ڕووکەش تا ڕادەیەک هێنراونەتە لای ئێمە، بەڵام لای کۆمەڵێک لە خوێنەران و بینەران، نووسەران و هونەروەرانمان بونیادە ئەقڵییەکە هێشتا کلاسیکی و مێتافیزیکییە؛ تیۆرییەکان (ئەگەر بوونیان هەبێت) هێشتا لە سەردەمی کۆندا چەقیون.

6

لەنێو پێشانگەی 8 ڕاومدا ئەگەر بە دیاریکراوی قسە بکەم، ئەوا دڵۆپی نەوتی ڕەشەکەی شەمێران فەتاح هەڵدەبژێرم. شەمێران لە ڕاومەکەی خۆیدا حەوزێکی پڕ لە نەوتاوی دانابوو، لە تەنیشتیەوە دەزگایەکی دامەزراندبوو کە بە ماتۆڕ نەوتاوی ناو حەوزەکەی هەڵدەمژی و دەیکردە جامێکەوە، لە کاتی پڕبووندا نەوتاوی ناو جامەکە دەڕژایەوە ناو حەوزەکە، لەم کاتەدا گڵۆپێک هەڵدەبوو کۆی ئەم پڕۆسەیەی ڕووناک دەکردەوە، لە غیابی ئەم پڕۆسەیە و کوژانەوەی گڵۆپەکەشدا پرۆجێکتەر (داتاشۆ)یەک ڤیدیۆی جامەکەی لەسەر دیواری ئەولای دەزگاکەوە پەخش دەکرد، کاتێک دڵۆپ دڵۆپ نەوتاوی تێدەچێت.

ئەگەر تەئویل لە سادەترین ناساندندا بریتیبێت لە بارکردنی مانا بە ماناهەڵگرێک، ئەوا دەبێت من ئەم کارە وەک بونیادێکی دوالیستی ببینم بۆ هێنانی نیگایەکی بانمێژووییانەی زۆر ئابستراکت لە جیهانی هاوچەرخ: لە بەردەم بینەردا سووڕی تێکەڵەی نەوت و ئاو و زەیت هەیە، (نەوت و ئاو و زەیت کە بە چەندین شێوە جڵەوبەخشی دوو سووڕی لە خۆیان گەورەترن لە واقیعی هەنوکەیی جیهاندا: سووڕی دراو و جیهانگیری)، سووڕێک کە تا وزە (لێرەدا کارەبا) بوار بدات ناکۆتا و نەبڕاوە دەردەکەوێت. لە داتاشۆکەوە، بەسەر دیوارەکەی ئەولاوە، ڕوانینێکی تەواو دەرەپڕۆسێس (Process) و دەرەسەیروورەیی (Becoming) دەردەکەوێت، بەوپێیەی جامەکە ناکۆتا دڵۆپی نەوتاوی تێدەڕژێت و تا ناکۆتا لە پڕنەبووندایە. داتاشۆکە ڕۆڵی پۆرتاڵێک، خاڵێکی پەیوەندی دەگێڕێت لە نێوان دوو فەزادا، دەتوانین فەزای حەوزەکە بە ئێرە دابنێین، ئەو فەزایەش کە لە پەنجەرەی ڤیدیۆکەوە دەیبینین بە ئەوێ؛ تاکە فاکتەرێک کە گۆڕان دەخاتە ئەو بوونە تەواو و نەگۆڕەی ئەوێوە، وەستانی کاتییانەی وێنەدانی داتاشۆکەیە، کە هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی پارچە تەختەیەکی ئەو دەزگایەیە کە پێشتر باسم کرد، پارچە تەختەیەک کە بە هۆی نزمبوونەوە و ڕژانی نەوتاوی ناو جامەکەی ئێرەوە بەرز دەبێتەوە و تەواوی پەیوەندیی بینەر لەگەڵ ئەوێدا دەبڕێت. ئابستراکتبوونی لەڕادەبەدەری کۆنسێپتی ئەم کارە، یان ئاڵۆزیی تەکنیکی دامەزراندنی، ڕێگەمان نادات لە ڕێیەوە باس لەو جەنگە فەلسەفییە دورودرێژە بکەین کە دەتوانین سەرەتاکانی بگێڕینەوە بۆ پارمێندیس لە لایەک و هیراکلیتۆس لە لایەکی تر… هۆکار لێرەشدا حەتمەن بەرکەوتنی دوو کایەی جیاوازە بە میکانیزمە جیاجیاکانیانەوە، بە سەرێکدا مەبەستم لە فەلسەفە و هونەرە، بە سەرێکی تریشدا سنوورداری و ئاستی ئاگاداربوونی دانەری کارە هونەرییەکەیە لەو کێشە و سیاقانەی کە دەشێت کارەکەی بیانورووژێنێت، چونکە بە ڕای من ڕێگەیەک هەبوو بۆ پاراستنی ئەم ئیشە لەم پەرشبوونەوە زۆرە، گۆڕانێکی بچووک هەبوو کە دەکرا کۆنسێپتی ئەم کارە ئاڕاستەدارتر بکات: دەکرا جامەکەی ئەوێش وەک جامەکەی ئێرە نەوتاوی تێبچوایە و لە خاڵێکی زەمەنیی دیاریکراودا لێیبڕژایە، ئەم گۆڕانە ڕێگەی دەدا کە وێنەی جووڵاوی سەر داتاشۆکە وەک باڵاواقیع (hyperreality)، یان وەک واقیعێکی وادانراو (ئیفتیڕازی)، یان وەک جۆرێک لە سایبەر سپەیس بەگشتی ببینین؛ هەڵبەت ئەمەش بە ئاڕاستەی تر و لە سیاقی فیکریی جیاوازدا ڕێگەی بیرکردنەوەی بۆ بینەر دەکردەوە. دەشێت ئەم دواڵێتییە بە شێوەیەکی تریش ببینرێت: ئێرە کە کشانە بە مانا دیکارتییەکەی، واقیعی ئەستووییە، بەڵام واقیعێکی ئەستوویی ئایدیالیزەکراو (ئەگەر دەربڕینەکەم ماقووڵ بێت) نیسبەت بە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە تێیاندا جامەکان دەبێت لێیان بڕژێت؛ لەتەک ئەوێدا کە وێناکردنێکی ڕیالیستییانەی گوێزراوەیە بۆ ئاستی ئایدیالێتی و بانمێژوویی، کە وێنەی جامە لە نەڕژانێکی هەتاهەتاییدا.

 

(1)
Theodor W. Adorno, aethestic theory – Editors: Gretel Adorno and Rolf Tiedemann. Newly translated, edited, and with a translator’s introduction by Robert Hullot-Kentor  1997. P 8

(2)
P 121

(3)
Gilles Deleuze  (1968). Difference and Repetition. Translated by Paul Patton. Columbia: Columbia University Press. P 299

هاوبەشی بکە

8 Rawm, Art, Wtar, Wtari Art u Design, Zamwa Muhammad,